(پەیڤێکی شیعریی بۆ دوا سەفەری پیاوێک لێوان لێو لە شیعر و گۆرانیی و ژیان )
 
 
ویستم فرمێسکم بکەم بە شیعرێک ،
کەچی هیچ شیعرێکی ڕەنگاڵەیی نەکەوتە ڕوباری گریانمەوە.
ویستم گوێی شیعرم ، بۆ دوا گۆرانیی تۆ ڕادێرم
کەچی سەحرایەک بێدەنگیی ، هاتە سەر ڕێگەی قەڵەمم !
ویستم دەفتەر و دیوانی هەرچیی شاعیری دنیایە
لەسەر پیانۆی خەمێکی ئەرخەوانییت دانێم
کەچی پەنجەکانی ژەنین سڕ بوون ، پیانۆ شکا !
خۆزگە بمانتوانیبا بێینە لات ، ئەو دەمەی شاعیرین
خۆزگە بمانتوانیبا گوێت لێبگرین ، ئەو دەمەی ڕاستگۆین !
ئەوەی سەختە لەم کۆچەتدا ؛
لاواندنەوە ، توانای نووسینەوەی گریانی نییە .
گۆرانیی ناتوانێ بەسەر پەیژەی نۆتەکاندا سەرکەوێت .
چرای وشە بە دەواری عیشقەوە خۆی هەڵناکات !
ئیتر یاران وەسیەتی خۆیان لای ئەستێرە تەنیاکانیش نادرکێنن .
ئەوەی سەختە لەم کۆچەتدا ؛
نازانم لە کام کۆڵانی پڕ ئازاری گەڕەکە بێدەنگەکەی (شێخان)ەوە
هەنێ گوڵاوی (پیرمەسوور ) لە خۆم بدەم و
بچمەوە ژێر ئاسمانی چیرۆکەکانی ( مەڵکەندی ) !
ئاخر ئەو گەڕەکانە ، هەقیانە بپرسن :
کوا هاوڕێکەی مناڵییمان ، کوانێ پیاوە ڕێکپۆشەکەی گەڕەک ؟
کوانێ مانگی قسەکانی ، کوا تریفەی وشەکانی ؟
لە کوێن دێوانەی شەمی خەمەکانی ؟
ئەو شەقامەی بۆ یەکەمجار نەمامی ئەوینی تێدا چاند
هەقی خۆیەتی بپرسێت ؛
" لەو گۆرانییەوە ڕۆیشتووە ، شکاوە دڵی من
هەر چەند ئەچریکێنم ، بێ سەدا ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ ئاوازێکەوە گیرساوە دڵی من
یاخۆ لە مۆسیقای چ برینێکدا سووتاوە دڵی من " (*)
********************
ساڵ پایزی " نەوەد و شەشی " بەدبەختیی کورد بوو :
بێکەس بووین ئەو دەمەی تۆ تەنیایی ئێمەت دەچڕی !
شیعر بووین ئەو دەمەی تۆ نەمامی غەزەلت
لە ڕۆحی ئێمەدا دەچاند !
شار بووین ئەو دەمەی تۆ 'کانی ئاسکان'ت هێنایە قسە !
پایز بووین ئەو ئێوارانەی
دڵمان وەک درەختی خەمی تۆ دەلەرزی .
شەوانی هەڵوەرین ، دەنگی تۆ ، گەڵا گەڵا کۆی دەکردینەوە و
دەبووینەوە بە گۆرانیی ،
دەچووینەوە لای کوکوختی ئەو دڵانەی
وەکو خۆمان
وەک ئازارەکانی خۆمان
وەک برینەکانی خۆمان
وەک مۆسیقای بێدەنگییەکەی ئێستای تۆ
وەکو گوڵی هەتا ئەبەدی سەر گۆڕەکەت ،
کراسی هەورمان دەپۆشی .
ئێوارانێکی درەنگ ؛
لەبەردەم خەیمەکانی "قاسمەڕەش"
مۆمی قەسیدە و گۆرانیی و قسەی خۆشمان دادەگیرساند ،
ئەستێرەکانمان دەژمارد ..
تۆ ، هەتا ئەستێرەیەکت بۆ خۆت دادەگرت
دوو ئەستێرەت بۆ ئێمە دەهێنایە خوارێ !
ئێستا ئیتر کێ دەفتەری شەوەکانمان
پڕ کات لە ئەستێرەی گۆرانیی !
ئەگەر ڕێگەی قەسیدەمان کەوتە "دێلێژە"
ئیتر کێ بمانخاتەوە سەر ڕێگەکەی "خاوێ" و
لە بێستانەکانی عیشقدا
شەمامە بداتە دەستی دۆستان !
یان لە باخی بەستەیەکدا ، داخۆ کێ بێ
چوکلێتی نامەیەک بۆ ئازیزەکەی دووروڵات بنێرێ و
پێی بڵێ ؛
من ئارەزووی مردن ناکەم ، من نامەوێت تاریک دابێم !
هەتا سەفەر حەزکات
کۆڵەپشتەکەی خۆت پڕ کە لە ئیشتیاق ، لە حەسرەتی
گەڕانەوە بۆ ماڵە ڕووناکەکەی جاران !
ئاوایە ژیان ، هۆ ئازیزەکەی دووروڵات ، ئاوایە ژیان ؛
هەندێ جار دەرگای ڕۆح ژەنگ دەیگرێ و
کەچی دەستێک نییە بیکاتەوە !
ئاوایە خەم ، هۆ غەریبەکەی دووروڵات ، ئاوایە خەم ؛
لە نیشتمانی پیاوێکی عاشقدا
هەندێ جار نە دەریا لە دەریا دەچێ و
نە پەپوولە دەبێ بە گوڵ !
ئاوایە ئازاری کۆچ ،
هۆ گۆرانییە غەمگینەکەی نیشتمان ، ئاوایە ئازاری کۆچ ؛
هەندێ جار ژیان دەبێتە عەرەبانەیەکی
پڕ لە غوباری ئەندێشە و ئومێد و عەزاب
کەچی ئێمە هەمیشە ڕایدەکێشین و قەت ناتوانین
دوو جار بژین
دوو جار بمرین
یاخود دووجار عاشق بین !
ئاوایە زەمەنی لێبوردن لە تۆ ، لە نیشتمان
ئەی ئەو پیاوە جوانەی
هەتا ئەبەد تەنیایی هەموومانت چڕی !
 
---------------------------------------- جەنیوەری ٢٠١٦---
(*) سوپاس بۆ "بێخود" ی شاعیر کە کۆپلەی شاکارێکیم لەم پەیڤە شیعرییەدا تەوزیف کردووە .