ئەم نووسینەم ناردبوو بۆ هاوڕێیەکم تا لە گۆڤارێکی تایبەت بە باسەکانی ژناندا بڵاوبێتەوە. گۆڤارەکە دەرنەچوو و منیش لە بڵاوکردنەوەیدا کورتم هێنا. .
 
ناسیاوێکی دوورمان هەبوو ماوەیەک خەیاڵی پێشمەرگایەتی دابووی لە کەللەی. قسە لەسەر سەرەتاکانی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووە. کوڕێکی هەتا بڵێی ئازا بوو. لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لە نزیک دێیەکی شارەزوور، لە گەرمەی شەرەکەدا کاتێک لە سەنگەرەکانی پێشەوە دەبێت، بە مەبەستی وەرگرتنی مەخزەنی زیاتر لە هاوڕێیەکی خۆی کە لە سەنگەرەکانی دوایەوەیەتی، ئاوڕێک دەداتەوە و کە مێک دەگەڕێتە دواوە. لە بەدبەختی ئەودا، فیشەک لە سمتی دەدات و خراپ برینداری دەکات. تۆ لە شەردا بیت و فیشەک لە قنگت بدات، دەکرێ سەدان تەفسیری بۆ بکرێت. ئەوەی کە لە هەڵهاتندا بووە بۆیە لە پشتەوە بەرکەوتووە، دەکرێ یەکێک لەو تەفسیرانە بێت. بەڵام حەکایەتی فیشەکی سمتی ئەو برادەرە، دەبێتە دۆزەخێک و سەرتاپای ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو داگیردەکات. لە شەردا دەکرێ فیشەک بەر زۆر شوێنی ئینسان بکەوێت، لەو شوێنانەش قنی ئینسان. بەڵام لە ناو کەش وهەوای کولتوری پیاوی بەجەرگ و کونلەجەرگدانەبووی پێشمەرگایەتیدا، خراپترین شوێنێک کە پیاوێتی ئینسانی پێ لەکەدار ببێت، قنی ئینسانە. پیاوێتییەکی لەکەدار، لە هەر شوێنێکدا کونجێک بۆ خۆی پەیدا بکات، لە ناو کەش و هەوای پێشمەرگایەتیدا، شوێنێک بۆ ئەو نییە.
 
تازە هاتبوومە سوید، لە سەر ئەو کەشتییانەی لە نێوان ئەڵمانیا و سویددا لە هاتوچۆدان کارم دەستکەوت و پاش ماوەیەکی زۆر کەم، بووم بە نوێنەری کریکارەکان لە یەکێتی کرێکارانی دەریا. کۆچبەرێکی زۆر لەسەر کەشتییەکە کاریان دەکرد. کرێکارێکی کچمان هەبوو ناوی (ئیلاین) بوو،کەسێکی سەرسەری و دەمەوەر بوو. تەنانەت گوومانی ڕاسییستبوونیشی لێدەکرا. هیچ کەسێکی کۆچبەری بە ناوی خۆیەوە بانگ نەدەکرد. ئەوەی لە ئیتوپیاوە هاتبوو، بانگی دەکرد: تۆ ئەفریقی و بە کچەکانی سوریاشی دەوت: هێی عەرەب.
من زوو هەستمکرد ئەگەر ئیلاین نەوەستێنم، هیچ کەسێک بەناوی خۆیەوە بانگ ناکرێت. ڕاسیزمی ئیلاین بە جۆرێکی شاراوە و ناڕاستەوخۆ بوو. نەیدەهێشت کەسێک گوومانی ئەوەی لێبکات و دەیخستە خانەی شۆخییەوە.
وەک نوێنەری سەندیکای کرێکاران، دانیشتنێکم لەگەڵدا سازکرد و پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر، ئیلاین تووڕە بوو و لە ژووری سەندیکا چووە دەر. من دەموییست پێ بڵێم ئەگەر ئەو بە سوبعەتیشەوە ئەو کارە دەکات، پێوەرە ئینسانییەکانی سەندیکا و تەنانەت خاوەنکاریش ڕیگا نادات بێحورمەتی بە کەسێکی دیکە بکرێت بەوەی لە شوێنێکی دیەوە هاتووە. ئیلاین بە تووڕەیی ژوورەکەی جێهێشت و بە دەنگی بەرز بەمنی وت: Fuck you!
کوردواتەنی: بتگێم. منێک کە دووساڵم لە سوید بردبووە سەر و تەپ وتۆزی کولتوری کوردستان لە هەموو ڕەفتارمدا ڕەنگیدەدایەوە، زۆر بە ئارامی پێموت: ئاخر کەی؟ بە واتایەکی دیکە: کەی دەمانگێیت؟
ئیلاین بەسەرسوڕمانەوە چووە دەر و پێوابوو من شێتم.
ئاخر بە زمانی کوردی کچ کەس ناگێت، بەڵکو دەیگێن. ئەوەی کردارەکە دەکات، گانکردن، پیاوە. کچ یان ژن، بەرکارە. گاندەدات.
 
لەگەڵ ئەم دوو نموونە درێژانەی سەرەوەدا، کە سەرەتای دامەزراندنی باسەکەی من دەبێت، دەمەوێت سەرنجێک لە پرۆسەی ڕەگەزسازی بدەم لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە گۆشەیەکی هەتا بڵێی بچووکی ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە کە ئەویش گۆشەی کچان و ماڵدارییە. گۆشەیەک کە دواتر لە ڕیی هەندێک لە ناونیشانەکانیەوە، ئاشنایەتییەکی زیاتری لەگەڵدا پەیدادەکەن. بە بڕوای من چۆنێتی سەرنجدان لە پرسیاری ڕەگەسازی یان ڕەگەزدروستکردن لە جەدەلەکانی یەکسانی نێوان ئینسانەکاندا لە کوردستاندا کەمترین تیشکی خراوەتەسەر. لە ڕاستیدا، پرسیاری یەکسانی لە کۆمەڵگای کوردستاندا تەنها یەک ڕەهەندی وەرگیراوە کە ئەویش لایەنە سیاسییەکەیەتی. ئیدی ئەوەی بە ڕژێمی جەندەر یان سیستەمی جەندەری کۆمەڵگا باسێلێوەدەکرێت و وەک تۆڕێک سەرتاپای کۆمەلگای تەنیوە و نایەکسانی ئینسانەکای تێدا بەرهەمدەهێنرێتەوە، هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نایەت کاتێک دەسەڵاتە سیاسییەکان دەگۆڕین. گرنگ نییە دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی کێدایە، بەعس جێگا چۆڵدەکات بۆ یەکێتی و پارتی و ئەنسار ولئیسلام هەڵدێت و هیزێکی دیکە جێدەگرێتەوە، بەڵام هێشتا ستراکتۆرەکانی ڕژێمی جەندەر وەک خۆی کاردەکات.
تێروانیك کە من لێرەدا بە شوێنییەوە دەبم، سادەترین ئەلف و بێکانی جەندەرە کە لە زمانە ئەوروپییەکاندا جێگایەکی گرنگی لە لێکۆڵینەوەکانی یەکسانیدا هەیە و لە ڕاستیشدا من نازانم ئەوانەی زاراوەکە دەهێننە ناو زمانی کوردییەوە، چەند توانیویانە بە مانا سادەکەی خۆی بەکاری بێنن. بەڵام بەر لەوەی سەرنجێک لە گۆشەی ناوبراوی هاوڵاتی بدەم، دووبارە پێناسەکردنەوەیەکی چەمکی جەندەرم پێویستە.
 
جەندەر، ئەلف و بێیەکی سادە
بە پێێ سکرتارییەتی لێکٶڵینەوەکانی جەندەر لە سوید: "سیستەمێکی دروستکراوی جیاکاری کۆمەڵایەتیە کە ئینسان دەکاتە دوو کاتیگۆری ژن و پیاو و هەر یەکە لەم کاتیگۆرییانەش دەبەستێتەوە بە کۆمەڵێک رەفتاری کولتوری، سایکۆلۆژی، تایبەتمەندی کۆمەلایەتی و نەخشەجووڵەوە. هەروەها:" "ئەو پرۆسێسە کۆمەڵایەتیەیە کە ئینسان و ئەنیستیوتەکان رەنگڕێژدەکات بە تایبەتمەندییە رەگەزییە کۆلیکتیڤەکانی پیاوێتی و ژنێتییەوە." (()
 
جەندەر لە زمانی ئینگلیزیدا بە رەگەزی کۆمەڵایەتی ناو دەبرێت. نەک ڕەگەزی بایۆلۆژی. ڕەگەزی بایۆلۆژی ئەوەیە کە من پیاوم و نەرمین ژنە. رەگەزی بایۆلۆژی دەستنیشانکەری ئەوەیە کێ نێر یاخود مێیە یان تێکەڵێك لە هەردوو ڕەگەزەکەیە. " نێر و مێبوون کاتیگۆرییەکانی ڕەگەزن. بەڵام نێرێتی و مێیتی یان پیاوێتی و ژنێتی کاتیگۆرییەکانی جەندەرن." (٢)
جەندەر بە هەموو ئەو ڕۆڵ و بەها و پێوەرە دروستکراوە کۆمەڵایەتییانە دەوترێت کە کۆمەڵگایەک لە دەوری نێرو مێی دەسازێنێت و بۆیانی دیاریدەکات کە وەک ژن و پیاو دەبێ چۆن بن. لە جیاتی ئەوەی سەرنچ لەسەر ڕەگەزی بایۆلۆژی بێت، جەندەر دووبارە سەرنجدانەوەیە لە نێرو مێبوون وەک دیاردەیەکی قابیل گۆڕانی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوری. ڕەنگە وتە باناوبانگەکەی (سیمۆن دی بوڤوار) کە دەڵێ:" ئێمە وەک ئینسان لە دایک دەبین، بەڵام بە ژن دەکرێین." باشترین دەربڕینی ڕوونکردنەوەی ئەوە بێت کە وشەی جەندەر چییە. جەندەر سەفەری ئینسانێکە کە تازە لە دایک دەبێت و لەگەڵ پراکتیکی ڕۆژانەی ئینسانەکاندا لە کۆمەلگادا وردە وردە و سیستماتیک دەکرێ بە ژن یان بە پیاو. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی جەندەر وەک کرداریش بەکاردەهێنرێت. Genderize کە بە مانای ڕەگەزدروستکردن دێت. بەوەی لە زمانی کوردیدا بەکارهێنانی وشەی جەندەر ئاماژەیە بۆ پێناسەی ئەوەی کە مەبەست لێی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیە نەک ڕەگەزی بایۆلۆژی، من پێم باشترە کەڵک لە وشەی ڕەگەزسای وەربگرم لە جیاتی وشەی جەندەر. واتا بەکارهێنانی چەمکەکە لە حاڵەتی کرداردا، یان چاوگدا: ڕەگەزسازی.
پرۆسەی ڕەگەزسازی، دروستکردنی پیاوێتی و ژنێتی، کردەوەیەکی رۆژانەیە کە ئینسانەکان لە ناو کۆمەڵگادا هەمیشە لە دووبارە دروستکردنەوەیدان. ئەم پرۆسەی رەگەزسازییە لە هەوادا ڕوونادات و لە ناو تۆڕێکی بەریینی دەسەڵاتدایە کە سەرچاوەکەی سەردەستەیی نێر و ژێردەستەیی مێیە. ئەوەی کە دەبێ تۆ بۆ ژنێک هەستیت لە پاسدا، پراکتیکێکی سادەی چۆنێتی دروستکردنی ژنێتی یاخود مێیەتیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەم ڕەفتارە سادەیەی کە ژنان رۆژانە لە پاسدا ڕووبەرووی دەبنەوە، یەکێک لەو ڕیتواڵە کۆمەڵایەتیانەیە کە ڕۆژانە ژنێتی دروستدەکاتەوە و تەنانەت ژنان خۆشییان لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەیدا شەریکن. ئەم دیاردە سادەیەپراکتیكی دروستکردنی رەگەزی کۆمەڵایەتییە(جەندەر) لە کەش و هەوایەکی کۆمەڵایەتی کولتوری کۆمەڵگای کوردستان و زۆر شوێنی دیکەی خۆرهەڵاتدا. لە کاتێکدا ئەم جووڵەیە لە سویددا بە سووکایەتیکردن بە ژن لە قەڵەمدەدرێت کاتێک تۆ جێگاکەی خۆت چۆڵبکەیت بۆ ژنێک یان کچێک. تەنها کەسانی زۆر بەتەمەن کە ناتوانن بوەستن دەکرێ سوپاسی ئەوە بکەن کەسێک جێگاکەی بۆ ئەوان چۆڵکردووە. ئەم نموونە سادەیە بە ڕۆشنی ئەوەمان نیشاندەدات کە پرۆسەی ڕەگەزسازی ژنێتی چەند پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی و کولتورییە. ئەوەی کە بە ژنێتی لە قەڵەمدەدرێت لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، دەکری جێگای گاڵتەجاڕی و سووکایەتی بێت لە کەش و هەوایەکی کولتوری دیکەدا.
لەناو لێكۆڵینەوەکانی جەندەردا، دەستەواژەی گۆشەنیگای جەندەری یاخود لە چاویلکەکانی جەندەرەوە لە کۆمەڵگا ڕوانین، دەستەواژەیەکی هەتا بڵێ گرنگە. بۆ دەبێ کرێکارەکانی کارخانەی ئەلبیسە زۆربەیان ژن بن، بۆچی لە کاتی ئاخاوتن لەگەڵ کچانی منداڵدا، کەسی گەورە دەنگی خۆی ناسکدەکاتەوە و بۆ کوڕان هەمان شێواز بەکارناهێنرێت و دەنگی قسەکەر گڕ تر دێتە بەر گوێ. بۆ دەبێ ژووری کچان بە ڕەنگی پەمەیی بڕازێنرێتەوە و کوڕانیش بە ڕەنگی شین، چی ڕوودەدات کاتێک ژنێک بەرپرسیارێتیەکی باڵا وەردەگرێت لە ناو کەرتێکی کاری پیاوانەدا. ئەمانە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگن و وەڵامدانەوەی جۆراوجۆر دەدەن بە دەستەوە کاتێک چاویلکەکانی جەندەر لە چاوی تەماشاچیدان.
 
ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ڕەگەزسازی
ئەمانە بەشێکی کەمی سەر وتارەکانی گۆشەی کچان و ماڵدارین:
"رێنمایی بۆ رێکخستنی ژوری منداڵی دوو نەفەری
رازاندنەوەی ماڵەکەت بەگوڵی سروشتی
دیکۆری بەلەکۆنە
رێکخستن بەر لە گەڕانەوە بۆ قوتابخانە
هونەری رازاندنەوەی رەفە
له‌ڕۆژی ڤالانتایندا هه‌سته‌کانت جوانتر ده‌ربخه‌
دیاریه‌ک بۆ مێرده‌که‌ت هه‌ڵبژێره‌
دوگیانێكی که‌شخه‌به‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رێنماییانه‌
چەند بیرۆکەیەک بۆ بەسەربردنی شەوانی زستان لەگەڵ هاوسەرەکەت
بەم شێوەیە خۆشەویستی خەسوت بەدەست بهێنە
چەند رێنماییەک بۆ کڕینی ئوتوی قژ" (٣)
سەرنجێکی ئەم کارانە بدە کە کچان و ژنان دەبێ ئەنجامی بدەن:" رێنمایی بۆ رێکخستنی ژوری منداڵی دوو نەفەری، رازاندنەوەی ماڵەکەت بەگوڵی سروشتی، دیکۆری بەلەکۆنە، رێکخستن بەر لە گەڕانەوە بۆ قوتابخانە، هونەری رازاندنەوەی رەفە" ئەگەر ئەم پەیامانە لە زاری مامۆستایەکی ئاینییەوە بهاتنایەتە دەر بەوەی کە ژنان بێ لە کاری ناوماڵ و ڕازیکردنی دڵی مێردەکانییان هیچ شتێکی تریان لەسەر نییە، ڕەنگە کۆمەڵێک کاردانەوەی سیاسی بەشوێن خۆیدا بهێنایە و لەشکری وتارنووسانی داکۆکیکەر لە مافەکانی ژنان، چ لە ژن و چ لە پیاو، کەمپینێکی تایبەتیشیان ڕێکبخستایە. بەڵام هەتا ئێستاش تاکە کەسێک دەنگی لەبەرانبەر گۆشەی کچان و ماڵداری ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا هەڵنەبڕێوە. ئەو پەیامەی لەم سەردێڕانەی سەرەوەدا دەدوێت هێشتاکە ئەسیری دیدێکی هەتا بڵێی ترادیسیۆنییە کە تیایدا کاری ناوماڵ تەنها یەک ئەکتەری هەیە ئەویش ژنە. تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی سەردێڕەکاندا، دیدی "جنسی لەتیف" کە سەرقاڵی بەدەستهێنانی سۆزێکی زیاتری دڵی هاوسەرەکەیەتی، دیاری بۆ هاوسەرەکەی دەکرێت، دەبێ دڵی خەسوو بداتەوە و گوێڕایەڵی بێت، تەنانەت لە گەرمەی دووگیانی بوونیشیدا دەبێ ئەو کەشخەبێت تا مێردە حەیاتەکە دڵی نەڕەنجیت، بە هەمان شێوە لەو دیدە ترادیسیۆنییەوە دەستپێدەکات کە ژن دەخاتە ناو چوارچێوەکانی ماڵ و پیاویش دەخاتە فەزای دەرەوەی ماڵ. پیاو لەم تێروانینەدا، لە پاشایەکی بێدڵ و بێزمان دەچێت کە کەسێکی دی، ژن ، دەبێ قاچی بشوات و هەستی بۆ دەرببڕێت و ئەویش نووزەیەکی لێنەیەت لەبەرانبەر پێداویستییەکانی ڕەگەزی بەرانبەردا. ئەم کۆمەڵە سەردڕێرەی سەرەوە نیشانماندەدات کە بکەرەکانی بەرهەمهێنانەوەی ڕۆڵی ژن وەک جەنەڕالێ یەکەمی کاری ناوماڵ، دەکرێ لەلایەن دەیەها ئەکتەری جۆراوجۆرەوە بەرهەمبهێنرێت . تەنانەت لە لایەن ڕۆژنامەیەکی بە ناو مەدەنی و لایەنگری مافەکانی ژنانیشەوە کە هاوڵاتییە.
گۆشەی کچان و ماڵداری، هێچ شتێک ناکات جگە لە دووبارە دروستکردنەوەی ژنێتییەک کە بەڕاستی لەمڕۆکەی کۆمەلگای کوردستاندا بە حوکمی کارکردنی ئافرەت لەدەرەوەی ماڵدا، دەکرێ لە واقیعدا بەو خەستییەی خۆی نەبێت کە ڕۆژنامەی هاوڵاتی باسی لێدەکات و ستوونی بۆ ئامادە دەکات. ئەم نموونەیە بە زەقی نیشانماندەدات کە دروستکردنی ژنێتی یاخود کچێتی بەو ڕۆڵانەوەی کە لەم ڕیپۆرتاژانەی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا نیشاندەدرێت، هیچ پەیوەندییەکی نییە بەوەی کە چی ناوگەڵی ئینسانەکاندایە. لێڕەدا جێگای ڕەگەزی بایۆلۆژی سفرە. ئاخر داکوتینی ڕەفە و ڕێکخستنی ژووری منداڵ و دانانی گوڵ لە بەلکۆنەدا چ پەیوەندییەکی هەیە بە ناوگەڵی ئینسانەکانەوە. ئەوەی لەم نموونانەدا دەیبینین، ڕەگەزسایەکی پرۆفیشاڵانەیە بۆ کچێتی و ژنێتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە سەر هەمان کۆد و پێوەرە ترادیسیۆنییەکانی کۆمەلگا و بە پێێ ئەو چاوەڕوانیانەی دیدێکی ترادیسیۆنی هەیەتی لە بەرانبەر کچان و ژناندا. بە جیا لەو بەشانەی سەردێڕەکانی ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) کە پەیوەندی بە (جنسی لەتیف)وە هەیە ، یەک بەیەکی سەردێرەکانی دیکە لە کۆنتیکستێکی دیکەی ئەوروپیدا هەر هەموویان دەکرێ پراکتیکێکی بێرەگەزبن . واتا دەکرێ ئەنجامبدرێن و رووی پەیامیش لە ژن نەبێت. پیاو هەم دەزانێ بالکۆنە ڕێک بخات و هەمیش لە داکووتینی چەند دەنکە بزمارێکدا دەکرێ وەستایەکی باش بێت. بەلام ڕژێمی جەندەر لە کۆمەڵگای کوردستاندا ژنێتییەک بەرهەم دەهێنێت بەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە.
 
رەگەزسازیی و چاویلکەکانی جەندەر
ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە سەرنجێکی کۆمەڵگا بدرێت، لە باخچەی ساوایانەوە بۆ مەیدانی بەلەدییەی شار، لە بازاڕی فیتەرەکانەوە بۆ حەمامی ژنان، لە نەبوونی تەوالێتی گشتییەوە بۆ ریتواڵی تەعزییە، هەستدەکرێت ڕژێمی جەندەر لە یەک بەیەکی جومگەکانی کۆمەلگادا بەشوین دروستکردنی پیاوێتی و ژنێتییەکەوەیە کە تایبەتمەندی پێوەر و بەها کۆمەڵایەتیە زاڵەکانی کۆمەلگای کوردستانە. ئینسان کاتێک دژەوێنەیەک لە بەرانبەر ئەم وێنە گشتییانەدا دادەنێت، ئەوسا هەستدەکرێت کە رژێمی جەندەری کۆمەلگا چۆن کاردانەوەی خۆی نیشاندەدات. بۆیە گەڕانەوە بۆ نموونەکانی سەرەتای وتار دەکرێ پیویست بێت.
لە دۆخی پێشمەرگەیەکی سمت برینداردا، کولتوری خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی پیاوێتییەک دروستدەکات کە بە مانای کەلیمە دەستبەرداری خەسڵەتە ئینسانییەکانی خۆیەتی. پێشمەرگە پیاوێکی دەوێت نەگری، دەست لەسەر چەک، ئازا، ترس و دڵەڕاوکێ هیچ جێگایەکی لای ئەو نەبێت. پێشمەرگە بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە لە پێش مەرگەوەیە. ئەوە ئەم تێڕوانینەیە کە بە شوێن دروستکردنی پیاوێتییەکەوەیە کە سمتی برینداری پێشمەرگەیەک دەکاتە دەسترێژی نووکتە و لە ریزەکانی خۆی دەیکاتە دەرەوە. پیشمەرگەیەکی سمت بریندار ئەو هەڕەشەیەیە کە وێنەی پیاوی ئازا و جەربەزە دەخات ژێرپرسیارەوە. هەر بۆیەش دەبێ خێرا بکرێتە دەرەوە. نوکتە لەسەر سمتێکی بریندار، چیرۆکی دووبارە دروستکردنەوەی پیاوێتیەکە کە دەبێ بە قارەمانی بهێڵرێتەوە. ئەو پیاوەی بە پێوە دەوەستێت تا شەهید دەبێت نەک لە پشتەوە بریندار بێت.
لە نموونەی سەرەگێژیەکانی (ئیلاین)دا کاتێک پیاوێکی کورد شاگەشکە دەبێت وەختێک کچێک بە پێی پێوەرە کولتورییەکانی خۆی جنێوی گاینی پێدەدا و ئەو دڵشادە، هەستدەکرێت کە رژیمی جەندەری کوردی چۆن پیاوێتی پیاوی کورد لە کردنی گاندا پیناسەدەکات و بۆ ژنیش ئەم کردارە یەکساندەکاتەوە بە گاندان، ئەوسا هەستدەکرێت کە پرۆسەی دروستکردنی پیاوێتی و ژنێتی لە بواری سیکسدا چۆن لە کۆمەڵگای کوردیدا کاردەکات.
 
دوا وتە
بەخشینی ڕۆل و شوێنی تایبەتی بە ئینسانەکان لە کۆمەلگادا لەسەربنەماکانی ڕەگەز، پیشەسازییەکی گەورەی کۆمەڵایەتییە و ئینسانەکان ڕۆژانە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەیدا چالاکانە کاردەکەن. بەڵام ئەم ڕۆل و شوێنپێیانە ئەزەڵی نین و دەکرێ بەیانی ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا بێت. ژن هەتا ئەزەل کرێکارێکی بێکرێی کاری ناوماڵ نییە. لانی کەم ئەمڕۆ لەسەر زۆرشوێنی سەرزەویدا ئەو کار و وەزیفانەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی دەیبەخشێتە کچان و ژنانی کورد، زۆر ئاسان لای ڕەگەزی بەرانبەرەوە ئەنجامدەدرێت. هەڵبژاردنی زمانێکی ئینسانی کە تیایدا شوینپێی ڕەگەزی ئینسانەکان دیار نیە، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ سەرنجدان لە تاکەکانی کۆمەڵگا وەک ئەوەی کە هەن بە توانا و لێهاتوویەکانی خۆیانەوە. لە راستیشدا پرسیاری یەکسانی بە دەستهەڵگرتنی هیچ کام لە ڕەگەزەکان نییە لە تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکانی خۆیان، بەڵکو بە فەراهامکردنی ئیمکانات و شانسی یەکسانە لە بەرانبەر هەردوو لادا وەک ئینسانێکی ئازاد کە ئینتیمای ڕەگەزیان بە هەند وەرناگیرێت.
 
 
١- http://www.genus.se/meromgenus/ordlista/#genus
٢- http://www.who.int/gender/whatisgender/en/
٣- بڕوانە سایتی ڕۆژنامەی هاوڵاتی گۆشەی کچان و ماڵداری
 

14022016