ئەم نووسینە بڕیار بوو لە ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری گەڵاوێژدا بڵاوبکرێتەوە کە تەوەرێکی تایبەتی بۆ خوێندنەوەی ئەلف و بیێ باڵدار تەرخان کردبوو. تەوەرەکە ئامادەنەکراو و نووسینەکەی منیش لای خۆم هەر بە بڵاونەکراوەیی مایەوە.
 
لە یەکێک لە ریكلامەکانی کۆمپانیایەکی تەئمینی خانەنشینی سویددا، کوڕێکی گەنج لەسەر دەریا دەگاتە پیاوێکی بە ساڵاچوو. پاش لە یەکترڕوانینێکی دۆستانەئامێز و مۆسیقایەکی ئارامدا، ریکلامەکە بە دیڕێک تەواو دەبێت:" بیرکەرەوە کە بتوانیایە سەر لە ئایندەی خۆت بدەیت. لای ئێمە کارێکی وا مەیسەرە". سەردان لە ئایندەی خۆ کارێکی سەختە، ئەگەر باڵەکانی فەنتازیا کۆمەککەرت نەبێت. بەڵام با واش دابنێین کە ئەم سەفەرە و سەردان لە ئایندەی خۆ وەک فڕینێکی سیحراوییانە ئەنجامدەدرێت، بەڵام بە چاوەکانی کامە تەمەنەوەیە کە نیگاری ئایندەی پێدەکێشرێت؟ ئایا ئەو حەزانەی گەنجێکی بیست ساڵە لە میشکیدایە بۆ کێشانی نیگاری حەفتاساڵەی خۆی هەمان حەزەکانی کەسێکی چل ساڵەیە بۆ هەمان نیگا لە ئایندەی؟ ئایا ئەگەر سەفەرەکەمان پێچەوانە بکەینەوە و بە چاوەکانی ئێستای پەنجا ساڵەوە لە تەمەنی شەش یان حەوت ساڵەی خۆت بڕوانیت، کارەکە چۆن دەکەوێتەوە؟ پێموایە سەفەر بە هەردوو ئاڕاستەکەدا سەخت دێتە پێش چاو. ڕەنگە بۆ من، پەیبردن بە کەلێنەکانی یادەوەری نەبێت کە خۆی نەدات بە دەستەوە و نەتوانرێت هەموو وێنەکە ببینرێت، بەڵکو گرفتەکە لە بینینی دیمەنێکی شەش ساڵانەی خۆتدایە بە چاوەکانی ئێستاتەوە. کارێک کە من لە ئێستادا ناچارم بیکەم بۆ ئەوەی سەرنجێک لە ئەلف و بێی باڵدار بدەم. کتێبێک بۆ نەوەیەکی زۆری هاوڵاتییان لە کوردستانی عێراقدا، یەکەمین هەنگاوهەڵهێنانەوەیە بەرە و جیهانی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین.
من و سەباح لە سەر دۆشەکەڵەیەک و لەناو قاپی ماڵی ئەواندا دانیشتووین و خەریکی یەکەمین وەزیفەی خۆمانین. نووسینەوەی وانەی(دار) کە یەکەمین وانەی ئەلف و بێی باڵدارە. لاستیکە بۆنخۆشەکەم کە باوکم هەفتەیەک نابێت بۆی کڕیووم، هەلاهەلا دەبێت و دارم بۆ نانووسرێت. دەفتەری وەزیفەکەم چارەنووسێکی باشتری لە لاستیکی خەتکوژانەوەکەم نییە. چەند پەڕەیەکی دەدڕێت و ئەو تاکە وشەیەیشی کە لە پەڕەیەکدا جێیدەکەینەوە، هەر پیتێکی بە قەدەر دەستی خۆمان دەبێت.
 
هاوکاری هاوڕێم دەگێڕێتەوە دەڵێ:" ماڵی مامم هاتبوون بە میوانیداریمان و هاوڕێی برام وەک ئێمە وەزیفەی لەسەر بوو. سەعیکردن لە وانەی داردا. باوکم بە ماممی وت کە کەمێک دەرس بە هاوڕێ بڵێتەوە. بەڵام مامم لەگەڵ باوکمدا دۆمینەیان دامەزراند و هاوڕێیان لەبیرچوویەوە. کە مامم دەیدۆڕاند، ڕوویدەکردە هاوڕێ و دەیووت: ئەوە چییە، مەبەستی مامم دارەکەی ناو کتێبەکەی باڵدار بوو. هاوڕێش لە شڵەژاندنی خۆیدا، دەیووت ئەوە باخە. بکووتە. هاوڕێ کۆمەڵێک تف و مستەکۆڵەی بە نسیبی خۆی دەکرد. " هاوڕێ تاکو باخی لە دار جیاکردەوە، سووکایەتی دنیای پێکرا.
 
یەکەمین پیتەکانی ئەلف و بێی کوردی (ئایە)، بەڵام باڵدار بە وشەی دار، دەرگا لەسەر جیهانێک دەکاتەوە کە باخەکەی هاوڕێ شایەتییەتی. کاتێک بەناو ئەم گوڵزارە رەنگینەدا دەکەویتە سەفەری ویستگەکانی دیکەی ئەم پەڕتووکە، هەستدەکرێت قوتابی زەمەنی من کە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە،دەکەوێتە ناو جیهانێکی ئەفسووناوییەوە کە تەنها لە کتیبەکەی باڵداردا بوونی هەبوو. بە تایبەت بۆ نەوەی من. جلوبەرگی پاڵەوانەکان، ڕووخسارییان، ئەدەبی ئاخاوتن و پەیوەندییەکانییان، تەواو پێچەوانەی ئەو ژیانە بوو کە ئێمە لای ئاشەکەی گاوران و سەرکارێز و عەینکاوای هەولێردا تیای دەژیاین. ئەگەر نامۆبوون چەمکێک بێ بۆ منداڵ وەک گەورەساڵان بە هەمان شێوە ئامادەیی نەبێ، ئەوا منداڵییەکی پڕ لە زەبروزەنگی نەوەی من، ئێمەی ناچاردەکرد بۆ چوونە ناو جیهانی کتێبەکەی باڵدارەوە تا ئەو جیهانە لەمسکەین کە لە واقیعدا بوونی نەبوو. لە یەکێک لە چیرۆکەکانی (واڵت دیزنی)دا، بەشێک لە فیگوورەکانی چیرۆکەکە لە سەر لاپەرەی کتێبەکەوە دێنە دەر و ژیانی واقعی دەژین. بۆ منداڵانی نەوەی من، ئێمە دەبووینە ئەو منداڵە بچکۆلە نەبینراوانەی کە دەچووینە ناو پەڕەکانی ئەلف وبێی باڵدارەو و لە ناویدا وندەبووین.
ئەلف و بێی باڵدار بۆ زەمەنی ئێمە سەدەیەک لە پێش تێروانینی پێداگۆگیکی(پەروەردە)ی قۆناغەکەوە بوو. ئەگەر ئەم کتێبە ئەو پەناگا ئارامە بوو منداڵ خەونی پێوە دەبینی، ئەوا مامۆستایانی ئەم نەوەیە، نەک هەر لە ئاستی ئەو تێڕوانینە مۆدێرن و ئینسانییەی کتێبەکەدا نەبوون. بەلکە خێرا وەبیرییان دەهێناینەوە کە ژیانی ناو کتێبەکەی باڵدار خەونێکە و دەبێ بێدارکرێینەوە و بێینەوە ناو پۆل. لێدان لە منداڵ و تەنانەت شەخسییەتشکاندن و سروودەکانی تەمبەڵی بۆ تەلەبە کە لەلایەن مامۆستایانی نەوەی منەوە ببووە کولتورێکی پەروەردەیی، نیشاندەری ئەو ناکۆکییە گەورەیە بوو کە ئەم کتێبە لە بواری پراکتیک و بەکارهێنانی رۆژانەیدا دووچاری بوو بوو. کتێبێک کە دەتگووت لە زەمەنێکی دیکە و لە ئەستێرەیەکی دیکەوە هێنراوەتە ناو سیستەمی خوێندنی کوردییەوە.
 
من نازانم ناونیشانی (باڵدار) لە کوێوە دەبێتە شوهرەتی نووسەری کتێب بەڵام ئەم کتێبە بەوەی جازبییەتێکی گەورەی بۆ منداڵی نەوەی من هەبوو، توانای بەخشینی باڵی هەبوو بە من و هاوپۆلەکانی من لەو ڕۆژگارەدا. من هەستم بە فڕینی خۆم و بالەکانم دەکرد کاتێک دەمدا لە شەقەی باڵ و حەزمدەکرد لەشکری غاردەران لە ئاسمانەوە ببینم. یان بێ ئەوەی مام زٶراب هەستپێبکات، لە ئاسمانەوە دەستکەم بە سینییەکەی ئەودا و پڕ بە چنگی خۆم مێووژ بەرم. بەڵام ڕێک لەو شوێنەدا کە ئەم کتێبە باڵ دەبەخشێتە منداڵانی کۆمەڵگای من، هاوکاتیش بە جۆرێکی دیکە باڵ لە وردیلەکان دەسەنێتەوە. با کەمێك لەمەی دواییان وردبینەوە.
یەکێک لە زستانە سەختەکانی سویدی کۆتایی نەوەدەکانە و بۆ خوێندنی کۆرسێکی کورت، ئێوارەیەکی درەنگ دەگەمە خوێندنگای باڵای گەل لە برۆنسڤیک. کاتێک لە رێستۆرانی خوێندنگاکە دێمە دەر و بەڕێوەم بۆ شوێنی نووستنەکەم، لە ناو ساحەی خوێندنگاکەدا، دوو پەیکەر سەرنجمڕادەکێشن.
یەکەمییان: پەیکەری پیاوێکی لەشولار رێکی وەرزشکارە کە لە بەردەمی منداڵێکدا چەماوەتەوە. پیاوەکە دەستێکی بەو کەوانەوەیە کە لە دەستی منداڵەکەدایە و دەستەکەی تریشی بە تیری ناو کەوانەکەوە. دیمەنەکە لە ساتی نیشانەگرتنەوە دەچێت کاتێک کەسێک یەکێکی دیکە فێردەکات.
پەیکەری دووەم: تۆپێکی خڕی گەورە و ژنێک لەسەری ڕاوەستاوە. ئەو دەستەکانی بۆ ئاسمان هەڵبڕیوە و منداڵێکی بە ئاسماندا هەڵداوە. لەشی منداڵەکە بە سانتیمەترێک بە پەنجەکانی ژنەکەوە نووساوە. لەحزەی هەڵدانی منداڵ بە ئاسماندا کاتێک دایک یان باوک ناوێرێت دەستی لێبەردات. بەڵام لە پەیکەرەکەی برونسڤیکدا، منداڵەکە لە دۆخی نیمچە فڕینێکدایە و بە حاڵ ژنەکە پەنجەکانی بە لەشی منداڵەکەوە ماوە.
پەیکەری یەکەم: تێڕوانین بۆ سیستەمێكی پەروەردەیە کە تیایدا مامۆستا زانیاری لایە و دەبێت بیدات بە کەسێکی دیکە. ئەم کەوانە وا دەگیرێت و نیشانەیش لەو شوێنە وا دەگیرێتەوە. لەم پەیکەرەدا، قوتابی بە تەنها جێبەجێکەری فرمانە و وەردەگرێت. کەسێک زانستی لایە دەیبەخشێ و کەسێکی دیکە وەریدەگرێت. وانە: چۆنێتی فێربوونی وەشاندنی تیروکەوانە.
پەیکەری دووەم: وانە چۆنێتی فێربوونی فڕینە. ژنێک منداڵێکی بە ئاسماندا هەڵداوە. منداڵ باڵەکانی کردۆتەوە و خەریکی ئەوەیە باڵەفڕە بکات. کەمێک دەترسێت و ناوێڕی لە شەقەی باڵ بدات. بەڵام دڵنیاشە کە لە خوارەوە کەسێک پەنجەکانی بە لەشی ئەوەوە ماوە و ترسێکی وای نییە ئەگەر باڵ بوەشێنێ، بەرنابێتەوە و نامرێت.
 
ئەگەر ئێوارە ساردەکەی برونسڤیک جێبهێڵین و بگەڕێینەوە بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی قوتابخانەی مەحوی لە سلێمانی حەفتاکاندا ، چیدەبینین.
ئەلف و بێێ باڵدار بەوەی لەسەر سیستەمێکی پەروەردە داڕێژراوە کە فێرکردنی منداڵە لە ڕێگای دەنگی پیت و حونجەوە، دواتر پەڕینەوە بۆ وشە و دەستەواژەی درێژ تر، ساڵێکت بۆ دادەنێت کە هەموو پیتەکان فێر بیت. تۆ ئەگەر پیتی (غ)یش فێر بووبیت و هێشتاش لە وانەی زریزەدا بیت، دەبێت چاوەڕوانی ئەو زنجیرە پەروەردەییە بیت تا مامۆستا دەگاتە وانەی غاردان.
واتا منداڵ دەبێ هەمیشە پێویستی بە کەسێک هەبێت کە دەستی بگرێت و فێری کات. جا کۆششی ئەوەی کە منداڵ خۆی داویەتی لە شەقەی باڵ و جیهان و پیتی دیکە فێربووە ، جێگایەکی ئەوتۆی نامێنێتەوە. تۆ دەبێت لەم فارگۆنەدا دانیشیت کە مامۆستا بڕیاردەرە تیایدا. لەم سیستەمی فێربوونی پیت بە پیتەدا ، منداڵ ناتوانێت ئازاد بکرێت تا لە شەقەی باڵی خۆی بدات. بەڵکە دەبێت چاوەڕوانی ئەو خشتەی فێرکردنە بێت کە لەلایەن مامۆستاوە پەیڕەوی لێدەکرێت. واتا ئێمە هێشتا لە دۆخی پەیکەری یەکەمی برۆنسڤیکداین. کەسێک دەبێ زانیارییەک بئاخنێتە مێشکی وردیلەکانمانەوە. بە واتایەکی دی ئەوەی کەمن باسیلێوەدەکەم کە ڕێک لەو شوێنەدا ئەم کتێبە باڵ دەبەخشێتە منداڵانی کۆمەڵگای من، هاوکاتیش بە جۆرێکی دیکە باڵ لە وردیلەکان دەسەنێتەوە، بە زەقی خۆی نیشاندەدات.
ئەم ئیشکالییەتە، بەشێکی پەیوەندی بە ڕێکخستنی پرۆسەی پەروەردەوە هەیە کە لە دەرەوەی کتێبەکەی باڵداردایە و ناکڕی باڵدار بکرێتە بەرپرسی ئەم جۆرە لە رێکخستنی کاری پەروەردەیی لە قوتابخانەکاندا. بەڵام بە جۆرێکی تریش ئەو سیستەمی فێرکردنەی کە لە کتێبی ئەلف و بێی باڵداردا هەیە کە پرۆسەی فێربوونی خوێندن و نووسین بۆ منداڵ لە رێگای تاکە پیتەوە ئەنجامدەدرێت وردە وردە و پیت بە پیت دەبێ منداڵ فێر بکرێت، ئەم جۆرە لە نەخشەسازی بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، سیستەمێکی فێربوون دەداتە دەست کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی دەڕوات. ئا لێرەدایە کە رێکخستنی کاری پەروەردە و سیستەمی فێرکردنی ناو کتێبێکی دیاریکراو، باڵ لە منداڵ دەسەنێتەوە و ناچاریدەکات لە چاەڕوانی مامۆستادا بێت بۆ وانەی نوێ.
ئەلف و بێی باڵدار، جێگایەکی هەتا بڵیی گەوەرەی لە سیستەمی خوێندن و نووسینی کۆمەڵگای کوردی ساڵانی حەفتاکاندا داگیرکردەکات. ئاخر هیچ سەرچاوەیەکی دیکە لە بەردەستدا نییە و توانای بەهرەمەندبوونی منداڵ بۆ فێربوونی نووسین و خوێندن لە باخچەی ساوایاندا هەتا بڵێی بەرتەسکە. ئەم هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە زەربەیەکی گەورە لە ئاستی خوێندن و فێربوون دەدات کە قوربانی گەورە تیایدا هەمەڕەنگیی پرۆسەی فێربوونە. بە کورتییەکەی، بۆ ئەوەی لەم زەمەنەدا فێری نووسین و خوێندن بیت، تەنها یەک سەرچاوە لەبەردەستدایە. بەمەش ئینسانی کۆمەڵگای ئێمە یادەوەرییەکی یەکرەنگییان بۆ دروستدەبێت کە لای ئەو دارا بە تەنها دوو دار دەبینێ. ئاخر دارایەکی دیکەی ناو کتێبێکی دیکەی لەبەردەستدا نییە کە تیایدا دارا دەریا دەبینێ. هەر ئەم جێگاو ڕێگا گەورەیەی کتێبەکەی باڵدارە کە تا ئێشتاش و هیندەی من ئاگام لێی بێت وا دەکات بۆ هەر دەستکاریکردنێک یان دانانی کتێبێکی دیکە بۆ خوێندن، دەبێ هەر لە کتێبەکەی باڵدارەوە دەست پێبکەیت. بە تایبەتیش لە زەمەنێکدا کە سەدەها نموونەی تازەی کردەی فێرکردنی نووسین و خوێندن بە زمانەکانی دیکە لەبەردەستدان و دەکرێ پێش کتێبەکەی باڵدار بدەنەوە. ئەم جێگاو رێگا بەرزەی کتیبەکەی باڵدار هەیەتی، بەلگەی شاکارێکە کە لە زەمەنێکی دیکەکە خوڵقێنراوە ، هاوکاتیش نیگامان لێدەدزێت و لە سیحری گەورەیی کتێبەکەدا، وامان لێدێت کە هیچی دیکە نەبینین.
ئەلف و بێێ باڵدار لە زەمەنێکدا دێتە دنیاوە کە کائینی قەومی و ئاینی بە مانا ناسیونالیستیی و سەلەفییەکەی بوونی نییە. ئەم کتێبە بەرهەمی پرۆژەیەکی مۆدێرنە کە تیایدا مامەلە بە منداڵ وەک کائینێکی سەربەخۆ دەکرێت و ئینتیمای قەومیبوون و ئاینییبوونی منداڵ، دەخرێتە دەرەوەی پرۆسەی فێرکردن. جێیداخە ئەم کارخانەسازیی قەومی و ئاینییە دواتر لە کتێبەکانی دیکەی خوێندندا منداڵێک بەرهەمدێنێت لە هەموو شتێک دەچێت منداڵ نەبێت. ئەلف و بیێ باڵدار، ژووری تایبەتی منداڵیی کۆمەڵگای ئێمەیە کە منداڵ بە منداڵی دەتوانێت تیایدا بمێنێتەوە.
باڵدار و (ئەلف و بێ)کەی ئەستێرەیەکی هەتا بڵێی پرشنگداری کۆمەڵگای کوردییە، جێێداخە تا ئێستاش شوێنی ئەم پیاوە لە نووسینەوەی مێژووی کۆن و نوێماندا، بە خاڵی هێڵراوەتەوە.
 

20131127