بیری نانەکەی دایکم ،
قاوەکەی دایکم دەکەم !
بیری دەکەم ، کەدەستی بەسەرمدا دەهێنا .
منداڵیی ، ڕۆژ بەڕۆژ لە مندا گەورە دەبێ و
منیش هەتا دێ ، عاشقی تەمەنی خۆم دەبم
چونکە ئەگەر بمرم
شەرم لە فرمێسکی دایکم دەکەم !
دایە !
ئەگەر ڕۆژێ گەڕامەوە
بمکە بە کۆڵوانەی بەرت
ئێسکەکانم بەو گیایە داپۆشە
کە لە پاکیی کەوشەکانت ، غوسڵی خۆی دەرکردووە !
دەستیشم بە ئەگریجەیەکت ،
بە داوێک کە بە دامێنی کراسەکەتەوە دیارە ، شەتەک بدە !
بەڵکو ببمە خوداوەندێ ،
بەڵکو وەک خوداوەندێکم لێ بێت
ئەو دەمەی دەستم بەر ناوەوەی دڵت دەکەوێ!
ئەگەر گەڕامەوە دایە
بمکە بە چیلکە و دار بۆ ئاگری تەنووری خۆت ،
بمکە بە تەنافی سەربانی ماڵەکەت !
چونکە دایە ، دوور لە نوێژەکانی ڕۆژت
چیدی بە پێوە خۆم ناگرم !
من پیریی داگیری کردووم
ئەستێرەکانی منداڵییم بدەرەوە
هەتا لەگەڵ زەڕنەقوتەکان
ڕێگەی گەڕانەوە
بۆ هێلانەی چاوەڕوانییت بەش کەم ، دایە !
 
 
سەرچاوە : سایتی ئەلەکترۆنی چامە شیعرییەکانی (مەحمود دەروێش ) http://www.arabicnadwah.com/arabpoets/darwish.htm