"مچەی حەبێ کشمیش هەبوو لە سولەیمانی نێرەمووک بوو. کەوای تاقە و سەڵتەی ماوتی ڕەشی ئەکرد بەسەرا. پشتێنی پەشم وقۆندەرەی نایابی بەجیڕە. قژەکەی سەری هەر ئەوەندە ڕەش بوو کە شانەی ئەکرد و ئەڕژایە ناو شانی، ئەت وت خەیاتەی خاوە. هەندێ جاریش ئەیهۆنییەوە ئەیکردە بسک، چەفتە و مشکی ڕشووداری لوول ئەدا بەدەستووری ئەو سەردەمەی سولەیمانی ئەیبەست بەسەرەوە. سمێلێکی قەفی قەترانی هەبوو لە وسمەی دەگرت، چاوی ئەرشت، ڕیشەکەیشی هەموو ڕۆژێ لووس وپووس ئەتاشی، پیاو کە چاوی پێ ئەکەوت ئەیووت ئەمە پاڵەوانێکە لە پاڵەوانەکان. خۆ ئێجگار کە فەقیانەکانی ئەشاندەوە بە لەنجەیەکەوە، پیاو ئەیووت ئەمە خەرامانی چینە.
 
هات و چۆی دیوەخانی پیاوان و ژنانی ئەکرد، دەنگێکی ناسکی ژنانەی هەبوو، ئەت وت کچی چواردەساڵە. کە ئەچووە ناو بازاڕ و سەر دوکانەکان، پیاوان لێی کۆ ئەبوونەوە، بە دەنگە ناسکەکەی ئەیووت: ئەیەڕۆ لاچۆ بچۆ بەولاوە!
کە ئەچووە ناو ژنان، دەنگی خۆی ئەکرد بە هی وەکو پیاو بەڵام لێی نەئەهات. ژنان هەموو ئەیانناسی، بە بێ پەردە ئەچووە ژوورەوە، هەموو ماڵە گەورەکان ئەگەڕا. ژنان ئەیان ویست گاڵتەی لەگەڵ بکەن، لیی کۆئەبوونەوە لە ئەوەڵەوە ئەو بە دەنگی وەکو دەنگی پیاوئەچووە مەیدانەوە، بەڵام لەبەر ئەوە کە درۆ بوو، ئەچووەوە سەر دەنگە ڕاستییەکەی خۆی. ئەوانیش دەرپێکەیان دائەکەند. ئیتر بە تەواوی دەکەوتە سەر قسەی ژنانە. خۆی ئەیوت: کچێ ئەیەڕۆ مەکە لاچۆ بچۆ بەو لاوە.
 
ژنان و پیاوانی ئەو سەردەمەی سولەیمانی ، بۆ ژیان و گووزەرانی هەموو یارمەتییان ئەدا، ئەویش بە ژیان و ڕابواردنێکی پاک و پووخت ڕایئەبوارد. چونکە لەناو ژنانا بۆنی پیاوی لی ئەهات و لە ناو پیاوانیش بۆنی ژنانی لێ ئەهات، بەم بۆنەوە نانی کەوتبووە ڕۆنەوەوە یا بە کوردی تر وەکو مەسەلە کوردییەکەی لێ هاتبوو.
ئەمجا کە عەمری خوای کرد، نازانم باجی مریەم شۆردی یان مەلا غەفووری مزگەوتی ناو بازاڕ، یان خەلیلی لای حاجی تۆفیقی پیرەمێرد، چونکە خەلیلیش وەکو مچە نێرەمووک بوو.
ئەمە لە مەلاکان بپرسە!"
 
ئەم بەسەرهاتە درێژەی گویبیستی بوون، دیمەنێکی بێڕتووشکراوی ڕۆژگارێکی شاری سولەیمانییە. ڕۆژگارێکی دووریش. بگەڕێرەوە بۆ چڵ و سییەکانی سەدەی ڕابردووی سولەیمانی.
 
ئەو تۆلێرانس و موداراکردنەی جیاوازیی کە لەو ڕۆگارەدا هەبوو، بۆ ئەمڕۆکەی شارەکانی کوردستان، وەکو لە ئەفسانەکانەوە هێنرابێت وایە.
" ئەمجا کە عەمری خوای کرد، نازانم باجی مریەم شۆردی یان مەلا غەفووری مزگەوتی ناو بازاڕ". بەس نووسینەوەی ئەم دێرە لە ڕۆژنامەکانی ئیستای کوردستاندا و کاتێک بەر چاوی فتواچییەکانی ئەمڕۆ بکەوێت، دەبێ بە شوێن کەسێکی دیکەدا بگەڕێیت کە باجی مریەم و مەلا غەفووری مزگەوتی ناو بازارێش بشوات.
 
سەرنجڕاکێش ئەوەیە ، ئەم دێڕانە لە پێنووسی مامۆستایەکی ئایینی کوردستانەوە دێتە سەر کاغەز.
ئاینێک کە لەمڕۆدا ئەگەر عەلادین سوجادی بمایە، لەسەر ڕشتەی مروارییەکەی، شەڕوالکورت و داعشە محەلییەکانی کوردستانییان تێبەردەدا .
سوجادی وەک پیاوێک ئاین، لەم سەرگوزشتە کورتەدا بۆمان دەگێڕێتەوە کە ئەوانەی لەناو نۆرمەکانی کۆمەلگادا بە جیاواز لە قەڵەم دەدرێن، تەنها کاتێک گیانیان پارێزراوە، کە حورمەتی ئینسانییان لەدەستنەدابێت و هیشتاش وەک ئینسان مامەڵەیان بکرێت.
 
مچەی حەبێ کشمیش لە 70 سال لەمەوبەری سولەیمانیدا کە وەک نێرەمووک دەبێتە پالەوانی دیوەخانەکانی ژنان و پیاوانی ئەو سای شار، یەک لەحزە شوناسی ئینسانبوونی خۆی لەدەست نادات. بۆیە سەربەرزانە بە ناو شاردا دێت و دەچێ.
 
ئەم پێوەرە ئینسانییە بۆ سەرنجدان لە ئینسانەکان، شتێک نییە لە کۆمەلگادا بە نەگۆڕدراوی بمێنێتەوە، بەلکو شەڕێکی کولتوری گەورەی پێویستە لەبەرانبەر ئەو لەشکرە گەورەیەی کە ئامادەیە باجی مریەم بکوژێ چونکە مچەی حەبێ کشمیشی شتووە.
جێی داخە، لەم شەڕەدا، "سولەیمانییەکان" نەیانتوانی پارێزگاری لەو بەهایانە بکەن کە مچەی حەبێ کشمیش و هەموو ئەوانەی دی کە لە دەرەوەی نۆرمەکانی کۆمەلگادان، بتوانن سەربەرزانە بسوڕێنەوە.
لەمڕۆدا.
لە ئەپریلی ساڵی ٢٠١٦دا.
 
 

160414