ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری ھەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لەبادە ئەم ژەمە تێرکە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر!
ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە:
لەسەر کێکی تەمەن، ھەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر!
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم:
لە پێشمدایە زەرد و ماھ و سەخت و ئەستەمێکی تر
ھەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد!
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما 'خانی' ھەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا ھێشتا لە کوردستان دەژین 'زین و مەم'ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
ھەزار ھێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم ھێشتا
لەنێو دڵدا ھەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
ھەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرھەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوور گوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەھاتی گیانەکەم، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بەتۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرھەمێکی تر؟
بەھار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شیعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ! گەرەکتە عالەمێکی تر؟