خه‌مى ژیان

به‌رده‌وام ده‌بم
دڵ بۆ ساده‌یى ده‌كه‌مه‌وه‌
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌ له‌ مردن ڕاده‌كه‌م
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌ له‌ خۆم ده‌بمه‌وه‌
نزیك له‌ سروشت
وه‌ك با له‌ باوه‌شى دوورى
ده‌چمه‌وه‌ شار
به‌رده‌وام ده‌بم
ناتوانم به‌رده‌وام بم
نامبینى كه‌ چۆن ده‌كه‌وم
نامبینى ده‌نگم نوزه‌ى دێ‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
به‌رده‌وام ده‌بم
گوێ‌ له‌ دڵى مردووان ده‌گرم
ئه‌وه‌ى گوێى بۆ ده‌گرم خۆم نیم
ئه‌وه‌ى گوێى بۆ ده‌گرم كێ‌ بێ‌
په‌یوه‌ندى به‌ دڵه‌وه‌ هه‌یه‌
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌
مردووه‌ نه‌مره‌كان ده‌دوێنم
باوه‌ش بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
له‌ شاردا هه‌م زیندووه‌كان و هه‌م مردووه‌كان
گاڵته‌ به‌ یه‌كترى ده‌كه‌ن
وه‌ك ململانێ‌ له‌سه‌ر هێز
دادپه‌روه‌رى
له‌ دوكانى نادادپه‌روه‌رى ده‌فرۆشن
ئازادى له‌ ئازادى ده‌گرنه‌وه‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
ناتوانم به‌رده‌وام بم
دوور له‌و كاته‌ى كه‌ هێز ده‌بێته‌ گه‌مژه‌یى
له‌و كاته‌ى كه‌ مردووان ده‌بنه‌ نه‌مر
كه‌ ده‌نگم دێ‌ له‌ گۆڕستان
باوه‌ش بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
به‌ڵام نه‌مزانیوه‌ مردووم.
25/11/2016