ئاگادارییەک لە (کاروان عومەر کاکەسوور)ـەوە بۆ سەرجەم خوێنەران

من (کاروان عومەر کاکەسوور)م... تاکوو ئەمڕۆ کۆمەڵێک کتێبم چاپ کردوون، بڕیارم دا واز لە نووسین بهێنم، یان دروستتر بڵێم یەک وشەی دیکە بڵاو نەکەمەوە.

دیارە بیرۆکەی وازهێنانم نوێ نییە، بەڵکوو لانی کەم بۆ سەرەتای ئەم سەدەیە دەگەڕێتەوە. لە گوتارێکیشمدا، کە پێوەندیی بە نووسەرێکی لاوەوە هەیە و لە (08.07.2011)، لە ماڵپەڕێکدا بڵاو کراوەتەوە؛ گوتوومە: (من هیچ کاتێک ترسم لە وازهێنان نەبووە و زۆر جار ویستوومە ئاگادارییەک بۆ مێدیاکان بنووسم و بڵێم ئیتر واز لە نووسین دەهێنم).

بەوەدا ئەزموونێکی دوور و درێژم لەگەڵ نائومێدیدا هەیە، پێم وایە دوو جۆری هەن: یەکەمیان، بۆ ناو بیرکردنەوە ئاڕاستە دەبێت، خەیاڵت دەجووڵێنێت و دەتخاتە بەردەمی شتی نوێوە، ئەنجام بەرهەمی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام دووەمیان، بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەت دەخزێت، بۆیە کاتت بە فیڕۆ دەدات و خەیاڵت تەسک دەکاتەوە. ئەو نائومێدییەی لە دنیای کوردیدا بەری دەکەویت، لە جۆری دووەمیانە. هەمیشە وا هەست دەکەیت ماڵەکەت پڕە لە نووسەر و تەنیاییت لێ داگیر کراوە، لە کاتێکدا من بە زگماک شێتی تەنیاییم و بەرگەی قەرەباڵغی ناگرم. ((بەوەدا لەو کەسانە نیم، کە هەموو گوناهێک دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی ترەوە، ئەوە دەمەوێت بڵێم دەشێ منیش بۆ ئەوانەی تر بووبێتمە هۆکاری نائومێدی. ڕەنگە هێزی منیش هەر هێندە بووبێت، کە بتوانم بەرگەی ئەو دۆخەی پێ بگرم. کەواتە مەبەستەکەم دوورە لەوەی خۆم بە دروست دابنێم و ئەوانەی تریش بە چەوت)). ڕاستییەکەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)ی کوردی نائومێد دەبووم، تاکوو گەیشتە ئەوەی ئەم ئاگادارییە بنووسم، کە مەبەستی سەرەکیم تێیدا ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و هیچ پێوەندییەکم بەو دنیایەوە نەماوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم سەرنجانە بخەمە ڕوو:

یەکەم: لە هەندێک نووسەرەوە بابەتم پێ گەیشتوون، بەو مەبەستەی بۆیان بخوێنمەوە و سەرنجیان بۆ بنووسم. بەوەدا بەڵێنم پێ داون، ناکرێت ئەو بەڵێنە نەبەمە سەر، بەڵام هیوادارم لەمەودوا یەک بابەتی ترم پێ نەگات. تکام وایە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنمی لایە، کاتێ  پێوەندیم پێوە دەکات، لەبارەی ئەم بڕیارەوە هیچم لەگەڵدا نەڵێت. بەگشتی پێم خۆش نییە کەس لەبارەی ئەدەب، هونەر، فکر و هەر چەمکێکی تری لەم بابەتەوە بمدوێنێت، بەڵام لەبارەی ڕووەکانی دیکەی ژیانەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەی گفتوگۆم. وەک پێشتر گوترا مەبەستی سەرەکیم لەم ڕاگەیاندنە ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و ئیدی نامەوێت لەبارەی ئەو شتانەوە قسە بکەم.

دووەم: لەگەڵ هەر دەستگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، یان لەگەڵ هەر کەسێک ڕێک کەوتووم کتێبم بۆ چاپ بکات، لە ڕێکەوتنەکەم پاشگەز نابمەوە، مەگەر ئەوان خۆیان هەڵیانوەشێننەوە. هەر ئێستایش کتێبی (ڕاگەردان) و (ڕێگەکانی ژەهر)م چاپ کراون و لەم نزیکانەیش (منارەی ئاوەدانی)م چاپ دەکرێتەوە. بۆ چاپکردنەوەی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) و ئەوانەی تریشم پار گفتم بە کەسێک داوە، کە تاکوو ئێستا دوو ئەزموونم لەگەڵی هەن. ئەگەر ویستی پەشیوان بێتەوە، گرفت نییە.  ئەوە سەرجەم گفتوگۆ و گوتارەکانیشم دەگرێتەوە، کە بۆ چاپکردنیان بەڵێنم لێ وەرگیراوە.

سێیەم: هەر نووسەرێک گفتوگۆی لەگەڵدا کردووم و هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە، مافی خۆیەتی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام خۆزگە لە پەراوێزدا دەنووسێت پێش بڕیاری وازهێنانەکە بووە! 

چوارەم: نووسەر و وەرگێڕێک لە ڕۆژهەڵات خەریکی وەرگێڕانی سەرجەم کتێبەکانمە بۆ زمانی فارسی، کە تاکوو ئێستا (کازینۆی منداڵان)، (منارەی ئاوەدانی) و (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش)ی وەرگێڕاوە. بەوەدا بەڵێنم پێی داوە لەم ڕووەوە هەر پرسیارێکی هەبێت، وەڵامی دەدەمەوە، ئەوا ئەو بەڵێنەیشم دەبەمە سەر.

پێنجەم: داوای لێبوردن لە هەر نووسەر و خوێنەرێک دەکەم، ئەگەر بە هۆی وشەیەکی منەوە دڵی بریندار بووبێت. هەوڵم داوە کاتێ لەبارەی بابەتی نووسەرانەوە بنووسم، چ دوور و چ نزیک بە لای ژیانی تایبەتیاندا نەچم، بەڵام بەوەدا زمان ئاڵۆزترین شتە، ئەوا ڕەنگە جارێک لە جاران شتەکە بە شێوەیەک کەوتبێتەوە، کە لە مەبەستی من دوور بووبێت. هیچ بابەتێکم بڵاو نەکردووەتەوە، ئەگەر پێشتر بۆ هاوڕێ نزیکەکانمم نەناردبێت، بەو مەبەستەی بیخوێننەوە و لە هەر شوێنێکدا هەستیان کرد وشەیەک بە نووسەرێک گوتراوە، زبرە، لای ببەم و بە یەکێکی تری بگۆڕم.

شەشەم: وا ڕاهاتووم بەر لە بڵاوکردنەوە بەرهەمم بۆ چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێک دەنێرم، بەو مەبەستەی گوێ لە سەرنجیان بگرم و تا دەکرێت بە چاکی بکەونە بەرچاوی خوێنەر، بەڵام لەمەیاندا وام نەکردووە، بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە هیچ شتێک نەڵێم. هێندە هەیە جارێکیان وا پێویستی کرد ڤێرژنە سەرەتاییەکە بۆ هاوڕێیەکی ئازیزم بنێرم، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابوردوودا ئەزموونی هاوبەشمان پێکەوە هەبووە. دەبێت ئەوەیش بگوترێت سێ چوار مانگ پێش بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە، بیرۆکەکەم بە هەندێک هاوڕێی نزیکم گوتووە. واتە گوتوومە زۆر نائومێدم و ئەو نائومێدییەم لە ڕێگەیەکەوە دەردەبڕم، کە ڕەنگە نەزانن چییە، بەڵام لەم مانگەی ڕابوردوودا پێم گوتن ئەم ڕاگەیاندنەم نووسیوە، بێ ئەوەی بۆیان بنێرم.

حەوتەم: هەوڵم داوە ئەم ئاگادارییە بە سادەیی بنووسم. ویستوومە لەو سنوورەدا بمێنێتەوە، کە ئاگادارییەکە و هیچی تر. بە مانایەکی دیکە بە پێویستم نەزانیوە بۆچوونی خۆم لەو ڕووەوە بگەیەنم، مەگەر لێرە و لەوێ بە ناچاری یەک دوو وشەم گوتبن. چاکترە بگوترێت ئەوەی ئەم ئاگادارییەی نووسیوە، مرۆڤێکی ئاساییە، نەوەک نووسەر. هەر هەڵسەنگاندنێکی بۆ دەکرێت، با بۆی بکرێت! وەڵامی من، وەڵامی منی دەرەوەی بواری نووسین و بڵاوکردنەوە لە ئێستاوە ئەوەیە: نووسەر و ڕۆشنبیر بووم، نەوەک جەنگاوەر. بەڵێنم بە هیچ کەسێک نەداوە ڕزگاری بکەم، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ویستوومە ئەو تیۆرییانە بە درۆ بخەمەوە، کە مژدەی ڕزگاری دەدەن. ئەوەی ئێستا پەنام بۆی بردووە، ئازادییە، کە وەک هەر کەسێکی تر هەمە. بەپێی ئەو ئازادییە دەمنووسی و ئەمڕۆ هەر بەپێی ئەو ئازادییەیش واز دەهێنم. لەم دەلاقەیەیشەوە هێندە دەڵێم دنیای کوردی ئەدەب و هونەرێکی دەوێت و دەیانپارێزێت، هاوشانی سیاسەتەکەی بن. بە مانایەکی تر، چارەی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی ناوێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سیاسەتمەدارەکانی جیاوازن. مرۆڤ لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا بەر هەمان ئەو مۆڕاڵە دەکەوێت، کە لە دنیای سیاسەتدا بەری کەوتووە. بەشێکی زۆری ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە چەند گلەییان لە سیاسەتمەداران هەیە وا خۆیان پێشان دەدەن جیاوازن، بەڵام لە دنیای خۆیاندا، واتە لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرتووە و خاوەنی هەمان خەسڵەتەکانی ئەوانن. دەیڵێمەوە دنیای ئەمڕۆی کەلتووریی کوردی بە دەگمەن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەهێڵێتەوە، کە تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ئەستەتیک هەیە، بەڵکوو ئەوانە دەپارێزێت، وا بە هەمان چاوی خەڵک لە چەمکەکانی ئەدەب و هونەر دەڕوانن و بە زمانی میللییش دەنووسن. ((دیسان نامەوێت خۆم بێگونا‌هـ بزانم و ئەوانەی تر وەک گوناهبار سەیر بکەم. دەشێ خۆیشم بووبێتمە بەشێک لەو دۆخە)). لام ڕوونە هەر من نیم لەم ڕووەوە ئەزموونی تاڵم هەیە، بەڵام خۆم بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبمەوە و دەشێ ئەوانەی تریش هەر یەکەی شێوازێک بە گونجاو بزانێت.

ئێستا کاتێک وەک نووسەر نا، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی ئاسایی ئاوڕ لە ڕابوردووم دەدەمەوە، بەوە خۆشحاڵم، کە بۆ ساتێک سەرم بۆ هیچ حزب و سەرکردەیەک شۆڕ نەکردووە و لەمەودوایش هەر نایکەم، بە مەرجێ لەناو سیاسەتدا چاوم کردووەتەوە و تاکوو هاوینی (1992)یش ئامادە بووم خوێنم لەپێناوی ئایدۆڵۆگیدا بڕێژم. لە گوتارێکیشدا ئەوەم گوتووە: (کورتترین دێڕی نووسینەکانی خۆمم پێ لە هەموو حزب، گروپ، حوکوومەت، کۆمپانیای بازرگانی و سەرکردەی دنیا گەورەترە).

هەرگیز چاوم لە یەک دیناری دەستەڵاتی کوردی نەبوو، وەک چۆن پێشتریش چاوم لە هیی بەعس نەبوو. قەرزاری یەک بەرپرسی کورد نیم، تەنانەت چایەکی یەکێکیانم نەخواردووەتەوە. ناوم لە هیچ یەکێ لەو لیستانەدا نییە، کە بۆ وەرگرتنی پارە، زەوی، خانوو و شتی تر کراون. هەر کەسێکیش پێی وایە ڕاست ناکەم، با بێت ڕووبەڕووم ببێتەوە! ((ئەمانە تەنیا پێوەندییان بە خۆمەوە هەیە و ئارەزوی خۆمن، دەنا مەرج نییە ئەو خەسڵەتانە مرۆڤ بکەنە ڕۆشنبیری قووڵ و گەورە. دەشێ هەبێت هەر لەم ڕووەوە بە شێوەی جیاواز لەمانە بڕوانێت)). جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بوێر لێی پرسیم: (ئەگەر لیستێک بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بکەم، کە سەریان بۆ دەستەڵات شۆڕ نەکردووە، دەوێریت ناوی خۆت بنووسیت؟)... وەڵامی من ئەوە بوو: (تاکوو ئێستا هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە ناوم لە لیستەکاندا چەندەمە، بەڵام هیوادارم بۆ ئەم لیستەی تۆ یەکەمم بەر بکەوێت!).

ناوی ڕۆژنامەنووسەکە ناهێنم، چونکە نامەوێت هیچ ناوێک لەم ڕاگەیاندنەدا هەبێت، نەبادا وا بکەوێتەوە لەبەر کەسێکی دیاریکراو بڕیاری وازهێنانم داوە. ڕاستە دیاردەکان ئەنجامی هەڵسوکەوت و تێڕوانینی تاکەکانن، بەڵام لەم کاتەدا کەسێکی دیاریکراوم لە خەیاڵدا نییە. پێی لەسەر دادەگرمەوە چ لە بواری نووسین و چ لە دەرەوەی بواری نووسیندا کەسێک نادۆزمەوە، ناخۆشیم لەگەڵیدا هەبێت. ڕێگەم بە خۆم نەداوە لەبارەی یەکێکیانەوە وشەیەکی نەگەتیڤ لای یەکێکی تریانەوە بڵێم. ئەمانە بۆیە ئاوا بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز دەردەبڕم، چونکە لام ڕوونە یەک کەس نییە بە درۆم بخاتەوە. دیارە ئەگەر ویستبێتم لەبارەی بەرهەمی هەر نووسەرێکەوە بدوێم، بۆچوونی خۆمم ڕاشکاوانە دەربڕیوە، کە هەرگیز تێکەڵی کەسایەتییەکەیم نەکردووە. ئەوەی بە گرنگم زانیوە، تەنیا ئەو بابەتە بووە، کە ویستوومە لێی قووڵ ببمەوە، بۆیە هەمیشە گوتوومە لە هەر وشە، ڕستە و پەرەگرافێکم بەرپرسیارم و ئاماژەم بە سەرچاوە و کۆنتێکستەکانیشیان داوە، بگرە ئامادە بوومە لەبارەی هەر یەکێکیانەوە زیاتر بنووسم، ئەگەر پێویستی کردبێت... ڕەنگە هاوڕێ نزیکەکانم بزانن لە هەشتاکانەوە تاکوو ئەمڕۆ گوتوومە لە دنیایەکی گەرم و خنکێنەردا دەژیم، بۆیە هەموو ڕابوردووم دەکەمە باخچە! بەڵێ، باخچە، شتێکی تر نا. واتە لەگەڵ هیچ کەسێکی دیاریکراودا ناخۆشی دروست ناکەم، بەڵکوو خۆمی لێ دەپارێزم، نەبادا ڕۆژێک بێت نەتوانم هەناسە بدەم. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە باخچەیەکم هەیە و بۆی دەگەڕێمەوە، تاکوو بە ئارامی ژیانمی تێدا ببەمە سەر، کە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەگەڵ دنیادا ململانێ ناکەم. ئەوەی خۆمم لێی دوور گرتووە و خۆمی لێ دوور دەگرم، تەنیا ململانێیە لە ئاستی کەسێتیدا، دەنا هەمیشە لە ململانێدام. لەمەودوایش هاوڕێکانم هەمان ئەوان، پێشتر هەمبوون و شانازیم پێوە کردوون، یەک دانەیشیان کەمی نەکردووە، بەڵام لە ئاستێکی تردا، بەوەی پێوەندییەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، مادام لە بواری نووسین و بڵاوکردنەوەدا نەماوم. بەگشتی هاوڕێ و ناسیاوەکانم دەستکەوتی ئەو ڕابوردووەمن.

بەوەیش خۆشحاڵم، کە لە کاتێکدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵم دا دیناری حزبێکی کوردی لە شێوەی مووچەیشدا نەچێتە گیرفانمەوە، بەڵام هەرگیز بۆچوونی خۆمم بەسەر نووسەر و ڕۆشنبیرانی تردا زاڵ نەکرد. جارێ وشەیەکی ناشیرینم نەخستە پاڵ یەکێکیانەوە، کاتێ لە دەستگەی ئەو حزبانەدا کاری کردبێت. باوەڕم وا بووە ئازادی سنووری بۆ دانانرێت و جیاوازییش شتێکە، دەکرێت لە هەموو کات و شوێنێکدا خۆی دەربخات. ئەوەیش دەڵێم جیاوازیم کەم هەست پێ کردووە. ((دەشێ ئەوانەی تریش هیچ جیاوازییەکیان لە مندا نەدیبێت. مەبەستمە بڵێم نامەوێت لە ڕێگەی ئەم وشانەوە خۆم پاک و بێگەرد پێشان بدەم)).

لای من دەستەڵات تەنیا لە فۆرمی سیاسەتدا نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵێک فۆرمی دیکەیشدایە، کە ملم بۆ هیچ یەکێکیان کەچ نەکردووە. ((ئەمەیش تەنیا ئارەزووی خۆمە و پێوەندیی بە کەسێکی دیکەوە نییە، کە دەشێ ئەوانەی تر لەو بارەیەوە ڕوانینی جیاوازیان هەبێت)).

بەکورتی لە یەک وشەی خۆم پەشیوان نیم.

من بۆیە پەنام بۆ نووسین برد، تاکوو لەوەی هەم، ئازادتر بم، بەڵام بەداخەوە بۆم دەرکەوت نووسین، دروستتر بڵاوکردنەوە ئازادیم لێ دەستێنێتەوە، بۆیە هەر شتێک ئازادیم لێ داگیر بکات، تێکی دەشكێنم، بەو هیوایەی لەودیو زۆر لەوە پتر بە دەست بهێنمەوە. ((کەواتە ژیانم ئەوەی لێ داوا کردووم، بۆیە مەرج نییە ئەم بڕیارەم بۆ ئەوانەی تر نرخێکی هەبێت)). گوتوومە بۆ ئەوە نووسیم، تاکوو بە ژەهری ناوەوەم بگەم، بەڵام بۆ ئەوە دەستم دایە بڵاوکردنەوە، بەو مەبەستەی ژەهرەکە بگەیەنمە دەرەوە. ئێستا دەزانم ژەهرەکە لە دەرەوە دەگۆڕێت و هەمان ئەو پێکهاتەیەی نامێنێت، کە لە ناوەوە هەیەتی. لەمەودوا، لە باخچەکەمدا تەنیا لەگەڵ ژەهری ناوەوەی خۆمدا دەژیم.

لەم ساتەوە هەست بە سەربەستییەکی بێسنوور دەکەم و لە ڕێگەی ئەو پێوەندییەوە ئازادیم لێ داگیر ناکرێت. ((ڕەنگە منیش ئازادیم لەوانەی تر داگیر کردبێت)).

ئازیزان، من خۆمم ڕزگار کرد! دەمێکیشە گوتوومە ئەوەی دەمکاتە کۆیلە، هەر خۆمم و ئەوەی ڕزگارم دەکات، هەر خۆمم. مادام هەموو بڕیارەکان لە دەست خۆمدان، چاو بۆ هیچ هێزێکی دەرەوەم ناگێڕم.

 

سەرنج: بڕیار بوو نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر ئەم ڕاگەیاندنە بڵاو بکەمەوە، بەڵام لەبەر یەک دوو هۆکار گەیشتە ئەمڕۆ، کە بەوە دڵخۆشم، چونکە هەمیشە هەوڵم داوە چاکتری بکەم.