ئەدۆنیس

(1)
لە كێڵگە
گوڵ بە چاوی خێرهاتن سەیرت دەكا
لە گوڵدان
بە چاوی خواحافیزی.

(2)
زمانی گوڵ
بۆنەكەیەتی.

(3)
باران
بەرزترین دیواری گریانە
هەور پەروەردەی كردووە.

(4)
بەفر جگە لە كتێبی باران
هیچ لەدوای خۆی جێناهێلێ‌
بارانیش
كتێبی دەریا.

(5)
رەنگە دەریایەك لە وشە
خۆی لە شەپۆلێك
بێدەگی
حەشار دابێ‌.

(6)
درەختەكان
جلەكانیان دادەكەنن
وەك سڵاوێ‌
بۆ رووتی ئاو

(7)
هەندێجار وا خەیاڵ دەكەم
كە دەریا بەندكراوێ‌ بێ‌
پاسەوانەكەی
شەپۆل.

(8)
بۆ ئەوەی لە چۆلەكە بگەین
دەبێ‌ بەرد بخوێنینەوە.

(9)
زەمەن
گۆچانێكە
لە بانێژەی جاویدانی.

(10)
ژیان جل لەبەر مردن دەكا
مردن
رووتی دەكاتەوە.

(11)
خوێنی خۆر
لە گۆزەی شەو
رەش دەنوێنێ‌

(12)
ئەستێرە نازانێ‌ كراسەكەی بدورێ‌
تەنها بە دەرزی
شەو نەبێ‌.

(13)
جواترین گۆڕ بۆ شاعیر
وشەكانیەتی.

(14)
رووناكی رووخساری هەیە
هەناوی نییە
تاریكی هەناوی هەیە
رووخساری نییە.

(15)
"با" جۆلانەی ئەو منداڵەیە
كەپێی دەڵێن
فەزا.

(16)
"با" لە قسە ناكەوێ‌
ناشیەوێ‌ كەس
گوێی بۆ بگرێ‌.

(17)
هیچ دەستێك ناتوانێ‌
كەزی "با" بهۆنێتەوە.

(18)
نە "با" كراسی هەیە
نە زەمەن لانە
دوو هەژارن
جیهانیان هەیە.

 

ژێدەر: فهرس ڵاعمال الریح، دار النهار، بیروت.