لە دوێنێەوە زیاد لە جارێک چەند پۆستێکی کتێبێکی سارا عومەرم بە زمانی دانیمارکیی لەناو فەیسبوکدا بینی، کتێبەکە ڕۆمانێکی چەند سەد لاپەڕەییە بەناونیشانی ”مردوشۆر“. پێدەچێت ئەم خانمە ڕۆمانێکی گرنگیی لەسەر ژیانی ئافرەت و منداڵانی ناو خێزانە سونەتییەکانی دونیای ئێمە نووسیبێت. ھەموو ئەو ڕانانەی من لە دوێنێوە بۆ ئەم کتێبە بینیومن و لەڕێگای ”گوگڵ ترانسلەیت“ەوە بۆ یەکێک لەو زمانانەم وەرگێڕاوە کە دەیانزنم، وەسفێکی گەورە و ھەمەلایەنی ئەم کتێبە دەکەن. یەکێک لە ڕۆژنامە دانیمارکییەکان دەنووسێت ئەم کتێبە گرنگترین کتێبی ساڵی ٢٠١٧ دانیمارکە. یەکێکی دیکە نووسیویەتی ئەمە ئەو شێوازەیە لە ئەدەبیات کە کۆمەڵگا دەگۆڕێت. سێھەمیش دەڵێت ئەم کتێبە بەشدارییەکی گرنگە لە دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی دانیمارکیی لەمڕۆدا. 

من تا ئێستا چەندینجار بەرگریم لەوە کردوە کە دیاسپۆرای کوردیی بێبەریی نییە لە توانا و بەھرەی گەورە و داھێنەرانە، لەوەش دڵنیام لە ساڵانی داھاتوودا دەنگی کەسانی تر و داھێنەرانی تری ئەم دیساپۆرایە دەبیستین. پێدەچێت سارا عومەر دەرگایەکی گەورەی کردبێتەوە کە بەدوای خۆیدا زۆر کەسیتر بتوانن لێیەوە بێنەدەرەوە و ئەو حیکایەتانە بگێڕنەوە کە زۆرانێک ناوێرن یان ناخوازن بیانگێڕنەوە. خێزانی کوردیی ڕووبەرێکی داخراو و نەناسراوی ناو ئەدەبیاتی ئێمەیە، تا ئێستا بە دەگمەن نەبێت کەس نەیواێراوە وردەکارییە تۆقێنەرەکانی ژیانی ناو ئەم خێزانە بگێڕێتەوە. ئەو شێوازە پیاوانە و ستمەگەرانەیەی دەسەڵات کە بێھیچ چاودێریی و لێپرسینەوەیەک لەناو ئەم خێزانەدا ئامادەیە، ڕووتبکاتەوە. پێدەچێت سارا عومەریەکێک بێت لەو خانمە گەنج و بوێرانەی ناو دیاسپۆرای کوردیی کە ئازایەتیی گێڕانەوەی وردەکارییەکانی ئەو ژیانە داخراو و داپۆشراوەی ناو خێزانی کوردیی ھەبێت. 

ئەوەی لە ئێستادا ئەدەبیاتی دیاسپۆرا لە بەشێکی زۆری ئەدەبیاتی ئەوروپیی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەدەبیاتی دیاسپۆرا ئەدەبیاتێکە خاوەنی مەسەلەیە، بەرگریی لە شتێک و لە مەسەلەیەک دەکات، بەگژ ناشیرینیی و خراپەکارییەکدا دەچێتەوە کە کۆیی و دەستەجەمعییە. لە ئەدەبیاتی دیاسپۆرادا بڕێکی زۆر لە پەیامی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی ئامادەیە کە لە زوربەی زۆری ئەدەبیاتی ئەورپیدا بوونی نەماوە. ئەوەی ئەدەبیاتی دیاسپۆرا باسیدەکات تاکەکەس نییە وەک بوونەوەرێکی تەنھا، بەڵکو تاکەکەسە وەک ئەندامی گروپ و میلەت و دین و فەرھەنگ و کەلەپورێکی تایبەت، کە ھەموویان ڕەھەندێکی کۆیی و دەستەجەمعیی گرنگیان ھەیە. پێدەچێت ئەم کتێبەی سارا عومەر لەو جۆرە ئەدەبیاتە بێت کە بەرگریی لە مەسەلەیەکی گرنگ دەکات، مەسەلەی ئازادیی و مافی ژنان و منداڵان لەناو دونیای ئێمەدا. ھیوادارم ئەم کتێبە بەزوویی وەربگێڕدرێت بۆ سەر زمانی کوردیی.

01-12-2017
 

----------
لە واڵی کاک مەریوانەوە وەرگیراوە