- ١ –
بەرەو ناکۆتا ، شەو گالیسکەی کەون ڕادەکێشێت ،
وای چەندێ بە سەبریت ئەی شەو !
ئەی ئەو شەوەی
تیایدا هەندێ لە جەستەم
شەڕ لەگەڵ هەندێکی تری خۆی دەکات .
- ٢ -
ڕۆشنایی ، بەلەمەکانی خۆی لەکەناری شەودا کۆکردەوە ،
ئەمێستا ئەو چاوەڕێی ئەو چرکەساتە دەکات
تیایدا چارۆکەکان بکاتەوە .
- ٣ –
" خودی خەونەکانت ، هیی خۆت نین "
شەو ، وام پێدەڵێت .
لەبەر ئەمەیە زۆرجاران جێم دەهێڵیت ؟
- ٤ –
ئەم بەیانییە ، شەو ، زوو لە پێخەفەکەم هاتە دەرێ ،
جێ پێیەکانی لەبەر دەرگا جێهێشتبوو ،
جانتای سەفەرەکەی لەبیر چووبوو .
- ٥ -
شەو زەمەنێکی نییە ،
شەو خۆی زەمەنە .
- ٦ -
وتی : " ڕوخسارت دەبینم
لەدەفتەری شەودا وێنەی کێشراوە " .
-٧ –
تەنانەت کاغەزی ڕاکشاوی سەر مێزی شەویشم خۆشدەوێت !
ئەی مەرەکەب ؛ لێم تێدەگەیت ؟
- ٨ –
ئەوە جەستە نییە ، بەڵکو سێبەرەکەیەتی :
دەبێتە ئەو ئەستێرەیەی کە شەو دەیکاتە دەلیلی خۆی .
- ٩ –
چەندێ شەوت خۆش بوێت ،
هێشتا ناتوانیت دیوارێ لە نێوانی ئەو و تاریکییدا هەڵچنیت .
-١٠-
جارێکیان لەناکاو شیعرم بینی
سەری شەکەتی خستبووە سەر سینگی شەو .
-١١-
چەندێ بە شەوی جەستەدا ڕۆبچیت،
ئەم ڕۆچوونە هێشتا وەکو پێویست نییە .
-١٢-
وتی :
" کە دیار نابیت ،
لە باوەشی شەودا دەنووم ".
-١٣-
سێکس دەریاچەی شەوە ،
خۆشەویستییش سەرچاوەی دەریاچەکەیە .
-١٤-
ڕۆژانی ئێمە ، ئەو و من ، کەشتیگەلێکن
چەندین کەناری تر بۆ شەو دەخوڵقێنن .
-١٥-
بەرد و چۆلەکە دووانەیەکن
لە ناو مناڵدانی شەودا .
-١٦-
لە داڵانەکانی ئاسماندا ، شەو چەندە ئازاد بێت ،
کەچی لە کوخی جەستەدا ئازادترە .
-١٧ –
شەو وتی :
" بە ڕۆحی خۆت بڵێ
هەمیشە خۆی بە میسکی جەستەت
عەترپژێن بکات " .
-١٨-
کە غوبار ئەدوێ ، - با – کار دەکات ،
ئەو دەمەشی – با – ئەدوێ ، غوبار کار دەکات :
بڵێیت لەبەر ئەمە نەبێت ،
شەو، هەر کە قەسیدەی جەستە دەخوێنێتەوە ،
ئیتر شیعری خۆی دەگۆڕێت ؟
-١٩-
زەریایەکی بێ سنوور لە وشە ،
لە دڵۆپێکی بچووکی
پێکگەیشتنی نێوان جەستە و شەودا خۆی حەشار داوە.
-٢٠-
کە خەریکم دەستەکانم درێژ دەکەم
بۆ ئەوەی دەست لە جەستەی 'ئێستا' بدەم ،
کەچی هێندە نابا
جەستەی شەو دێتە ناو دەستەکانم .
-٢١-
بەڵێ ،
زۆرجاران زەمەنم بینیوە
لە پێخەفی شەودا
شەهوەتبازانە تەپ و تلی داوە .
-٢٢-
بەڵێ ، گەلێ جاران شیعرم دیوە
بە سۆزەوە شەوی لە ئامێز گرتووە ،
بە نەرمیی ، دەستی بە شانەکانیدا کێشاوە و
تازەترین نووسینی خۆی بۆ خوێندۆتەوە !
-٢٣-
بە دەرزیی شەو نەبێت
ئەستێرەکان ناتوانن جوانترین کراسی خۆیان بدوورن .
-٢٤-
شەو نزیکترین هاوڕێی ڕۆژە ،
کەچی ڕۆژ سەرسەختترین دوژمنی شەوە.
-٢٥-
بۆیە ئەستێرەکان دەخوێنمەوە :
هەتا باشتر ئەو پردە بخوێنمەوە
کە ئەو و من ،
کە ئێمە و شەو بەیەکتری دەگەیەنێت .
-٢٦-
هەموو جارێ کە شەو لە پێخەفەکەمدا پێدەکەنێ ،
جەستەم دەگری !
-٢٧-
لە ڕۆژدا بە (سرووش)ی ڕۆژانی ڕابوردووم دەژیم ،
لە شەودا ، بە (سرووش)ی ڕۆژانی داهاتووم
دەژیم و بیر دەکەمەوە !
-٢٨-
ماندوویەتییم سەرینێکە
(شەو) م ئانیشکی لەسەر دادەنێت .
-٢٩-
ڕۆژ ڕووبارێکە سەری شەوی پێدا دەڕوات ،
وەک سەری ئۆرفیۆس گۆرانیی دەچڕێت .
-٣٠-
خۆشەویستیی
لە لوتکەی درەوشانەوەیدا دەرناکەوێت
تەنها ئەو دەمە نەبێ
کە بزانین چۆن ، لە لوتکەی شەودا ، دەیبینین !
-٣١-
شوێن ، ماڵێکە بۆ ڕۆژ و ، بۆ شەو ؛
یەکەمیان ، هەمیشە ئامادەیە بۆ سەفەر ،
دووەمیشیان ، هەمیشە ئامادەیە بۆ گەڕانەوە !
-٣٢-
لە دارستانی شەودا ،
ڕۆژ ، بێهوودە
بە دووی ڕێگە ونبووەکەی خۆیدا دەگەڕێ .
-٣٣-
سەرم دەخەمە سەر سەرینی شەو و
بە هەنگاوەکانی ڕۆژ ڕێ دەکەم !
-٣٤-
شەو ، جلی ژێرەوەیە بۆ لەشی کات !
-٣٥-
مردووی زۆر هەن ،
لە پشتمەوە ، لە دەوروپشتم دێن و دەچن ،
منیش دەبێ بیاننێژم .
وەلێ ، گەر لە شەودا نەبێ ، یان لە زمانی شەودا نەبێ ،
دەبێ لە کوێ بیاننێژم ؟!
-٣٦-
هەموو ڕۆژێ ،
شەو لە پێش خۆمدا ، دەچێتە نێو پێخەفەکەم ،
نەک لەبەر ئەوەی بنوێت ،
بەڵکو بۆ ئەوەی بێدارییەکی تر بۆ شیعرم بخوڵقێنێ !
-٣٧ –
وای چەند درێژە
ڕێگەی نێوان شەو و سەرینەکەم !
-٣٨-
لەگەڵ شەودا ، لە دەستپێکیەوە ، بێدار بە ؛ ئەی شاعیر !
تەماشای کە ، بەتایبەت بزانە چۆن ،
پێشئەوەی بێتە نێو پێخەفەکەت ،
دەموچاو و پێیەکانی دەشوات !
بڕوانە چۆن یاریدەی تۆ ئەدا بخەوی و
کەچی خۆی هەر بێدارە .
شەو ، دایکی دووەمە !
-٣٩-
ئەستێرەیەک وتی :
"ئەمڕۆ ، هەوڵئەدەم ،
ڕوخساری شەو بە برژانگەکانم داپۆشم " .
-٤٠-
خۆر وتی :
"بۆ ئەوەی لە ڕۆژ تێبگەیت ،
دەبێ بە چاکیی ، شەو بخوێنیتەوە " .
 
-٤١-
بێدەنگیی شەو ، دەمخاتە دڵەڕاوکێوە ،
کەچی هەراوزەنای ڕۆژ ، دڵنیاییم پیدەبەخشێت !
-٤٢-
شیعرم ، ئیرەیی بە شەو دەبات ،
چونکە هەموو ڕەهەندەکان لە ئامێز دەگرێت .
-٤٣-
شەو ،
لە مایینەکەی کە ڕۆژ ماندووی کردبوو ، دابەزی و
بە پێی پەتیی ،
دەستی کردە پیاسەکردن بە شەقامەکانی ئەستێراندا .
-٤٤-
زۆر جاران ،
شەو لەگەڵ عەقڵمدا ، ژێر بە ژێر ، دژی بیناییم ڕێککەوتووە !
-٤٥-
شەوی منداڵییم هەلا هەلا بوو ،
پارچەکانیشی لە ڕۆژەکانمدا دیارنەمان .
کەچی ئەو دەمەی شەوی منداڵییم وەبیردێتەوە ،
یان کاتێ وا خەیاڵ دەکەم دەچمە سەردانی ،
ئەو بە جلکە کۆنەکانییەوە پێشوازییم دەکات !
-٤٦-
زۆرجاران ،
خۆم بە شەو دەچوێنم
بۆ ئەوەی بزانم چۆن ڕووناکیی لەبەر دەکەم !
-٤٧-
- ئێستا ؟
نەخێر ؛
هێشتا لە خوێندنەوەی نامەکەت نەبوومەوە ،
ئەو نامەیەی کە بەگەردنی شەودا شۆڕ بۆتەوە !
-٤٨-
جوتیارە مانگ (*) ئەمێستا ،
لەم چرکەساتەدا ، ڕوخساری خۆی بە ئاوی شەو دەشوات !
-٤٩-
زۆر جاران ،
شەو ، خەریکی ڕاڤەکردن و فێرکردنە .
کەچی ئەو دەمەی منداڵێک لە باوەشیا دادەنیشێ ،
ئەو خەون دەبینێ و پێشبینیی دەکات !
-٥٠-
دوێنێ ،
شەو زوو لە پێخەفەکەی هاتە دەرێ ،
گوڵێکی لەسەر جێگەکەم جێهێشت ، ناوی خۆرە !
 
 
-----------------
(*) جوتیارە مانگ : ئەدۆنیس لە دەقەکەدا نوسیویەتی (الفلّاحُ القَمَرُ) ، من هەوڵمداوە لە ڕیتمێکی شیعرییدا بە (جوتیارە مانگ) تەرجەمەی بکەم .
سەرچاوە:
سایتی ڕۆژنامەی (الحیاة) – ڕۆژی پێنجشەممە ١ ی ١٢ ی ٢٠١٧ .
گۆشەی (مدارات) ی ئەدۆنیس .