کتێبی سێیەم، لاپەڕە 602
وەفای ڕەفعەت بەگ:
 
ئێمە نەوەیەک بووین دەمانویست سیاسەت ئازادمان بکات، ئێستاش پێدەچێت خەڵکی لەسەر هەمان هەڵەی خۆیان سوور بن، سیاسەت تەنیا کەرەستەیەکە لە ناو دەیان کەرەستەی تردا، مرۆڤ ناتوانێت تەنیا بە سیاسەت یاخود هەر بە سیاسەت ئازاد بێت… بولبولیار تۆ لە من باشتر دەزانیت، مرۆڤ گەر قەڵەمێکی هەبوو مانای ئەوە نییە دەتوانێت کتێبێک بنوسێت، مەنجەڵێکی هەبوو مانای ئەوە نییە دەتوانێت چێشت لێنێت. خەڵکی وڵاتەکە وا چۆتە مێشکیانەوە گەر حیزبێک هەبوو، گەر سیاسییەک هەبوو دوایکەوتن و سوژدەیان بۆ برد دەتوانن ئازاد بن، وڵاتەکەی من و تۆ پڕە لەو درۆزن و ڕیاکارانەی کە شەو و ڕۆژ ئەم درۆیە بڵاودەکەنەوە، بەشێوەیەک هیچ کەس هیچ گومانێکی لە ڕاست و دروستیی ئەو ڕێگایە نەماوە. من لە زیندان زۆر بیرم لێ کردەوە، هەڵەی کوشندەی من ئەوە بوو کە ئامادە بووم لە پێناوی ئازادیدا ببمە کۆیلە. ترسناکترین جۆری کۆیلە ئەو کەسانەن کە لە پێناوی ئازادیدا دەبنە کۆیلە، وەک من، چونکە پلەی خەیاڵات و خۆبەڕاستزانینمان ئێجگار گەورە دەبێت… خۆت لەگەڵمدا ژیاویت، هەموو ژیانم لە پێناوی ئازادیدا کۆیلە بووم. مرۆڤ دەبێت سەرەتا ئازاد بێت، شۆڕش بە ئازادی کۆتایی نایەت، بە ئازادی دەست پێ‌ دەکات. ئەو مرۆڤانەی کە هەمیشە ئامادەن کۆیلە بن هیچ شۆڕشێک ناتوانێت ڕزگاریان بکات، زۆرمان دەوێت تا بتوانین شۆڕش بە ئازادییەوە گرێ بدەین، بە بڕوای من ئەو ڕێگایە سەخت نییە، ئەفسانە نییە، خەیاڵات نییە، بەڵکو ئەم ڕێگایەی تریان ئەفسانەیە. دونیای ئازاد پێش مرۆڤی ئازاد لە دایک نابێت، بە پێچەوانەوە، ڕێگا گەورە و مومکینەکە ئەوەیە مرۆڤی ئازاد پێش دونیای ئازاد لە دایک بێت، بەڵام مرۆڤەکان وا ڕاهاتوون سوژدە بۆ بتێک ببەن تا ئازادیان بکات.  
 
 
------------------
نووسینەوەی: 'ماڵێک لە ئاسمان'