من زێتر مەستم، نەك شاعیر

گفتوگۆ لەگەڵ شاعیری یابانی گۆزۆ یۆشیماس

سازدانی: محمد عضیمة

كاتێك بۆ جاری یەكەم پێیگەیشتم، وامزانی بەردەبێتەوە سەر زەوی. بنێس، وەك سێبەر یان سوكتر، چاو بەقوڵاچوو، دەڕۆیشت و لەوە دەترسا دەرگاكان خەبەریان بێتەوە.. بەجۆرێك وەك ئەوەی هەنگاو نەهاوێژێت. كاتێك قسەمان لە خاڵێك دەكرد، وەك ئەوە وابوو كە لەوەی دەیڵێت بتوێتـەوە. دەیویست تا ئەوپەڕی قسەكردن بڕوات... دەیویست دەست بەسەر هەموو ئەو وشانەدا بگرێت كە دەیەوێت... لەدایكبووی 1939.. گرنگترین خەڵاتی ئەدەبی یابانی بەدەست هێناوە. دنیای شیعری ئەو بە ناباو و نامۆ سەیر دەكرێت. زمانی شیعری قورس و ئاڵۆزە، بەڵام وەك رەخنەگران دەڵێن لەوپەڕی دروەشانەوەی داهێناندایە.. بۆیە لەنێو بازنەی شاعیراندا بە باشی ناسراوە.. لەگەڵ ئەودا زمانی یابانی سیمایەكی نوێی وەرگرتووە.. ئەهریمەنی شیعری ئەو –وەك لە عەرەبی دەگوترێت- دەنگە نادیارەكانن، نركە، ژاوەژاو، ئەو زمانانەی كە نانووسرێنەوە. گرنگی بەو گەلانە دەدا كە نە تیپ و نە زمانی نووسینیان هەیە... لە گرنگترین كارە شیعرییەكانی "كەشتی مەرگ"، "ئۆزیس خواوەندی بەرد".

- چۆن دەشێ‌ ئەو هەڵبژاردەیە پێشكەش بە خوێنەری عەرەب بكەم؟
+ كاتێك ئەو هەڵبژاردەیە دەخوێنرێتەوە، حەز دەكەم ئاگاتان لەوە هەبێت، كە زمانی یابانی خاوەنی دەنگ و ریتم و دەربڕین و روخساری خۆیەتی. لەوانەیە قەسیدەی باش هەموو ئەو شتانە، ئەگەرچی بە چاپكراویش بێت بۆ خوێنەران بگوازێتەوە. بەڵام لەراستیدا، دەمەوێت، یان هیوادارم كە خوێنەری عەرەبی لەرێگەی گوێبیستنەوە چێژ لە قەسیدەی یابانی وەرگرێت، بۆ ئەوەی بزانێ‌ ئەو شیعرە چی تێدایە.. گوێگرتن بۆ شیعر بە زمانی دایك چێژێكی  دیكە و خۆشییەكی نوێ‌ دەبەخشێت. منیش بە هەمان شێوە هەندێكجار دەمەوێت چێژ لە شیعری عەرەبی وەرگرم. هەر چۆنێ‌ بێت، ئەو هەڵبژاردنە هەنگاوی یەكەمە، بەڵام گرنگە ئەو خەونە بێتە دی.

- ئایا خۆت بە شاعیرێكی یابانی دادەنێیت، بەچ مانایەك؟
+ ئەو پرسیارەم بە خەیاڵ داهات كاتێك لە ئێوارە شیعرییەكەت گوێمان لە ئیلقای تۆ گرت "لە تۆكیۆ 7/12/1990  ئێوارە شیعرێكم سازدا، پانزە شاعیری یابانی ئامادە بوون، هەندێك لە دەقەكانی خۆم خوێندەوە، دەقە شیعرێكی ئەدۆنیسیش- محمد عچیمە سازدەری ئەو گفتوگۆیە".
راستە یابان وەك وڵات بوونی هەیە، سنور و زمانی خۆی هەیە، بەڵام دەبینین لە زمانی یابانی رەگەزی زۆر هەن، كە هیچ بنەمایەكییان نییە، وەك تیپی چینی و وشەی بیانی، كە دوای كرانەوەی یابان لە سەردەمی "میجی"i  بەرووی دنیادا هاتنە ناوەوە. سەرەڕای كاریگەری رۆشنبیریی ئەمریكی دوای جەنگی دووەمی گەردوونی. هەموو ئەو رەگەز و كاریگەرییانە هاتوونەتە ناوەوەو لەگەڵ پێكهاتەی زمانی یابانی ئەسڵیدا چوونەتە نێو یەكترییەوە، ئەوە ئەو زمانە یابانیەیە، كە ئەمڕۆ بەكاری دەهێنین.
ئەوەی من دەمەوێت تەعبیری لێبكەم و بیڵێم، تەجاوزكردنی یان بە مانایەكی دی دەمەوێت بە ئاگاییەوە، یان بەبێ‌ ئاگاییەوە تەجاوزی ئەوە بكەم كە زمانی تاكە وڵاتێك بە قوڵی بڵاو بێـتەوە. ئاساییە بە شاعیری یابانیم دابنێن، بەڵام لەراستیدا، من وەك خۆم و لە ناوەی خۆم و بەشێوەیەكی جیدی دەخوازم لەو قۆناغ و پۆلینكردنە دەرچم.

- بە گوزارشتكردنێكی دیكە ئایا زمان بە ناسنامەی شیعر دەزانیت؟
+ قەسیدە هەمیشە ئامادەیە بۆ تەرجەمەكردن و گواستنەوە بۆ هەر زمانێكی دیكە، چونكە شیعرییەتی دەمێنێ‌-یان دەبێ‌ شیعرییەتی بمێنێ‌- ئەو شیعرییەتەی لەگەڵدا بێت هەرچەندە رووخساریشی بگۆڕێت، بەرەو هەر كوێ‌ سەفەر بكات. راستە لە بنەڕەتدا قەسیدە لەمیانی یەك زماندا گەشە دەكات، واتە لە زمانێك شین دەبێت، دەبێ‌ ریشەكانی بە قوڵی لە زمانی دایك درێژ بێتەوە... پەیوەندی نێوان زمان و قەسیدە لە پەیوەندی نێوان زمان و منداڵ دەكات، ئەو زمانەی كە منداڵ فێری دەبێت، دەبێتە ناسنامەیەك كە شوێنی لەدایكبوونی دیاری دەكات، ئەگینا بەشێوەیەكی بەردەوام بەرە بەرە لە لایەك گەورە دەبێت. بەمجۆرە، نامەوێت زمان شتێكی جێگیر بێت.

- گرنگترین گیروگرفتەكانی شیعری یابانی نوێ‌ چییە؟
+ لێرە گرفتی دەرەكی هەیە كە خۆی لە كەمی خوێنەردا دەبینێتەوە.
نامەوێت لە بیروڕاكاندا پەڕگیر بم، بەڵام دەتوانم بڵێم كە شیعری یابانی نوێ‌ دەیەوێت فیكری بێت، دواتر لە تێگەیشتندا زۆر قورس بێت. دوور بێت لەو قەسیدانەی كە خەڵك دەتوانێت ئەزبەریان بكات و وەك گۆرانی بیانڵێت. راستە قەسیدەی زۆر تەڕمان هەیە، قەسیدەی ئەزموونگەر و پڕە لە ژانوژوار، بەڵام ئەمڕۆ شبعر بە تەواوی لە جەماوەر جیا بۆتەوە.
رەنگە ئەوە گرنگترین گرفت بێت، كە شیعری یابانی نوێ‌ بە دەستییەوە دەناڵێنێت. لێرە مشتومڕی زۆر لەسەر پێویستی دنیابینی دەكرێت، ئەو گرفتە دەرەكییە، ئەوەندەی بەسە كە بە "جیابوونەوە لە كۆمەڵگەی شەعبی" ناو دەبرێت.
خەم لەو گرفتە دەخۆم، بۆ ئەوەی تەجاوزی بكەم دەمەوێت زێتر بە ناخی شتە گران و كورتەكاندا رۆبچم. بۆیە قەسیدەی ئاسان وەك گۆرانییە شەعبیەكان، نانووسم.

- بەڵام ئەو گرفتە تایبەت نییە بە شیعری یابانی؟
+ ئەوە وابزانم ئەمڕۆ لای زۆر لە شاعیرانی دنیا هاوبەشە، بەڵام بەشێوەیەك لەلای ئێمەی یابانی بە زێدەرەوییەوە دەبینرێت. راستی لێرە خۆپارێزییەكی جەماوەری لەخۆوە هەیە، دەیەوێت هەڵوێستی شیعری هەڵوێستێكی پێشەنگانەی رادیكالی هونەری و سیاسی بێت. دەستەبژێری شیعری- رۆشنبیریی بۆخۆی ئەو پارێزی و وریاییە لەنێو خەڵكدا ( لە سەردەمی جەماوەر) دەوڕوژێنێ‌، واتە ئەو سەردەمەی كە تێیدا جەماوەر دەگاتە هەموو شتێك و هەموو شتێك دەگەیەنێت. ئیتر دەستەواژەی (تێگەیشتنی قورس) سیفەتێكە بەشیعری نوێوە بەندە، شاعیرەكان ئەو لێپرسراویەتە لەخۆ دەگرن. سەرەڕای ئەوەی كە من لەپێشەنگی ئەوانەدام كە خەڵك لەو رووەوە سەرزەنشتم دەكەن، لەبەر ئەوەی قەسیدەكانم تەمومژاوی و قوڕسن، چونكە نە بە چارەسەری ناوەندخوازانە بەسەی لێدەكەم و نە پێی رازی دەبم، ئەوەش دەبێتە هۆی بێزاركردنی ئەوانیدیكە لە خۆم.

- دەڵێن شیعری یابانی بە مانا خۆرئاواییەكەی لە میتافیزكا دوورە، بیروڕای تۆ چییە؟
+ خەیاڵم بەرەو دنیای ئیستێتیكی و میتافیزیكیم دەبا، بەڵام هیچ سیستمێكی فەلسەفی تێدا نییە، بەڵكو لەو دنیایە دەچێ‌ كە قەشەی زن iiZen یان ئەو زانایەی كە لە شامانە تێدەگات و خەونی پێوە دەبینی، یان ئەو زانایەی كە لەگەلی (ئاینۆ Ainou)iii وەری دەگرێت، كە لە زمانیاندا هیچ تیپێكیان بۆ قسەكردن نییە. كەواتە ئەو میتافیزكایەی كە من بەلایدا دەشكێمەوە لە فەلسەفە جیایە، یان لە چەمكی میتافیزیكای گشتی، زێتر خەیاڵی و رۆمانسییە و نزیكە لەوەی كە لای (ولیەم بلیك) دەبینرێت. بەو ماناش واپێدەچێ‌ پەرگیر بكەوێتەوە.

- هەتا ئێستا بابەتی مردن و سروشت بەسەر دیمەنی شیعری یابانی نوێدا زاڵە، ئایا شیعری هایكۆ و تانكا چۆن راڤە دەكەیت؟
+ سەرنجەكانت راستن، سەرەڕای ئەوە من لەو ناونانەی كە ئاماژە بە "سروشت" دەدەن، كەم دەكەمەوە. ئەو دوو بابەتە شوێنێكی گەورەیان لە شیعری یابانی هەیە، چونكە دوو رەگەزی بنەڕەتی تەقلیدكردنی هونەری-ئەدەبی و رۆشنبیریی یابانن. بۆ نموونە"باشۆ" دەڵێت: هاوڕێی وەرزەكانی ساڵ بن، هەست بە رۆیشتنی زەمەن بكەن، بەشەوقەوە چاوی تێببڕن. ئەوەی باشۆ مەبەستیەتی دەبێ‌ بەشێوەیەكی میتافیزیكیانە دەرك بكرێت. پێموایە ئەو گوتەیە لە تەقلیدی یابانیدا هەر لە چەرخی ناوەڕاستەوە لەرێگەی بوونی هەستێكی ناسك و بەرز، ئاماژە بەشتەكانی وەك روناكی، زەمان دەدات، ئەوەش هەندێجار واما لێدەكات لە بەرانبەر سروشت و مردن تا رادەی نەخۆشی هەستیار بین.

- تا رادەی خۆكوژی؟ هەر بەو بۆنەوە چۆن دیاردەی خۆكوژی ئەدیبە یابانییەكان راڤە دەكەیت؟
+ لەپێشدا گوتم بەگشتی مردن و سروشت، دوو رەگەزی بنەڕەتین لە شیعری تەقلیدی یابانیدا، حەز دەكەم دیاردەی خۆكوژی بەوەوە بەند بكەم.
مردنێكی وەك مردنی (میشیما) و مردنی (كاواباتا- واكوتاغوا) خەفەتی تایبەتی خۆی هەیە، دەشێ‌ ئەو خەفەتە بە فیكری بوزییەوە بەند بێت. ئەوەی گەلی یابانی لە هونەر بەدوایدا دەگەڕێت لە خەفەت خواردنی ژیانێكی پەرت و تێپەڕدا كورت دەبێتەوە، كە لە هەمان كاتیشدا تامەزرۆی ئەو ژیانەیە.
هەندێك ئیشكالی تایبەت و ئاڵۆز لە مەرگی (میشیما) هەیە. بەڵام مەرگی (كاواباتا) كە خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی بەدەست هێناوە، كاتێك تەمەنی حەفتا ساڵی تەجاوز كرد، لەرێگەی بۆری گازەوە خۆی كوشت، مردنی ئەو بەنیسبەت ئێمە شۆكێكی گەورە بوو. من پێموایە شتێك لە خەفەت خواردن بۆ ژیانێكی پەرت و تێپەڕ و لە هەمان كاتیشدا تامەزرۆیی بۆ ئەو ژیانە لە خەیاڵی ئەودا هەر مابوو. لەوەدا رێگەیەك بۆ نزیكبوونەوە لە (مردنێك كە هەر دەبێ‌ ببێ‌) دەبینم، بەڵام ئەگەر ئەو رێگەیە تایبەت بێت بە یابانییەكان، ئەوە نازانم وەیە یان نا. دواتر قسە لەدوو شاعیر دەكەم، كە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر مردن و لە مردن نزیك بوونەوە وەك چۆن خۆیان دەیانویست.
یەكەمیان (سائیكیۆ) لە گرنگترین شاعیرانی فۆڕمی كۆن، كە لە چەرخی ناوەڕاستدا بە (واكا-Waka) ناسراوە. سائیكیۆ لە نێو یابانیەكان خۆشەویستی زۆربە بوو.
دووەم (سانتۆكا) شاعیری هایكۆی ناسراو، بەشێوەیەكی دەربەدەرانە ژیا، ئەوە یەكێكی دیكە بوو، بە تایبەتی لەو ساڵانە لەنێو كرێكار و فەرمانبەری كۆمپانیاكان زۆر خۆشەویست بوو. پێموایە كە قسەكانیان لە كۆتایی ژیان و مردنیان كاریگەری زۆری بەسەر عامەی خەڵكەوە هەبوو.
سائیكیۆ قەشەیەك بوو، بەشێوەی زاهید لە چیاكان دەژیا، لە هەمان كاتیشدا شاعیرێكی گەورەی شاعیرانی (واكا) بوو، دەڵێت:
لە بەهاردا ئارەزووی مردن دەكەم
لەژێر گوڵەكانی گێلاس
لە ناوەڕاستی مانگی نیسان
هەر بەراستی لەو وەرزەدا مرد، مردنی ئەو هەر تەنها شتێكی تێپەڕو سادە نەبوو، بەڵكو ئەو كات هەستی هەموو خەڵكی وڕوژاند. لە كۆن، خەڵكی زۆر لە چیاكان مردبوون و پشتیان بە قەدی گێلاسی گوڵ كردو دابوو. هەر وەك ئەو خەڵكانە سائیكیۆ لە كەش و هەوایەكی گوڵئامێز و سۆز بزوێن مرد، سەرەڕای ئەوەش ئەو بە زمانی تایبەتی خۆی گوزارشتی لەو كەش و هەوایە كردبوو. بۆیە تووانی بۆ چەندان سەدە و هەتا ئەمڕۆش هەست ببزوێنێ‌.
پێموایە مردنی سائیكیۆ مردنێكی لەسەرەخۆو، لای هەموو كەسێك خوازراو بوو. بەڵام بەرانبەر خۆكوشتن هەست بە دڵڕەقی دەكەم. (سانتۆكا) دواین كەسە كە وەك ئەوەی دەیویست لە مردن نزیك بۆوە. شاعیری هایكۆ و تانكا بوو، رۆشنبیرێكی گەورە بوو. لەساڵی 1940 كۆچی دوایی كرد. لەو ساڵانەی دواییدا زۆر خۆشەویست بوو. لە منداڵی دایكی دیبوو كە بۆ ئەوەی بمرێت خۆی بۆ ناو بیر هەڵدا بوو. ئەو رووداوە بە نیسبەت ئەو شۆكێكی گەورە بوو. بەشێوەیەكی نامەعقول مەست، وەك دەروێش دەگەڕا، داوای خێری لە خەڵك دەكرد. ئەو تانكایەی ئەو قەشەیە، قەشەی (زن)ی ئاوارە دەینووسی نەدەچووە سەر ریتمی (5/7/5) بەڵكو لە رێسای شیعری تانكا دەردەچوو، بەشێوەیەكی ئازاد دەینووسی. هەمیشە دەیگوت: "دەمەوێت لەپڕ بمرم". ئەوە روویدا، لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ شاعیرانی دیكەی تانكا لە هەرێمی (تسویاما) بە مەستی لە ژوورێكی تەنیشت ژووری كۆبوونەوە مرد، بێ‌ ئەوەی مردنی ئەو سەرنجی كەس رابكێشێت. لەوانەیە لە كاتی خەوتن لەپڕ مرد بێت. رۆژانەی ئەو شاعیرە زۆر خۆشە. زۆری دەخواردەوە، شەمەندەفەری بە هەڵە رادەگرت، میزی لەسەر جێگە دەكرد. لە ناوەوەی شتی زۆر سەیر هەبوو. بیر لەوە دەكەمەوە لەبایەرەیەوە بنووسم. لە زەمەنی ئەو زۆر لە كەلوپەل فرۆشەكان سەفەریان دەكرد و بۆ خانەی بازرگانی دادەبەزین، پێموایە یەكێك لەوانە دەڵێت: "باشترین مردن لە خەفڵەتەوەیە".. پێموایە نموونەی سانتۆكا تا رادەیەك فیكری یابانی لەبارەی مردن راڤە دەكات.

- تۆ لە مردن دەترسیت؟ ئایا مردن كۆتاییە؟
+ تێگەیشتن لە مردن ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر بە مانای شیعری بیر لە مردن بكەینەوە، نەك مانای ئایینی، من وای دەبینم كە لایەنێكی بنەڕەتی ژیان بەپێی نزیكبوونەوەمان لە مردن دەدرەوشێتەوە. كاتێك لە مردن نزیك دەبمەوە یان لە حاڵەتی تا ئەوپەڕی بێهێزی، رۆحم زێتر بەرەو چالاكی داهێنان دەبێتەوە. لە حاڵەتی ژیان لە مردن، هەوڵدەدەم لە هێلێكی راستی ئەو ژیانە دیاریكراوە، زیاد لە پێویست بپەنمێم. ئەوە فەلسەفەی منە. بەڵێ‌ لە مردن دەترسم، لە هەمان كاتتدا ئەو ترسە، ترسە لە چالاكی ژیانێكی ترسێنەر. ئەوەش بۆ خۆی گرنگترین بەردی بناغەی داهێنانە.

- ئەمڕۆ كۆمەڵگەی یابانی زۆر لەوانیدكە هێمنترە، شعریش بەشێوەیەك لە شێوەكان پێویستی بە وڕوژانی دەرەكی هەیە، ئەوە چییە پاڵ بە شاعیری یابانی دەنێ‌ بنووسێت؟
+ كاتێك كۆمەڵگە دەبێتە كۆمەڵگەیەكی شەعبی و چڕ و پڕ تا رادەی كۆمەڵگەی یابانی ئەمڕۆ، بواری تایبەتمەندی بەرفرەوان دەبێت، واتە تاك گرنگی بە بوارێكی تایبەتی دەدات، بێ‌ ئەوەی پەل بۆ بواری دیكە بهاوێت. بەمجۆرە كۆمەڵگە بەش بەش دەبێت، ئەو بەش بەش بوونەش وادەكات پەیوەندیمان بەیەكەوە زۆر تەگەرەی تێبكەوێت، تا رادەی نەخۆشی. بەشێك لەو گیرگرفتەش ناوەندەكانی راگەیاند لێپرسراوێتیەكەی لەئەستۆ دەگرن، رەنگە حاڵەتە ئەبستراكتەكەی ئێمە یەكێك لە سامانە راستەقینەكەی بێت. ئێمە لە سەردەمێكداین كە شت تێیدا تەجاوزی چوارچێوەی نەخۆشی دەكات، بەتەوای وەك پەردەی چەپاندن كە بۆ داپۆشین تا ناخی ژیان درێژ بۆتەوە. ئێمەی شاعیران بەشێوەیەكی بەرفرەوان لەرێگەی پەرچەكردارەوە وەڵامی شتەكان دەدەینەوە، زمانیش بە ئاگاییەكی لەسنور بەدەر بەكار دەهێنین، رەنگە زۆر بەهێز هەست بەو دیاردە نوێیە بكەین، كە بەسەرماندا هاتووە. كەلوپەل و بەرهەمەكان زۆر زیاد بوونە و وایان كردووە بە گرانی بتوانین هەناسە بدەین. ئەوە گیروگرفتی كۆمەڵگەی بەرخۆر و بازرگانی بەش بەش كراوە.
هەتا بە جیدی سكاڵامان بەرانبەر ئەو گیروگرفتە هەبێ‌، ئیتر بۆ نموونە من ناتوانم بەرانبەر بیابانی عەرەبی بكەومە دووتوێی سۆزەوە، یان بەشێوەیەكی هیندییانە ورردببمەوە، چونكە من بۆخۆم نەخۆشم. لێرەوە گرفتەكە دەست پێدەكات و دەبێ‌ من رووبەرووی بوەستم. ئەوەش بە گرفتی پەیوەندی نێوان ئایین و شیعر، شیعرو سیاسەتەوە بەندە.

- ئایا پەیوەندی لەنێوان شیعر و سیاسەت هەیە؟
+ بەڵێ‌، من لەو بڕوایەدام، كە ئەو پەیوەندییە بەشێوەیەكی ریشەیی هەیە. بەڵام تەنها بەشێوەیەكی زۆر ئاڵۆز و بەپێی كۆمەڵگەو میدیا نەبێت، دەرناكەوێت. من لەو شاعیرانەم كە سیاسی نین، هەتا ئەمڕۆش هیچ لێدوانێكی سیاسیم نەدواوە، تەنها هەندێك جاری زۆر كەم نەبێت، ئەو هەڵوێستەشم وای لێكردووم بۆ نووسینی شیعر پێچەوانە بكەومەوە، بەرەو لایەنێك بچم، كە زۆر سیاسی و ترسناك بێت.
پەیوەندی نێوان شیعر و سیاسەت سادە نییە، ئەو پەیوەندییە بەشێوەیەكی قوڵ بەیەكەوە بەندن. بۆیە من پێموایە ئەو بابەتە پێویستی بەئاگاییەكی زۆر هەیە.

- ئەی پەیوەندی نێوان ئایین و شیعر؟
+ وەڵامم بۆ ئەو پرسیارە هەمان وەڵامی پرسیاری پێشوو دەبێت.
بەڵام هەندێك جیاوازی بچووك هەیە، پەیوەندی نێوان شیعر و ئایین لەپەیوەندی نێوان دوو جمك دەچێت، كە وەستاون و پشتیان لەیەكە و ئازارێك لەلای بڕبرەی پشتیانەوە بەیەكیان دەبەستێتەوە. ئەو بابەتەش بابەتێكی دیكەیە و پێویستی بە ئاگایی زۆر هەیە. رەنگە ئایندەی شیعر بەتەواوی لەو خاڵەوە چەقی بەستا بێت، وەك چۆن ئایندەی ئەوەی كە لە كۆنەوە ناومان نابوو ئایین، پشت بەو ئازارە ببەستێت كە پشتاو پشت بە شیعرەوەی دەبەسترێتەوە.

- بە نیسبەت تۆ دەستەواژەی سیحرئامێزی (تازەگەری، تازەگەری شیعری) چ دەگەیەنێت، كە هیچ وڵاتێك نییە پێیدا تێپەڕ نەبووبێت؟
+ دیاریكردنی وشەی (تازەگەری) قورس دەكەوێتەوە، هەتا لە ناوكۆیی زمانی یابانیش. هەندێك لە شاعیران دەڵێن: تازگەری كێشەی كۆمەڵگەیە. بەڵام من بۆ خۆم بەبێ‌ خستنەرووی دنیابینییەكی نوێ‌ كە لەناخی خەیاڵ و خودی خۆمەوە هەڵدەقوڵێت، ناتوانم بژیم. من هەمیشە بەدوای تازەگەرییەكی ریشەییدا دەگەڕێم، كە تایبەتە بەخۆم.

- ئایا شاعیرەكان تازەگەری بەوە تاوانبار دەكەن، كە دەرچوونە لە كەلەپوری شەعبی شیعری یابانی و ئەوانەی بەو شێوەیە دەنووسن هاوردەن و هیچ پەیوەندییان بە رۆشنبیریی نیشتمانیدا نییە؟
+ ئەو بە تاوانباركردنە هەیە، ئەگەرچی بەشێوەیەكی ئاشكرا دەرناكەوێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەیە. شیعری نوێ‌ بە تیۆرێكەوە پشت بەستە، كە زۆر لە تیۆری قوتابخانەی تەقلیدی بەهێزترە، و قوتابخانەی تەقلیدی ئەو توانایەی نییە كە لەرێگەی بەرهەم و دەمەتەقێوە بەسەریدا زاڵ بێت. ئەوەی كە سەیرە ئەو بەتاوانباركردنە لە ناوەوەی ئێمەی شاعیرانی نوێخوازدایە، بۆیە لە حاڵەتێكی تووندی دڵەڕاوێكێدا دەنووسین و ئەوەش زێتر بەرەو داهێنان پاڵمانپێوە دەنێت.

- دەڵێن شاعیرانی یابانی نوێخواز بەلای وردەكاری ژیانی رۆژانەوەن، رای تۆ چییە؟
+ بەڵێ‌، تا رادەیەك. لێرە بۆ نموونە شاعیرێك هەیە بە ناوی (شوئتسی) قەسیدەكانی لەرێگەی وردەكاری ئەو كۆگایەوە دەنووسێت، كە بەدەوریدا دەخولێتەوە. هەروەها شاعیرێكی ئافرەت هەیە ناوی (ئیتۆ هیرومی)یە بەشێوەیەكی زۆر ورد باسی ئەزموونی "زانی" خۆی دەكات. كاتێك نووسی "زان" جۆرێكە لە "دەردان"، ئەو گوتەیەی لەنێوان خەڵكی مشتومڕێكی زۆری نایەوە. كە شاعیرێك مشتومڕێ‌ دەوڕوژێنێ‌، یان كە كۆمەڵگەیەكی هێمن لەرێگەی نووسینی وردەكارییەكانی ژیانی رۆژانەی ئازاد و رادیكاڵانەوە دووچاری شۆك دەبێت، ئەوە شەپۆلێكی شیعری پێكدەهێنێ‌، هەر لە شەستەكانەوە ئەو مەسەلەیە لەشیعری نوێ‌ سەرنجمان بەرەو خۆی رادەكێشێ‌. من لەو بڕوایەدام كە ئەوە بۆ ئەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە، كە شیعری نوێ‌ بە رۆمان و رەخنە دەبەستێتەوە. هەروەها لەو بڕوایەدام نووسینی ئازاد و رادیكاڵانە لەبارەی ژیانی رۆژانە بۆ پێشەنگی هونەری و ئەدەبی پێویستە.
ئەو لایەنە گۆڤاری (كەرتۆن) بەشداری تێدا كردووەو رۆڵێكی گەورەی لە قۆناغی گۆڕانكارییە رۆشنبیرییەكان گێڕاوە.

- چۆن باسی شیعری خۆت دەكەیت؟
+ بە سادەییەكی ترسناكەوە، كە شێتی تێیدا دەخوێنێ‌. لە ساڵی (1939) لەدایكبووم، دوای لەدایكبوونم  بە دوو ساڵ یابان چووە نێو جەنگی ئەتلەسییەوە. بەمجۆرە منداڵی من لەگەڵ ئەزموونی جەنگ یەكانگیر بوو، كاتێك لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بووم، فرۆكەكان بەشێوەیەكی بەرفرەوان 6/3/1939 تۆكیۆیان بۆردوومان كرد و من لەشار هەڵاتم و بزر بووم، ئەو دیمەنە وەكو فیلم لە یادەوەریم چەسپاوە.
بەڕاستی زەمەنێكی قوڕس هاوەڵم بوو، لەبەر ئەوەی من ترسنۆك بووم. هەستكردن بە غەریزەی ترس، ریشەی شیعری منی داپۆشیووە. كەچی گەلی یابان بەشێوەیەكی گشتی بەلای لەبیرچوونەوەدایە، ئەو یادەوەرییانەیان فەرامۆش كردووە. بەڵام بە نیسبەت من، دەبێ‌ لەسەری بژیم... كاتێك دەمەوێت بەهێزەوە گوزارشت لەشتێك بكەم، بۆن یان رەنگی ئەو ترسە دەردەكەوێتەوە. هەروەها ئەو ترسە لە هایكۆ و تانكاش بەرجەستەیە، بەڵام لەچوارچێوەی سەروای تەقلیدی دیاریكراودا. ئەگەر سۆزێكت لەگەڵ قەسیدەكانی مندا هەبێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە كە پێكهاتووە لە (ترسێك كە هەر دەبێ‌ ببێ‌).

- بەهۆی بەبیرهێنانەوەی تانكا، ئەو رەنگە تەقلیدییە شیعرییە زۆر كۆنە، گەڕانەوەی چۆن راڤە دەكەیتەوە، كە لە هەشتاكاندا 1980 بەهێزێكی سیحرئامێزلە گۆرەیانی ئەدەبی یابانی لەسەر دەستی كچە شاعیری گەنجی ئەوسا بە ناوی (تاوارا ماتشی) و لە كۆمەڵە شیعری "جەژنی لەدایكبوونی دەسەڵات" دەركەوتەوە؟
+ یەكەم، من لە بوونی ریتمی (7/7/5/7/5) دڵنیام و دەزانم لەناخی هەموو یابانییەكدا بوونی هەیە. هەتا لە دروشمەكانی پیاوانی پۆلیسیش، لەسەر كڵاوەكانیان و لەسەر باسكیان شتیك لەو ریتم و كێشە رێكخراوە. بەبیستنی ئەو ریتمە تاكی یابانی هەست بە حەسانەوە دەكات. سەرەڕای ئەوە، شاعیر تاوارا ماتشی ئەو كات خاوەنی رۆشنبیرییەكی شەعبی بوو و لە كاتی گونجاو و بەشێوەیەكی باش ئەو رۆشنبیرییەی بەكار دەهێنا، بەڵام نەك ئازادانە. من كۆمەڵە شیعرەكەیم خۆش دەوێت و خوێندوومەتەوە، رەنگە پێش چەند ساڵێك بێت، هەروەها شتی زۆری تێدایە كە لە رۆشنبیریی شەعبی باو و هەندێكیشی لە Can chuhai  وەرگرتووە، (Can chuhai پێكهاتووە لە تێكەڵەیەك شەرابی یابانی و شەربەتی سۆدە، كە بەزۆری لە شوێنە گشتییەكان لە قوتوكراوە و لە سندوقەكان بەشێوەیەكی میكانیكی دابەشی دەكەن و لە هەموو شەقامەكانی یابان دەبینرێت).
یان وەك گۆرانی "هۆتێلی كالیفۆرنیا". ئەو كۆمەڵە شیعرە لەگەڵ رۆشنبیریی شیعری باوی ئەو كات یەكانگیر بوو. واتە لەگەڵ رۆشنبیریی ناوەڕاستی هەشتاكان، ئەو كات بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە شیعرە و سەركەوتن و پێسەرسام بوونی گونجاو بوو.
دووەم، تاوارا ماتشی لەگەڵ شاعیرێكی دیكەی هەمان شێوەی خۆی بەرانبەركێی دانابوو، ئەویش ناوی (تاكوبۆكۆ ئیشیكاوا) بوو، كە لەساڵی (1912) كۆچی دوایی كرد. لەلای هەردووكیان گۆرانی گوتن بەسەر خۆشەویستی بزر، كە تاكی یابانی بەشێوەیەكی جیدی پێوەی بەندە، هەروەها خەفەتێكی قوڵ،  وجودی هەبوو.

- ئایا خوێنەر لەكاتی نووسینی قەسیدەدا لەبیری تۆدا وجودی هەیە؟
+ من لە گەنجیدا شیعرم بەجۆرێك لە ئیلهام دەنووسی، بۆیە 99% شاعیرو نووسەر بووم. بەڵام ئێستا پەنجا ساڵیم تەجاوزی كردووە، هەر لە 35 ساڵییەوە من شیعر دەنووسم، بۆیە 90% بوومە خوێنەر و رەخنەگر.
كەواتە قوڕسە خوێنەر لەولا دابنێم و ئینجا بنووسم. لەڕاستیدا دەمەوێت ژمارەی خوێنەرانم لە ناوەوەمدا كەم بكەمەوە، بەڵام پێدەچێ‌ ئەوە گران بێت.
- ئەی لەبارەی بزاڤی شیعری دوای نەوەی خۆت، ئایا شاعیرانێك هەن، بەدواداچوونیان هەبێت و گۆڕانیان درووست كردبێت؟
+ لەدوای نەوەی من دوو نەوە لە شاعیران هەن، هەر دە ساڵ نەوەیەكی نوێ‌ درووست دەبێت، من لەو بڕوایەدام كە ئەو شتە لە هەموو شوێنێك هەروایە. من بەپێی زەمەن سەر بە نەوەی شەستەكانم. شەستەكان قۆناغێكی ئازادو رادیكاڵ بوو، بزاڤی سیاسی و هونەری تێدا تووند بوو، ئەوەندە شاعیر زۆر نەبوون. بەڵام لە حەفتاكان و هەشتاكان ژمارەی ئافرەتان لە بواری گوزارشتكردن زیادی كرد. ئەوە جیاوازیەكی دیاری نێوان نەوەی من و نەوەكانی دواترە.

- چۆن وێنەی ئافرەت لەشیعری یابانی نوێ‌ دەردەكەوێت؟
+ پێموایە وەڵامی ئەو پرسیارە بەپێی كەسەكان دەگۆڕێت، من ئێستا نموونەی دیارم بۆ ئافرەت لەشیعری یابانیدا لەلا ئامادە نییە. بەڵام دەبینم هێزێكی سەیر و بیرلێنەكراوە دەركەوتووە و بەجوانی دەشێ‌ ئەو هێزە بە هێزی دایكایەتی یان بە دڵڕەقی غەریزی كە ئافرەت خاوەنیەتی ناو بنێین. بۆ نموونە لەلای ژنە شاعیر (ئیتۆ هیرومی) كە پێشتر ناوت هێنا خەسڵەتێكی هاوبەشی لەگەڵ هیندییە سوورەكان هەیە، ئەو شاعیرە رۆشنبیریی و هونەر دەبڕێت و راستەوخۆ شوێنێكی سەیر لە ژیان داگیر دەكات. ئەو گوزارشتكردنەم لای ئەو زۆر دیووە، و بە نموونەی ئەو مێیایەتییە سەرسامم.

- ئایا تۆ ژنت هێناوە؟
+ بەڵێ‌ لە ساڵی 1971  لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ژنم هێناوە.

- ژن بەنیسبەت تۆ چ دەنوێنێ‌؟
+ بوونێكی سەیر و لەپێویست بەدەر تەمومژاوی، هەر چەند لەگەڵ ئافرەتێكدا دەژیم، بەڵام هەست دەكەم ژیان لەگەڵ ئافرەت سەیرە. بەبێ‌ ئاگایی دەكەومە ژێر كاریگەری، لەنێوان من ئەو یەك ئەویدیكە فێر دەكات. ئێمە منداڵمان نییە و زمانی دایكمان جیاوازە. هەست دەكەین وەك دوو كەسی شێواو واین كە دۆستایەتی لەنێوانیان پەروەردە دەكرێت.

- مەبەستت ئافرەت بەشێوەیەكی گشتییە؟
+ عەقڵێكی دەبەنگم هەیە، ناتوانم ئافرەت تەعمیم بكەم.

- ئایا دەخۆیتەوە؟
+ بەڵێ‌ زۆر دەخۆمەوە، من زێتر مەستم نەك شاعیر.

- لەكاتی مەستی دەنووسیت؟
+ ناتوانم، پێموایە زۆربە وەكو منن. چونكە لێرەدا سنورێك لەنێوان ئاگایی و نائاگایی، یان لەنێوان بێداری و خەون هەیە، ئەو ماوەیە لە چاوتێبڕینێك دەكات. ئەو حاڵەتەیە كە تێیدا مەستی بەشێوەیەكی نەرم بەرەوپێش دەچێت. كۆمەڵگەی هاوچەرخ ئەو سنورە بە بازرگانی دەكات. ئاماژەیەك هەیە، كە پێیوایە ئەو سنورە بۆشاییەكی بنەڕەتی و هەستیار، لە مۆسیقا و هونەر بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات. ئەوە بەنیسبەت ئەوان هەناسەدانێكی حەقیقییە. بەمجۆرە حاڵەتی جیدی و حاڵەتی مەستی دەبینین و هەروەها سنورەكەش لەنێوانیان بزرە.

- چۆن دەژیت و چ كارێك دەكەیت؟
+ وەك نووسەرێكی ئازاد بۆ ماوەیەكی زۆر كارم كرد، بەتایبەتی لە تۆكیۆ كە هۆیەكانی راگەیاندنی لێ‌ زۆرە، لەبارەی رەخنەوە دەمنووسی، بەشداریم لە گۆڤاری رێكلامدا دەكرد، زۆر كارم كرد، ژیانێكی سەختم بەسەر برد.
لەكۆتاییدا، واتە لەماوەی نزیكەی هەشت ساڵ لە زانكۆ دەستم بە وانەگوتنەوە كرد. بەڵام ئێستا بۆ كەسێكی وەك من وانەگوتنەوە لە پەیمانگەی رۆشنبیریی دوای ئەوەی گەیشتینە "سەردەمی جەماوەری" بەسەر چوو... حەفتەی دوو رۆژ لە زانكۆ مادەی ئەدەب دەڵێمەوە، كرێی خانوو و خواردن لەو مووچەیە دەدەم.. بەر لە بیست ساڵ بەوشێوەیە تەسەوری ژیانی خۆم نەدەكرد، ژیانم زۆر گۆڕاوە.


ژێدەر:
لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراوە، بڕوانە: سفینە الموت: انطولوجیا الشعر الیابانی الحدیث3، محمد عضیمة 06 یونیو 2008. www.doroob.com ئەوەی لێرە بڵاوبۆتەوە من تەنها ناونیشانەكەم گۆڕیووە.


پەراوێزەكانی وەرگێر
- سەردەمی میجی سێ‌ چەرخ لەخۆ دەگرێت چەرخی (تایشۆ، 1912م) و (شووا، 1926) و سەردەمی ئمپراتۆری (هیسی، 1989)
- زن لە ئایینی بوزی بەو گروپە خواپەرستە دەگوترێت كە جەخت لە حەقیقەت دەكەنەوە.
- یەكێكن لە دانیشتوانی ئەسڵی یابانی لە باكوری ئەو وڵاتە نیشتەجێبوونە.