دایکم، لە ناو خەیاڵی مندا

 
لە ناو خەیاڵی مندا
لەلای دایکم میوانم
سەرئەنێمە سەردڵی و
دەست ئەخاتە سەرشانم
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم وەک جاری جاران
بەسەرمدا دەبارێ
هەر وەکو بەفرو باران
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم ئەدرەوشێتەوە
خۆرێکە ئاوانابێ و
هەموو ڕۆژێک دێتەوە

دایکم

خودایەک هەیە
بەهەشتێک هەیە
دڵنییام، دایکم لەوێیە.
...
شوێنێک هەیە
ئەگینا دایکەکان بۆ کوێ دەچن
مردن بەتاڵترین وشەیە
ئەبێ ناوەکەی بگۆڕین
بڵێین: سەفەر ڕۆیشتن بۆ شوێنێک
شتێکی وا
نزیک میهرەبانی خوا.
...
دایکم ئاوێکی سازگار بوو

من دووبارە بوومەوە

ژیانی من هیچ نەبوو لە دووبارەبوونەوە زیاتر
خەونی من هیچ نەبوو لە دووبارەوە بوونەوە زیاتر
غەمگینی من هیچ نەبوو لە دووبارە بوونەوە زیاتر
ئازاری من هیچ نەبوو لە دووبارەبوونەوە زیاتر
 
***
 
من هەزار جار دووبارە بوومەوە
بە ئاگرێک هەزار جار ڕۆحم سووتاوە
لە ئاوێکدا هەزار جار خنکاوم
هەزارا جار کەوتوومەتە خەرەندێکەوە
 
***

ستیانەکەت

مەمکەکانت  دوو منداڵن
بە ستیانەکەت بڵێ : چۆن منداڵ زیندانی دەکرێ

...

ستیانەکەت پڕدەکەم لە جریوەی چۆلەکە
تا مەمکەکانت لە زیندانا غەمگین نەبن

...

ستیانی ڕەش لە مەمکەکانت مەکە
دەترسم لەو زیندانە تاریکەدا
مەمکەکانت کوێڕبن.

...

پێڵاوەکانی

بۆ تۆ نەرموشلتری لە ئاو
کەی دەگەڕێیتەوە 
دڵم شێتبووە 
دەستکێشەکانت دەخەمە سەردڵم،
پێڵاوەکانت دەخەمە ژێر سەرم 
لە خەونمدا دەگەڕێیتەوە،
...
پێڵاوەکانت تۆزی خەمیان لێ نیشتووە
ئەوانیش وەک من بیرت دەکەن.
...
باران بوو پێڵاوەکانی لێ بەجێما
تینوێتی تاسەی بینینەوەی
خەریک بوو بمخنکێنێ
باراناوی ناو پێڵاوەکانیم خواردەوە

خۆم ناکوژم

خۆم ناکوژم 
دەترسم لە دوای مردن
ژیانی هەتا هەتایی هەبێت.
خۆم ناکوژم
من پیاوێکی دۆزەخی و
تۆ ژنێکی بەهەشتی
ئیتر چۆن بەیەک دەگەینەوە.
خۆم ناکوژم
هەموو رۆژێک دڵۆپێک لە دەفری تەمەن دەڕژێ
ئای لە ڕژانی دواین دڵۆپ ئای،
خۆم ناکوژم 
ژیان ئەوە ناهێنێ تاوانباربم 

من به‌بێ خۆم

به‌یانییه‌کی دره‌وشاوه‌یه‌
شه‌و خۆم ڕۆیشتووه‌
من به‌ ته‌نیا خه‌وتووم
هیچ خه‌ونێکی ناخۆشم نه‌بینیوه‌
ئه‌وه‌ منم به‌بێ خۆم 
به‌بێ ژانه‌سه‌ر
یه‌که‌م به‌یانییه‌
نان ده‌خۆم و گوێ له‌ گۆرانی ده‌گرم
نان و گۆرانیم تیکه‌ڵ کردووه‌
پێده‌که‌نم 
ده‌چمه‌ به‌رده‌می ئاوێنه‌که‌
منداڵێک ده‌بینم له‌ ئاوێنه‌که‌دا
ده‌ڵێی بۆلای یار ده‌ڕۆم
په‌له‌مه‌ خۆم ده‌گۆرم عه‌تر له‌ خۆم ده‌ده‌م
نا نا بمبوورن من ده‌گۆڕم عه‌تر له‌ من ده‌ده‌م 

ده‌بێ چیم نووسیبێ

دڵی من
شکاوه‌
ده‌ستی لێ مه‌ده‌
چیتر گۆرانی ناڵێ
دڵی من.

***

ڕۆژ به‌ ڕۆژ
ته‌ڵخ ده‌بێ ڕوانینم
پاییز ڕژاوه‌ته‌ چاومه‌وه‌

***

هیچ تاقه‌تی ژیانم نه‌ماوه‌ هیچ
خۆ من منداڵ نیم
له‌ یاریکردن بێزار بووم

***