مێخ بە زماندا دادەکوتم و قڵیش دەکەمە زارمەوە..
بــــا بە پەردەکەدا دێت، کەمەری نیشتووی پڕ دەبێ‌ لە هەوا، دەڵێی ژنێکی سکپڕە و لە پەنجەرەی شکاوی منەوە سەیری دنیا دەکا.. دەڵێی دەمەوێ شتێک بشارمەوە.. کەم‌كەم قسە دەکەم و زۆرزۆر خەیاڵم دەڕوا.. بەشێوەیەکی گشتی مەنگم.. دەمەوێ کەس نەزانێ کە بیر لە تــۆ دەکەمەوە.. هەموو هەوڵێکم دەخەمە گەڕ ئەمە لە هەمووان بشارمەوە.. چەشنی بازێکی سپی لە سنگی ڕەشمدا شتێک قەتیسە.. سنگم شەق دەبا و ئەو شتە دەقیژێنێ و دوور دوور دەچێتە ئاسمان. کە هاتم ئا لێره‌دا بووم.. لەسەر ئەم قادرمەیە.. ڕێک لە ناوەڕاستدا، نازانم دەمویست دابەزم یان خەریک بوو سەر دەکەوتم.. دە سەدەیە من لێره‌دا گیرم، نازانم دابەزم یان....... .
نۆڤێمبەری من ون بووه، لەوە دەچێ نۆڤێمبەری من لە جوڵا-یا بێ، چەند خۆشە ئیتر لە دایک نابم، ئیتر هەر بە فەزاوە دەبم.. بلیتی نۆڤێمبەرم لە دەستدایە و بە تەنیا لەسەر چرپایەکی دوونەفەریی ڕاکشاوم.. ڕەنگە نۆڤێمبەری من زۆر دوابکەوێت، ڕەنگە دە سەدە.. ڕەنگیشە هەر نەیەت.. من کاتێکی زۆرم هەیە.. دەتوانم دە سەدە چاوەڕێ بکەم، چاوەڕوانی شتێکی ناخۆش نییە "چاوەڕوانی کڵاوڕۆژنەی ئومێدێکە لەنــائومێدییەکی ڕەهادا"(1)..  
من لەم دونیایەدا ئیشی زۆرم نییە، لە کۆتاییدا خۆشە بزانی تــــۆ بەهانە بووی بۆ ئەوەی بمێنمەوە.. لەوەش خۆشتر؛ تــــۆ بەهانەیت بۆ ئەوەی بڕۆم.. سەر هەڵبڕە و سەیر بکە؛ چه‌ند جوان و چه‌ند دره‌نگه‌، پاوانە لەقاچی چەپی مانگ دایە و لای من سەعات هەزارە...
وەک ژنێکی سکپڕ هەموو ڕۆژێک ملیمێك لە سەری من زیاد دەکات، لە کۆتاییدا من ئەم مەراقەم دەبێ.. به‌سه‌ردا ده‌که‌وه‌مه‌ ئاسمانه‌وه‌، ده‌ستم ته‌ڕ ده‌بێ و هه‌ور وه‌ک تۆپه‌ڵێ په‌شمه‌ک ده‌چێ له‌ قژمه‌وه‌.. که‌ سه‌یری ئه‌م کاکێشانه‌ ده‌که‌م چاوم پڕ ده‌بێته‌وه‌.. کێشەی من ئەوە نییە چەند هەسارە لەم گالاکسییه‌دا حۆلەحۆلە و بازنەیی بەدەوری یەکدا دەخولێنەوە، کێشەی من ئەوەیە بۆشایی کەسم پێ پڕ ناکرێتەوە، کە هەست بکەم؛ من بۆ خۆم بۆشاییەکی درێـــــــــــــــژم.. چەند ناخۆشە ئەوەندە بەتاڵ و ئەوەندە بێباک بیت..! بیر لەوە بکەرەوە؛ ڕۆژێکی ڕەشەبا بچین بۆ گۆڕستان، پێکەوە بچین، لە (بـــــــا)دا بونیام دەتوانێ گوێی لە دەنگی مردووەکان بێت.. لە گۆڕستان گۆرانی دەڵێم.. لە گۆڕستان دڵم پڕ دەبێ.. لە گۆڕستان.. هیچ.. لێی گەڕێ.
زمان زین دەکەم.. سوار ئەسپی خەیاڵ دەبم و دەڵێم غاردە بۆ کێڵگەی پڕ لە مینی میتافۆری من.. مردن؛ گیرخواردنە، مردن یانی زیندانی عومری ئەبەدیی، ئەو هەموو ئازیزە ڕۆیشتن و سەرێکیان نەدایەوە.. شتێکیان نەگوت، چۆن تاقەتیان هەیە ئەوەندە بمرن..؟ 
دڵــــم قەترە قەترە قەتران سەر دەخات.. من دەڕۆمە دەرێ.. لە کوچەی شارێکدا گیرم، نازانم شامە یان ئەسەمبووڵ.. زەوی لەژێر پێمدا عارەقی کردۆتەوە.. بە پشتەملیدا ڕێچکەی بەستووە.. زەوی لەبن باری قورسی خۆیدا هەزار سوێند دەخوات؛ 63 ملیار ساڵە ئەوەندەی ئێستا، (ئینسانی هه‌زه‌لیی) هەڵنەگرتووە.. زەوی زۆڵێکە کە دایکی خۆی ون کردووە، زەوی بە منداڵیی فێری جادوو دەبێ و ئێستا خەریکە تەلیسم لە من دەکات.. من ناتوانم باوەڕ بە سەوزیی زەوی بکەم، ئەو خۆی لە ناوەوە دەکوڵێ.. من سەفەرێکم لەبەرە بۆ خاکی ڕەش..
مـــــــن دەبــــــــێ بــــــــــــــــــــــــــــــــڕۆم.. 
جیهان سەری دێشێت و من پەڕۆکەیم بە ناوچەوانمەوە بەستووە. گوناهن.. بەریان دەدەم ئەوهەموو قسەیەی لە سەرم دان... سەرم توند دەگوشم و لەبەر خۆرەکە هەڵی دەخەم.. ئێ ناکرێ ئەوەندەش لە مردن بترسین، خواکە! ئەو هەموو دۆستەی لایە.. دەزانم لەم نادڵنیاییەم دڵنیام.. ژێرەوژوور بووم، زەوی ڕ‌اگرن سەرم دەخولێتەوە.. غەڵبەغەڵبێکی هێواشە.. خۆمی لێ ونم.. کە من لەگۆڕێ دەبم ژاوەژاوەکان شتێکی ترن.. لە چاوەڕوانیی نێوان ماوەی دوو قسەدا من بیر لەجیهان دەکەمەوە، هەموو شتێک تەواو بووە، ئەم دونیایە چی لێ بکەین، ئێمە هێلکەیەکی بەجێماوین، ئینسان زۆر تەنیایە زۆر.. وا نییە؟ ئەی ئەگەر خاوەنی هێلکەکە هاتەوە...؟ من سەفەرم لەبەرە.. سەفەری گەیشتنەوە بە یەکەم خاوەن و بە یەکەم دایکی ڕاستەقینەی خۆم..
بەقەد یەک شــــێــــــــــــــــر خـــــــــــــــــەوم دێ.. 
من خۆم ناژیم.. من ژیانی کەسێکی ترم هەڵگرتۆتەوە.. لە لاجانگمەوە بەیانیان دووکەڵێکی سپیی کز بەرز دەبێتەوە، ئاخر من شەوی یەک لــــــــۆری خەو دەبینم.. خودام بۆ ناخرێتە لابۆرەوە.. دەمەوێ بنووسم لە میتافیزیکدا با عەقڵ بچێ بۆ جەهەننەم.. مێروولەی سووری گەورە لە چاومەوە دێنە دەرێ، گلێنەم لە ڕەشێکی کاڵەوە دەبێ بە سوورێکی خوێناوی.. من تەنیا دەتوانم ئازار بگێڕمەوە.. تەنیا دەتوانم هاوار بکەم؛ چاوم تەقـــــیــــــــــی ی ی ی.
بە باجەکەی ملیدا دەزانم ڕۆژنامەنووسە، ڕیکۆردەرێکی لە ئاست چەنەم حەواداوە، کچێکی باریکەلەی ئەسمەرە، شتێک دەڵێ.. هیچ تێناگەم، سەرم ڕادەوەشێنم کە قسەکەی دووبارە دەکاتەوە، بە لیپسنی کورتیدا دەزانم هەمان شتی پێشوو دەڵێتەوە.. لە ژاوەژاوی دەنگیدا وا دەزانم چاوەڕێیە کە من پێی بڵێم "ژن چـییــە؟!" ئەم پرسیارانە سەرم بزمارڕێژ دەکەن.. ئەمە قورسایی ستەیمێنتێکە لەسەر دڵی من.. لەناو خۆمدا هەڵدەچم.. ڕقم کەف دەکات.. خەریکە جوێنێ بدەم کە چاوم لەسەر سنگی دەگیرسێتەوە.. بەزەردەخەنەیەکی درۆزنەوە دەڵێم "وا بزانم سەر بە کۆمەڵەی شیردەرەکانە".
شەو تەنهایە، من بەدیارییەوەم.. شەو مەستی کردووە و لە میترۆپۆلێکی پیردا دەگریی، سەری خۆی بە موحاجەرەکاندا دەکێشێت، خۆی دەگەوزێنێ، من دەڵێم "هەستە کاکی من.. ئا ئێستا ڕۆژ دەبێتەوە و حەیامان دەچێ".
ئەزانم سۆفیا شارێکە لە من کەچی لەسەر لمی داخ و ئاڵتوونی قەراخ دەریاکە لە بوداپێشت-م.. دەبێ گەورەبیی.. ئەوەندە گەورەبیی.. ئەوەندە گەورەبیی.. ئەوەندە گەورەبیی بتەقێیت.. من خەریکە دەتەقم، ئەم زه‌وییه‌ خوێڕییه‌ ناجوڵێ..!! وەهمێکی گەورەیە لات وابێ پێش زەمەنی خۆت کەوتوویت، لەوە بەدبەختیتر ئەوەیە دوا کەوتبێتی، من نازانم کامیانم، بەڵام ئەزانم ناتوانم لە شانی خەڵکەوە بڕۆم.. هێڵنج ئەدەم، نامەوێ گەرووم بە زەرداوی خەڵک پیس بکەم، خەریکە دەڕشێمەوە؛ خودایه‌؛ کۆتایی به‌یارییه‌که‌ بێنه.‌. ئه‌گه‌ر تاقه‌تت هه‌یه، ‌ئیتر ڕایــــگرە..!
لێی نەویوم.. دەمەوێ پەنجە تووتەی خۆم هەڵکەنم.. هێزی لێ دەکەم کرتەیەک لە دەستم هەڵدەسێ.. بەردەوام دەبم.. جومگەی بەشی چەپی دەستم دەزریکێنێ.. خوێن زاوەتە دڵم و ئازارم گەیشتۆتە عەرش.. ئەرێ چی بکەم؟! ئا ئەمە پرسیارەکەیە.. ئینسان دەتوانێ چی بکات..؟ بۆ یەک چرکە هەست دەکەم گێژم.
دڵم تێک ده‌چێ.. دەڕشێمەوە و کتێبی قەبە لە زارمەوە دێتە دەرێ.. پرۆست دێنمەوە.. تۆماس مان.. بیكێت بەسەری سپییەوە لەقوڕگمدا گیرە لەملا و ئه‌ولای زارمەوە قەترە قەترە عەبەس دەتکێ.. ئەم قوڕگئێشەیە بڕستی لێ بڕیوم.. دایکم گوڵەهێرۆم بۆ لێدەنێ، من بیری (هێرۆ) ‌دەکەم و دەڵێم وەڵاهی باش ‌‌بوو بۆیەک نەبووین، ئێستە ناوسکم خواردبوو.. ئێستە دەمێ بوو سەری کون کردبووم..!
وەک دوورکەوتنەوە و لەچاو دیارنەمانی ماشێنێکی کۆن لە ڕێگایەکی خۆڵدا.. ئاوا من ئاوا دەبم.. بەیانییەک لە خەو هەڵدەستم، دەست دەدەمە ژانتاکەم و ئەڕۆم بۆ (مۆرۆکۆ) دایکم پێ دەکەنێ.. دایکم بە پێکەنینەکەی سەفەری من بۆ (مەغریب) هەڵدەوەشێنێتەوە.. هەموو جارێ دایکم بە پێکەنێنێک؛ پێکەنینێکی سارد، فیزایەکی من پووچەڵ دەکاتەوە و سەفەرێکم پەک دەخات و ڕێگایەکم پێ دەگۆڕێ.. ژانتاکەم فرێ دەدەمە دەریاوە و دڵم لەسەر مێزی تەلەڤیزیۆنەکە دادەنێم بۆ تــۆ.. "هاکینگ" دەخوێنمەوە و حەز دەکەم بڕۆم بۆ شارستانيەتێکی تر.. سەری دۆستایەتی لەگەڵ شتێکی تر دامەزرێنم کە وەک شووشە دڵی ببینم لێ ئەداو پڕ نییە لە کەسی تر.. ژانتاکە هەڵدەگرم و ‌دڵم ئەخەمەوە شوێنی خۆی و دەمەوێ بڕۆم.. کە دایکم لە کۆڵان پێ دەکەنێ و ئەڵێ "کوڕم؛ ئینسان کە ڕێبوار بوو، شارەکان هەموویان وەک یەک وان".
ئەمساڵ وەنەوز دەدا.. ئەمساڵ لەسەر باسکی چەپم باوێشک دەدا.. بە گیانی من گیان دەدا و نامرێ..! ئەوە ئەمساڵ بۆ ئەوەندە درێژ بوو..؟! من لەم قاڵبەی خۆما جێم نابێتەوە.. دوو دەست و دوو قاچ و یەک سەر، کەمە بۆ من..! من ئەم هەموو عەزابە دە‌ژیم.. یەک بەیانی هەڵدەستم و ئیتر من خۆم نیم، خۆم بووم بە تـــۆ.. ئەو هەموو برینە لادێییە چییە لە مندا..؟
دیســــــــــــان بـــــــــاش نـیـــــــــــــــم..
ئەم کۆکە خوێناوییە بڕستی لێ بڕیوم.. چەند جارێک سنگم لوول دەخوا و دەیەوێ لە زارمەوە بێتە دەرێ، ناهێڵم.. بیرت دێ لەو ساڵانەدا پێمگوتی "من باش نیم و ئەمەش مێژ‌‌ووی منە..!"؟ سەرم دەکەم بە جادەیەک هەر تۆی پێوەی.. باوکم نیگەران تەماشام دەکات و دەڵێ "دڵی شکاوە.!" دایکم خۆی دەکات بەڕستەکەی باوکمدا و پەلەپەل دەڵێ "لێی گەڕێ، شوشە نابژێردرێ.." دڵێک کە بە منەوەیە سەری لێ شێواوە، لە جیاتی بڵێ تەپ.. تـــەپ، دەڵێ تــۆ.. تــــۆ. لەناو خۆمدا گیرم خواردووە، دەمەوێ چیرۆکێک بنووسم لەسەر خەونی سیفۆنێک لە توالێتێکی کچاندا؛ سیفۆنێک بیر لە کوڕ بکاتەوە.. بیر لە فۆرمێکی تر بەسەر خۆیەوە.. ته‌واو ده‌بێ بڕۆم لە پلەی گەرمیی 300 هەزار سانتیگرادی کرۆکی زەویدا دەستی خۆم داخ بکەم... دەچـمە بنی دنیا لە (ماریاناز ترانش)(2) وا بزانم لەوێش بیر لە تۆ دەکەمەوە.. خۆشم دەوێی.. جارێکی تریش خۆشم دەوێی.. جارێکی تریش خۆشم دەوێی.. جارێکی تریش....بەسە، سەرم ئێشێت..
حەز دەکەم تۆ بقیژێنیت و من هاوار بکەم.. ئینسان یانی یەک زریکەی درێژ... لە (1) ڕادەمێنم.. (1) ڕەنگێکە زمان پەیی پێ نەبردووە.. تا ئەو (1) ڕینەیم دەکات، من (1)م.. ژمارەکان سەریان لە بونیام شێواندووە، من (پیت) مامەڵە دەکەم.. ژمارەکان لە دونیادا لە دایک دەبن، پیتەکان خۆیان هەن.. ئاخر ئەوان دەست پێ ناکەن تا کۆتاییان بێ.. چاو دابخە؛ نوکتە دەبارێ.. نوکتەی ژێر خۆشترە.. دەزانی! ئەوانیش نێرومێ-ن؛ (ل) چ بەژنڕێک چ باریک و چ کچانەیە..! جیهانی من بێ ژمارەیە.. (ئەلف بێ) لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ بازاڕ؛ پڕ کتێبەکە برنجی بۆندار دەکڕم و بایی (ت) کیلۆ میهر.. کە وشکەفرۆشەکە لەسەر تەرازویەکی کۆن قەند دەکێشێ.. دەڵێم (بزوێنی کورت) کیلۆمان بەسە.. ئێمە دوو کەسین، یەکێکمان هەر خۆی شەکری کەللەیە..
ئه‌رێ زەوی قورســــە، یــــــــــــان سەری مـــــــــــــــــــن..؟
ڕووناکییەک لە مندایە؛ خاپوورکار.. دەبێ سپینۆزا بخوێنیتەوە، بۆ ئەوەی تێبگەی کە نووری من دەتوانێ ئەستیرە لە خولگە لادا.. چاوم دادەخەم.. دۆخه‌کە خراپترە، بە درێژایی کۆڵانەکەدا بەتەنیا دەڕۆم، دووسەدجار هەڵدەنوتێم و سەدجار دەکەوم.. سەرئەژنۆم خوێنی زامێکی لێ دێ‌ کە لە ‌دڵمدایە، دەزوولەی شیتاڵ شیتاڵی خوێن پیشانی دونیا دەدەم.. من برین دەچنم و خوێنێکی سووری کاڵ لە گوێچکه‌مه‌وه‌ فیچقە دەکات، لە کۆتایی کۆڵانەکەدا ماڵێک پێش ئاخیر خۆم دەکەم بە ژووردا، بە خێرایی بیرم دەکەوێتەوە کە هەمیشە سەری نابینا لە دوو ئاست زیاتری نییە، یان زۆر نزمە یان زۆر بەرز، قسەیەکی فەرەیدون-م بیر دەکەوێتەوە کە دەیگوت "نابیناکان دوو ڕەهەندن، بیناکان 3D".. کەچی من یەک ڕەهەندیم، ئاوا ژیان ئاسان و بێ سەریەشەترە.. 
مێخ لە زمان دەکێشمەوە و زاری زامدارم دادەخەم.. دەمەوێ دەموچاوم بشارمەوە دەمەوێ سەیری دنیا نەکەم، وەک وشترملێک سەرم لە جیهان پەنهان دەکەم.. سەرم لەژێر کڵاوەکەمدا حەشار دەدەم.. دنیا دەپشکنم بۆ ڕێگایەکی شەریفانە.. من ئەمەوێ لە جــــــیــــــــهـــــــان بــــــێـــــــمە دەرێ..
  

هاوینی 2011

 
 (1) دێڕێکی عەباس مەعروفییە، لە ڕۆمانی پەیکەری فەرهاددا.
(2) ماریانا ترانش: دواخاڵی پلەی قوڵاییە لە جیهانی ئاوییدا، لە ناوەڕاستی زەریای ئارام.