بۆ دواشەوی ( ماریا بارۆ )
ئەستێرەیەک ، کە لە هەرێمە تاریکەکانی شەرەفدا ئاوابوو .

 

 

 

ماریا ،
ئەگەر فاتیمەت بینی پێی بڵێ ؛
هێشتا لێرەن ، ژنکوژەکان بە چەقۆوە هێشتا لێرە ڕاوەستاون !
پێی بڵێ ؛ هێشتاکە
ئەم تاریکییە ، ئەم کوشتنە هەموو وەرزێک ئێمە ئەخوات .
بە فاتیمە بڵێ ؛
ئەم زەمینە لە گۆرانییەکەوە ئەچێ بۆ گۆرانییەکی تر
لە دەریایەکەوە ئەفڕێت بۆ دەریایەکی تر
لە باخچەیەکەوە باران ئەگوێزێتەوە بۆ باخچەیەکی تر .
پێی بڵێ ئەم دنیایە
هەموو سپێدەیەک دەرگا بۆ عەشقێکی تازە ئەکاتەوە و
هەموو ئێوارەیەک مۆمێک بۆ سپێتیی ژن هەڵئەکات .
هەموو هەشتی مارسێک ، کراسی عەدالەت ئەپۆشێ .
پێی بڵێ ، بە فاتیمە بڵێ ؛ دوای مەرگی ئەو ،
ئاگری دەیان قەسیدەمان کردەوە
لە دەرگای سەدان کتێبمان دا
گۆزەی چەندین خەیاڵمان پڕ کرد لە ئاوی تووڕەبوون .
لە بەردەم ئاوێنەکانی قسەکردنا
چەندین تفمان لە بێشەرەفیی خۆمان کرد .
پێی بڵێ ، بە قەهرەوە بە فاتیمە بڵێ ؛
دوای مەرگی ئەو چییمان نەکرد .
کەچی هێشتا ژنکوژان ، بە چەقۆ و خنجەرەکانی شەرەفەوە
لێرەن .. لەبەر دەرگای ماڵەکانی هەموومان ڕاوەستاون !
**********
ماریا ،
من دڵی خۆم تەسلیمی شەوێکی خودا کرد
بۆ ئەوەی تۆ ئاوا نەبیت .
من سەری خۆم وەکو گوڵ
بەخشیە ڕوباری قەسیدەیەک پڕ بێت لە ژیان
بۆ ئەوەی تۆ نەچیتەوە ژێر کەپرەکەی عەدەم .
ماریا
ئێستا ئێمە لە هەر ڕێگەیەکەوە دەرکەوین
بە – شەرەف – ماندا ، ئەمانناسنەوە .
خۆ بە مێرگی هەر ئەوینێکدا بکەین ،
عاشقەکان هاوار ئەکەن :
هاتن .. وا هاتن .. خێڵی شەرەف هاتن
دەست بە گوڵەکانتانەوە بگرن !
بچنە ژوورەوە .. دەرگا و پەنجەرەکان داخەن
چەقۆ هات .. خنجەر هات .. شەرەف هات !
بچنە ژوورێ
دەرگا لە هەوریش نەکەنەوە .
پەنجەرە لە بارانیش نەکەنەوە .
چەقۆ دایکرد ، شەرەف هەڵیکرد ،
ئاسمان لە خواش نەکەنەوە .. بچنە ژوورێ !
کۆتایی ئاپریلی 2012
 
سەرنج :
1.ماریا بارۆ – ئەو کچەی ، وەک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە ، لەسەر ناموسپەرستیی ، لە ولاتی سوێد کوژرا .
2. فاتیمە – مەبەست لە – فاتیمە شاهیندال – ە کە چەند ساڵێک پێشترێ ، بە هەمان هۆ کوژرا .