کێ دەڵێت جنێودان و قسەی ڕەق بەرامبەر بەوانەی کە بە ڕەمز ناودەبرێن، ئازادیی دەربڕین نایگرێتەوە و میدیاکان نابێت ڕێگەی پێ بدەن؟
 
بەهەرحاڵ هەر کەسێک وا بڵێت، ئەوا یان هیچێک لە باسی ئازادیی دەربڕین تێنەگەیشتووە، یان نیازێتی بیروڕای ئەو لە سەرووی ڕەخنەوە بێت، یانیش لە ترساندا سانسۆری خستۆتە سەر خۆی و دەیەوێت لەناو کۆمەڵگا و لە دێباتی ناو فەزای گشتییدا قسەهایەکی لەوە توندتر و تیژتر ئامادە نەبێت کە زراوی تەنک و ترسنۆکانەی ئەو بەرگەی دەگرێت.
 
پێم خۆشە لەمەی ئەخیریانەوە دەست پێ بکەم چونکە من پێموایە ''سانسۆری خودیی'' یەکەم هەنگاوە ڕووەوە کەوتنەوەی کۆمەڵگایەکی تۆتالیتاریی، وە کوشندەترین جۆریشی ئەوەیە کە میدیا ئەهلییەکان دەست بۆ سانسۆری خودیی بەرن.
 
ئەمشەو گوێم لە قسەکانی بەڕێوەبەری کەناڵی نالیا کاک توانا عوسمان بوو کە سەبارەت بە قسەکانی بینەرێک ووتی کە لە موداخەلەیەکی تەلەفۆنییدا لە کەناڵی نالیاوە ڕقی خۆی بەرامبەر بە موستەفا بارزانیی هەڵڕشتووە. ئینسان کە ترساویی و زەلیلییەیەکی ئاوا دەبینێت کە بەڕێوەبەری کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ئەهلیی لە کوردستاندا دەینوێنێت و ئەو حەماسەت و ئامادەییە دەبینێت که‌ کاک توانا دەینوێنێت بۆ بەشداربوون لە سزادانی هەرکەسێکدا کە بەپێچەوانەی دڵی دەسەڵاتدارانەوە مومارەسەی ئازادیی دەربڕینی خۆی بکات، ئینجا دەزانێت کە ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا لەژێر چی هەڕەشەیەکی جیددیدایە. من بەش بە حاڵی خۆم بێئەندازە قەلەقی بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی دەربڕینم لە کوردستاندا و هیوام وایە دێباتێکی بەرفراوان سەبارەت بەم دۆزە بکەوێتەوە، تا سنوورە بەرفراوانەکانی ئازادیی دەربڕین ڕۆشن بکرێتەوە و داکۆکییەکی لێ بکرێت.
 
بەڕای من ئەوە لێکدانەوە و قسەکردنێکی ڕوکەشانەیە کەسێک بێت لەئاست ئەو هێرشەدا کە پدک ڕێکیخستووە بۆ سەر کەناڵی نالیا، هەر تەنها ئیدانەی ئەو هێرشە بکات. داکۆکیی لە دۆزی ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا و ڕاگرتنی ئەو زیادەڕۆییانەی کە دەکرێنە سەر ئەو ئازادییە، لێکدانەوەیەکی تۆزێک لەوە ئاڵۆزتری دەوێت کە هەر تەنها بڵێین ئازادیی دەربڕین لەبەر ئەوە بەرتەسک بۆتەوە کە پدک سەرکوتگەرە. من پێموایە ئەو ڕووقایمییەی بەڕێوەبەری کەناڵی نالیا لە هێرشکردنیدا بۆ سەر ئازادیی دەربڕین پیشانی ده‌دات، ڕووقایمییەکە کە مەسعود بارزانیی بەو هەموو جیقەڵدانتەنگییەی خۆیەوە تائێستا ڕووی نەهاتووە پێی بێتە قسە.
 
کاتێک کە دەزگایەکی ڕاگەیاندن، کە بنەڕەتییترین پرەنسیپیی ئەخلاقیی کارەکەی پاراستنی سەرچاوەکانی هەڵسوڕانی کارەکەیەتی، دێت و بێباک لە ڕەخنەی هەموومان، بە هەموو حەماسەتێکەوە دەڵێت ژمارەی تەلەفۆنی ئەو کەسەی کە کۆمێنتێکی کردووە کە بە عەقڵی ئەو ئازادیی دەربڕین نییە، دەداتە تەرەفە سزادەرەکان و خۆیشی داوای لەسەر تۆمار دەکات، ئینجا دەبێت بزانین کە ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا لەژێر چی هێرشێکدایە و چۆن هیچ داکۆکییکەرانێکی وای نەماوە کە مەسعود بارزانیی یان توانا عوسمان بچوکترین سڵ لە ڕەخنەیان بکەنەوە.
 
بیرمان نەچێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پدک لە هێرشیدا بۆسەر کەناڵی نالیا و لە تەسفییەی جەسەدیی ڕەخنەگرانی خۆی و له‌ نانبڕاوکردنی ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان لێی هه‌یه‌ و لە هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی تر کە چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ، بەر لەوەی تۆڵەسەندنەوەی ئەو قسە و ڕەخنانە بێت کە ڕووبەڕووی کراونەتەوە، هەوڵی فەرزکردنی چاوترساویی و زەلیلییەکی لەو چەشنەیە بەسەر میدیا ئەهلییەکاندا کە کاک توانا عوسمان پیشانی دەدات. ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنیی ئه‌هلیی، له‌ پارتیی به‌ حه‌ماسه‌تتر ئاماده‌یی پیشان ده‌دات دوای سزادانی ئه‌وانه‌ بکه‌وێت که‌ به‌ دڵی پارتیی قسه‌ ناکه‌ن، سیگناڵێکی خه‌ته‌رناکه‌ و پیشانی ده‌دات میدیای ئه‌هلیی، که‌ ئه‌رکی پاراستن و پێشخستنی ئازادیی ده‌ربڕینی هه‌یه‌، چۆن بۆ قازانجی خۆی ئاماده‌یه‌ بکه‌وێته‌ سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ره‌وه‌ له‌و ئازادییه‌. ئه‌و هه‌موو هه‌رایه‌ی کاک توانا به‌ نه‌فه‌سێکی مه‌سعود بارزانییانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆندا ناویه‌تییه‌وه‌، شه‌ڕی دیارییکردنی سنووره‌کانی ئازادیی ده‌ربڕین نییه‌، به‌ڵکو شه‌ڕی بێکارنه‌که‌وتنی خۆیه‌تی. ئه‌و حه‌قی خۆیه‌تی پێی خۆش نه‌بێت بێکار بکه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ زه‌مانه‌تی کار و داهاتی میدیاکارانی ئه‌هلیی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بێت که‌ به‌پێی دڵی ده‌سه‌ڵات هیرش بکه‌نه‌ ئازادییه‌کانی ئێمه‌، ده‌بێت قبوڵ نه‌کرێت و ده‌بێت ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌و چه‌ند سه‌دهه‌زار که‌سه‌ی له‌ کوردستاندا بێکارن، ئه‌وانیش بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و هه‌وڵ نه‌ده‌ن فرۆشتنی ئازادییه‌کان به‌ ده‌سه‌ڵات پاره‌یه‌کیان بۆ بکات.
 
من پێموایە ڕەخنەکردنی میدیای ئەهلیی لە کوردستاندا بەشێکی گەورەی ئەو کارەیە کە دەبێت بکرێت بۆ داکۆکیی لە ئازادیی دەربڕین لەو هەرێمەدا. میدیای ئازاد ئەرکێتی کار بۆ بردنەپێشەوەی ئازادیی دەربڕین بکات. کە ئەمەی نەکرد، ئێمە ئیتر هیچ پێویستمان بەوە نییە ڕیزمان بۆ کارەکەیان و کاراکتەرەکانی ناوی هەبێت. لێرەوەیە، نایشارمەوە، بۆ منێک کە داکۆکیی لە ئازادیی دەربڕین پەیامێکی گەورەی ژیانمە و بە پلەی داکۆکیی لەم ئازادییە کاری میدیا ئەهلییەکان پێوانە دەکەم، ماوەیەکی زۆرە هیچ ڕێزێکم بۆ کاری میدیا ئەهلییەکان لە کوردستاندا نەماوە و پێموایە لە کوردستاندا هەزاران دوکاندار و بازرگان هەن کە زۆر لە ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانی ئه‌هلیی زیاتر دڵیان لای ئازادییە مەدەنییەکانی خەڵکە تا قازانجی ماددی و پارە و پوڵ.
 
ئەو جۆرە قسەکردنەی توانا عوسمان سەبارەت بە موقەدەسیی موستەفا بارزانیی و پارێزراویی ئەو لە ڕەخنە و جنێوپێدان دەیکات، تەنها لە یەک ڕووەوە تازەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەمجارە سەرپەرشتیارێکی میدیای ئەهلیی، ڕووبەردەر و لەبەردەم کامێردا ئەو قسانە دەکات، ئەگینا من پێموایە میدیای ئەهلیی لە کوردستاندا ئەوەندە خۆی زەلیل کردووە، کە لە قسەکردن و یەکتربینینەکانیاندا لەگەڵ خاوەن دەسەڵاتەکاندا، ئەو جۆرە قسەکردنەی توانا عوسمان هیچ دیاردەیەکی دەگمەن نییە. ئەمە ڕەنگە زۆرێک لە میدیاکارانی ناڕازیی بەم بەندوبەستانە، لە من زیاتر ئاگادار بن و هیوادارم بێنە قسە.
 
ڕەخنەکردنی ئەو خۆزەلیلکردنەی میدیای ئەهلیی بەشێکە لەو ڕەخنەیەی کە دەبێت لەپێناو داکۆکیی لە ئازادیی دەربڕیندا بکرێت، چونکە تەنازولەکانی میدیای ئەهلیی لەبەردەم دەسەڵاتدا لەپێناو وەرگرتنی لێدوانی بەرپرساندا، لەپێناو وەرگرتنی پارچەئەرزدا، لەپێناو پارێزراویی لە تووڕەییان و پارێزراویی لە دەعوا قەیدکردنەکانیاندا، لەپێناو نەبڕینی ئەو چەندین موچەیەی ڕۆژنامەنووس و داهێنەر و عەقید و نەقیبەدا کە بۆ دەستەمۆکردنیان بۆیان بڕاوەتەوە، کارێکی کردووە چەندین ساڵە ئامادە بوون دێباتی ناو فەزای گشتیی لەبەر پێیاندا سەربڕن. ئێستاش دەستیان داوەتە داکۆکیی لە پیرۆزیی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە چەک و پارە و هێزی زێڕەڤانییان هەیە. ئێوە سەیرکەن ڕۆژنامە ئەهلییەکانی کوردستان چەندین ساڵە یەک دێباتیان سەبارەت بە دۆزێکی جیددی تیادا نەکەوتۆتەوە. ڕۆژنامە ئەهلییەکان ئێستا ''تۆپیوترین'' ڕۆژنامەکانی ئەو ناوچەیەی ئێمەن بە ئێرانی خاوەن حکومەتی تۆتالیتار و عێراقی پڕ لە هێزی تیرۆریستیشەوە. ئەمەیە ئەوە مومکین دەکات مەسعود بارزانیی بێترس لە میدیاکانی کوردستان، لە فەڕەنسا بڵێت کە لە کوردستان هیچ کەس لەسەر سیاسەت سزا نادرێت، چونکە دەزانێت ئه‌و میدیای ئەهلیی بە جۆرێک خۆی ڕووگیری ئەوان کردووە و دەستی خۆی بەستۆتەوە کە لە کاتی درۆیەکی وادا، لەجیاتی یەخەپێگرتنی و لەجیاتی دروستکردنی دێبات لەسەری، ڕۆژنامەیەکی ئەهلیی دەچێت لە سایتەکەی و لە نیولاپەڕەی ڕۆژنامەکەیدا خوێنەری خۆی بە هەواڵێکی واوە سەرقاڵ دەکات کە گوایە ''خاڵە هادییەک هەیە لە جادەی سابونکەران قاورمەیەکی زۆر خۆش دەفرۆشێت''.
 
ئەم ڕۆژنامەگەرییە شایان بە ڕێز نییە. ئەم ڕۆژنامەگەرییە تابلۆیدێکە لە چەشنە هەرە ناجدییەکانی. ئەم ڕۆژنامەگەرییە ئەوەندەی ئیلتیزامات لە خۆی بار کردووە کە دوایین شت بتوانێت بیکات مومارەسەی ئازادیی دەربڕین و دروستکردنی دێباتی نێوان بیروڕا جیاوازەکانە. بڕوانن ئاسیاسێڵ چەندین ساڵە گیرفانی خەڵكی کوردستان داده‌ته‌کێنێت و خراپترین خزمەتگوزازیی تەلەفۆن بە نرخی گرانترین وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەداتە خەڵک، بەڵام ڕۆژنامەکان لە ترسی هەڕەشەی ئەوەی کە ئیتر ئاسیاسێڵ ڕیکلامیان ناداتێ یان لەبەر ئەوەی خۆیان چاوەخواری ئەوە کردووە کە ئەو کۆمپانیایە لاپەڕەی ئابورییان بۆ سپۆنسۆر دەکات، ئەو تاڵانییەی ئەو کۆمپانیایە بە دە ساڵیش ئەوەندە ناکەنە بابەتی هەواڵ و ڕیپۆرتاژ و دێبات کە هیچێکی لێ بگۆڕێت.
 
لێکدانەوەیەکی هەڵەیە پێمانوابێت ئەم زەلیلبوونەی میدیای ئەهلیی ئاکامی سەرکوتگەریی و ملهوڕیی دەسەڵاتدارانە. میدیاش دەسەڵاتە، بەڵام گرفت ئەوەیە کە لەبری ئەوەی له‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی سەدان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئامادە بە شەڕی ئازادییخوازییەوە لەبەرامبەر گوشارەکانی دەسەڵاتداراندا بچێتە شەڕەوە، ڕێگە ئاسان و سەلامەت و پڕ قازانجەکە هەڵدەبژێرێت. ئەو حەماسەتەی توانا عوسمان پیشانی دەدات بۆ سزادانی هەرکەسێک کە قسە بە موستەفا بارزانیی بڵێت، شەڕی پارستنی پایە و موچەکەی خۆیەتی لەسەر حیسابی ئازادییە مەدەنیی و سیاسییەکانی من و تۆ. ئەم جۆرە کارەیە کە سەرکوتگەریی و ملهوڕیی دەسەڵات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، نەک بەپێچەوانەوە.
 
بەڵێ دەسەڵات، بەتایبەت مەسعود بارزانیی، لەوەتەی پۆستێکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەهای بۆ خۆی داتاشی و خۆی کرد بە سەرۆکی هەموو ورد و درشتی ناو ژیانی خەڵک، بەچڕیی خەریکی سازدان و فەرزکردنی ئۆتۆریتارییەتێکی خنکێنەرە بەسەر کوردستاندا، بەڵام کەمکردنەوەی ئەم سەرکوتگەرییە بەوە دەبێت دەسەڵاتی چوارەمی لێ بوروژێنیت. میدیایەکی پڕ دێبات و کارا دەتوانێت دۆخێک دروست بکات کە ئیتر دەسەڵات نەتوانێت سنوور بۆ ئەو میدیایە دابنێت. ئەمەیە میدیای ئەهلیی نایەوێت بیکات و هەم سانسۆری خستۆتە سەر خۆی و هەمیش سەر ئازادیی دەربڕینی ئێمە. تەنها بەراوردێکی سادەی ئەو هەموو تووڕەیی و نارەزاییەی لەناو خەڵکدا هەیە و، ئەو رۆژنامەگەرییە تابلۆیدییەی ڕۆژنامە ئەهلییەکان دەستیان داوەتێ، پیشانی دەدات کە ئەوان چەند زیاتر لە گەیاندنی بیروڕای خەڵک، ڕێزیان بۆ خواستی دڵی دەسەڵاتداران هەیە.
 
ئەگەر حیکمەتێک لە هەبوونی مافی ئازادیی دەربڕین هەبێت، تەنها ئەوەیە کە کەسێک مافی ووتنی ئەو شتەی هەبێت کە بەرامبەرەکەی پێی خۆش نییە گوێی لێ بێت. ئەو بینەرەی کە لەو بەرنامەیەی نالیادا موداخەلەی کردووە، هیچی نەکردووە جگە لە مومارەسەکردنی مافێکی خۆی. بۆیە ئەو ئیدانەیەی زۆرێک لەو تەرەفانەی کە بەیاننامەیان لەسەر دۆزەکە دەرکردووە ڕووبەڕووی ئەو بینەرەی دەکەنەوە، پشتچۆڵکردنی ئازادیی دەربڕینە. جنێودان بە موستەفا بارزانیی ئازادیی دەربڕینە و دەبێت ڕێگەپێدراو بێت. ئەوە من و تۆین جنێو نادەین، بەڵام هاوکات دەبێت شەڕ بۆ خستنەوەی فەزایەکی گشتیی وا بکەین کە هەر کەسێک کە ویستی جنێو بدات، بتوانێت بیدات، بەبێ ئەوەی ترسی لەوە هەبێت سزا بدرێت. هەر کەسێک پێیوایە کە نابێت سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین تا ئەم ئاستە کێش بکرێت، دەتوانێت تەبریری خۆی بڵێت، وە من هیوادارم دێباتێک سەبارەت بە سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین لەپەیوەند بە سوکایەتیی و جنیودان بکەوێتەوە تا کەمێک ئەو ناڕۆشنییانە کەم ببنەوە کە ئەم چەند ساڵە لە ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەدا بە دەوری ئەم دۆزەدا هەیە.
 
ئازادیی دەربڕین مەرجی ڕەهای کەوتنەوەی دیموکراتییەتە. ته‌نها له‌ڕێگه‌ی پێکداته‌قانی ده‌ربڕین و بیروڕا جیاوازه‌کانه‌وه‌ له‌ فه‌زای گشتییدا ئێمه‌ ده‌توانین ڕای ڕاست بدۆزینه‌وه‌. بۆیە هێرش بۆ سەر ئەو ئازادییە یان سازشکردن لەسەری عاقیبەتی خەتەرناکی دەبێت. لێرەوەیە ئازادیی دەربڕین دەبێت تا نزیکبوونەوە لە ئاستی ڕەها بێسنوور بکەین، وە شتێک کە قەت نابێت ڕێگەی پێبدەین ئەوەیە کە لێگەڕێین ئەو کەسەی کە هەست دەکات سوکایەتیی پێ کراوە، ئەو بڕیار بدات کە ئایا هاونیشتیمانییەک مافی دەربڕینی چی و چی هەبێت.
 
دەسەڵاتداران دەبێت بزانن کە ئازادیی دەربڕین سنوورەکانی بەرفروانە و دەبێت ئەمە قبوڵ بکەن. ئەگەر قبوڵی ناکەن، دەبێت پێیان قبوڵ بکرێت. لەم ڕاستایەدا میدیای ئەهلیی وەزیفەی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێت بزانن کە ئەرکێکی بنەڕەتیی ئەوانە داکۆکیی لە بەرفراوانیی سنوورەکانی ئەو ئازادییە بکەن و سازشی لەسەر نەکەن. وە ئەگەر ئەمە ناکەن، خەڵکی ئێمە مافی خۆیانە ئیتر هیچ ڕێزێکیان بۆ ئەو کارەیان نەبێت کە دەیکەن.
 
 
09.02.2013
sirwanebdul@yahoo.com