باوکە ، من یوسفم !
باوکە ، براکانم منیان خۆش ناوێت ،
نایانەوێت لە گەڵیاندا بم !
براکانم ، تەعەدام لێدەکەن و چەوبارانم دەکەن و
قسەم پێدەڵێن !
دەیانەوێت من بمرم بۆ ئەوەی مەدحم بکەن ، باوکە !
ئەوان ، بێ من ، دەرگای ماڵەکەتیان داخست ،
ئەوان منیان لە کێڵگەکە دەرپەڕاند و
ئەوان ترێکەی منیان ژەهراویی کرد ، باوکە !
ئەوان یارییەکانی منداڵیی منیان ورد و خاش کرد باوکە !
 
******
 
ئەو دەمەی نەسیم تێپەڕی و گەمەی بە قژی من کرد
ئەوان تووشی ئیرەیی بوون و
بە ڕووی من و بە ڕووی تۆشدا ، هەڵشاخین ،
ئاخر باوکە ، من چیم لەوان کردووە ، چیی ؟
ئەوەتانێ ، پەپولەکان بەسەر شانمەوە نیشتونەتەوە ،
گوڵەگەنمەکان بەسەر مندا نوشتاونەتەوە و ،
باڵندە هاتۆتە سەر هەردوو لەپی دەستەکانم ..
ئاخر من چییم کردووە باوکە ، چی ؟
ئەی بۆچی من ؟
 
******
 
تۆ منت ناو نا یوسف .
ئەوان منیان خستە بیرەکەوە و
کەچی گورگیان تاوانبار کرد .
باوکە ، گورگ لە براکانم بەڕەحمترە ، باوکە !
ئەرێ باوە !
من گوناهم دەرهەق کەس کرد ئەو دەمەی وتم :
من یانزە ئەستێرە و ، خۆر و مانگم بینی ،
بینیمن ، سوژدەم بۆ دێنن ؟

 
 
سەرچاوە، پێگەی ئەلیکترۆنی:
http://www.arabicnadwah.com/arabpoets/yousuf-darwish.htm