منم ژەنەڕاڵی پاییز..
منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو
ژنەڕاڵم...ژنەڕاڵی هەزارەها داری ڕووت و
ملیارەها گەڵای وەریو
 *
منم ژەنەڕاڵی پاییز..
کاسکێتەکەی سەرم هەورە و
ئەستێرەکانی سەرشانم چەند گەڵایەک
بەڕەنگی زیو
پاڵتۆی بەرم کزەبایە و
شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو
 *
منم ژەنەراڵی پایز ..
درەختی ڕووت ئەم نازناوەی خەڵات کردم..
منیش نازناوی شەھیدم دا بە گەڵای ھەڵوەریو.. و
کردمە تاکە ئازیزم
لە یەک ساتا خۆم کۆرپەی گەڵاڕێزان و
ھەر خۆشم باوکی پاییزم
 *
منم ژەنەڕاڵی پاییز..
خوێنێکی زەرد بەنێو دەمارما دەگەڕێ و
چاوم هەر وەک هەور نمناک
تەنیا من بووم کە لە تابووتی شووشەدا..
چەندین گەڵام سپارد بە خاک
 *
منم ژەنەڕاڵی پاییز..
من بووم لەگەڵ زریانی بیرچوونەوەدا... کەوتمە جەنگ و
زۆر گەڵام دەرهێنا لە چنگ
من بووم شەوی گەڵاکانم..
خستە ژێر باڵی تریفە و ورشەی گزنگ
 *
منم ژەنەڕاڵی پاییز..
پاییز بەبی من هەتیوە و
من بووم وتم بەڵێ تەرمی نسێی سەوزه..
گەڵای وەریوی کۆچ کردوو
تەنیا منم که له میحرابی پاییزا..
بۆ گیانی زیندووی گەڵاکان ..
نوێژی شەھید دائەبەستم .. ناوی نانێم نوێژی مردوو.
 
سلێمانی، شەوی 28-02-1990