( سەرنجی پێش خوێندنەوەی تێکست :
- ئاڤیار :  کەسێک کە هەمیشە ئاسوودەیی خەڵکی بوێت و حەز بکات یارمەتییان بدات .
- باوکم : چایخانەی هەبوو لە شەقامی پیرەمێرد لە سلێمانی ..من شانازیی بە ماندوێتیی ئەو پیاوە جوامێرەوە دەکەم .
- حەمە تەماتە : کەسێکی رۆحسووک بوو هەمیشە لە دەوروبەری شەقامی پیرەمێرد و بەردەرکی سەرای سلێمانی دەسووڕایەوە ..خۆبەخشانە ، حەزی دەکرد هەواڵی خەڵکی بە یەکتر بگەیەنێ .
- کەریم عوسمان : هاوڕێی هونەرمەندی شەهیدم ، لە ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆدا گۆڕغەریب کرا.
- مەڵکەندی : گەڕەکێکی دێرینی سلێمانیی و بەشێکە لە مێژووی ژیانی منداڵیی و گەنجێتی من
- سەباح ڕەنجدەر :  یەک لە ڕاستگۆترین هاوڕێی دێرینی شیعر و ئەمەک و جوانیی.
- مامۆستا عەزیزی مەلای ڕەش - لە ڕێی نووسینەکانی ئەم زاتەوە ، ئاشنای جوانییەکانی ئیدیەم و شێوەزاری هەولێرییان بووم
- خودا داد عەلی ، شکوری خەیات ، هابە : سێ زاتی دەنگخۆشن ، کە دەچڕن ، بەردیش گوێ دەگرێ ).
--------------------------------------------------------
(بەشێک لە تێکستەکە )
کردوومەتە عادەت
عەسرانی یەکشەمموان ،
لەم عوزلەتە ئەبەدییەی (ئوسترالیا) م ،
لە جیاتی وەی
وەک جاران بۆ نیشتمان بگریم ..
سەیری فیلمێکی نایاب دەکەم !
یەکشەممەی رابوورد
تەماشای فیلمی (پیانۆژەن) ،
کە بە ئینگلیزیی
پێی دەڵێن (The Pianist) م دەکرد.
لە پڕ دەنگی لێدانی دەرگا هات .
کە چووم بیکەمەوە
باوکم بوو !
بەدەم کردنەوەی دەرگاوە
وتم ؛ باوکە دیارە ئەمرۆ
زوو چایخانەکەت داخستووە
دیارە دیشلەمە خۆرەکان
ئەوانەی لە خەونیش دۆمینە دەکەن ،
لەوێ نەبوون !
دیار بوو قسەکەمی پێ گران بوو ..
وتی : کوڕم دیارە ئەو پەتای شیعرەی
گرتووتە ، تووشی نەخۆشیی
لەبیرچوونەوەی کردوویت !
چایخانەی چیی و
دۆمینەی چیی !
ئەوە چەندین ساڵە منیان
ڕاپێچی جەنگە شوومەکەی
نێوان عێراق و ئێران کردووە .
ئەو جەنگەی هەشت ساڵی خایاند
بەڵام عومری نەوەیەکی
کردە هەشتا ساڵ !
کوڕم ،
ئێوارەیەکی درەنگ
هێشتا قۆرییەک چاییم بۆ فرۆشتن
مابوو
نەیانهێشت ئاگری وەجاخەکەش
خەفە بکەم ..
بردیانم .
هەر هێندە فریاکەوتم
هاوارێک لە (حەمە تەماتە )
کە لەو ناوە دەسوڕایەوە
بکەم و پێی بڵێم :
حەمە بچۆ بە جەمال بڵێ
منیان ڕاپێچی جەنگ کرد !
بمبەخشە باوە گیان
سوێند بە ئەگریجەکانی نەنکم
کە دایکی تۆ بوو ، 
بە چڵێک ڕەیحانەوە خۆی هەڵواسی !
سوێند بە گیانی دایکم
کە تۆ ، هەتا جارێک ماچت دەکرد ،
بە پێی کلتووری سەقەتی خۆمان
بۆ ئەوەی سەرکوێر و بێ زمانی کەیت
دەیان جار ئەتدایە بەر شەق و زللە !
سوێند بە گیانی خۆت
من نەمزانیبوو لە جەنگیت !
هەر وام دەزانی
لە شەڕی براکاندا
لە (دێگەڵە) بە دیل گیرایت
یان لەگەڵ هاوڕێم (کەریم عوسمان)
تۆش گۆڕ غەریب کرایت !
ئای حەمە تەماتە !
بۆ زووتر نەهاتیت ئەم خەبەرەم
بدەیتێ ..
من دەبوو زووتر
پێش ئەوەی سەفەر بکەم بۆ وڵاتی (شام)
هەواڵەکەم بزانیایە !
لەم خەیاڵە غەمگینانەی خۆمدا بووم ؛
باوکم وتی ؛ ڕۆڵە جامێ ئاو بخەرە فریام
وەختە لە تینوان بخنکێم ..
من چیی لە خەیاڵ و لە فرمێسکی تۆ
بکەم !
منیش هەندێ ئاوی کارێزەکەی مزگەوتی
(مەڵکەندی) کە لە بنی مەرکانەکەی
حەوشەدا مابوو ، دامە باوکم !
وتم باوە : وەرە پێکەوە
گوێ لە ژەنینی پیانۆ بگرین
پیانۆ لە جەنگ مەزنترە باوە !
باوکم وتی :
واز لەم رۆمانسیەتە بهێنە
پەرداخی تەمەن بخەرە
بەر ئەو بارانەی وەک فرمێسکی
من دەبارێ !
ئەم دڵناسکییەی تۆ
بە کەڵکی ژیان و سیاسەت نایەت !
ئاخر شەرحی تۆ لە کوێ و
شەڕە کورسیی کورد لە کوێ !
شەرحی دڵی تۆ لە کوێ و
بنێشتی نێو زاری جنێوفرۆشان لە کوێ !
وتم ، باوەگیان چۆن بەو هەرایەت زانی ؟
وتی : کوڕم ،
بەوەدا زانیم دونیا
خەریکە بە دەستی پیاوخراپان
وێران دەبێ
چونکە شیعر لەوێ نییە !
ئاخر شیعر لەوێ با ،
گوڵ گۆرانیی دەگوت !
مانگ ، بێدەنگیی
وردوخاش دەکرد!
ئەوە لە تاو بێ شیعرییە
هەموو ڕۆژێک
دارئەرخەوانێکی نازدار
خۆی دەکوژێ !
وای لە من ..
چۆن لەبەر
بێ حەیرانیی دەمرم  !
پێم وت : ئاخر باوە گیان
ئەگەر تۆ لێرە بایت
ئەم هەموو غەدرە نەدەکرا
مە ، ڕانەهاتووین
ئێواران بێ تۆ
لە دەوری سفرە و خوانەکەی
دایکم کۆ بینەوە !
ئەو دایکەی ، هەموومان
بە تۆشەوە کە ڕاپێچی جەنگ کرایت ،
بە جێمان هێشت !
تەسلیمی خودا و قەدەرمان کرد !
ئەو دایکەی
دڵی وەک بەردی ناو دەریا
ساف و لووس ببوو
هێند بە ئاوی حەسرەت و کۆست و
ئازار تەڕ ببوو !
باوە ! تۆ دەزانیت
هەتا ساڵی ڕابوردوو
من وامدەزانی تۆش
جارێ لە جاران زیارەتی
(مەککە) ت کردووە و
ئیتر لەوێ بوویت بە شاعیر .
من هەر وامدەزانی تۆ بوویتە شاعیر !
هەتا رۆژێک نامەیەکم لە
(سەباح ڕەنجدەر) ەوە پێگەیشت
رەنگی نامەکە پەمەییەکی تۆخ بوو.
سەباح نوسبووی :
جەمال گیان
بە پێی ڕیوایەتەکانی
مامۆستای بەویقار (عەزیزی مەلای ڕەش )
باوکت شاعیر نەبوو ..کەچی زۆر حەزی
لە شیعرە شەرابییەکانی (خەییام) دەکرد !
باوکت گەر شاعیریش بووایە
لەو شاعیرانە نەدەبوو
کە وەک دێوجامەی ڕاوەکەو !
دەبنە مەقاشی سیاسەت و
برادەرە شاعیرەکانیان
دەکەنە نێچیری ڕاوچییە ڕۆحکوژەکان !
ئەگەر باوکت شاعیر بووایە
لە ئێوارەیەکی مەڵکەندی دا
تەلەفۆنێکی بۆ «خودا داد عەلی» دەکرد و
پێی دەگوت ، شیعرێکم  نووسیوە
حەز دەکەم تۆ بیکەیتە گۆرانی .
گەر بە هۆی سەرقاڵییشتەوە بۆت ناکرێ
پێم وایە ، یەک لەم دەنگە زێڕینانە
خراپ نین :
(شکوری خەیات )یان (هابە)
یاخود بە کەیفی خۆت !
گەر باوکم ئەو شیعرەی نووسیبا و
(خودا داد)یش بیکردبا بە گۆرانیی ،
ئێستا من چیم دەکرد لەم غەریبییەی
«ئوسترالیا » !
گەر ئەو شیعرە هیی باوکم با ، 
لە کۆپلەیەکیدا دەیگوت :
تۆم هەبێ گوڵم ، باکم بە دۆزەخ نییە !
من لە دۆزەخ خۆی ناترسم ،
لەو پیاوخراپانە دەترسم
کە خێمەیان لەوێ
بە ناوی شەیتانەوە ، هەڵداوە !
لەم بەحری بێ بنەی خەیاڵاتی خۆمدا
نقوم ببووم ،
لە پڕ لە شەققەی مێشکوژەکەی باوکم
ڕاچڵەکیم
باوکم دەیویست مێشێکی گەورە
کە تازە بە ماڵەکە فێر ببوو ، بکوژێ !
وتم ؛ باوە گیان لێی گەڕێ
ئەو مێشە میوانێکی بێدەنگە
لە ترسی چەکدارەکانی
«جنوبی حەبەشە» هەڵاتووە!
هەمووی چەند رۆژێکی ترە و
ئەم دونیایە کە بۆتە تەویلەی وڵاخ ،
جێدەهێڵێت !
لێی گەڕێ باوە گیان ، لێی گەڕێ ..
ئەو مێشە
لە من و تۆ ماندووترە ، باوە !
-------------------------------------------------
ئوسترالیا - ئێوارەکانی تەنیایی2021 ی ئەدیلاید
(ئەم تێکستە ، ماوێتی).