ناو پاسه‌که‌ی نێوان سکانسن و سه‌نته‌ری شاری ستۆکهۆڵم
ئاسمانه‌که‌ شین بوو
زه‌ویش سه‌وز
تۆ پاڵت به‌دره‌ختێکه‌وه‌ دابوو
که‌گوڵی سپی دایپۆشیبوو،
من خۆم له‌ چاوی تۆدا ئه‌بینی
به‌ڵام من له‌وێ نه‌بووم.

*

تۆ شه‌وێک به‌ته‌نها
له‌سه‌ر کورسی باخچه‌که‌
دانیشتبوویت،
چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ت ئه‌کرد
من له‌سه‌ر مانگه‌وه‌
ده‌ستێکت بۆ هه‌ڵبڕم.

*

تۆ زۆر ته‌نهایت
منیش هه‌میشه‌وام.

*

تۆ خۆت وتت
که‌ جامه‌ ئاوه‌که‌ت به‌ دوامدا
ڕشتبوو
بۆنی دوای باران له‌ خۆڵه‌که‌ هه‌ستا بوو،
ئه‌و کاته‌ خۆزگه‌ت خوارد بوو
نه‌ بۆنی خۆڵی دوای بارانت بکردایه‌ و
نه‌ ئاویشت بڕشتایه،‌
به‌س ته‌نها من نه‌ڕۆیشتمایه‌.

*

ئه‌مانه‌ هه‌مووی خه‌یاڵ نین،
ڕاستیش نین،
شتێکن که‌ دڵ پێت ئه‌ڵێت
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگا ئه‌دات،
ئه‌بێت هه‌ر من بم نه‌ک که‌سی تر.

*

ئاودانی گوڵه‌کان به‌ ده‌ستی تۆ
ئاوی ده‌ریا که‌م ناکاته‌وه‌،
هه‌م سه‌گه‌که‌ی دراوسێمان و
هه‌م پشیله‌ به‌ره‌ڵاکه‌ی کۆڵانیش
ئه‌وه‌نده‌ ئاویان ئه‌بێت ئه‌مڕۆ بیخۆنه‌وه،‌
تۆ دڵت به‌وه‌ خۆشبێت
ده‌نکه‌گێلاسه‌کان گه‌ڵاکانیان له‌به‌ر تیشکی خۆره‌که‌
خستۆته‌سه‌رچاویان
خنه‌خن
له‌خۆشی میهره‌بانییه‌که‌ی تۆ
سوور هه‌ڵگه‌ڕاون و پێئه‌که‌نن.

*

تاڵێ له‌قژه‌خه‌ناوییه‌که‌ت
که‌بۆنی مێخه‌کی لێ دێت،
بیخه‌ناو ئه‌و لاپه‌ڕه‌کراوه‌یه‌ی دیوانه‌که‌وه‌
که‌له‌سه‌ر شیعرێکه‌باسی تۆ ئه‌کات،
پیش ئه‌وه‌ی بچیت جزووه‌قاوه‌ هه‌ڵچووه‌که‌
له‌سه‌ر ئاگره‌که‌ لابه‌ریت،
با جلکانی سه‌ر ته‌نافه‌که‌ ئه‌جوڵێنێته‌وه‌
ئه‌زانم که‌ ئێستا باران دا ئه‌کات.

*

من ئه‌ڕۆم،
به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی که‌ هه‌نار گوڵی گرت
دێمه‌وه‌،
چه‌ند خۆشه‌ تۆش له‌وێ بیت،
بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت هاتنه‌وه‌ی من
هۆی ئه‌و هه‌موو خاڵخاڵۆکانه‌ بوون
که‌ تۆ ئه‌تناردن به‌دوامدا،
ڕه‌نگه‌ بشڕۆمه‌وه‌ و ئیتر نه‌یه‌مه‌وه‌
له‌ داخی ئه‌و خاڵخاڵۆکه‌یه‌ی
به‌ زنجیرێکه‌وه‌ به‌ ملته‌وه‌ هه‌ڵتواسیوه‌.

*

پاسه‌ سووره‌که‌
تا به‌نده‌ره‌ شینه‌که‌ هێنامی.
ئێره‌ بۆنی ماسی لێ دێ،
مراوییه‌ په‌ڕچه‌وره‌کانی ئێره‌ش
چاویان له‌و ورده‌سه‌مونانه‌ی ده‌ستی پیرێژنه‌کانه.
ئه‌گه‌ر تۆ لێره‌ بوویتایه‌
نه‌ باسی ماسیمان ئه‌کرد و
نه‌لای مراوییه‌کانیش ئه‌وستاین،
به‌ پاسه‌ سووره‌که‌ هه‌موو شار ئه‌گه‌ڕاین و
لێشم ئه‌شاردیته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی بێیت
دڵم لێی دا بوو که‌ هه‌ر دێیت.

*

من زۆر ته‌نهام
تکایه‌ مه‌ڵێ منیش،
ده‌نا ته‌نهایی دێته‌ نیوانمانه‌وه‌ و
پیاسه‌که‌مان لێ تێک ئه‌دات.

*

وا پاسه‌ سووره‌که‌ هات!.
091208