شەوێك دەمرم!
دایكم بۆ نوێژی بەیانی خەبەرم دەكاتەوە 
پڕم لە خەونی كوژارو و دەنگی سەرسامیی ئێوارە,
بەدەم وتنەوەی گۆرانییەكی تەڕی بارانەوە دەمرم
بە رامان لە كتێبێكی كۆنی ئەفسوناوییەوە
بە كرانەوەی دەركەیەك لە فەرامۆشیی 
دەمرم و كەس نایات بۆ پرسەكەم خۆم نەبێت!
 
بەدیار ژماردنی دەنك دەنك تەسبیحەكەمەوە 
بە دیار ژماردنی دەنك دەنك ئەو جگەرانەی كەدەمكێشێت
بەدیار خۆمەوە دەمرم,
وەك كیسەڵێك چۆن لەترسی ژیان رادەكات
كڕنووش بۆ هەزار پێیەك ببات
وەك خەیاڵێك چۆن ناگاتە كۆتا
خۆی دەكوژێت
وەك شیعرێك چۆن نانووسرێت
بە ئیفلیجیی دێتە ژیانەوە 
وەك سەفەرێك بەرەو ناشوێن
دەمرم و مردنەكان دەمنووسنەوە!
 
رۆژێك منداڵ دەبمەوە و دەمرم
رۆژێك لە قوتابخانە لە ترسی مامۆستا دەمرم
رۆژێك رێگای ماڵ نادۆزمەوە دەمرم
رۆژێك چاوەڕوانیی شەوێك دەمكوژێت
رۆژێك دەمرم و خۆم هەواڵ دەبەم بۆ دایكم
رۆژێك پێڵاوێك لەپێم دەكات و دەمرم
ژیان بەبەرم ناكات و دەمرم
كتێبێك دەمشارێتەوە دەمرم
قاوەیەك دەمخواتەوە دەمرم
رۆژێك ,ئەشێ رۆژێك
مردن بمبات بۆ ماڵی سەراب و نەیەمەوە
مردن بە ژانتایەك یادەوەرییەوە  بێت و بمبات!
لە پشت سێبەری یارەوە بێت و نەیناسمەوە,
رەنكە مردن بێت و من مارەی بكەم لە خۆم
كتێبێك و پاكەتێك جگەرە مارەیی بێت
رەنكە مردن پێش ئەوەی خۆم بكوژم بێت
رەنكە مردن بێئاگابێت و من بمرم
لەساتی بیركردنەوە لە ئاو بمرم
لە ساتی ژماردنی ئەستێرەكان بمرم
لە ساتی ناسینەوەی كوفرەكان بمرم
لەساتی نووسینی وشەیەك لە شیعر بمرم
ئەشێ, بەدیار چاوەڕوانیی مردنەوە بمرم!

 

ئەپریلی 2010
omerjelal@yahoo.com