- زمانی مۆنۆدرامی
زمانی سێیەمی كەسایەتی
بەشی دووەم
 
پێشەكی
...........
زمانی مۆنۆدرامی لە ڕۆمانی ئەژدیها زمانێك نیە كە كەسایەتی لە ساتی جیا جیای ژیانی ڕۆژانەیدا پراكتیكی بكات وەكو زمانی ئاخاوتن كە تیایدا زمان دەچێتەوە سەر جۆرێك لە ڕێكەوتنی گشتیی ڕێكخستنی مانا .نە ئەو زمانەشە دەربڕین لە بارێكی دەروونی یا كۆمەڵایەتی وتەنانەت گۆشە گیریی كەسایەتی بكات.ڕۆماننوس هەوڵی داوە لە زمانی مۆنۆدراماوە تەكنیكێكی زمانەوانیی جوانكاری بە شێوازی دەق ببەخشێت .بەڵام ئەوەی بە لامانەوە گرنگ بێت ئەم تەكنیكە ئەو ڕێچكە زمانەوانیە پەیوەست دەكات بە چۆنێتی سەیر كردن و تێگەیشتن لە دەوروبەر لەو ساتانەی كە مرۆڤ ڕووبەڕووی ساتێكی دەروونی وزەینیی قووڵ دەبێت .ئیتر ئەو بەربەستانەی كە ڕەچاوی چوونەوە سەرێكی گشتیی زمان دەكەن هەموو هەڵدەوەشێتەوە.,بەوەی زمانی مۆنۆدرامی لە ڕۆماندا لە لای نووسەر شێوازێكە لە خۆ خستنە ناو كەسایەتیی ڕۆمانەوە واتە زمان وەكو ڕەنگدانەوەی ژیان لە سروشتێكی بێگەردلی مرۆڤایەتیدا.,ئەمەش نەك تەنها لە كەسایەتیی سەرەكیی ڕۆمانەكەدا بەرجەستە كرابێت,بەڵكو لە زمانی زۆرینەی كەسایەتیەكانی ناو ڕۆمانەكەوە ئەم ئاڵ وگۆڕكێیەو ئەم پەیوەستە دێتە كایەوە تەنانەت لە لای سادەترین كەسایەتیەكانیش.,زمانی مۆنۆدرامی لە بارە هەرە داهێنەرەكەیدا تەنها خۆ دواندن نیە لە ساتەكانی تەنیا بوون وگۆشەگیری وگەڕەلاوژێكانی كەسەكانەوە,بەڵكو هەڵگرتنەوەی ساتێكی تراژیدیە بۆ كەسایەتیەكان كە تیایدا ئەوان وەكو ئاوێنەیەكی بێگەرد ناخی خۆیان واڵا دەكەن.ئەوەی گرنگە گەڕانە بە دوای ئەو زمانە وەكو زمانێك كە بە تواناوە هێزی دەبڕین وهاتنە گۆ بە نووسەر دەبەخشێت ونووسەر بە هەموو تێگەیشتن وساتەكانی بیركردنەوەی خۆیەوە هەوڵی داوە .ئەو دۆخانەی كەسایەتی وەكو بیر بنوێنێ‌ نەوەك وەكو بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی كە لە ئاخاوتنێكی ڕۆژانەیی كۆمەڵایەتیدا بێت.بەمەش ڕۆماننووس زمانی ڕۆمانی كردۆتە دوو بەشەوە ,بەشێكیان ئەو هەقایەتانەن كە بە ڕووداو كراون,خاوەنی زەمەن وناسینەوەو مۆركی كەسایەتیی ناو ڕووداوەكانن.بەشێكی دیكەشیان ئەو هەقایەتانەن كە دەرەنجامی گەڵاڵًە بوونی ئازارو كامەرانی وهیواو نائومێدی ودانایی ونەزانیەوە.بە سادەییەكی زۆر بێگەردەوە دەچنە ناخی هەرە قووڵی زمانی ناهوشیاریی كەسەكانەوە,وەكو ئەوەی كەسایەتیەكان دەربڕین لە بوونێ‌كی دیكەی خۆیان بكەن بوونێگ كە لەوانداو لەو ژیانی ڕۆژانەیانەدا بزرەو ئەدگارێكی خودیانەی نیە.,بەڵكو دەربڕین لە ساتی تێگەیشتن وبیركردنەوەی خۆیان بكەنەوە,بۆ زیاتر ڕوون كردنەوە,ڕۆماننووس لە زمانی كەسایەتیەكانەوە.جۆرێك لە نووسینی پەخشانێكی فیكری بە زمان دەبەخشێت كە تیایدا ڕۆماننووس كەسایەتیەكانی ناو ڕۆمان تێپەڕ دەكات.ئەو ساتانەی كەسایەتیەكان لە دەروونی هەرە قووڵیاندا هەموو دەرگا نهێنیەكانی زمان وئاخاوتن دەكەنەوە.لەو ساتانەی جۆرێك لە گوێ‌ نەدان وبایەخ نەدان بە دابە كۆمەڵایەتیەكان دێتە كایەوە,لەو ساتانەی هیچ بەربەستێكی نە دەروونی ونەسیاسی ونەكۆمەڵایەتی ناتوانن پێش لە كرانەوەی زەینیی كەسەكان بگرن.لەوێدا ئاخاوتنی ڕۆمان دەبێتە پارچەیەك لە زمانی مۆنۆدرامی وتراژیدی وفیكری كە تێكەڵ بە هەستێكی بوونگەرایی دەبن,,ئەم شێوازو تەكنیكەی ڕۆمان نووس هەوڵێكە بۆ كردنەوەی دەروونێكی چەپاوەی سەركوت كراو,هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سروشتە مرۆڤایەتی وساتە هەستیاریە گەردوونیانەی كە زمانیان لە زمانی خۆخوێندنەوەی ڕاستەقینەدا دێتە گۆ.زمانێك كە لە ڕیتم وماناو شێوازەكانی گوتنی ڕۆژانەیی دەردەچێتە دەرەوە.بەمەش ئێمە ئەم سەرنجانە لە سەر ئەو زمانە دەنووسینەوە بە هیوای پراكتیك كردنیان لە سەر رۆِمانەكە.
 
 
1- بنیاتی زمانی سێیەمی مۆنۆدرامی ودەرچوون لە دووسەرەیی بنیاتی مانا.
.................................................................................................
ئەو زمانەی كە زمانێكی جیاوازە لە گەڵ كۆی زمانە ڕووكەشەكانی دەقەكەو دوو سەرەبوونی مانایان,ئەركی سەرەكیان گەیاندنی ماناكانن بە زمانێكی كاكڵە دارو بنیات داری دیكە كە هەروەك لە بەشی سێیەمدا ئاماژەمان بەوە دا كە لە زمانی ڕووكەشدا نەئاماژەی ئاشكراونە بنیاتی حازر بەدەست بوونیان نیە بەڵكوزمانی سێیەم زمانێكە دەرەنجامی خوێندنەوە لە دایك دەبێت كاتێك زمانی كارپێنەكراوی ناوەوەی مرۆڤی خوێنەر لە گەڵ ماناكانی زمانی سێیەمی نووسەر زۆرترین بە یەك گەیشتنەوەیان هەیە.. زمانی مۆنۆ درامی زمانێكی ئاسایی بیركردنەوەی مرۆڤە لە گەڵ خودی خۆیدا دایدەمەزرێنێ‌,لە دەقە ئاساییەكاندا كە كەمتر بایەخ بە ڕووە فیكریەكەی دەدرێت ,ئەو زمانە دەچێتە نێو ساتەكانی خەیاڵ وئەندێشەوە ,كە پرسیارو بۆچوون ووەڵامە خودیەكانی مرۆڤ لە خۆ دەگرێ‌ ومرۆڤ هەر خۆی ناخەكیانەو مۆنۆدرامیانە وەڵامیان دەداتەوە, هەربۆیە ئەو زمانە زمانێكی دەوڵەمەندی نووسینەو زۆرینەی بیرە داهێنەرەكان لە دەقدا بەرجەستە دەكات.بەڵام لە ڕووە داهێنەرەكەوەی زمانی مۆنۆدرامی دەگاتە شوێنێكی دیكەی نووسین وبیركردنەوە,ئەو شوێنەی كە هوشیاری بوونە ڕۆژانەییەكان وبە ئاگایی بوونە سەردەمیەكان هەموو تێپەڕ دەكرێن,نووسەر دەچێتە نێو پرسیارە هەرە شاراوەو هەرە خودیەكان كە لە ناخیخۆیەوە دێنە دەرەوە.بەمەش لە نێوان خودی بیركەرەوەو ئەوانی دیدا هەموو ئەوبەربەستانە تێك دەشكێنرێن كە ڕێگرن لە بەردەم دەربڕین لە خۆ كردن,بەمەش زمانی سێیەم دێتە بوونەوە وەكو ئەو ساتە ڕووناكانەی بیركردنەوە كە تیایاندا خودڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە,كە تیایدا بە تەواوەتی خود لە هەموو داسەپاندن وترس ودوودڵیەكان ڕزگاری دەبێت وئازاد دەبێت یاخود بە پێچەوانەوەش دوودڵی وترس ونیگەرانی ونائومێدیەكانی دەگەنە ساتێكی هەرە گەشەسەندوو,وەكو ئەوەی لە گەردوونێكی دەروونی وهوشیاریی وادا بێتە گۆ كە هیچ مانایەك لە ماناكان ناتوانن ئەو لە دەربڕین لە خۆ كردن راگرن.هۆی ئەم ڕووە داهێنەرەی بنیاتی زمانی سێیەم ئەوەیە كە كاتێك خود تەنانەت لە چاودێریی ناهوشیاریی خۆشی ڕزگاری دەبێت,ئەو پەیوەندیەكی دیكە لە گەڵ دنیاو بیركردنەوەی ئەوانی دیدا دادەمەزرێنێ‌,ئەو دووبارە پەیوەستەكانی خۆی دەخاتە بەر هەڵًسەنگاندنەوە,دووبارە خوێندنەوە بۆ ژیان وبیركردنەوەی خۆی دەكات ,ئەو دەیەوێ‌ چیتر ئەو پاساوانە لە ناوەوەی خۆیدا كاریگەریی ئەوەیان بە دەستەوە نەمێنێ‌ لە ڕێگری كردن لە هەڵبژاردنی گوتەكانی ناخ وبیركردنەوەی ئازاد ,.لێرەوە چێژێكی گەورە لە خوێندنەوەدا دروست دەبێت بەوەی ئێمە لە خوێندنەوەی ئەو زمانەدا .دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە زمانێكە مانای شاراوەی بنیاتێكی مانای شاراوەی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە,ئەوەشی بە لامانەوە گرنگە تەنها ئەم دەرەنجامە نیە وەكو بەرهەم هاتوویەكی خوێندنەوە, بەڵكو بە لایەنی شیكردنەوەكەمانەوە ئەوە گرنگە بگەینە ئەو چۆنێتیەی بنیات نانی ماناكانی ئەو زمانەو چۆنێتی ئاخاوتنی ئەو زمانەو لە پاشاندا چۆنێتیی دروست بوونی زمانێكی دیكە كە ئێمە بە زمانی سێیەممان ناونا,
زمانی سێیەم كە دەرەنجامێكی خوێندنەوەی داهێنەرانەی دەقی داهێنەر دێتە كایەوە ,لە بناغەوە دەركەوتەیەكی زمانەوانیی زمانی دووەمی نووسین وبنیاتەكانی ماناو جوانكاریەكانی زمانی نووسینە و بەرهەم هاتووی زمانی دووەمە,لە دەقێكی یا بەشێكی یا پەرەگرافێكی ڕۆمانێكدا چەندین بنیاتی مانا دێنە نێو زمانی نووسین وخوێندنەوە,ئەم بنیاتانە لە سەرجەمیاندا هێڵێكی شاراوەی پێكەوە بەستن لە ڕووی ماناو جوانكاریەكانی نووسینەوە بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە,ئەو هێڵەی دەبێتە ڕێچكەیەك بۆ مانای دیكەی شاراوە .هۆكار لە چۆنێتیی بیركردنەوەی نووسەر بەو شێوەیە دەخاتە ڕوو.واتە ئەو زمانە ئەو هۆكارانەی نووسین وپێك هێنانی مانامان بۆ دەخاتە بەردەست لە بیری نووسەردا كە بۆچی زمان ومانای زمانی سێیەمی بەم شێوەویەو بەم ئاراستەیە بردووە,واتە كاتێك مانا بناغەییەكانی ئەو بنیاتە ڕووكەشانەی دەق لێك دەدەینەوەو شیان دەكەینەوە ئەو هۆكارانەمان بۆ دەكەوێتە ڕوو كە وایان كرد لە چۆنێتیەك لە بیركردنەوەی نووسەر بگەین,پەیوەستە ناوەكی وبناغەییەكانی ئەم زمانە ودەورەكانی ئێمە تیایاندا كاتێك هاوبەش دەبین دەخاتە ڕوو بەوەی خوێندنەوەی یەك ئاراستەیی دێتە كایەوە,واتە خوێندنەوەیەك كە بە دووی یەك هێڵی مانادا دەگەڕێت كە لە دەق وبنیاتەكانی مانادا دانەڕشتراون بەڵام بۆیان هەیە وەكو دەرەنجامی خوێندنەوە داڕێژرێنەوە,با ئەم بۆچوونانەو ئەم چۆنێتیانە لە سەر چەند پەرەگرافێكی ڕۆمانەكە شیكەینەوە.:
ڕۆماننووس دەنووسێ‌:
((كەریم:من شۆڕشگێر نیم وهەرگیزیش بۆ ئەوە خەڵق نەكراوم بكوژم وبمكوژن,))هەموو ئەمانەی ئێرە خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن,دوكاندار ,دەستگێڕ,ووردە فرۆش,دزو قاچاخچیەكانیش,پێیان وایە هەر كەسێ‌ شاری جێهێشت وڕایكردو هاتە ئێرە,ئەوا دەبێتە شۆڕشگێڕ,جەردە پیاو كوژ,داوێن پیس,سیاسەتچی,لە پاڵ لە خۆ بوردووانی خاوێن,لە پاڵ دەم دەست پاكانی بێگەرد.لە پاڵ شۆڕشگێرە ڕاستەقینەوپێشمەرگە سادەكەدا,هەمان بەرگیان لە بەردایەو تەراتێن دەكەن,سنگ دەردەپەڕێنن كەش وفش دەكەن,سەرباری ئەمانەش,خۆ بە هەموو شتێ‌ دەزانن,كەسیشیان پێ‌ پیاو نیە,ڕاستگۆو شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەكان ,ئەمانە دەبینن,دەشزانن,چۆن وبۆچیش,تێكەڵیان بوون,كەچی لێیان بێدەنگن...))ئەژدیها ل65
لێرەدا ئەگەر پرسیاری گەوهەری لە چۆنێتیی نووسین بكەین ولە پاشاندا لە ماناكانی دەق بكەین,كە بۆچی زمان دژ بەكی وناكۆكیی مانای لە خۆ گرتووە؟بۆچی وچی وای لە نووسەر كردووە بەم جۆرە بڕوانێتە ئەوانی دی ,ئەوا پێویستیمان بە ئاستەكانی بە بنیات بوونی مانایە لەم پەرەگرافەدا:
- كێشەی گەوهەریی پەرەگرافەكە لە پرسیاری كیًَ شۆڕشگێڕەوە سەر هەڵدەدات.
- كەسایەتی پێویستیەكی دەروونی وگیانیی بە وەڵامی ئەم پرسیارە هەیە.
- كەسانی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینەو نا ڕاستەقینە هەن,
- بەڵام كەسایەتی لە هیچ یەكێك لەم پۆلێنانەدا شوێنی نابێتەوە,كەواتە بۆچی پرسیار؟
گرفتی سەرەكی و كەلەبەری یەكەمی كێشەی گەوهەریی پەرەگرافەكە لەوەدا نیە كێ‌ شۆڕشگێڕەو كێ‌ شۆڕشگێڕ نیە.لەوەدا نیە سیفەتێكی كاتی هەموو كەسایەتیە خاوەن بەها ڕەوشتیە جیاوازەكان لە گەڵ یەك ولە ژێر یەك ناودا كۆدەكاتەوە.گرفت وكێشەی سەرەكیی زمانی سێیوم ومۆنۆدرامیی دەق ئامادەبوونی كەسایەتیەكە لە شوێنێكدا كە شوێنی ئەو نیە,ئەو پرسیارانەی ئەو كەسایەتیەش بۆ ئەوە نین كە خوێندنەوەیەك بۆ خودی خۆی وپۆلێن كردنە ڕەوشتیەكان بكات,بەڵكو ئەو لەو باوەڕانەی كە شوێن بە كەسەكانی بەخشیوەو كۆیان دەكاتەوە بەشێك نین لە بوونی ئەو ,كە ئەمەش ئەو نامۆیی بوونە شوێن گەراییەی خودە كە دەیەوێ‌ لە شوێنێكدا بژیت كە نە شوێنی ئەوەو نە بەشێكە لە دنیاو دنیا بینیی ئەو كەواتە.
- پرسیاری شوێن پرسیار كردنە لەو دژایەتیانەی كە چوونەتە نێو پێكهاتی بیركردنەوەو بوونی ئێمەوەو دووبارە بەها ڕەوشتیەكان وئایدیالەكانمان دەخەنەوە بەر هەڵسەنگاندنەوە.بۆ ئەوەی ئەو ئازارانەی خود كە بە هۆی خۆ خستنە شوێن وبارودۆخێكەوە هاتنە كایەوە چیتر بە شاراوەیی نەمێننەوەوخود لەو بارە قورسانەی كە شوێن وەكو بەهایەكی ڕەوشتی كەسایەتیەكان بەرەو ڕووی یەك دەكاتەوە,ئازاد بێ‌ وئەو نەبێتە بەشێك لەو لێپرسینەوەو بە دوا چوونە ڕەوشتیانەوە ,چونكە چیتر ئەو نایەوێ‌ ژیانی لە سەر درۆ بەرێتە سەر كە هەر لە سەرەتاوە ئەو ژیانە بە درۆ هەڵنراوە,ئەمەش قووڵترین یاخی بوون ونامۆییەكانی خودو بڕیار لەخۆدانی خودو دیاری كردنی بەها فیكری وڕەوشتیەكانی خودە لە گەڵ شوێن وئەوانی دیدا,كاتێك لە شوێنێكدا ئامادە بیت كە كۆمەڵە مانایەكی دیاری كراوی ڕەوشتی وزەینی وكۆمەڵایەتی بەرهەم دێنن بەڵام تۆ نەبیتە بەشێك لە ماناكنی ئەو شوێنە.ئەمەش شكستێكی زەینی ودەروونیە هەروەها داسەپێنراوێكی بوونگەراییە.دەربڕین كردن لەم ساتە درامیەی كە خود خۆی دەدوێنێ‌ بە بێ‌ بەرچاو گرتنی ئەوانی دی زمان بەرەو مانایەكی دیكە دەبات كە زۆر جیاوازە لەوو مانایانەی كۆمەڵگە وەكو ئامادەبوون لەوێدا بە سەر تاكەكانیدا بڵاو دەكاتەوە.بەڵام ئەو ئەوەتانێ‌ وەكو كەسێك كە هیچ بەشێكی ئەو كۆمەڵگەیەو ماناكنی تەواو نەكات لەو مانایانە یاخلی دەبێت وباس لە كەوتنەكانی ڕاستەقینەكانی ناوەوەی خۆی دەكات.
((زێڕین: باوو باپیرانم بۆ جەنگێ‌ ئامادەیان كردم,خۆیان تیایدا دۆڕابوون,..
دۆڕاندن ,دۆڕاندن ,دۆڕاندن,چیدی نا!
دۆڕاندن جۆرە لەزەتێكی تایبەتیشم پێ‌ دەبەخشێ‌..ئەگەر ئەو لەزەتەی پێ‌ نەبەخشیبام,ئەوا هەرگیز تێهەڵنەدەچوومەوەو ڕووم لە جەنگ نەدەكردەوە,
من وچیا,من وشەوو بەفر,من وتفەنگ,من وجەنگ((ئەكسیرێكی )سیحرین,بۆ (جەنگاندنم,بە كاریان دەهێنام,سوودم بۆ رزگاری وشارستانیەتی((وەلی ئەمرانی جەنگم زۆر بووە,تەنها بۆخۆم نەبێ‌)) ئەژدیها ل349.
ئەوەی لێرەدا گرنگە مێژوویەك هەیە كە هەمیشە شەڕو دەورەكانی شەڕ بە سەر جەنگاوەرو وەلی ئەمرانی جەنگدا دابەش دەكات لە دوو توێی ئەو زمانە مانەویە بەهاداركراوە ڕەوشتیەوەی كە بە كۆمەڵێك وەسفی جیاوازی نەتەوەیی ونیشتیمانی وبوێری وقارەمانێتی ئاڵ وواڵا كراوە ,ئەو مانایانەی كە پیرۆزیەك لە بەهاكانی كۆمەڵگە دروست دەكەن كە باس كردنیان لە شتە قەدەغەكراوەكانە..گرنگ ئەوە نیە كێ‌ وەلی ئەمری جەنگ وكێ‌ سوتەمەنیی جەنگە .ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو ساتە پڕلە گومان ونا دڵنیا بوونەیە لە ئێستاو داهاتوو لە نێو هەست كردن بە شكستدا,هەست كردن بە شكست ڕووداوێك لە ڕوداوەكانی مێژوو نیە بەڵكو خوڵقێنەری مێژووەو مێژوو لەوەوە ڕووداوەكانی تۆمار دەكات,ئەو هەستەش هەستێكی قووڵی گفتوگۆی تاكە لە گەڵ خۆیدا ,مۆنۆدرامایەكی خوێناویی تاكە,كە لە نێو كۆمەڵگەیەكی نەتەوەیی وشوێنێكی دیاری كراودا ,تاكێك ئەو هەستە زیاتر لە لایدا دروست نابێت كە ئەو دەبێ‌ بە دەوری بازنەیەكدا بخولێتەوە ,كە لە هەمان كاتدا وهەمیشەش یەك چارەنووس بەرەو ڕووی دەبێتەوە .كە ئەویش هەستێكی ڕەگاژۆی ناخەكیە لە دەرك كردن بەوەی ئەو هەمیشە شكستێك دەیكوژێ‌ وهەمیشەش هەمان شكست زیندووی دەكاتەوە,ڕۆماننوس لەم وێنەیەی ئاخاوتنی مۆنۆدرامیی كەسایەتیدا دەیەوێ‌ كار لە سەر لاوازیە مێژووییەكانی كەسایەتی بكات كە ئەویش مێژووی كەسایەتیی كوردە وەكو مانایەكی بەرجەستە كراوی زمان,كە چ لە ڕووی جوگرافی سیاسی وچ لە ڕووی كۆمەڵایەتی وئەتنی ومێژووییەوە دەركەتەیەكی نالۆژیكی وناسروشتیی هەیە ,بەڵام ئەوەی نووسەر بەرلاەو ئەو زمانەی كەسایەتی دەبات ئەو دینامیبكیە مێژووییەی دەورەكانی كەسایەتی نیە بەڵكو ئەو چێژە شاراوەیەی خودی كەسایەتیە لە بەرهەم هێنانی ماشێنێك كە هەمیشە ماناكنی قارەمان وجەنگاوەر دروست دەكات.كە هەمیشە ئەوانی دی بەرەو ئاگرو كوشتن وكوژراوی دەبات.,لێرەوە بنیاتی زمانی سێیەم لە سەروەریە نەتەوەیی وخوێندنەوە بە جۆش وهەڵچووەكان ,لە سۆزو هەست كردن بە خود لە ڕووە سۆزداری وبەرچاوگیریەكەوەی دەكەوێ‌ وچیتر ئەو ڕستانە وماناكانیان بایەخیان لە لادا نامێنێ‌ .چونكە ئەو زمانە دەچیێتەوە سەر بنیاتی مانا شاراوەكانی ژێر هوشیاریی كۆمەڵایەتیەوە. ,كە بە جارێك جۆرێك لە ڕوون كردنەوەی گشتگیر بە دینامیكیەتێكی مێژوویی دەبەخشێت كە چەندین نەوەی بەرەو هەمان هەست بردووە,چەندین نەوەی لە سەر هەمان ئازاری قووڵ وبرینی سەخت گۆش كردووە,بەمەش بنیاتی مانای زمانی سێەم لەم پەرەگرافەدا بەرجەستەی ئەو هەست ودەرك بە خۆكردنە دەكات ,كە بۆچی تاك ئەم هەستە شكست خواردوەی لە لادا دروست دەبێت,وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە كڕۆكی زمانی سێیەم پێك دێنێ‌.بەوەی ڕاستیەكی مێژوویی هەیە كە دەورەكان لە كاریگەریە ڕەوشتیەكانیان دەردەكاتە دەرەوە.كە جەلادو پیاو كوژ ناتوانن بۆ چەندین جار ئەوانی دی ئەشكەنجە بدەن وبەرەو مەرگی بەرن گەر چێژ لە ئەشكەنجەو كوشتنی ئەوانی دی وەرنەگرن,ئەم چێژە تەنها وابەستەو پەیوەوست دار نیە بە مرۆڤە خراپە كارەكارەكانەوە,یاخود بە مرۆڤە بەدكارەكانەوە,بەڵًكولە هەمان كاتیشدا پەیوەستە بە مرۆڤە چاكەكارەكانیشەوە ,هەردوك بە قەد یەك پراكتیكی چێژی خۆیان دەكەن وبە هەمان پاساو هێنانەوەو بە هەمان كردارەوە ئەگەرچی هەردوك خاوەنی تێڕوانینی جیاوازیش بن بۆ ژیان ومردن .بۆ دروست كردنی ژیان وڕوخاندنی ژیان.,كەواتە چێژ وەرگرتن لە كوشتن وبڕین وئەشكەنجەدانی ئەوانی دی خەسڵەتێكە بە یەكسانی لە لای چاكە كارو بەدكاریشدا هەیەو هەریەك لە ژێر كۆمەڵێك پاساوی جیاوازدا پراكتیكی هەمان چێژ دەكەن كە ئەویش چێژی ئەشكەنجە دان وكوشتنی مرۆڤە..هەربۆیە ڕۆماننوس لە زۆر شوێنی دیكەدا ,ئەوە ناشارێتەوە كە لە زمانی پاڵًەوانەوە ئەو مانایە ئاشكرا دەكات بە تەجرید كراوی كە ئەو نە دەتوانێ‌ كەس بكوژێ‌ ونەدەیەوێ‌ كەس بیكوژێ‌ ,ئەمەشە دەلالەتە قووڵەكانی یاخی بوونی پاڵەوانە لەو داب ونەرێتە مێژووەی كە بە قەد یەك دەورە جیاوازەكانی بكوژوكوژراو بە سەر تاكەكاندا دابەش دەكات.
كەواتە مانا لەوێدا دەگاتە زمانی سێیەم كاتێك تاك لە دەرەوەی هەموو دژ بە یەكیە ڕەوشتی وسیاسی ومێژووییەكانەوە دەیەوێ‌ ڕێچكەیەكی جیاواز بگرێتە بەر ,دەیەوێ‌ ڕێگەیەك لە نێو ڕێگە دژ بە یەكەكانی مانادا بدۆزێتەوە,كاتێك زمان وەكو بەرهەمێكی خودیانەی مرۆڤ هەموو ئەو دژ بە یەكیانە لە بنیاتی زماندا وەكو یادەوەریەكی هەمیشە ئامادەی تاك لە بیركردنەوەدا دەردەكەوێ‌ ,ئەوە ڕوون دەبێ‌ كە زمان لە خودی خۆیدا بنیاتە دووسەرە دژ بەیەكەكان لە خۆیدا هەڵدەگرێت وهیچ دەقێكی ئەدەبی لە دنیادانیە بنیاتێكی دوەوسەرەی مانا لە خۆیدا هەڵنەگرێ‌ وبە مانا گشتیەكەی ناسینەوەی دەقیش دەق نیە بنیاتە دووسەرە دژ بە یەكەكانی زمان لە خۆیدا هەڵنەگرێ‌.هەربۆیە كەسایەتی لە نێوان دوو هێڵی مانادا دابەش دەبێت ,لە یەكێكیاندا چەند مانایەكی كۆمەڵایەتیی باووهۆگر وەكو ڕەوشتێكی كۆمەڵایەتیانەی مرۆڤ خەسڵەتێكی بە گشتی كراو بە بیركردنەوەو یادەوەریی زمان دەبەخشێت,لەوی دیشیاندا هێزێكی نوێی بیركردنەوە دەیەوێ‌ لەو مانایانە دەرچێتە دەرەوە بەوەی چیتر نایەوێت ئەو مانایانە هەمان كاریگەریان لە سەری هەبێت,ئەم ساتانە لە ئاخاوتنێكی كۆمەڵایەتیی بە گشتی كراودا دەرناچێتە دەرەوە,لەو گفتوگۆیانەی نێوان كەسایەتیدا نایەتە دەرەوە ,نەلەو ساتانەی تاك وەكو مرۆڤێكی واقیعی لە كۆمەڵگەكەیدا بژێت,بەڵكو لەو ساتانەیە كە مرۆڤ لە نێو ئەم دوو هەستە دژ بەیەكەو ئەم دوو سەرەبوونەی بیركردنەوە,هیچ بەربەستێك لە نێوان خۆی وزمانەكەیدا نامێنێتەوە.تەنها ئەو مانایە دەبێتە ئێستاو داهاتوو كە بۆیان هەیە بەرەو ڕووی مانا بە گشتی كراوەكان ببێتەوە كە ئەمەش خۆ خوێندنەوەیەكی نوێی مۆنۆدرامیی ئاخاوتنی مرۆڤە ,واتە گفتوگۆكردن لە گەڵ خوددا.
ڕۆماننووس لە پەرەگرافێكی دیكەدا دەنووسێت:
((زێوەر گوتبووی ,هەموو تیرێك بەرەو یەك مەبەست دەڕوات,پێم وایە دەزانی چی دەڵێم,سەرنجدە هەموو ڕووبارەكانی دنیا,هەر دەبێ‌ لە ئەنجامدا بڕژێنە ئۆقیانووسەوە,..وەكو من پیاوان ناناسی ,...درۆ دەكەن,,هەند درۆدەكەن..تا وایان لێ‌ دێ‌ پێیان وا دەبێ‌ ئەوەی دەیڵێن ڕاستە,دنیاكەیان دنیای فرت وفێڵ وگوناهی ئاوسە,سۆزیان قوڕاوی وخوێناویە ..من لە دووریی ڕۆژە ڕێیەكەوە بۆنی درۆو هەڵپەو خۆپەرستیان دەكەم..بۆنی گوناهە ڕەشەكانیان دەكەم..كە برسی بوون خەتەرن,,كە تێر بوون خەتەرترن.لە هەردوو حاڵەتدا بكوژن..كە برسی بوون,هەرچیەكیان هەیە,لە ڕەوشت وشەرەف,كبریاْ كەرامەت,,غروور,,بیروباوەڕ,دەیكوژن,كە تێریش بوون,سۆز خۆشەویستی,ئەدەب ناسكی دەكوژن,وەكو من پیاوان ناناسی..ئەو پیاوەی كە گومانی ژنبازیی لێ‌ ناكرێ‌ لە هەموویان خراپترەو درۆزنترە..هەموو شتێ‌ دەكات,,هەموو شتێكیش قەبووڵ دەكات..بەو مەرجەی كەس پێی نەزانێ‌.))ئەژدیها ل 375
ئەم ڕستانەی ڕۆماننووس لە بناغەوە بۆ ئەوە نەنووسراون تاكو وەسفی پیاوو لایەنە ڕەوشتیەكەی بكەن,بۆ ئەوەش نین جیاوازیەكی گەورەی نێوان پیاوی ڕاستگۆو پیاوی درۆزن دەرخات.ئەم ڕۆچوونە نێو ئەندێشەیەی زمانەوە لە پێناوی ئەو مەبەستەدا یا ئەو بنیاتەی مانادا نووسراوەتەوە كە هەموو هەڵسەنگاندنە ڕەوشتی ومرۆییەكان پەیوەست كات بە بنیاتە دژ بە یەكەكانی مرۆڤەوە.لە دوو ڕووی خۆگری ونهێنی پارێزیی كەسایەتیەوە ,هەروەها لە ڕووی واڵا بوون وخۆ دەرخستنی كەسایەتیەوە,لە هەردوو ڕووشدا بەرەو یەك بەهای فیكریان دەبات,بەوەی پیاو وەكو ڕەگەزێكی مرۆیی ئەو بوونەوەرەیە كە دەتوانێ‌ چاكەو خراپە ,ڕەوشت بەرزی وبێ‌ ڕەوشتی.هەموو ئەوهەستانەی هەیەتی لە دژ بە یەكبووندا بە یەك ئاكام بگەیێنێ‌ ,چونكە ئەوەندەی پیاو بكوژن ,ئافرەت بگوژ نین,ئەوەندەی پیاو بێ‌ توانایە بەرامبەر برسێتی ئافرەت ئەوەندە بێ‌ توانا نیە,ئەوەندەی پیاو شوێنی مەترسیە ئافرەت شوێنی مەترسی نیە,چونكە پیاو لە كۆمەڵگەیەكدا كە هێشتا بوونە ئافرەت گرفتێكی گەورەیە لای ,بوونە پیاوو پیاوەتی بوون گەورەترین سەروەریەتی,هەموو ئەمانەشی ڕێگە خۆش كردنە بۆ زمانێكی دیكەی شاراوە.,یا بنیاتی مانایەكی شاراوە ,بەوەی :-
((هێزی چەپاندن لە لای پیاو بەرەو تێكدانێكی گەورەی ڕەوشتیی دەبات.بەوەی پیاو بەو هێزە بوونایەتیی خۆی لە كۆمەڵگەدا دەچەسپێنێ‌..))
ئەم پۆلێن كردنە ڕەوشتی وجەستەیی وفیكریە,دەرەنجامی واڵا بوونی زمانی سێیەمی دەقەكە دێتە كایەوە ,ئەو زمانەی گەورەترین ڕووبەری لە بنیاتە ڕووكەشەكانی دەق داگیر كردووەو هەمیشە نووسەر دەچێتە سەریان لە ساتی جیا جیادا,بە تایبەتی لە مەسەلە سێكسیەكانی ئافرەتدا,كە نووسەر پەرەگرافی زۆری لە ڕۆمانەكەدا پێ‌ بەخشیوەو تەنانەت پەیوەستی دەكات بە ڕەگەزی مرۆڤ وبنەچەكەیەوە.هەموو ئەم ووردبوونەوە قووڵانەی نووسەر لەو ناوەندێتیەی مانا بۆ ئەوەیە كە ئەوە نیشانی خوێنەر دات كە مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەكەیەوە چوونەتەوە سەر دابێكی مێژوویی دێرینەو لادان لەو دابانە تەنها كوشتارو كوشتن ودەربەدەری وناخۆشیی بەرەو ڕوو دەبێتەوە,زمانی سێیەمی دەق لە ڕووە مۆنۆدرامیەكەوەی لەم چەند نموونەیەی هێنایانمانەوە ئەوە دەخەنە بەردەم خوێندنەوە كە مرۆ‌وڤ چەندێك لەو دابە مێژووییانە یاخی بێ‌ ودژایەتیان بكات .ئەوەندەش جەستەو بیركردنەوەی ئازاد دەكات لەو گوشارە بە هێزەی شوێنی دیاری كراوو سنوور داری ئەو دیاری دەكات لە نێو ئەوانی دیدا,ئەگەرچی بەرەو مردن وڕووبە ڕووبوونەوەشی ببات.
 
 
تەكنیكی شێوازی زمانی سێیەم
لە بنیاتی زمانەوانیی مۆنۆدرامی
............................................
ڕۆماننوس لە زمانی سێیەمی دەقدا كاری لە سەر ڕەگەزە وروژێنەرەكانی مانادا كردووە,هەروەها كاری لە سەر واڵاكردنی زمانی شاراوەو دەروونیی مرۆڤ كردووە.چونكە ئەو لەو زمانەیدا پەنای بردۆتە بەر تەكنیكێكی وێنا كردنی كەسایەتی لە دوو ڕووی جیاوازەوە.لە لایەكەوە كەسایەتیەكان لە شوێنە گشتی وكۆمەڵگەیی وزمانەكەی خۆیدا وێنا دەكات ,كە هەموو قسەكانی ئاسایین ودەربڕین لە ناخی خۆیان ناكەن,ئەم زمانە گەڵاڵەو كەڵەكە بوونی هەموو قەدەغە كردنە كۆمەڵایەتیەكانی ئەو ڕەوشتە بەرجەستە دەكات ودەیاننوێنێ‌ كە وەكو ڕێكەوتنێكی مێژووییان لێهاتوەو لە سەرەتاوە مرۆڤ بەرەو سروشتێكی قەبووڵ كراوی كۆمەڵایەتی وەردەگرن.لە سەر ئەم بناغەیەش كەسایەتیەكانی ڕۆماننووس هەمیشە لە ناخی خۆیاندا دووسەرەییەك هەڵدەگرن و بۆ ئەمەش ئەو مەبەستیەتی ئەم دوو سەرەبوونەی كەسایەتی گەورە كاتەوەو كاری لە سەر بكات .كەسایەتیی كۆمەڵایەتیی ماقووڵ ,ئەو كەسایەتیەیە كە ڕێز لەو نۆرم ویاسا كۆمەڵایەتیانە دەگرێت كە ڕەفتارێكی بە گشتی كراوو بیركردنەوەیەكی بە گشتی كراو دەخاتە سەرەوەی دیاری كردنی دەورەكانی تاك وبیركردنەوەو جم وجۆڵ وسنوورەكانی ئاخاوتنی ,بەمەش كەسایەتی وەكو كەسایەتیەكی لە قاڵب دراو لە لای ئاسان نیە بیر لە خۆگۆڕین وبیركردنەوەی پێچەوانە بكاتەوە,بەرامبەر بەم كەسایەتیەش كەسایەتیی یاخی ودژو نەگونجاو هەیە,كە هەر هەمان كەسایەتیە كۆمەڵایەتیە ماقووڵ كراوەكان هەڵی دەگرن ,هەر كاتێك ئەو خۆ قەدەغە كردنە لە دەروونیان دەتوێتەوە,لەو كاتەی هەست بە بوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەكەن,لەوانەیە بۆ ئەم دژ بەیەك بوونەی كەسایەتی و لە پشاندا هەوڵەكانی خۆگۆڕین ودەرخستنی بەشە دژوارەكەی ڕۆماننووس تاقە كەسایەتیەك كە لە ڕۆمانەكەدا دەیەوێ‌ ئەو یەك بوونە بە هێزەی یەك سەرەییەی تێك بشكێنێ‌ ,كەسایەتیی ئەفسانەیی زێرینە .كەسایەتیی زێڕین كەسایەتیەكە هەر لە سەرەتاوە تاكو كۆتایی دەربڕین لە یەك سەرەیی خۆی دەكات ,مرۆڤێكە دەیەوێ‌ لە ڕیتمی ڕەوشتیانەی باوی كۆی كۆمەڵگەكەی جیا بێتەوە,ئەو یەك سەرەیە لە هەڵوێست وبیركردنەوەو تەنانەت لە چۆنێتیی هەڵبژاردن وژیانیشی,نووسەر ئەم پێگیریە ناخەكی وفیكری ڕەوشتیەی زێڕین دەخاتە بەر گومانەوەو ڕێگە بۆ تێك شكاندنی خۆش دەكات ,كاتێك دەروونی واڵا دەكات وهەروەك لە بەشی یەكەمدا ئاماژەمان پێدا كە ئەو بە بێ‌ مانایی وبێ‌ هودەییەوە چووە نێو جەنگێكی دۆڕاوەوە,زێڕین لەوێدا هەموو ئەو بەها ڕەوشتی ومانەویانەی خۆی لە دەست دەدات ولە بەردەم یەك سەرەبوونی كەسایەتیدا دەنوشتێتەوەو نوشوستی دێنێ‌ .ڕۆماننووس لەو زمانە مۆنۆدرامی وخوێناویەی زێڕینەوە دەیەوێ‌ ئەوەمان پێ‌ بڵێ‌ كە ڕووی هەموو تیرەكانی بیركردنەوەو كاری مرۆڤ بەرەو یەك سەرچاوە دەچن چونكە هەموویان یەك كاریگەریی خراپ لە سەر خۆیان وئەوانی دی جێ‌ دێڵًن,بەوەی مرۆڤ بە ناوی كۆمەڵێك پاساوی ڕەوشتیەوە ڕێگە بۆ دەرپەڕینی ڕووە خراپەكاری وبكوژیەكەی خۆی خۆش دەكات,بەوەی بە ناوی هەمان بەها ڕەوشتیەكانەوە ڕێگە بۆ مەیلە چاكە كاریەكانی خۆش دەكات .مرۆڤ كاتێك ئەم كارانە دەكات دەیەوێ‌ یەك ڕووی كەسایەتیی خۆی نیشان بدات.بۆ ئەم ئامانجەش نووسە رلە زۆر شوێندا ئەوەندە لەو زمانە یەك سەرەییە وورد دەبێتەوە دەڵێی ئەوە خۆیەتی نەك كەسایەتیەك دەیەوێ‌ هاوار كات كە ئێمە چیمان بە چی كرد.لە ڕاستگۆیی بوون وكامەرانی وبرسێتی وتێری وداكۆكی لە خۆ كردن وتەسلیم بوون وهەموو یاخی بوون وقەبووڵً كردن وڕەت كردنەوەكانمان.تراژیدیاكانی مرۆڤ لە سەر ئەم دابەش بوونەو گۆڕینەوەی دەورەكاندا هەڵنراون .خوێنی مرۆڤ بە تەنها خوێنی جەستەی كوژراونیە بەڵكو خوێنی هەموو جەستەكانی دیشە,چونكە هەموو جەستەكان هاوبەش بوون لەو خوێن ڕێژیە ,هەموو دەستیان هەبوو لەو بكوژیە.هەربۆیە زێڕین تەنها بوونێكی سەرەوەیی كەسایەتیەو ئەو تەنهاهێمایەكە بۆ یەك سەرەیی مرۆڤ لە كردارو بیركردنەوە,ئەو یەك سەرەییەی كە قەت مرۆڤ پێی ناگات وناتوانێ‌ سنوورەكانی ببەزێنێ‌ ,چونكە هەوڵی لەم بابەتە دەرچوونەلەو كۆبوونەوە گشتیەی كە هەر لە سەرەتاوە دەورەكانی تاك دیاری دەكات .
پەیوەست بە نووسەرەوە .ئەوە ڕاستە دەق وزمانی ڕۆمان بناغەی ماناو پێكهات وشێوازو تەكنیك پێك دێنن.بەڵام لە زمانی سێیەمدا گرفتی نووسەرو ئامادەبوونی وەكو ڕاستیەك ئامادەبوونێكی ناڕاستەوخۆی هەیە,بەوەی كەسایەتیەكان لە زمانی مۆنۆدرامیی خۆیاندا تەنها نین ,بەوەی بارودۆخ وئەگەرو پێداویستیەكانی ڕووداوو مانا و بیركردنەوەوو وردبوونەوە هەڵگرن,بەڵكو نووسەر وەكو كاریگەریەكی دیكەی زمانی دەق ئامادەبوونێكی دیكەی هەیە بەوەی ئەو لە هەموو بیركردنەوەكانی زمانی سێیەمدا كەسایەتیەكان لە بارودۆخی ئاسایی خۆیان دەردەكاتە دەرەوە.بەوەی ئەو زێدەفیكرو زێدە بیركردنەوەیەك بە كەسایەتیەكان دەبەخشێت كە سنووری كەسایەتیان تێپەڕ دەكەن بە تایبەتی لە زمانی زێڕین وكەریم وكەسایەتیی هەندێك لە ئافرەتەكان.نووسەر وەكو تێپەِاندنێكی ڕووداوو كەسایەتی بە هێزەوە زمانی كەسایەتیەكان دەگەیێنێتە ئاستێكی نا ئاسایی تر لەو زمانەی كە هەیانە ,ئەمەش بەهێز كردنی زمانەو تەكنیكێكی نوێی نووسینی ڕۆمانە كە ئەو تیایدا كاری كردووە.ڕۆماننوس لەم تەكنیكەی لە پێناوی بەخشینی هێزێكی خراوە سەر بۆ زمانی كەسایەتیەكان لە سەر هەموو ڕەگەزەكانی دیكەی زمانی نووسیندا كار دەكات.لە خەیاڵ وفانتازیا ,لە ووردبوونەوە لە خود,لە پێداچوونەوەی كردارەكانی كەسایەتی وچۆنێتیی بیركردنەوەیان.لە گواستنەوەی پەرەگراف وگۆڕینی بڕگەكان,لەمانەدا ئەو تەكنیكی پێك داهاتنی شێوازو زمان بە كار دێنێ‌ .بەوەی زمانی كەسایەتیەكان هەمیشە چاوەڕوانیی گۆڕینی شێوازی بیركردنەوەو هەڵوێستی چاوەڕوان نەكراویان لێ‌ دەكرێ‌ .هەموو ئەم شێوازانەی نووسینیش هەوڵێكی نەبڕاوەی نووسەرن. بۆ دۆزینەوەی زمانی ئەو ناخە پەنهانەی كە كەسایەتیەكان لە دەرپڕینی تەواوو تێركراوی خۆیان نوشوستی دێنن ,لەمەشدا زمانی ناوەوەیان ئەو جێگرەوە بە پەلەیەی دۆخەكانن كە تیایدا كەسایەتیەكان دەكەونە بەر گوشارێكی گەورەی بیركردنەوەوە وەكو كاردانەوەیەكی گەورە بەرامبەر بە ناچار بوون لە بەردەم واقیعدا.ئەمەجۆرێكە لە كاردانەوەی نەزانراو ,كە كات وشوێن وجووڵەیان لە نێو كەسایەتیی نێو واقیعدا نیە,ئەو تاكو ئەوپەڕی دركاندن,تاكو ئەوپەڕی دەرخستنی نهێًنیەكان,تاكو ئەوپەڕی دان پێدانان .تاكو ئەوپەڕی گوێ‌ نەدان لە گەڵ كەسایەتیەكاندا دەڕوات وختووكەی ناوەوەیان دەدات بۆ هاتنە گۆیەك كە سنوورو قەدەغە كردن وبەرچاو گرتنە ڕەوشتیەكان تێك دەشكێنێ‌ ,بەمەش دەیەوێ‌ مرۆڤ .هەردوو ڕەگەزەكە وەكو ئاوێنەیەك ناخیان تیایدا بخەنە بەردەم زمانەوە,كە هەندێك جار زمانی دەق بەو ئاستە دەگات كە ئیتر تۆ تەنها لە دۆخێكدا بیردەكەیتەوە نەك لە گەڵ كەسایەتیەكدا.بۆئەم تێڕوانینەش لە سەر زمانی تەكنیكی ڕۆمانەكە پێم چاكە ئەم بۆچوونانە لە سەر پەرەگرافێكی زمانی مۆنۆدرامیدا پراكتیك بكەین .نووسەر دەنووسێ‌:
((من ئەوەم چاكەو خراپەم هاوسەنگ نین ,راست ودرۆم هاوتەریب نین ,بێ‌ باوەڕی وئیمانم دوو هێڵی راِست وچەپ ویەكتر بڕن...دەمەوێ‌ لە لای ئێوەدا بە دەنگێكی بەرز دان بە خەتاو گوناهەكانی خۆما بنێم ...رەِنگە ئەم دان پیا نانە جۆرە تۆبەیێك بێ‌ ,ئەگەرچی لە مێژە تۆبەم لە تۆبە كردن كردووە ...ئەمەیان موعەزەز فێری كردم كە هەرگیز تۆبە نەكەم,, ئەو دەمە بە پێی پەروەردەو سەر كوێری ..گەمەكانی من وموعەزەز بە لای منەوە خەتایێكی گەورە بوو..
تۆبەم كرد هەمان ڕۆژ یا سبەی (موعەزەز)تۆبەكەی پێ‌ دەشكاندم ..))ئەژدیها ل130
ئەم لە خۆ ووردبوونەوە هەرە ناخەكی وهەرە خودیەی كەسایەتی چوونەوە سەری دابێكی گشتیی ئەو كۆمەڵگەیەیە كە ناتوانێ‌ وێنەیەكی ڕەوشتیانەی جێگیر بە خۆوە بگرێت,تاكەكان خاوەنی قسەو هەڵًوێست وبیركردنەوەی خۆیان نین,هەر ڕۆژەو بە جۆرێك بیردەكەنەوە,كەسایەتی ,لە ساتێكی بیركردنەوەی خەیاڵیدا وێنەیەكی خۆی دەدۆزێتەوە كە لە واقیعدا ئەو وێنەیە سەركۆنە كراوو گوناهباریە .بەڵام لە دركاندنی واقیعیدا ,هەر ئەو كولتوورە بۆی هەیە هەمان گوناه وتاوانباریەكان بە تۆبە كردن بسڕێتەوە.لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە گرنگیی گەیشتنی كەسایەتیە بەم ئاستەی خۆ خوێندنەوە ,گەیشتنە بە دۆخێكی مرۆیی كە ناتوانین لە یەك ڕوانگەی بیركردنەوەوە هەڵی سەنگێنین,كەسایەتی هەموو پاساوەكانی چاكەو خراپەی یەكسان كردووە.كەسایەتی پێ‌ لە سەر ئەو كولتوورەی پەروەردە كردن دەنێ‌ ودەیەوێ‌ بە ڕاستی خۆی ببینێ‌ لێرەدا پۆرترێتی كەسایەتی وچۆنێتیی بیركردنەوەی وەكو یەك هێڵی تەریبی دیكە هەموو دژ بە یەكیەكانی كۆ دەكاتەوەو هەمان پاساوی كرداریان پێ‌ دەبەخشێ‌ ,بەوەی كەسایەتی بۆی هەیە هەموو پاساوەكانی ناگوناهباری خۆی بدۆزێتەوەو نمایشیان بكات.لە ڕوویەكی دیكەوەش كەسایەتی بۆی هەیە هەموو پاساوەكانی گوناهباری خۆی بدۆزێتەوەو بەرجەستەیان كات,ئەم جۆرە ئاماژانەی كەسایەتیش بە تەواوەتی ڕۆچوونی زمانە لە گەڵ ناخدا.لەگەڵ ئەو ساتانەی هەمیشە گەڕانەوەو دووبارە بوونەوەیان تێدایە لە كرداردا,كردار بە بێ‌ هبچ پاساوێكی نە ڕەوشتی ونە ناڕەوشتی,
لە ڕووی زمانەوە .نووسەر تەكنیكیكی واڵا بوونی زمانی گرتۆتە بەر ,بەوەی زمان لە بەردەم مانا شاراوەكاندا دەكاتەوە,لە ژێرەوەی بنیاتەكانی ماناو هێًماكانیانەوە دەریان دەكاتە دەرەوە,بۆیە هێماكان لەو زمانەدا بزر دەبن.شاردنەوەو نهێنیەكان وەكو ئاوێنە سفت وڕەنگین دەبن وچی لە بەردەمیدا بێت هەر ئەوە دەشكێنێتەوە,ئەمەش ڕۆیشتنێكی سەر تاسەریی زمانە بەو ئامانجەی زمان چیتر نەكەوێتە ژێر كۆنترۆلی كولتوورو ئەو عەقڵًیەتەی دەمامكەكانی كەسایەتی بۆزمان دەدۆزێتەوە,لەمانەش گرنگتر ,نووسەر ۆر بە تەبایی وگونجاوی كەسایەتیەكان دەخاتە بەر بیركردنەوەی خۆیان وكردارەكانیانەوە,ئەو لەوێ‌ تەواو كەری ئەو زمانەیە,ئەو زمانەی میانگیریی تێدا نیەو زمانی بوون وكەسایەتیە لە ڕووە هەرە قووڵ وشاراوەكانیدا.
 
 
ماویەتی