- سڵاو، ئەم كاتەت باش.
نیوەڕۆیەكی مانگی نیسان بوو، ئەو جێگەی كە هەموو ڕۆژێك لێی دادەنیشتم‌ و نیگارم دەكێشا، ئەگەرچی چەق‌ و ناوجەرگەی شار نەبوو، بەڵام شەقامێكی سەرەكی بوو و هاتوچۆی زۆرێكی خەڵكی بەسەرەوە بوو. خانمێكی ڕێكپۆش ئاوەها سلاوێكی لێ كردم. خانمەكە گەنمڕەنگێكی قژخورمایی گەردن بەرز بوو، خوێنگەرم، جیاواز لە زۆرێك لەو كیژە خوێنساردانەی ئەوروپا و كاتێك چاویلكە سوورباوەكەی لە چاوی هێنایە خوارەوە، ئینجا زانیم ئارایشتی كردووە. ئارایشتەكەش لە لایەك لەگەل پێستیدا تەبا بوو لە لایەكی تریش هێندە كاڵ بوو، هێندە لێزانەنەش تەدارەكی دیتبوو، گەر زۆر بە وردی سەرنجت نەدایە، نەتدەزانی ئارایشتی كردووە. من كە سەرقاڵی تۆخكردنەوەی سێبەرەكانی پۆرترێتە تەواونەكراوەكەی بەردەستم بووم‌ و لەسەر كورسییە بچووكەكەم دانیشتبووم، ستاندەكەشم لە هاوشانی خۆم بە كراوەیی دانا بوو، هەستامە سەرپێ‌ و بە ڕێزیكی زۆرەوە سڵاوی خانمە ژیكەڵەكەم دایەوە:
- سڵاو لەتۆ،
هەموو كاتێكت باش.
- دەمەوێت پۆرترێتێكم بۆ بكێشیت.
- بەچاوان، فەرموو دانیشە، با من فایل‌ و ستاندەكەم ئامادە بكەم.
- ببورە، لێرە نا، ئەگەر بتوانیبا بهاتیتایە بۆ ماڵی من، لەوێ‌ پۆرترێتەكەت بۆ بكێشامایە، ماڵەكەم لێرەوە دوور نییە.
خانمەكە جانتایەكی گەورەی لە شاندا بوو، هەتا ئەو كاتە هەر بە پێوە بوو. ئەمەی گوت‌ و جانتاكەی لە شان هێنایە خوارەوە، لەسەر كورسیە بچووكەكە دانیشت. لەم كاتەدا لەیەخەی بلوزە زەردەكەیەوە نیوەی هەردوو مەمكیم بینی. من كە حەزم نە دەكرد لەگەڵیدا بڕۆم، بە ڕێزیكی زۆرەوە گوتم:
- زۆرم پێ ناچێت، دەتوانم هەر لێرە پۆرترێتەكەت بۆ تەواو بكەم.
-ئەوەی من دەمەوێت لێرە جێبەجێی نابێت، خەمی پارەت نەبێت، حەقی ماندوو بوون‌ و كرێی ڕێگاشت بە زیادەوە دەدەمێ‌.
من بە بیانوی ئەوەی كە كات نێوەڕۆیە و نانم نەخواردووە و برسیمە، داوای لێبوردنم لە خانمەكە كرد كە ناتوانم لەگەڵیدا بچم، بەڵام ئەو بیانووەكەی پێ بڕیم.
- كەواتا باشتر، منیش نانم نەخواردووە، دڵت چی دەخوازێَت ئێستا دەیكڕین‌ و لەگەڵ خۆماندا دەیبەینەوە، لە ماڵەوە بە یەكەوە دەیخۆین. هاتم بیانوویەكی تر بۆ نەچوونەكەم بدۆزمەوە، ئەو نەیهێشت قسە بكەم.. گوتی:
- من هەست دەكەم تۆ لە هەموو ئەو وێنەكێشانە بەسەلیقەتری كە هەتا ئێستا دیومن، جگە لەمەش، من دەمەوێت پۆرترێتەكەم زۆر جوان‌ و تایبەت بێت، بۆیە بڕواناكەم جگە لە تۆ كەسی تر بتوانێت ئەم كارەم بە جوانی بۆ ڕایی بكات.
- سوپاست دەكەم، بەڵام دەكرێت هەر لێرە پۆرترێتەكەت بۆ بكێشم.
- تكات لێ دەكەم، من دەمەوێت پۆرترێتەكەم وەكو تابلۆی مۆنالیزا نایاب‌ و پڕبایەخ بێت.
ئەمەی گوت‌ و خانمەكە بە نازەوە بزەیەكی كاڵی بۆكردم، بە هەمان دەستووری ئەو، بەڵام بە گاڵتەبەخۆكردنەوە گوتم:
- خانمەكەم، تابلۆی مۆنالیزا، داڤنشی كێشاویەتی، تكایە من كەی لە ئاستی ئەودام؟
- من هەست دەكەم سەلیقە و دەسترەنگینی تۆ لە ئاستێكدایە، ئەگەر مۆنالیزایەكت بۆ هەڵكەوێت، هیچت لە داڤنشی كەمتر نابێت.
سەرم هەڵبڕی‌ و بۆ تاوێك چاوم بڕییە چاوی خانمە رێكپۆشەكە، لەم كاتەدا بزەیەكی خەمهێنەرم لە نیگاریدا بەدی كرد، پێمگوت:
- سوپاسی هەستی بەرزت دەكەم، بەڵام هەرگیز وانییە، من لە كوێ‌‌ و داڤنشی لە كوێ‌؟
- خۆت بەكەم مەزامە. چەند رۆژێكە زۆر بە وردی تەماشای دەست‌ و پەنجە و پۆرترێتەكانت دەكەم، من وای دەبینم تۆ تەنها مۆنالیزایەكەت بەسە بۆ ئەوەی ناو و شۆرەت پەیدا بكەیت.
- داڤنشی لە كێشانی تابلۆی مۆنالیزادا تەنها پشتی بە سەلیقەی هونەری نەبەست، تۆ دەزانیت ڕۆحی داڤنشی تابلۆی مۆنالیزای كێشا، نەك دەست‌وپەنجەی؟
- گرنگ نییە بە چی‌ و چۆنی كێشا، گرنگ ئەوەیە كە داڤنشی زیاتر لە دوای تابلۆی مۆنالیزاوە ناو و ناوبانگی دەركرد.
- ئەگەر وایە، مۆنالیزا بۆچی (جۆكەندا)ی مێردی نەكرد بە هونەرمەند، یان شاعیر،  لە ڕاستیدا.. خانمەكە نەیهێشت قسەكەم تەوام بكەم، هەستایە سەرپێ‌ و شێتانە دووجار بە دەوری خۆیدا سوڕایەوە. پێی گوتم:
- من چیم لە مۆنالیزا كەمترە، تكایە پێم بڵێ‌: ئایا هەر لەو ناچم؟ من بەبێ‌ ئەوەی بیر لە وەڵامێكی دروست بكەمەوە، پێمگوت.
- بەڵێ‌، بەڵێ‌ گەر لە مۆنالیزا شەنگتر نەبیت، هیچت كەمتر نییە.
- منیش دڵنیات دەكەمەوە، گەر لە كێشانی پۆرترێتەكەی مندا خۆت ماندوو بكەیت، دەبیت بە داڤنشی ئەم سەردەمە!
- من ئیدی قسەی ترم نەكرد بێدەنگیم لە قسەیەك بە باشترزانی كە خۆشم نازانم بە كوێم دەگەیەنێت.
چۆن كەروێشكێك لە شەوی ئەنگوستەچاودا بەر شەوارەی شەوقی چرای ڕاوچیان دەكەوێت، پەلوپۆی دەشكێت، لە جێی خۆی مت دەبێت، منیش ئاوەها لە ئاستی قسەكانی ئەو خانمە شیكە مجرۆ بووم. بە بێ‌ ئەوەی بە خۆم بزانم، بە شێوەیەكی ئەفسوناوی بووم بە دیلی بزە و ناز و تیشكی نیگاكانی.
من ئەگەرچی لە ناخەوە حەزم نەدەكرد لەگەڵیدا بڕۆم، بەڵام نەشمدەتوانی دڵی بشكێنم، پێش ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر چوونەكەم دەربڕم، گوتم:
- چاكتر وایە هەر لێرە، لە بازاڕ نان بخۆین.
- چۆنت پێخۆشە وادەكەین. ئیدی من كەوتمە كۆكردنەوەی قەڵەم‌ و كاغەز و فایل‌ و كەلوپەلەكانم، ئەویش لە دوكانەكەی دەستە راستمان، دوو سەندەویچی بۆ  هەردووكمان كڕی. من پۆرترێتە تەواونەكراوەكەم لەسەر ستاندەكە لابرد و خستمە ناو فایلەكانی ترمەوە، جانتا و ستاندەكەم دا بەشاندا و بەدەم ساندەویچ خواردنەوە كەوتینە رێ‌.. لە ڕێگە خانمە كە خۆی پێناساندم:
- ناوم (جاكلین)ە، تەمەنم (23)ساڵەو بەتەنها دەژیم، ئەگەرچی لەگەڵ تەنیایدا، ئولفەتم گرتووە، بەڵام دەخوازم چیدی بەتەنها نەژیم، پێویستم بەكەسێكە بملاوێنێت، ئایا تۆ ناتوانیت ئەو كەسە بیت؟ من كە هەر لە منداڵییەوە شەرم تێكەڵاوی خوێنم بووە، هەتا ئێستاش زۆر چالاكانە لە جەستەمدا دێت‌ و دەچێت، لە ڕەفتار و بیركردنەوەمدا فرمانم پێ دەكات، هەڵوێستم پێ وەردەگرێت، لە ئاستی ئەم داواو پرسە ناوەختەدا، زمانم تێك ئاڵا، نەبادا خانمەكە رووشكێن بێت، نەمتوانی بڵێم: (نەخێر)، پێمگوت:
- ئەمە رێزو خۆشەویستیەكی گەورەیە بۆ من.
- تۆ شایانی لەمە زیاتریت، هیواداریشم لە ڕێگەی جوانی منەوە ببیت بە داڤنشی. ئەم قسەیەی چەندە ستایش بوو، لەوە زیاتر سەرزەنشت بوو، لە دوای ئەم هەڵوێستە من لە ناخی خۆمدا زۆر توڕە و نیگەران بووم، هەرچۆنێك بوو، توڕەییەكەم شاردەوە، بەڵام بە نیگەرانییەوە گوتم:
- خانم من هەرگیز داڤنشی نیم، من كوردم، لەوڵاتی تۆ بێگانەو پەناهەندەم.
- تۆ دەتەوێت بەبێ‌ داڤنشی ببیت بەمۆنالیزا، ئەمە مەحاڵە خانمەكەم.
- مەحاڵ نییە، تۆ خۆت نەتگوت لەمۆنالیزا دەچم؟
- بەڵام بۆ ئەوەی رۆحی مۆنالیزا لەخۆتدا بەرجەستە بكەیت، پێویست دەكات داڤنشییەك لەدوت بگەڕێت.
- داڤنشی لەدوی مۆنالیزا نەگەڕا، بەڵكو بۆیان سازو ئامادەكرد، جارێكی دیش دەیڵێمەوە: ئەگەر مۆنالیزا نەبووایە، هەرگیز داڤنشی نەدەبوو بەو هونەرمەندە گەورەیە.
- ئەمە راستە، بەڵام خانمەكەم دەبێت بزانیت من داڤنشی نیم.
- تۆ كەنیگاركێشێكی بەبەهرەو بەسەلیقەیت، بۆ ئەوەی ببیت بەداڤنشی تەنها بزەو نیگای مۆنالیزایەكت پێویستە.
- بۆ ئەوەی بزەو نیگای هەركەسێك بەجوانی وێنەبكێشم، لە پێشدا پێویستم بەوەیە ناخی ئەو كەسە ببینم، ئایا دەزانیت ئەمە وتەی داڤنشییە؟
- هیچ پەیوەندیەك لە نێوان روخسارو ناخدا بەدی ناكەم، بە پێچەوانەوە زۆرجار روخسار وێنەی ناخ دادەپۆشێت‌ و دەیشارێتەوە، تۆ پێمبڵێ‌: چی لە گوڵە ژاڵە جوانترە، بەڵام لە ناخدا بۆنێكی ناخۆش‌ و تامێكی تاڵی هەیە. ئیدی من قسەی ترم نەكرد، بە درێژایی ڕێگەو هەتا گەیشتینە ماڵی (جاكلین)، ئەو هەر قسەی دەكرد. من لەم كاتەدا هەر لەو گەڵا پایزییە دەچووم كە نەرمە بایەك هەڵی وەراندبێت‌ و تلاوتل كەوتبێتەوە ناو ڕووبارێكی خوڕەوە.. گەیشتینە بەردەم ئاپارتمانێكی بەرزی چەند نهۆمی، (جاكلین)گوتی:
-ماڵی من لە نهۆمی دووەمە، فەرموو بابچینە سەرەوە.
(جاكلین) پێشم كەوت، چوینە سەرەوە، چوینە ژوورەوە، من ستاندەكەم ساز و ئامادە كرد، فایل‌ و قەڵەم‌ و تەواوی پێداویستیەكانی ترم لە جانتاكە دەركرد، زۆری پێ نەچوو (جاكلین) بە كراسێكی فشی شۆڕەوە ئامادە بوو، یەخەی كراسەكەی بازنەیی بوو، هەتا بستێك خوار گەردنی رووت بوو، بە شێوەیەك نیوەی هەردوو مەمكی بەدەرەوە بوو، قژی لە ناوەڕاستی سەرییەوە دوو لەت كرد و بەسەر شانیدا شۆڕی كردەوە، لەسەر كورسییەكی بەرز لە بەرامبەرم دانیشت، (جاكلین) خەمێكی قورس لە نیگایدا بەدی دەكرا، بە بزەیەكی كاڵەوە گوتی:
-ئادەی بەهرە و سەلیقەی هونەری خۆت بنوێنە، پۆرترێتێكم بۆ بكێشە كە بتكات بە داڤنشی...
 
ئەگەرچی نێوان (جاكلین) و ستاندەكەم هەرچەند مەترێك بوو، بەڵام تا دەهات مەودای نێوانمان فراوانتر دەبوو لە پێش چاوم هەر بچوك دەبوووەوە، تا دواجا جگە لە خاڵێكی بچوك (جاكلین) هیچی تر نەبوو... لەم كاتەدا بروسكەیەك كە خۆشم نازانم لە كوێوە پەیدا بوو، وەكو مانگ بۆم هەڵهات، لە پێش ئەمە، تەمێكی خۆڵەمێشی خەست بەری دیدەمی تەنیبوو، لەگەڵ بڵێچە و بروسكەكەدا تەمەكە ڕەوییەوە و دیدەم لەگەڵیدا ڕووناك بووەوە. بروسكەكە بزە و دوانیگای پڕ لە شەرم‌ و ترسی (شەونم)ی لەگەڵ خۆیدا بۆ هێنامەوە. نازانم بۆ لای ئەو شەوە باراناویە گەڕامەوە، یان ئەو شەوە بە هەموو جوانی‌ و دڵۆپە زلەكانیەوە بۆ لای من هاتووە. ئەو شەوە من‌ و شەونم، لەسەربانی ئەوان ژوانمان لەگەڵ یەكدا هەبوو، شەونم دەرگای حەوشەكەی بە كراوەیی بۆ بەجێ‌ هێشتم، منیش وەكو دزێكی خاوەن حەق سەركەوتمە سەربان، باران بە لێزمە دەباری و نازانم چەندمان پێ چوو، بەڵام كاتێك لە ڕامووسانی یەكدی بووینەوە باران هەموو جەستەمانی شۆردبووەوە، لە دوای ئەم كەین‌ و بەینە، شەونم وەكو سوێسكە هەڵهات، بێ ئەوەی بچێتە خوارەوە، هەورەكە فلاشێكی لێ دا، لەم كاتەدا چاوی من، دڵی من وەكو كامێرایەكی كارا وێنەی بزە و دوا نیگای پڕ لە شەرم‌ و ترسی شەونمی گرت، كە زۆر لە بزە و نیگای مۆنالیزا جوانتر بوو.
-زۆری ماوە پۆرترێتەكە تەواوبێت؟ (جاكلین) وای وت.
ئەم قسەیەی بەردێكی ناوەخت بوو، گۆمی خەیاڵمی شلەقاندەوە، جارێكی دی بەری دیدەم تەم گرتییەوە من بەبێ‌ هیچ قسەیەك پۆرترێتەكەم بەتەواوكراوی خستە بەردیدەی (جاكلین)، (جاكلین) بێئاگا لە حاڵی من، بێڕەحمانە پیاما هەڵشاخا:
- ئەمە كەی نیگاری منە؟ تۆ هەرگیز بەم حاڵەوە نابی بە داڤنشی!
 - ئەمە پۆرترێتی بزە و دوا نیگای شەونمە، تۆش گەر دەتەوێت ببی بەمۆنالیزا، بگەڕێ‌، بگەڕێ‌ بەڵكو داڤنشی بتدۆزێتەوە.