لە شارەکەماندا بەفرێکی بێوچان باریوە، دڵی زەوی ساردە، دڵی شەقام ساردە، مرۆڤەکان سیمایان وەک موسافیرێکی بێشوێن پڕبووە لە غەمگینی بچووک، تراموا و ماشێنەکانی کار بە هێواشی لە جوڵەی بچووکدان، تەنانەت باڵندەیەک هەستی ئەوەی لەدەست داوە کە بەگەورەیی ڕۆژەکەدا بفڕێت. بەم بەیانییە سپییە، کە هەموو ستێک وەک تەمەن بردەیەکی درۆزن وێنەی خۆی دەکێشێت، بەسەر جادە و شەقامەکانەوە. وەک نەسیم مەنزڵم دەگۆڕم و لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر و لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەڕۆم. بە خودا سەرسامم. بەو هێزەی کە تەنها هەناسەیەک لە منەوە دوورە. ترپەکانی دڵم وەک ئەو کیژانە بێدەنگن کە بەسەر بەفرەکەوە دیارن. دەزانم خودا لە مندایە، دەزانم دەتوانێت هەموو شتێک بکات بە ڕەنگێکی سادە. هەموو دیمەنەکان وەک ڕیشی پیرەمێردەکان بگۆڕێت. تۆ ئەمە نازانیت، بەهەر جۆرێک من تێبینی بکەم زەوی خڕە، ئاسمان خڕە، بازنە خڕە کە هەموو کردەیەک دەکاتە کۆپی کردەیەکی دیکە، هەموو ئێشێک بە ئیشێکی کۆنتر تەواو دەکا و مرۆڤ لەم کاتەدا دەڵێت: من ئیدی لێرەدا داهێنەرم. واتە زەخیرەی فیکری هەیە و دەتوانێت لەسەر کارەکەیەوە ببێتە ڕوداوێکی گەورە...گەورە... گەورە.. وەکو ئەو عەزابانە گەورە کە تەنها لە ناو بازنەکەدان. یا ن وەکو ماشێنسوارێک کە لە ناو بازنەکەدا دەرکەوتووە و نازانێت بەتەنها دەتوانێت بگاتە چەقی خۆی. خودا چەقی منە. تەنهایی چەقی ئەو شاعیرانەیە کە ناتوانن لە بازنەکە دەرچن.. دونیا زۆر ساردی کردووە. بە ساردی ئەم بەیانییە بێت، شتێک گەرمایی پێوسیتە بۆ هەمووان، تۆ لەمە نازانیت. سوسیم نییە کە تۆش وەک من لەناو بازنەکەدایت. ئەو بازنەییەی وەک بیلبیلەی چاوەکانت خڕە. بەم بەیانییە کاتێک بیر لە خودا و مرۆڤ و زەوی دەکەمەوە، دەوەستم. دڵنیام کە سینەی مرۆڤەکان پڕ پرە لە زوقم، لە شەختە، لە شتێکیش کە وەک سیخچە بە ڕۆحیاندا دەتکێت. تێگەیشتنم لە فیزیای خوداوەند وەک تێگەیشتنم لە پشت گفتی مرۆڤەکانەوە لاوازە. مەبەستم لەوەیە، ناتوانم شیکردنەوەم لەودیوی دیکەی قسەکانی تۆوە هەبێت. مرۆڤ ڕوکەشێکی قۆڕە. یەک دەم و چاوی بچکۆلەیە کە تەنها دەرەوەی ئاشکارە. مەبەستم لەوەیە بە ڕوو فریشتەیە و لەو دیوی ڕوویەوە ئەهریمەنێکی سەخت. کاتێک قسە دەکەی، نازانم دەتەوێت فریوم بەیت یان نا؟ نازانم ئەسڵەن ڕەحمت هەیە؟ ئەسڵەن وەکو من کە تەنیام تۆش تەنیای؟ چەنێک درۆزنی.. چەنێک گفتم بۆ دەنێری و نایەیت؟ پێت وایە کە منیش وەک ئەو مرۆڤانە گەمژەم کە لەناو بازنەکادا داهێنان دەکەن و دەڵێن: کە من ئیتر جۆرێکی تازەی بەشەرم؟ دیگە هیچ کەس تازە نییە؟  تەنانەت وەک شەراب و ژەهر، تەواوی ئەم سەردەمە کۆنە، بە خودا و ئاینەکانییەوە، بە مسۆدە و کتێبەکانییەوە. بەو ورتەورتانەشەوە کە یەکێک هەر کە دڵنیابوو هیچ کەس دیاری نییە دەیانکات.. ژیان ورتەورتێکی بێوێنەیە.. بەتەنها شاعیرەکان لەم خەتە سەیرانە تێدەگەن. چونکە  شاعیرەکان بەشوێن قەبرێکی گەرمەوەن، بەشوێن سڵاووێک و بەشوێن دەستڕاوەشاندنێکی هێواشەوەن، تا بێ شک بژین لەوەی کەسێک یادیان دەکات. بێ شک بژین لەوەش کاتێک دەمرن کەسێک هەیە پێیان بڵێت . وەیش...مرد.. هەموو گەڕانەکانی مرۆڤ لەناو بازنەکەدا تەنها بۆ ئەوەیە کەسێک شک بەرن بڵێت: وەیش... شاعیرەکان چەند بچکۆلەن، کتێب نووسەکانیش بەقەدەر ئەو دەستانە گچکەن کە من ناویان دەنێم بووکەشوشەی بەفر. هەر بەڕاست دە تۆ کوایت؟
 
هەموو ئەم بەیانییە سپییە بەشوێن ڕەنگەوە نیم، تەنها ئەوەیە بە گەورەیی یەک ئاسمان بیرت ئەکەم. لە یادمایت و تەماشای کچە غەمگینەکان دەکەم، لە دوورەوە وەک بەورێک بۆ نێچیر لە کەمیندا بێت، بۆیان لە بۆسەدام.. پێت وانەبێت کە من ئازام.. کە من دەتوانم بە کچ حەرفێک بڵێم. هەر بۆ ئەوەی من لەو مرۆڤانەم سەروکارم دوورتر لە کچ دەڕوا و تا ڕادەی بێمتمانەیش شەرمنم. تەنانەت لە نزیکیاندا ئاو دەکەم.. دەلەرزم، دەپەشٶکێم و هەموو خوێنی دڵم دەچێت لە دەموو چاومەوە. هەر وەکو چۆن مرۆڤ لە بازنەکەدایە و دەچێت لە گووەوە. یان دەچێت لە تیشک و بارانەوە. یانیش ناچێت لە هیچەوە و بۆ خۆی دەبێتە شاعیرێکی بێ دێڕ.. سەیرم کە چەند بێزارم لە خاک؟ ئەمە شتێکە وەک شیعر، من بم وا نانووسم.. وانوسین درۆیە... هەموو کەسێک غەمگین نییە لە خاک. تەنها ئەو سەرۆکانە لێی دەتۆرێن کە شتێکی بۆ بەخشیش تێدا نادۆزنەوە.. هەموو ڕوقییەکانی دەبەن و دەیکێشن بە بازنەکەدا. هەموو بەهەشتەکانی دەبەن و دواجاریش وەک پەناهەندەیەک ، شەنسی لە دەستوریاندا نامێنێ و وەک پەڕۆیەکی خوێناوی توڕییەدەن. زۆر کەس نیشتیمان توڕ نادات، نیشتیمان توحفەی هەموومانە... هەر بۆ ئەوەی نامانەوێت خزمەتی گەورەی لێ وەربگرین. سیاسەت...سیاسەت.. من بیرت دەکەم و بیریش لە سیاسەت دەکەمەوە. بەم بەیانییە سپییە، کە هەموو شتێک وەک پرچی داپیرەم یەک ڕەنگی لێی داوە. بیر لەو ڕێبوارانە دەکەمەوە، کە سیاسەتی کار بەم زوقمە دەیانجوڵێنێت. بەم بەفرە دەیانبا و بەدرێژایی ڕۆژەکە وەک حەیوان درۆی گەورە دەکەن. درۆی بێئەندازە گەورە... وەک ئەو دەستە ڕووناکانە گەورە کە بازنەکەی بۆ ئێمە درووست کردووە و ناشییەوێت میزی پیابکەین. ئای جەنێک بیرتەکەم.. ئەگەر لام بویتایە دەربارەی خودا قسەی زۆرمان دەکرد. دەربارەی مرۆڤ و دەربارەی نیشتیمان و سەرۆک.. دەربارەی زیخێکیش کە دەتوانێت کونێکی بچکۆلە درووست کات.. کونێک بەقەد ئەوەی یەک جار بڵێی چۆنیت؟ یان یەک کەرەت لەسەر قاچێکت ڕاوەستی و بڵێی کە سیاسەت قاچی بڕیمەوە دەشێت ئاوا بژیم؟ بەم بەیانییە زووە کە ڕاوەستاوم و کە بیر لە گەردون و لە تۆ بەیەکەوە دەکەمەوە. خەریکە قیتارەکەم دەگات. خەریکە سواری واگۆنێک دەبم و لە جەقی بازنەکەوە دەمبات. ناگەمە هیچ جێیەک، هیچ ماڵێک، هیچ باخێک. تەنها ئەوەیە وەک میکرۆب لە خڕێتی زەویدام و پێدەچێت کەسێک نەخۆش بخەم. ژیانیش پڕ پڕە لە میکرۆب.. میکرۆبێک کە مرۆڤ درووستی کردووە و لە مرۆڤەوە دەزێت و لە مرۆڤەوە دەگاتە ناو دڵی سیاسەت. بەڕاست چەنێک تەنیام.. هەر ئەمەیە کە وا دەزانم چاوەڕوانی تۆم و لە هەبوونت ئاگاداریم نییە. تۆ بگری.. بە هێزی خۆت بگری..وا بگری کە هەست بکەم  کاریگەریت لەسەر بێگانەییم کەمە. وا بگری کە بۆ فۆرمی تەنهایی و نیگەرانیم بشێم. لەوێندەر چی باسە؟ لەو دیوی بازنەکە، لەو شوێنەی خودا بە بەرزی دەر دەکەوێت و هەموومان لەمدیو دەیکوژین؟ ئای چەنێک نیگەرانی دونیام.. بەم بەیانییە زووە. کە دونیا وەک باڵی کۆتر سپییە. ناتوانم ئیتر بیرت بکەم. تۆ لە سەر شانمی و بە تانیام. ئیتر بیر لە هیچی خراپ ناکەمەوە. ئەوە نەبێت کە بشێت قرتان لە بازنەکەدا درووست کەم.. تێی پەڕێنم.. لێی دەرچم.. ئەمە زەحمەت بووە. وەک تیر دان وایە لە سفر.. سفرێکی بچکۆلە، بەقەد ئەو بازنەیە بچکۆلە کە هەموومان لەناو ڕەحمیدایان و دەشی گێێن. بیر لەم گوتەیە بکەرەوە؟ چەند بێحیشمەتانە ڕووتبووە. وەک بازنەکە و وەک خڕێتی زەوی و وەک سفرێک کە مرۆڤ ژمارەیەک دەخاتە سەردەمی و ناهێڵێت قسەی دڵی بکات. ناهێڵێت ئازادانە بڵێت: بەم بەیانییە زووە کە دونیا سپییە و کە بازنەکە ڕوتە و کە مرۆڤ درۆ و سێکسی تیا دەکات. دونیا وەک ژەهری مار کۆنە. وەک شەراب و وەک حوشتر و وەک تف کردن لە خاک.. وەک ڕاونانی سەگێک بە بێ هۆکار. وەک کتێبێک کە ئەدیبەکان دەینووسن و پێش ئەوەی بزانن کە کۆنە، دەڵێن داهێنەرین....! 
 
سەیرکە ئەم قەحبەخانەیەی کە ناوی لێنراوە دوونیا چەند کۆنە؟  کۆنی دونیا وەک کۆنی جوتێک کەوش.. وەک کۆنی خۆراک لە ناو سکدا قێزەونە.. تۆ بیر لە من بکەرەوە.. بیر لەوەی بەم بەیانییە سپییە کە ڕەشی بەسەر دەستی مەردومەکانەوە بۆتە زەیتون و خام.. من بەسەر جادەکانەوە بە فێڵێک لە ڕزگاری خۆمدام.. یەک فێڵی قوماربازانە.. کە توانای هەیە وا بکات کەمتر غوربەت لەناو سەرمدا گەرای بچووک بخات.. کەمتر شپرزەییم لە ڕەوتەکانمدا وەک ماتەمێکی خەست لەبنەوە پیچ بخوات.. لوول بێت..  بئاڵێ و وەک گێژەنێکی خڕ هەموو من خاپوور کات.. هەموو من لە هەموو جێیەکمەوە بهاوێتە سەر خاک... من موبتەلای خاکم... موبتەلای پێچکردنەوە بە سەدان لۆف و فەرع و دۆڵدا.. من موبتەلای  زەویم کە زەوی نییە بەڵکوو من ناوێکی دیکەی لێبنێم.. ئای هەمدیس تۆ لە کوێێت؟ بەوەی تۆ لێرە نیت.. من وا لە خۆم دەکەم وەک شێرپەنجە هەموو میوە گرانەکانی ساڵ بۆگەن بن.. هەموو ئاوەکانی دونیا ببنە ژەهر.. هەموو خۆراکە پێویست و نا پێویستەکان ببن بە نەخۆشی و درم.. کە تۆ لێرە نیت و من دەڵێم لێرە بە.. شتی گەورەم لێ دەقەومێن.. تۆ ئەمە نازانیت.. من ئەزانم تۆ ئەوە نازانیت کە چیم لێ دەقەومێت.. ئەوەی کە هەزاران مرۆڤ بە هەزاران دەست و قاچ و ڕووخساری زیادەوە لێی هەڵدێن.. ئەوەی وەک پارچەخامێكی فڕێدراو لەگەڵ خاک و خۆڵدا دەس تێکەڵ دەکەم و دەبم بە پیسترین وێنە.. پیسترین دیاردە لەسەر خاک.. وادەکەم مێروولە پێم لێنێت.. چۆلەکە و باڵندە فڕیوەکان ڕیقەنە بکەن بەسەر هاوارەکانمدا.. من لێم دەقەومێت و لێرە نیت.. لێم دەقەومێت و توش دەبم بە توشی دەیان خۆکوشتنی جیاوە..  دەڕۆمە سەر فالێزێکی دوور دوور.. لە بەرزایی دەیان پێوە سەیری دەریا دەکەم و دەڵێم پایانم کە تۆ نیت ئێرەیە.. هەنگاوێک وەک دواهەمین گوژم دەگەڕێمە دواوە و بە هەموو هێزی خۆم دووچاری فڕێدانی خۆم دەبمەوە لە فالێزەکەوە بۆ دەریا.. بۆ ناو ئاو. بۆ ناو ئەو شەپۆل و هاژانەی دڵنیام دەبن بە دواهەمین زاکیرەیەک کە بوونم بە جێی دەهێڵێت.. وەک وێنەیەکی گیراو لە ساتێکدا هەموو دونیا و ئەستێرە و با و بارانەکان لە مندا دەوەستن.. دەوەستن و دایکم دۆعا دەکات..  وەک منداڵ دەگرییە و ئاهی قووڵ نەزگەرە لەگەروویدا دەخولقێنێت.. باوکم وەک پیرترین باوکەکانی دونیا کتووپڕ بیر لە گۆچان و گاڵۆکە غەمگینەکانی دەکاتەوە و دڵنیایە دوای من چاویلکەش دەبێت بە تووشیەوە. خوشک و براکانم هەر یەکە و بەجۆرێک لە سەر من دەوەستن.. هاوڕێیەکم دەچێت بۆ پزیشکێکی دەروونی و دەربارەی دواهەمین ئەنجام قسەم لەسەر دەکەن.. مردنم دەکەنە هۆ.. سەدان دکتۆر دەچن و ئاخیری کار ناگەنە سەر ئەسڵی من.. ئەسڵی ئەوەی کە لە یەک چرکەدا هەموو بوون لە دوامەوە پارە بووە.. ئەسڵی ئەوەی قاش قاش ڕۆژەکانم وەک دواهەمین یادەوەری دابەش دەبن بەسەر دەروونی فامیلەکەماندا.. مامۆستاکانم لە تەختە ڕەشەکە دەنووسن ڕۆژێکی تر.. برادەرەکانم دۆستی تازە دەگرن.. خوشکەکانم شوودەکەن و مناڵی جوان جوانیان دەبێت.. براکانم هەر کەسەو دەچن بۆ شار و وڵاتێک. دایکم گریانی خۆش ناکاتەوە و بە باوکم دەڵێت: ئەو کوڕە بێنازەی من کوا.. ئەو کوڕەی وەک یوسف کراسەکەی دیارە و خۆی نا.. باوکم دەگری.. دەگری و گریانی بچووک بچووک وەک ڕووداو لەسەر نیگاکانی دەکەون.. دەگری و بەرماڵەکەی ڕووەو خوا بەرز دەکاتەوە.. دەستنوێژێک دەشۆرێ و دەڵێت خودایە یوسفەکەم کوا؟ خودایە تۆ پەنای بێ پەناکانی.. خودایە تۆ لەکوێێت؟ خودایە یوسفەکەی من کوا؟ دایکم کە لەهاوارەکانی باوکم حەپەساوە خراپترین وێنەم دەگرێت بەدەستییەوە و وەک شێتێکی پەنهان ژوور بە ژوور تاعزێ دەگێڕێت.. دەست دەکات بە شیوەنی درێژ.. شیوەنێک ئەم ئاسمانە بەسەر سینەی باوکمدا دەڕمێنێت.. گرێێ فەقیانەکانی سەر شانی دەکاتەوە و لە بنی بنەوە دەیان بڕێت و وەک نوشتە دەیخاتە سەر پۆشاک و جلە جێماوەکانی من.. ئەو جلانەی کە هەر دڵنیابوون  سەفەری یوسفەکەیان ئەبەدییە.. یەک یەک و تاقام تاقم دەیدەنە مناڵانی هەژار.. دەیدەنە سواڵکەر و قەرەجە تەنهاکان.. هەر لەوکاتەدا جلەکانم دەبەخشرێن.. دایکم دەڵێت دۆعا بۆ کوڕەکەم بکەن.. دۆعای بۆبکەن کە سەلامەت دەبێت.. دۆعا بکەن کە کووڕەکەی من گوورگ نەی خواردووە.. کە کوڕەکەی من دێتەوە و بین دەنێت بەو فرمێسکانەمەوە کە بە هەراشی لە تاڤگەکردندان.. دۆعای بۆ بکەن کە ئەمەم بۆ دەکات.. دە دەی.. دە دەی دۆعای بۆبکەن کە بیست و پێنجار دەست دەدەم لە جلەکانییەوە.. کە هەزاران جار ماچی دەکەم.. دە دەی.. سسالەکان دەڕۆن و دایکم پیر تر دەبێت.. ڕۆژی تازە دێن و باوکم بۆتە یاعقووب.. جاوەکانی وەک گڵۆپێکی دوورلە تەمدا بیبینیت کز دەبێت.. هەر ئەوەی کە گووتم.. چاوەکانی کز دەبن و تۆ هەر لێرە نابیت.. یانی هەر ناتەوێت لێرە بیت.. من ئەمە دەزانم.. تۆ ناتەوێت لێرە بیت و فامیلەکەمان دەبێت بە هەزار بەشەوە.. لە دوای من سەدان کارەسات ڕوو دەدەن.. سەدان کەس دەمرن و تۆ هەر لێرە نابیت.. لێرە نابیت و من دەمرم.. دەمرم و وەکو کات هەموو ئەو چرکانەش دەخۆم کە منیان خواردووە. هەموو ئەو ڕۆژانەش کە بێپەیمان بووم و بێ ئەوەی تێبگەم چەند کۆنم... لەسەر دیوارێک بە خەتێکی نا ئاشنا دەنووسم: بەم بەیانییە سپییە.. کە هەموو ئەم شارە وەک هەڵواسینی مانگ بە ئاسمانەوە سپییە.... من بیرت دەکەم و دەشزانم.. بیر کردنەوە لە تۆ.. وەک شەراب و ژەهر..  وەک مەلەک و شەیتان.. وەک دەریا و ئاسمانەکانن کۆنە....
 
           ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
خوێنەری ئازیز.. 
ئەم نووسینەی لە بەردەستی ئێوەدایە.. پەیمان بوو لە ژمارە ٦١ ی گۆڤاری هەناردا بڵاوبکرێتەوە کە بەشێکی زۆر لە کارەکانی من لەو گۆڤارەدا خوێنەر دەیان بینێت.. پاش مانگێک لە ناردنی ئەم نووسینە.. خۆم لە ناردن و بڵاوکردنەوەی بوارد و پەشیمان بوومەوە لەوەی خوێنەر ئەم تێکستەی ئێمە ببینێت و حیسابی لەسەر بکات.. هاوکات نامەیەکم بۆ کاک موحەمەد کوردۆ نارد.. کە لە ئەلتەرناتیفی ئەم نووسینەدا چیرۆکێکم بۆ بلاو بکاتەوە. هەڵبەت سوپاسی کاک موحەمەد کوردۆ دەکەم.. کە داواکەی ڕەت نەکردینەوە و چیرۆکەکەی لە جێگای ئەم نووسینە لە هەناردا بڵاو کردەوە.. چیرۆکەکەش بە ناوی.. هەتاو چەند نزم بۆتەوە؟ ئەم تێبینییە تەنها بۆ ئەوەیە کە خوێنەر تێبگات لەوەی کە زەمانی نووسینی ئەم تێکستە دەگەرێتەوە بۆ ٧ مانگ پێش ئێستا و من لە ئێستادا بە مەجبووری لەسەر داوای چەند برادەر و هاورێیەک لە ماڵێک لە ئاسماندا دای دەبەزێنم.. بەو هیوایەی ئەم کارە مەزاجی فیکری و لێکتۆری ئێوە نەشیوێنێت.... حسێن ئەحمەد..
 
 

فرانس