مرۆڤ جگە لە ڕووەکێک لە بێهێزترین و لاوازترین ئەو ڕووەکانەی لەسەر زەوی و لە ناو تەبیعەتدان شتێکی تر نییە. سەرەڕای ئەوەی لاواز و کەمدەست و بێهیزترە لە تەبیعەت، وەلێ ڕووەکێکی خاوەن هۆشیاری و بیر کردنەوە و ئەفکارە.. خۆپڕچەککردن و هەوڵدان و ئیشکردنی سرووشت لەسەر سڕینەوە و پیشێلکردنی ئەم ڕووەکەی ناوی لێ نراوە مرۆڤ بە پێویست نازانم.. چونکە هەڵمێک یاخود قەترەیەک ئاو بەسە بۆ ئەوەی بیکوژێت. لە دوای هەوڵ و کۆششەکانی گەردوونەوە بۆ کوشتن و پلیشاندنەوەی مرۆڤ ناتوانێت مرۆڤ بچووک بکاتەوە.. بەوەدا کە مرۆڤ دەفیکرێ و هۆشیارە بە خۆی و بە دونیا.. لە سرووشت و کۆی ئەوانەشی لە سروشتدان مەزنترە. گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە کە لە رێگای بیرکردنەوەوە دەزانێت کە دەمرێت. بەڵام سەرەرای هەموو ئەو قورسایی و گراندۆرانەی سروشت لەسەر مرۆڤ دای دەنێت. لە خودی مرۆڤ بچووکترە. بەوەدا گەردوون بیر ناکاتەوە و وەک مرۆڤ ئاگای لە مەرگی خۆی نییە..
 
بالێز پاسکال، Pensés( ل136)
 
 
بەڕۆژدا دەڕۆینە ئیش و ئێواران دێینەوە بۆماڵ..
ئەمە حاڵی مرۆڤی تازەیە..
دەبێت بۆ درووستکردن بژین..
دەبێت بژین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کارەوە بە خودای بسەلمێنین ..
بۆ سەر زەوی باشین..
دەبێت بیسەلمێنین بەکەڵکی هەناسەدان دێین..
بە کەڵکی ئەوە دێین ئیشبکەین و زەوی ئاوەدان بکەینەوە..
کاپیتالیسم بێتەربێتی کردووین.
هەموومانی گۆڕیوە بۆ برغوو.. بۆ واشەر.. بۆ ئاسن
هەموومان گۆڕاووین بەوزەی گەیاندنی فڕۆکە بۆ ئاسمان..
هەموومان بووینەتە ڕووداوی بچووک بچووک.. لەناو شارەکاندا
من ئێستا کارخانەم... سەردەمی تازە وا دەلێت
کاپیتالیسم تەنگی بە خوا هەڵچنیوە...
تەکنەلۆژیا دەیەوێت پەلاماری ئاسمان بدات...
خوایە فریشتەکانت بپارێزە
خوایە بەچکەکانی ئادەم بپارێزە
خوایە خۆت بپارێزە
لە شەڕی شەیتان و شەڕی تەکنەلۆژیا و جەنگی سەردەمی نوێ
شەو بەسەر شارەوە سێبەری کردووە
گڵۆپەکانی سەر شەقام داگیرسان
من و تۆ یەکتری نابینین...
من و تۆ دەتوانین توشی ئایدس نەبین
بەوەدا لەلای یەکتر نین و بە تەلەفوون سێکس دەکەین
بە فایل نوتفەی یەک دەنێرین بۆ ئەو پەڕی دونیا...
تەکنەلۆژیا ئەمەی خراپ نییە
بەڵام... ئەگەر هەڵە نەبم.. ئەشکەنجەی سەردەمی نوێ چات و تەلەفوونە
ئەگەر هەڵە نەبم.. ڤایرۆسی ئەم سەدەیە کۆمپیوتەرە
خوایە کۆمپیوتەر و تەلەفوون و چاتمان لێبستێنی و
بمانبەیتەوە بۆ سەر بیرەکانی کەنعان
خوایە فڕۆکەمان لێبستێنی و بە هێستر بماننێریت بۆ سەمەرقەند
خوایە تەکنەلۆژیامان لێبستێنی و کتێبەکانمان بەدەستنووس بۆ ڕەوانە بکەیتەوە
چەند ڕقم لە گۆتان بێرگە... چەند سەرسەختانە بومەتە ڕەقیبی گراهەمبێڵ
ئەگەر بە دەستی من بووایە.. زوو کێربێرگم بە تف دەکوشت
یان تیرم دەنا بە سەر دڵی مارتان کۆپێرەوە
ئەمانە مرۆڤیان کردە بەرد و دیوار و قایشی بەستنی پارەکانیان
ئەمانە.. بە زانست.. مرۆڤیان ڕاهێنا فێری گەمژەیی بێت
ئەمانە بە عەقڵ.. مرۆڤیان کردە ماشێن و دڵیان وەک پەنجەرە شکاند
خوایە من چەنێک دڵم شکاوە... خوایە حەقی دڵی من بستێنیت
خوایە بە سادەیی دەلێم... حەقم لەم شارە.. لەم وڵاتە.. لەم خاڵکە بستێنیت
کە دڵیان بردم و.. سەعاتێکی ئەلیکترۆن لە شوێنیدا شکستەکانی منیان بۆ دەژمێرێت
خوایە حەقی من.. لە پیاوی ناحەق و ژنی ناحەق و سەردەمی ناحەق بستێنیت
ئاخر من بڵێم چی؟ تووشبووم بەم ڤایرۆسە و
هیوامە بە ئیمێڵ وەڵامی دۆعاکانم بۆ بنێریتەوە؟
دەمەوێت ئێسێمێسێک کە دەنێرم بۆ تۆ.. هەموو عەبەسەکانی منی هەڵگرتبێ و
هەموو برینەکانم بە تۆ بگەیەنێت..
خوایە تەلەفوونم بۆ بکە... خوایە نامەم بۆ بنێرە... خوایە بۆ لە یادت کردووم
خاچی سەردەمی نوێ... تەلەفوون و چاتە... هەموومان لە گیرفانماندایە
خوایە.. بازاڕ و ماڵ .. پاس و میترۆ..
مزگەوت و.. قەحبەخانەکانیش پڕن بوون لە خاچ
ئەم خاچە... خاچی هەموومانە... جگە لە حەزرەتی مەسیح
خوایە.. خودای من... بۆچی بە تەنها جێت هێشتین..*
بەم هەموو خاچە بێت.. ئێمەش بووینە یەسوع
بەم هەموو خاچە بێت.. دەبێت بمان بەیتەوە بۆ لای خۆت..
دەبێت هەڵمان کێشیتەوە .. دەبێت پیغەمبەری تازە بۆ زەوی بنێری
من ڕقم لە خاچە و مەسیح لە یادگەمدا بە ئازارەوە دەناڵێنێت
هاواری من.. لە هاواری یەسوع گەورەترە.. بەوەدا کە تەنیام
یەسوع لە من غەمگینتر و... من لە یەسوع زەلیلترم
من کۆیلەم بەدەست سەعات و خشتەی گەیشتنی قیتارەوە
من و جادەیەک.. من و فڕۆکەیەک..
من و قەمەرەیەک وەکو یەک قورسین لەسەر زەوی
من و تۆپێکی باغە.. غەمگینین لە دونیا..
من و تۆپێکی باغە.. ماندووین لەو ژیانەی.. پێکەوە دەمانداتە بەر شەق
من بە شەقی ژیان دەچم بۆ کار..
تۆپێکی باغە بە شەقی ژیان دەگاتە گۆڵ؟
کەوابوو جیاوازی چییە؟
جیاوازی چییە لە نێوان من و شەمەندەفەرێکدا؟
هەردووکمان بە ڕادەی عاز بوونی زەوی کات دەگوێزینەوە
هەردووکمان وا دەکەین زەوی تووڕە بێت و مانگاکان شیری سپی نەدەن
میریشک بەهێلکەکانییەوە بڕوات و دوور بمرێت..
هەردووکمان وا دەکەین.. ماس وەک ماس نەمەیەت..
هەردووکمان ئومیدی پاشەڕۆژ پیس دەکەین
کە من لە دایکبووم... خودا منی وەک برغویەک
بە زەوی بەستەوە..
کە من لە دایک بووم.. باوکم دۆعای دەکرد نەبم بە مێز
خوشکەکانم دەگریان.. نەبم بە تەرمیناڵ
من ئێستا ئەمانەم
من ئێستا بەجۆرێک ئاسنم... زەویم پەشیمان کردۆتەوە لەوەی منی هەیە
بەجۆرێک بومەتە باخیرە... دەریاکان تف دەکەن بەسەریاندا دەڕۆم
خوایە حەقی من بستێنیت... خوایە.. ئەوەی منی گۆڕی وەکو ئەیووب گول بێت
ئەوەی منی گۆڕی بە ژەهرەوە بچێت بۆ بینینی زولفەقار
خوایە.. حەقی من بستێنیت... کە لە مرۆڤەوە گۆڕیمیان بۆ ڕۆبۆت
کە لە مرۆڤەوە گۆڕیمیان بۆ چاپخانەی گەورە و چاوەرێن
کۆپی تۆ بڵاو بکەمەوە...
خوایە دۆعاکانم بکەرە مانشێتی ڕۆژنامەکانی خۆت
خوایە وا بکە.. فریشتەکانت لەسەرم بنووسن
خوایە وا بکە... ئادەم لە بوونی خۆی شەرم بکات
خوایە تەلەفوونم بۆ بکە تا بەزەلیلی پێت بلێم چۆن تیاچووم
خوایە تەلەفوونم بۆ بکە تا بیزانیت ئێمەی ئینسان بە دزی یەکترەوە چەند تەنیاین
ئێمە ئەو کاتانە تەنیاین.. کە بەیەک نازانین کە تەنیاین
سوێند دەخۆم خەلەل لە شوێنێکدا هەیە..
سوێند دەخۆم.. هێندە غەمگین دەژین.. کەس ناهێنینە پێکەنین
هێندە کەسیف دەژین... کەس چاوەرێی خەندەمان لێ ناکات..
 
 
 
تێبینی:
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
گراهەمبێڵ.. خالقی تەلەفوون
گۆتان بێرگ.. داهێنەری چاپخانە
زوکێربێرگ.. درووست کەری فەیسبووک
مارتان کۆپێر... بەدیهێنەری تەلەفوونی دەستی...
خوایە.. خودای من.. بۆچی بە تەنیا جێت هێشتم؟... گوتەیەکی مەسیحە بەسەر خاچەکەیەوە...
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ