هێشتاكە باوەڕم وەها بوو خودا كەسێكی تر بۆ ئێرە دەنێرێ
مردووەكان جارێكی تر دەتوانن بگەڕێنەوە سەرزەوی.
ئاسمان بە مرۆڤ متمانە دەكا لەسەر سەری ڕاوەستێ.
هێشتاكە باوەڕم وەها بوو
گەڵا دەتوانێ جارێكی تر سەوز بێت.
دەریا ئەوەندە لە ماسی عاجز نییە نەیگرێتەوە خۆی.
ئەسڵەن درەخت دەتوانێ میوە بگرێ.
هەتاو كەسێكی تر دەدۆزێتەوە بۆی هەڵبێت.
دایكم، براكانم نانێرێتەوە بۆ جەنگ.
باوكم لەبری سەری خائینان داوامان لێ دەكات
بچینەوە ژووانی دەزگیران.
****
هێشتاكە باوەڕم وەها بوو
بەیانییەك هەڵدەستم و مانگ لەنێو دەستما دەبینم.
( مووسا بە قورئان سوێند دەخوات، گەر گەڕایەوە سەرزەوی
عەساكەی بداتە "شارلی شاپلن" تا پێبكەنین )1
****
هێشتاكە باوەڕم وەها بوو
بەناو تەپوتۆزی سەدەكانا دەڕۆیشتم و دەگریام.
بەسەر سەری ژەنەراڵەكاندا دەپەڕیمەوەو
بەیانیم نرخی ئەوەی نەبوو
میداڵەكانیان هەڵگرم
لە سەفی نوێژكەرانا دەوەستام و نەمدەزانی بۆ كێ چوومەتە ڕكوع!
بۆ كێ چوومەتە سووژدە
بۆ كێ بوومەتە عەبد.
هیچ شتێك ئەوەندەی مردن ئومێد نەبوو.
دەستەكان لە جەستە نەدەهاتنە دەنگ،
زمان دێڕەكانی خۆی ون دەكرد ... تەنها دەیتوانی هاوار بكات:
( سیاسەت ... سیاسەت )
سیاسەت لەبری خودا فەخری بە سەرزەمین دەفرۆشت.
من لەبری دۆست بانگم لە دوژمن دەكرد، نەیەڵێت هەتاو بەو ئاسانییە تێپەڕێت،
تكا لە خوا بكات، باران ببارێت.
مانگ بكەوێتە ئاسمانەوە.
شتێك بكات زەوی جارێكی تر تەكان بخوات.
با "هەوا" ئەوەندە پیس نەبێت.
یان خودا بیپەرژێتەوە سەر من،
هەر باشە شەیتانیش ببێ بە دۆستم.
هەر باشە جەهەننەمیش ببێ بە مەئوام.
****
بانگم لەو پیاوانە دەكرد كە درگاوانی خواكان بوون.
لەو سەركردانەی هێشتاكە نەیدەزانی بۆ دەجەنگن.
لەو شاعیرانەی كە نەیاندەزانی بۆ دەنووسن.
لەو سیاسییانەی كە نەیاندەزانی بۆ دەچنە كۆنگرە.
لەو سۆزانییانەی كە دڵیان ئەوەندەی دەستەكانی من سارد بوو.
لەو قوماربازە پیرانەی كە ڕۆحیان دەخستە سەودا،
كەس دەربەستی زەوی نەبوو.
ڕاوچییەكان بە خۆیان و نێچیرەكانیانەوە بە لامدا ڕەت دەبوون و دەیانوت:
ئەی ئەوەی تاریكی ئاڕاستەی گۆڕیویت.
ڕێگای خۆت لەم حەشرەدا ونكردووە.
بەیانی .. نێچیری ئێمەیت.
****
سوپاكان بە خۆیان و خودەی بەجێماوی سەربازەكانەوە
بەو سەنگەرانەوە كە لە گەنجێتی دەخواردن
بەو ساڵانەی كە لە بەختیاری دەریدەكردن
بەو ڕۆژانەی كە خوێنیانی خستە سەردەست
بە هاواری كوژراوی گەروویانەوە دەكوژران.
بەسەرما تەپ دەكەوتن و جاڕیان دەدا
ئەی ئەوەی ژیان لەژێر پاژنەتا خزیوەو
زەوی دەستی لەم بازاڕەدا بەرداویت،
گەردنت بۆ تیری خوداكان ڕاگرتووە ..
خوێنی تۆ ئارامی حاسڵ ناكات.
هەر جۆرێك بە زەویدا هەڵگەڕێیت
دەكەویتە نەفرەتی خۆت.
دەریاوانەكان بە سواری بەلەمە شكاوەكانەوە
سەوڵیان لە خوێنم ڕادەداو دەیانگوڕاند:
بە هەڵە مەگەڕێ بەدوای ماسی سپی ئەم بەحرا
ئێرە جیهانی گەورەیی بەلەمی دزراوە، سەوڵی چی ؟
بە هەڵە مەگەڕێ بەدوای ڕۆحی سپی ئەم بەفرا
ئێرە جیهانی گەورەیی دزراوە، ڕۆحی چی ؟
****
كاروانچییەكان بە خۆیان و قافڵەكانیانەوە تیاما دەكەوتن.
نائومێدی لەبری خوێن بە دەمارەكانما دەگەڕا
دەمڕوانییە بەرپێی خۆم، بانگم دەكرد:
( دونیا كەوتووەتە بۆشایی
دونیا كەوتووەتە بۆشایی،
زەوی وەك جاران تەكان ناخوات ..
بڕوا بكەن كەس نە زیندووە نە مردوو . )
دەڕۆیشتم وەك بەلەمێكی شكاو قووڵایی گومڕای دەكردم.
وەك پاڵەوانێكی دۆڕاو، كە گورزی دوژمن ناپێكێت
بانگم دەكرد:
كوا ڕەوایە خوا سووكانی زەوی نەگرێت؟
كوا ڕەوایە درۆ و ڕاستەقینە یەك بێت؟
كوا ڕەوایە جەننەتم لە جەهەننەم بێت؟
****
دەستم لەو خەنجەرانە ڕأدەگرت كە بە لاما تێدەپەڕین و هیچیان نەدەوت.
لە تفەنگ دەپاڕامەوە، لەسەرم بووەستێ.
هیچ نەبێت كراسەكەم خوێناوی بكات.
با بزانم مردووم یان زیندوو؟
بە تاریكیم دەوت:
( بمكوژە
با هەتاو بە خوێنی من هەڵسێ،
نوور لەسەر جەستەم ڕەها بێ. )
****
سییەكانم بە ئاهی ئەو كچانە دەسووتان
كە كەلەسەری عاشقەكانیان خستبووە سەر دەستیان و دەگریان.
لەبری وەرزەكانی ساڵ شەڕی سەدەكانیان دەژمارد
جەنگی یەكەمی شكست
جەنگی دووەمی شكست
جەنگی سێیەمی شكست.
بە منیان دەوت:
( ئەی ئەوەی بە جانەوەرەكانی بیابانەوە باڵق بوویت،
زەوی بەشی هاوارەكانی تۆ ناكات . )
 
 
1. پێچەوانەكردنەوەی دێڕێكی شاعیری هاوچەرخی ئێرانی ( شەمسی لەنگرودی)یە.