(قسەیەک دەربارەی سنووری نێوان ئازادیی بیروڕا و سوکایەتیی بە پیرۆزییەکان)
 
فاروق ڕەفیق
سیروان عەبدول

دەوترێت ئەو ئالۆزییانەی هێزە ئیسلامییەکان لە کاتی دووەم ساڵیادی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی بوێر سەردەشت عوسماندا لە هەموو کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر خستیانەوە، لەئاکامی پیلانێکی ژێربەژێر-داڕێژراوی پارتیی بوو بۆ تێکدانی ئه‌و ساڵیاده‌و بۆ ئیحتیواکردنی ناره‌زایه‌تییه‌کان به‌رامبه‌ر به‌خۆی. بەڵێ زۆر لەوە دەچێت پارتیی بۆ تێکدانی زەمینەی ڕەخنە لەبەرامبەر خۆیدا، پیلانگێڕییەکی وای دەست بۆ بردبێت، بەڵام بۆ ئێمە ئەمە بابەتێک نییە ئامادە بین هیچ سەرقاڵمان بکات بە خۆیەوە، یان مانایەکی هەبێت بۆ هەڵوێستگیرییمان لەئاست ئەو هەڕەشەیەی کە ئەو ڕووداوانە لە درێژەی خۆیاندا لەسەر دەستی فەندەمێنتاڵیستە ئیسلامییەکان و پارتیی و سەرۆکی حکومەت هێناویانە بۆسەر ئازادیی بیروڕا و ئازادیی جیهانبینیی لە کوردستاندا.
 
ئێمە تێبینیی دەکەین کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە بابەتی ئەو پیلانگێڕییەی پارتیی لێ بووه‌بابەتی ئەسڵیی و ووزەیەکی زۆر لە پەردەلەسەرهەڵماڵین و ڕەخنەکردن و دواکەوتنیدا سەرف کرد. لەبەرامبەردا ئەوەی ئێمە سەرقاڵ دەکات و نیگەرانیی گەورەی لا دروست کردووین ئەو نیازە خەتەرناکەی حکومەتە کە دەیەوێت یاسایەک بۆ پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەكان لە پەرلەمان ڕەسمییەت پێبدات.
 
ئێمە تێبینیی دەکەین کە لەناو ئەو دێباتەدا کە بەدەوری ئەم نیازەی حکومەتدا دەکرێت، تێکەڵکردنێک و ناڕۆشنییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە پلەی خەتەرناکیی یاسایەکی لەو جۆرە و سەبارەت بە هۆکاری ڕازینەبوونی لایەنگرانی ئازادیی بیروڕا بە دەرکردنی یاسایەکی وا. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین هەندێک لەو سەرەداوانە بێنینەوە سەریەک، بەو هیوایەی سەرۆکی حکومەت ببینێت کە لەپێناو بردنەپێشەوەی بەرژەوەندییەکانی حیزبدا، خەریکە لەئاست دۆزی دیموکراسییەت ومافی مرۆڤ لە کوردستاندا یاریی بە چی ئاگرێک دەکات.
 
 
بەرزڕاگرتنی بەها ئاینییە هاوبەشەکان، نەک پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان لە سوکایەتیی
هێزە ئیسلامییەکان و تەنانەت هەندێک لە ڕۆشنبیرانی سێکیولاریش پرۆژەیاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان بەوە داکۆکیی لێدەکەن کە گوایە یاسایەکی وا، یان بڕگەیەکی وا لەناو یاسای سزادانی بەشی هەرە زۆری وڵاتانی دونیادا هەیە، بە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیشەوە. 
 
ئەم قسەیە بەهەڵەداچوون یان هەوڵی بەهەڵەدابردنێکی زۆر گەورەی خەڵکی کوردستانی تێدایە. ڕاستییەکەی ئەوە تەنها وڵاتە تیۆکراتەکان یان وڵاتە ناعەلمانییە نادیموکراتەکانن کە بە یاسا قەدەغەیان کردووە هاوڵاتییان بتوانن بە قسە یان بە کردار پیشانی بدەن کە باوەڕیان بەو ئاینە نییە کە ئاینی دەوڵەتە. پاراستنی پیرۆزییەکانی ئاین لە حاڵەتی ئاینی ئیسلامدا بەمانای سزادارکردنی ''کوفر'' دێت. هەوڵێکی گەورەیە بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی کوردستان گەر بڵێیت ئەو وڵاتانەی مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت تیایاندا گەشەی کردووە، بە یاسا کوفرکردنیان لەئاست ئاینەکانی ناو وڵات قەدەغە کردووە. کاری وا تەنها لە دەوڵەتانێکی بنیادنراو لەسەر بەهای دۆگماتیکیی وەک ئێران و سعودیە و پاکستان و وڵاتگەلێکی سەرکوتگەری تر هەیە.
 
لە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەندێک لە بەهاکانی ئاینی زۆرینە (کە لەم حاڵەتەدا ئاینی مەسیحییەتە) نەک پیرۆزییەکانی ئاین، لای دەوڵەت ڕەسمییەتی پێ دەدرێت. بەڵام ڕەسمییەت، نەک پاراستنی ئەو بەهایانە و سزادارکردنی ڕێزلێنەگرتنیان. لەو وڵاتانەدا تەنها ئەو بەهایانەی ئاین کە جێگەی قبوڵی هەموو هاوڵاتییانە (بە هەموو دینیی و غەیرە-دینییەکانەوە) و ته‌بان له‌گه‌ڵ به‌هاکانی مافی مرۆڤدا، لەناو پێشەکیی دەستووردا وەک بەهای بەرزی پێکەوەژیانی نەتەوەکە دەنووسرێن، نەک لەناو یاسای سزاداندا. نموونەی ئەو بەهایانەی کە لە دەستووری وڵاتە مۆدێرنەکاندا دەنووسرێن ئەمانەن: ''لێبوردەیی''، ''پلورالیزم''، ''هاوپشتیی و سۆلیداریتیی''، ''هاوبەهایی هاوڵاتیییان''، ''خۆشگوزەرانیی''، و ''تۆلێڕانس و تەحەمولکردنی جیاوازیی جیهانبینیی و سیاسیی'' و هتد.
 
بیرمان نەچێت ئێمە لێرەدا باسی بەها دەکەین نەک پیرۆزیی. مومکین نییە لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانەدا کە تیایدا مرۆڤ وەک تاکێکی سەربەخۆ ڕێزی لێدەگیردرێت، لەناو یاسایەکدا یان لەناو دەستووردا دێڕیکی وا ببینیتەوە کە بڵێت ڕێزنەگرتنی ئەو پیرۆزییانەی کە لای ئایندارەکان پیرۆزن سزای لەسەرە. 
 
 
پاراستنی ئازادیی ئاینداریی و جیهانبینیی جیاواز، نەک پاراستنی پیرۆزیی ئاین
دەوترێت گوایە ئەو بڕگەیە کە لە یاسای سزادانی وڵاتانی تەنانەت ڕۆژئاواشدا هەیە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی ڕق پیشان دەدەن دژ بە ئاینێک یان باوەڕێک، بڕگەیەکە کە ئەو وڵاتانە لەبەر خاتری پیرۆزیی ئایین دایانناوە. ئەمە ڕاست نییە و خەڵک بەهەڵەدا بردنە. لێرەدا سەبارەت بەو بڕگەیە لە یاسای سزادانی وڵاتانی دیموکراسییدا بە پێویستی دەزانین ئەم شەش خاڵەی خوارەوە جەخت لێبکەینەوە:
 
یەکەم: ئەو بڕگەیە لەسەر بنەمای بڕگەی هەژدە، خاڵی یەکی پەیماننامەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بۆ پاراستنی ئازادیی ئاینداریی نووسراوە و پیرۆزیی ئاینی میللەت لەو مەسەلەیەدا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە.
 
دووەم: ئەو بڕگەیە مەبەستی پاراستنی ئەو مافەی مرۆڤە کە بە ئازادیی ئاینداریی یان هەبوونی جیهانبینیی جیاواز ناودەبرێت. ئەو بڕگەیە ئەسڵەن لە وڵاتانی لیبڕاڵ-دیموکراتدا زەرەروتی ئەوە هێناوێتی کە ئاین لەو وڵاتانەدا ئەوەندە لاواز بووە کە پێویست بەوە دەکات یاسا خەم لەوە بخوات ئەو ڕووبه‌ره‌ کەمەی ئازادیی بیروڕا سزادار بکات کە بۆی هەیە جگە لە ڕەخنەی ئاین، دەست بۆ ڕقڕشتن بە ئاینێک هەر تەنها لەپێناوی ڕقڕشتندا ببات. بە مانایەکی تر، ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە لە سۆنگەی ئەو مافەوە کە کەس نابێت لەسەر باوەڕ ڕووبەڕووی ڕق بێتەوە، زەمانەتی زەمینەی لەبار بکات بۆ ئاینداریی و بۆ پاراستنی ئاینداران لە ڕق و هەڵمەتی ناشیرینکردن. ئەمە پێی دەوترێت ئەرکی پۆزەتیڤی دەوڵەت لەئاست مافەکانی مرۆڤدا و دەوڵەت دەبێت کاتێک ئەم ئەرکە ئەنجام بدات کە ئاینداریی یان هەر مافێکی تری مرۆڤ لەژێر هەڕەشەدا بێت. ئاشکرایە لە دۆخی کوردستاندا ئاینی ئیسلام ئاینێکە کە هەم لە کۆمەڵگادا و هەم تەنانەت لەناو دەزگاکانی دەوڵەت و یاسا و دادگاکان و دەستووریشدا هەژمونێکی گەورە و ڕۆڵێکی زاڵی بۆ خۆی فەرزکردووە. بۆیە ئەوەی کە لە وڵاتانی لای ئیمەدا دەبێت بپارێزرێت ئازادیی بیروڕایە لە دەسەڵاتدارێتیی ئاین، نەک بەپێچەوانەوە.
 
سێیەم: ئەو بڕگەیە هەر تەنها بۆ پاراستنی ئاینە جیاوازەکان نییە لە ڕق، بەڵکو هەموو جیهانبینیی و باوەڕێکی غەیرە-ئاینییش دەگرێتەوە، بە هەموو تێئیست و ئاتەئیست و بێباوەڕه‌کانیشەوە. بۆیە ئەگەر بڕیار بێت بڕگەیەکی یاسایی ڕیک لەو جۆرەی یاساکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بێنینە ناو یاسای سزادانی هەرێمەوە و دەزگای داواکاری گشتییش بە لێکدانەوەیەکی دروستەوە بەکاری بێنێت، ئەوا ڕۆژانی هەینی پۆلیسخانە و دادگاکان شوێنی مەلایەکی تریان تیا نابێتەوە لەسەر ئەو هەموو لێشاوی پرۆپاگەندە و هەڵمەتی ڕەشکردنەی کە بەسەر مینبەرەوە دژ بەو خەڵکەی دەکەن کە جیهانبینییەکی جیاواز لە جیهانبینیی ئەوانیان هەیە.
 
چوارەم: ئەو بڕگەیە تەنها ئەو جۆرە ڕقڕێژییە سزادار دەکات کە لە شوێنی گشتییدا بەمەبەستی کارکردن بۆ ڕەشکردنی باوەڕێکی ئاینیی یان نائاینیی ئەنجام دەدرێت. ئەمە بە ناڕاستەوخۆ بەو مانایە دێت کە ئەو بڕگەیە ڕقڕێژیی و ڕەشکردنێک ناگرێتەوە کە لە ناوماڵ و شوێنی ناگشتییدا ئەنجام دەدرێت.
 
پێنجەم: ئەوە بزانین کە لەو بڕگە یاساییەدا باس لە ڕقڕێژییە، نەک سوکایەتیی. سوکایەتیی زیاتر هەستێکی زاتیی ئەو کەسەیە کە قسەکە یان کردارەکەی لەبەرامبەردا دەکرێت. کە ئەمە هیچ پێوانەیەک نییە بۆ ئەوەی کە قسەکە یان کردارەکە خۆی لە ئەسڵدا ئەوەندەی ڕقڕێژیی تێدایە کە بهینێت کەسێک یان باوەڕداران بە ئاینێک هەستبکەن سوکایەتییان پێکراوە. ئەگەر هەستی زاتیی بکەینە پێوانە، ئەوا دەرگای گەورە دەکەینەوە بۆ بەدئیستیفادە لەو بڕگە یاساییە، تا ئەو شوێنەی کە ئیتر لایەنگرانی چەندین ئاین و جیهانبینیی لەجیاتی سیاسەتکردن و دیالۆگ و دیبەیت، هەر خەریکی ئەوە بن بە «بریندار بووم، بریندار بووم»، ناکۆکانی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی خۆیان لە زیندانەکان گیر بکەن و بەم وەسیلەیە سەردەستیی بۆ خۆیان داپچڕن. ئەم بەدئیستیفادەیەیە کە ئێستا لە چەندین ولاتی ئیسلامیی بەناوی سوکایەتیی بە ئاینەوە هێزە ئیسلامییەکان بۆ سەرکوتی نەیارانی خۆیان دەیکەن. ئێستاش هەر ڕیک ئەم خۆبەمەغدوورپیشاندانەیە کە هێزە ئیسلامییە سیاسییەکان لە کوردستان و لە ئەوروپا و چەندین شوینی تر دەستیان داوەتێ. جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە کوردستان دەسەلات لەبەر هەر ئیعتیبارێک بێت، بەجیددی لێیان وەردەگرێت و بەدڵیان دەکات، بەڵام لە ئەوروپا لە دەزگای پۆلیس و داواکاری گشتییەوە هەر ئەوەندە وەڵام وەردەگرن کە ئێستا ئیتر دنیا گەیشتۆتە ئاستێک لە پلورالیزم و هەمەچەشنەیی جیهیانبینیی و مۆدێرنیتیی کە ئەوانیش دەبێت وەک مەسیحییەکان و ئاینەکانی تر تۆڵێڕانسیان بۆ ڕەخنەی تیژ لە ئاینەکەیان هەبێ و تەحەمولی بکەن.
 
شایان بە ووتنە کە ڕقڕشتن بەرامبەر بە ئاین و جیهانبینیی لە یاسای سزادانی وڵاتانی ئەوروپییدا تەنها و تەنها کاتێک سزادارە ئەگەر بێتو قسەکە یان کردارەکە تەنها و تەنها ڕقڕێژیی بێت و مومکین نەبێت هیچ پاڵنەرێکی تری تیا بخوێنیتەوە. هەر پاڵنەرێکی تر کە مومکین بێت قسەکە یان کردارەکەی پێ پاکانە بکرێت دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو بڕگە یاساییە نەیگرێتەوە. نموونەی ئەمە دەکرێت گروپی ڕاسیستیی ناسراو بە ''چاکەت سەوزەکان''ی دانمارک بێت کە لە ساڵی ١٩٩٤ ڕۆژنامەنووسێک بەناوی Jersild ڕیپۆرتاژێکی تەلەفزیۆنیی لەسەریان دروستکرد و لە ڕێپۆرتاژەکەدا یەکێک لە چاکەت سەوزەکان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕای ئەو دەربارەی خەڵکی بیانیی لە دانمارکدا، بەو ئەندازەیە لە ڕقڕێژییدا زیاد ڕۆیشت کە بڵێت ''من پێموایە خەڵکی ڕەش مرۆڤ نین، هەموو ئاژەڵن''. ڕۆژنامەنووسەکە لە دانمارک سزا درا لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو قسە پڕ ڕقانە، بەڵام دواتر لە دادگای ئەوروپییدا بە بێتاوان ناسرا بەو بیانووەی کە لە کۆمەڵگای دیموکراتییدا سوودی بۆ کۆمەڵگا هەیە بزانرێت چی ڕایەک و چی ڕایەک لەناو شاردا هەیە، تەنانەت ئەگەر هەر ڕقڕێژییەکی ڕووتیش بێت. 
 
شەشەم: ئەو بڕگەیەی یاسای سزادان دوای ئەو هەموو سنوودارییە زۆرەی لەسەری دانراوە،  ئینجاش ئێستا لەپێناو هەرچی بەرفراوانترکردنەوەی ئازادیی بیروڕادا، لە زۆر لە وڵاتانی دیموکراسییدا کراوەتە بڕگەیەکی خەوێنراو و کاری پێناکرێت، وە زۆر وڵاتیش هه‌ر ئێستا کار دەکات بۆ لابردنی ته‌واوه‌تیی ئه‌و بڕگه‌یه‌له‌یاسای سزاداندا؛ بەڵام ئەوەی هێشتوویەتییەوە تەنها بۆ ڕەچاوکردنی ئەوەیە کە ئاین لەو وڵاتانە ئەوەندە لە جێگەوڕێگەیەکی لاوازدایە کە پێویست دەکات بڕگەیەکی یاسایی هەبێت کە لە ئیحتیمالی ڕقڕێژیی ڕووت بیپارێزێت. بەڵام بۆ نموونە وڵاتی سوید لە ساڵی ١٩٧٠-ەوە یاسای (تەجدیف) یان یاسای سوکایەتیی بە پیرۆزییە دینییەکانی لابردووە لەژێر ئەو ناوەی کە نەبوونی ئەو یاسایە خزمەتی زۆرتر بە دیموکراسییەت و دێباتی کراوە و سەقامگیریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەناو وڵاتدا دەکات، نەک هەبوونی. له‌سوید و ئه‌و وڵاتانه‌ی تر که‌ئه‌و بڕگه‌یه‌له‌یاسای سزادانیاندا نییه‌، بڕگه‌ی ناوزڕاندنی شه‌خس هه‌یه‌تا که‌سێک که‌وه‌ک تاک هه‌وڵی ناوزڕاندنی ده‌درێت بتوانێت شکات بکات، به‌ڵام نوینه‌رانی جیهانبینییه‌ک یان ئاینێک ناتوانن شکات بکه‌ن و بڵێن هه‌وڵی ناوزڕاندنی جیهانبینییه‌که‌مان یان ئاینه‌که‌مان دراوه‌، چونکه‌ئیتر له‌ئێستادا وایلێهاتووه‌نزیک به‌هه‌موو هێرشێک بۆ سه‌ر جیهانبینیی، وه‌ک ئازادیی بیروڕا و ئازادیی باوه‌ڕ چاولێده‌کرێت. لە زۆربەی ئەو وڵاتە دیموکراتییانەشی کە هێشتا ئەو بڕگەیەیان لە یاسای سزادانیاندا هێشتۆتەوە، سەرووی نیوسەدەیە ئەو بڕگەیەیان بۆ سزادانی هیچ کەسێک بەکارنەهێناوە. ئەمە نەک لەبەر ئەوەی لەم دەیان ساڵەدا ڕقڕێژیی بەرامبەر بە ئاین ئەنجام نەدرابێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئازادیی بیروڕا لەهەر پرەنسیپێک و ئامانجێکی تر بەگرنگتر دەزانرێت و تا دێت لەڕیگەی زیادکردنی تەحەمول و تۆڵێڕانسی خەڵکەوە، ڕووبەری ئەو ئازادییە بەرفراوانتر و بەرفراوانتر دەکرێتەوە و ڕای تیژتر و تیژتر وەک ئازادیی بیروڕا سەیر دەکرێت. هه‌وڵی به‌رده‌وام به‌رفراوانترکردنه‌وه‌ی مانای ئازادیی بیروڕا ده‌درێت له‌بەر ئەوەی ئازادیی بیروڕا مەرجی سەرەکیی کەوتنەوەی سیستەمێکی دیموکراسیی سەرکەوتووە کاتێک دەنگی هەموو بیروڕا جیاوازەکان و باوەڕە جیاوازەکان ئامادەیی دەبێت و کاکردی خۆی لەسەر پرۆسەی سیاسیی و بەڕیوەبردنی وڵات دەبێت. دیموکراسییەتی ڕاستەقینەی ئاوا، ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دەخاتەوە و خەڵک ئیتر پێویستی بەوە نابێت بە نواندنی توندوتیژیی سیاسیی، دەنگی خۆی سەرئاو بخات.
 
 
لە کوردستان ئازادیی بیروڕا لەژێر هەڕەشەدایە، نەک ئیسلام
کەسێک کاتێک دەزانێت لە دونیای مۆدێرندا سزادارکردنی هێرشی ڕقڕێژانە بۆ سەر ئاین و جیهانبینییە جیاوازەکان تەنها لەپێناوی پاراستنی ئازادیی باوەڕ بۆ ئاین و جیهانبینییە لاوازەکاندایە، نەک ڕێزنان لە پیرۆزییەکانی ئاینەکان، ئینجا تێدەگات کە ڕێزنانی دەوڵەت لە پیرۆزییەکانی ئاینێکی تەواو زاڵی وەک ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا چی هەڵاواردنێکی خەتەرناک دەبێت لەئاست ئاین و جیهانبینییەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردستاندا و له‌ئاست ئازادیی بیروڕای ئەوان لە کۆمەڵگادا. بیرمان نەچێت ئاینی ئیسلام لە کوردستان ئێستا بەهۆی گەندەڵیی دەسەڵات و هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ ئیسلامیستەکاندا بۆ سەنگەرگرتن لە دەسەڵات، گەشەیەکی وایکردووە کە سەرجەم کۆمەڵگا بە ڕۆژنامە و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانیشەوە هەموو ناچار بوون سانسۆرێکی خودیی بخەنە سەر خۆیان و وای پیشان بدەن کە کەسیان ڕەخنەیەک یان ڕایەکی جیاوازیان لە ڕای ئیسلام نییە. ئەمە گرفتێکی دیموکراتییە و بەرتەسبوونەوەیەکی ئازادیی بیروڕایە کە ئەرکی دەسەڵاتە کار بۆ هێنانەوەسەرباری بکات. ئێمە دەزانین کە دەسەڵاتدارانی هەرێم یەکێک لە نامەسئولترین دەسەڵاتدارانی سەر ڕووی ئەرزن، بەڵام مادامێک وڵاتی عێراق ئەندامە لە پەیماننامەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، گرنگە ئێمە واز لەو داواکارییە پرەنسیپیاڵە نەهێنین کە عێراق (لەوێشەوە حکومەتی هەرێم) بە ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ خۆی مولزەم کردووە کە ئیجرائاتی پۆزەتیڤ بکات بۆ پاراستنی زەمینەیەک کە هاوڵاتییان بتوانن ئازادانە بیروڕای خۆیان لەسەر ئاین و باوەڕ و هەرشتێکی تر بڵێن. ئەو بەڵێنەی سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانیی ئەمڕۆژانە بۆ بردنەوەی دڵیان، داویەتی بە هێزە ئیسلامیەکان، ڕێک بەئاراستەی پێچەوانەی ئەم ئیلتیزامە نێودەوڵەتییەوەیە کە لەسەرێتی ڕەچاوی بکات. سەرۆکی حکومەت دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەوەی ئێستا لە کوردستان پێوستی بە پارێزگاریی هەیە ئازادیی بیروڕا و باوەڕی خەڵکە غەیرە-ئیسلامەکەیە، نەک پاراستنی ئیسلام.
 
مافە مەدەنییەکانی خەڵکی ئیسلام لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کەم و زۆر لەژێر هەڕەشەدایە. بۆیە پێویستیان بەوەیە دەوڵەت کارێک بکات مافی یەکسانیان وەک هەر هاوڵاتییەکی تر بۆ دابین بێت. بەڵام لە کوردستاندا مافەکانی خەڵکی ئیسلام نەک هەر لەژێر هەڕەشەدا نییە، بەڵکو حەقیقەت ئەوەیە کە ئیسلامیزم هەڕەشەیە بەسەر مافەکانی هەموو هاوڵاتییانی ترەوە.
 
لە کوردستاندا خۆفەرزکردنی ئیسلامیزم بەسەر خیتابی سیاسیی وڵاتدا گەیشتۆتە پلەیەک کە پاشەکشەی تەواوی بە خیتابی عەلمانیی لەناوەندی ڕۆشنبیرییدا کردووە، بە ئاستێک کە ئێستا چەندین ڕۆشنبیری عەلمانیی دەستیان داوەتە حەملەی عوزرخواهیی بۆ ئەو زیادەڕۆییانەی ئیسلامیستەکان دەیکەنە سەر ڕای جیاوازی ڕۆشنبیران و، بە تۆنی لایەنگرانی ئازادیی باوەڕ و جیهانبینیی لە ئەوروپا، کەوتوونەتە ڕەخنەی هەر ڕۆشنبیرێک کە ڕەخنەی هەبێت و بە ناتۆرەی وەک ''عەلمانیی توندڕەو'' و ''ئیسلامۆفۆب'' ناشیرینی دەکەن. دۆخێکی وا پێویستی بەوەیە زەمینەی جورئەتی ڕەخنەکردنی بۆ بگەڕێنرێتەوە.
 
بڕینەوەی سزای یاسایی بۆ ڕەخنە، ئەم دۆخە خراپتر دەکات و زەمینەی شەڕێکی خوێناویی لە چەشنی شەڕی هێزە ئیسلامییەکانی جەزائیر لە گەڵ دەسەڵاتدا، لە نێوان هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان و دەسەڵاتدارێتیی پدک و ینک-دا دەخاتەوە. نێچیرڤان بارزانیی ئەگەر ئەمڕۆ بۆ کەلەپچەکردنی ڕەخنەی ڕۆشنبیران لەبەرامبەر پدک-دا و لەبەر گوشاری گەورەی هێزە ئیسلامییەکان، دەچێتە ژێرباری بەڵێنێکی واوە، حەقە ئەو گرفتە گەورەیە ببینێت کە هه‌ر ئێستا ئیسلامییەکانی پاکستان بە وەسیلەی یاسای پاراستنی پیرۆزییەکانی ئیسلام، هێند ئیحساسی لەسەرحەقبوونیان لا دروست بووە کە هەر سیاسەتمەدارێک قسەیەک لە گۆڕینی ئەو یاسایە بکات، یەکسەر تەسفییەی جەسەدیی دەکەن؛ وەک چۆن لە ساڵی پاردا هەردوو سیاسەتمەدار سەلمان تاسیر و شاهباز باتییان کوشت. هەر ئەو یاسایە بووەتە هۆی ئەوەی تا ئێستا دەیان کەس لە ئەحمەدییەکان و مەسیحییەکان لەسەر نوکتەکردن لەسەر ئیسلام لەناو کەسوکاری خۆیاندا، لە سێدارە دراون. لە کوەیت خەتەرناکیی ئەو یاسایەی کە ئێستا سەرۆکی بەناو مۆدێرنی حکومەتی هەرێم بەتەمایە لە کوردستان دایبنێت، ئەوەندە ئازادیی بیروڕای لە شیعەکان سەندۆتەوە کە ئێستا تەنانەت بەکارهێنانی ووشەی ''تائیفە''ش بۆی هەیە موسڵمانێکی شیعە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بکاتەوە.
 
 
لەپێناوی دیموکراتییەتدا، نەک دیکتاتۆرییەتی زۆرینە 
ئارگیومێنتێکی باو کە بۆ داکۆکیی لەو داوایەی ئیسلام دەوترێت کە داوا دەکەن لە دەوڵەت کە دەبێت مامەڵەیەکی جیا بکرێن، ئەوەیە کە دەڵێت خەڵکی کوردستان ٩٥%-یان موسڵمانن. هەر لێرەشەوە دەوترێت: بۆیە ئاینی ئیسلام دروست نییە «سوکایەتیی» پێبکرێت.
 
ئەم جۆرە قسەکردنەی ئیسلامییەکان، ناڕاستەوخۆ ئەو جۆرە زیهنییه‌ت و بیرکردنەوەیەی پشتی خۆی کەشف دەکات کە پێیوایە ئاساییە کەمایەتییە ئاینییەکان سوکایەتییان پێ بکرێت.
 
گرفتی ئەم جۆرە لە ئارگیومێنتکردنە ئەوەیە کە وا قسە دەکات وەک ئەوەی ئیسلام ١٠٠%-ی خەڵکی کوردستان پێک بێنێت. ئەگەرنا، ناوهێنانی ژمارەی موسڵمانان هیچ پیشان نادات بەغەیری نیازێکی ژێربەژێر بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەی بەرامبەر و فەرزکردنی دیکتاتۆرییەتی زۆرینە. ئەم ئارگیومێنتی زۆریی ژمارەی موسڵمانە لە کوردستاندا هەر ئیسلامییەکان نین بەکاری دێنن، بەڵکو دەسەڵات و هەندێک لە ڕۆشنبیرانی عەلمانییش بەناوی ئیساندۆستیی و دیموکراتییەته‌وە جار جارە دەیهێننە گۆڕێ. گرفتی ئەم جۆرە قسەکردنە ئەوەیە کە هێشتا تاک بەپێوانەکانی مۆدێرنیتی سەیر ناکات و وەک تاکێکی سەربەخۆ نایبینێت، بەڵکو بە توخمێکی پێکهێنەری ناو کۆلێکتیڤێک دەیبنێت. بۆیە پێی ڕەوایە تاکێکی ناو کۆلێکتیڤێکی بچووک ماف و ئازادییەکی کەمتری هەبێت لە تاکێکی ناو کۆلێکتیڤێکی گه‌وره‌.
 
زۆریی ژمارەی موسڵمانان لە کوردستاندا نابێت هیچ ئارگیومێنتێک بێت بۆ داوای پاراستنی ئەو ئاینە لە ڕەخنە. ئاینی ئیسلام دەبێت قبوڵی بێت بێتە ناو دێباتی ناو فەزای گشتییەوە و لەوێدا، بە تێرمەکەی هابەرماس، بە ''باشترین ئارگیومێنت'' خۆی بپارێزێت لە ڕەخنە. ئەمە هەموو مافێکە کە ئایدۆلۆژیاکان و ئاینەکان و جیهانبینییە جیاوازەکان دەبێت لە کۆمەڵگای مۆدێرندا هەیانبێت. لایەنگریی و دەستخستنەژێرباڵی دەوڵەت بۆ ئاینێکی دیارییکراو، بەهەر بیانوویەک بێت، گورزێکی گەورەیە لە کۆمەڵگای ماف. کارێکی وا پێشێلکاریی زۆری مافه‌کانی مرۆڤ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و لێرەشەوە نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
 
ئێمە پێمان وانییە سەرۆکی حکومەت ئەم ڕاستییانە نەزانێت، وە پێشمان وانییە ئەو لەبەر پاراستنی پیرۆزییەکانی ئاینی زۆرینەیە کە ئامادەیە یاسایەکی وا تێبپەڕێنرێت. نەخێر، ئێمە پێمانوایە ئەو زۆر نامەسئولانە ئازادیی بیروڕای هەموو غەیرە-ئیسلامییەکان و سەقامگیریی سیاسیی داهاتووی ناو هەرێمی کوردستان هەموو دەباتە سەر مێزی دانوستان لەسەر سەفقەیەک کە له‌به‌رامبه‌ردا لەئێستادا هێزە ئیسلامییەکان، کە ئێستا بەهێزن، سەغڵەتیی بۆ دروست نەکەن و ئیختیلالێکیش بخاتە ناو هاوپەیمانیی ناڕەسمیی و ژێربەژێری نێوان هێزە ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە. ئەم کارە ئەوەندە نامەسئولانەیە بەرامبەر بە مافەکانی هاوڵاتییان و ئاسایشی مەدەنیی هەرێمی کوردستان کە لە هەر کێ قبوڵ بکرێت، نابێت لە پیاوی دەوڵەت قبوڵ بکرێت.
 
داگیرکردنی بەشێک لە ڕووبەری ئازادیی بیروڕا، نەک ئازادیی ئاین
هەم هێزە ئیسلامییەکان و هەمیش دەسەڵات مەبەستیانە ڕووبەرێکی گەورەی ئازادیی بیروڕا بکەنە تابۆ و بازنەیەکی بەرتەسک بەدەوری ئەو ئازادییەدا بکێشن. ئێمە دەزانین کە ئازادیی بیروڕا بێسنوور وموتڵەق نییە و دەسەڵات دەتوانێت سنوری بۆ بکێشێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان مەرجی زۆر سەخت دادەنێن بۆ دەسەڵات کە بتوانێت ڕەسمییەت بە سنوورێک بدات بۆ ئازادییەک. یه‌کێک له‌گرنگترین مەرجەکان ئەوەیە کە ئەو سنووربۆدانانەی دەکرێت دەبێت تەواو پێویست بێت بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیی. بۆیه‌لێکۆڵینه‌وه له‌‌''پێویستبوون''ی هه‌ر سنووربۆدانانێک، مەرجی موتڵەقه‌بۆ بڕیاردان له‌سه‌ری.
 
کەواتە لێرەدا پرسیاری یەکلاکەرەوە دەبێت ئه‌وه‌بێت کە ئایا سزادارکردنی تەجدیف چی زەرورەتێکی دیموکراتیی هەیە لە ئێستای کوردستاندا. هەستبرینداربوونی موسڵمانان ئارگیومێنتێک نییە بۆ سنووردانان بۆ ئازادیی بیروڕا. لەوەتەی لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە ئاین مۆنۆپۆلی بەسەر حەقیقەتدا شکاوە و کۆمەڵگای مۆدێرن هەمەچەشنەیی بەهای هێناوەته‌ئاراوه‌، له‌و کاته‌وه‌زەرورەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەوە وەڵام دراوەتەوە کە هەر تەرەفە تا سنووری پێشێلبوونی ئاشکرای ئازادییەکانی خۆی، تەحەمول و تۆڵێڕانسی خۆی زیاد بکات بۆ ئازادییەکانی بەرامبەر. مەرجی سەرەکیی بۆ هەڵکردنمان لەگەڵ یەکتردا و بۆ تەجەنوبی شێوانی ئاشتیی مەدەنیی ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێمەش بەم ئاراستەیەدا کار بکات. لەم دۆزەدا ئەوە ئیسلامییەکانن کە کەمتۆڵێڕانسن، نەک ئەوەی ئیسلام ئەوەندە ڕەخنەی تیژی ڕووبەڕوو کرابێتەوە کە کەسێک ئیتر پرسیاری ئەوە بکات کە ئایا ئازادیی مومارەسەی ئاینیی لە موسڵمانانی کوردستان تێکچووە یان نا.
 
وەڵامی دروست بۆ ئەو داواکارییە زۆرانەی هێزە ئیسلامییەکان هەیانە لە دەسەڵات و لە خەڵک ئەوەیە کە، یەکەم، ئەوە ئەوانن کە دەبێت تۆلێڕانسیان زیاد بکەن. دووەم، هەر ناکۆکییەک لەسەر ئەوەی کە ئایا قسەیەک یان کردارێک هێندە ڕقڕێژییەکی ڕووتە بە ئاین کە بۆی هەیە کار لەسەر مافی مومارەسەی ئازادانەی ئاینی ئیسلام بکات، دەبێت لەناو فەزای گشتییدا و لەرێگەی دێباتەوە بسەلمێنرێت، نەک لەڕیگەی گرتنەدەستی دەزگای دەوڵەتیی وەک پۆلیس و دادگاکان لەلایەن زۆربەوە و کەوتنە مولاحەقەی یاسایی ناموسڵمانان.
 
لە ئەوروپایەکی سەرتاپا عەلمانییدا کە هیچ ئاینێک نەکراوەتە سەرچاوەی یاسادانان و هیچ یاسادانانێکێش مەرجدار نەکراوە بە ئەحکامەکانی ئاینێک، کەچی هێشتا ڕۆژ نییە هەڵاواردن لەنێوان هاوڵاتییە سەربە ئاین و جیهانبینییە جیاوازەکاندا ڕوونەدات. بۆیە سادەیی و نایڤییە لە بیرکردنەوەدا کەسێک پێیوابێت زیادبوونی کاکردی هێزە فەندەمێنتالیستە ئیسلامییەکان لەناو حوکمڕانیی هەرێمدا نابێتە هۆی هەڵاواردنی هاوڵاتییانی ناموسڵمان. 
 
ئەوە ئیسلامییەکان نین بڕیار دەدەن چی سوکایەتییە و چی سوکایەتیی نییە و ئه‌وان پێناسه‌ی سوکایه‌تیی بکه‌ن و بڵێن سنوورەکە لەکوێوە دەڕوات. ئەو سنوورە ئەوەندە ڕوون نییە تا ئەوان و سەرۆکی حکومەت وای پیشان بدەن کە هەمووکەس دەیزانێ و هەر ئەوەندە ماوە بە دەقی یاسایەک سزادر بکرێت. دیارییکردنی ئەو سنوورە ئەرکی دێباتی نێو فەزای گشتییە و لەمەدا ئەرکی ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ئەهلییەکانە جورئەتی جاران بدەنەوە بەر خۆیان و لەجێی ئەو بەرپرسیارێتییە کۆمەڵگاییەدا بن کە گرتوویانەتە ئەستۆ و هەر ئێستا دێبات و دیالۆگ لەسەر ئەم مەسەلەیە لەنێوان بۆچوونە جیاوازەکاندا ساز بدەن.
 
یەکێک لە سەختییەکانی دێبات و دیالۆگ لەم سەردەمەدا لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکاندا ئەوەیە کە هێشتا ئەوان هەستێکی وایان لا دروست بووە کە مەغدورن و ناحەقیی بە مافە مەدەنییەکان دەکرێت. دیارە ئەو بەڵێن و بەڵێنکارییەی سەرۆکی حکومەت ئەم هەستی خۆبەمەغدورزانینەیان لا بەهێزتر دەکات. ئەمە وادەکات هەر سەرکێشییەکی ڕەخنەگرانە لەبەرامبەر ئیسلامییەکاندا بە زیادەڕۆییەک چاولێبکرێت و ڕووبەڕووی ڕق و تووڕەییەکی زۆر ببێتەوە. کاری میدیاکان و دەسەڵاتی حکومییە کارێک بکەن هێزە ئیسلامییەکان لەوە بگەن کە بە پێوانەکانی ژیانی پیکەوەیی لە دنیای مۆدێرندا، ئەوە ئەوانن کە زۆر چوونەتە ناو ڕووبەری ئازادییەکانی ئەو هاوڵاتییانەوە کە وەک ئەوان بیر ناکەنەوە، نەک بەپێچەوانەوە. ئەم تێگەیاندنە هیچ ناکات ئیمکانی ژیانی پێکەوەیی و ئاشتییانەمان وەک هاوڵاتیی یەکسان زۆرتر و زۆرتر دەکات. فەندەمێنتاڵیستە ئیسلامییەکان گورگ و دڕەندە نین. هاوڵاتیی یەکسانی ئەم وڵاتەن بەڵام هەر ئەوەندەیە بە ڕۆحێک و ئینتیباعێکی واوە سۆسیالیزە بوون کە پێیانوابێت ئەوان بێئەندازە لە هاوڵاتییانی تر پاکترن و دروستتر بیر دەکەنەوە و، بەهۆی جیهانبنییەکەیانەوە شایان بە ئیمتیازاتی زۆرترن. ئەم تێگەیشتنە لە واقیع هەر ئێستا هەزاران گەنجی خوینگەرمی کەمئەزموونی پێ سۆسیالیزە بووە، کە ئامادەن کارەساتی گەورە بقەومێنن لەپێناو بەهەڵەدەرنەچوونیدا.
 
ئەم خەتەرە ئەرکی دەسەڵاتە خەمێک لە خامۆشکردنی بخوات. خامۆشکردنی ئەمەش نەک بە پاراستنی پیرۆزییەکانی ئیسلام و ئیسلامییەکان بە یاسا نابێت، بەڵکو کارێکی وا هیچ ناکات ڕەخنەگرانی هێزە ئیسلامییەکان ڕووبەڕووی تووڕەییەکی گەورەتری ئیسلامییه‌کان دەکاتەوە.
 
ئێمە پێمانوایە کە هێزە ئیسلامییەکان لەم سەردەمی گەشەکردنەیاندا پێویستیان بەوەیە یارمەتیی بدرێن تا لەو وەهم و غرورە دەربچن کە تێیکەوتوون. ئاینی ئیسلام و هەر باوەڕێکی تر بەوە ڕێزی گەورەتر پەیدا دەکات کە بتوانێت لەگەڵ هاوڵاتییەکانی تردا بە قیمەتی یەکسانەوە بژی. ئاینێک کە سەرووی ملیارێک باوەڕداری هەیە لە جیهاندا، دەبێت بەوە دڵخۆش نەبێت نەتوانێت بە جەدەل خۆی لە کۆمەڵگادا ئامادە بکات و دڵی بەوە خۆش بێت کە ترس و بیمی خستۆتە دڵی چەندین لەو هاوڵاتییانەی ناو ولاتەوە کە جیهانبینییەکی جیاواز لەویان هەیە و هەموویانی وادار کردووە لەڕیگەی دانانی سانسۆری خودی لەسەر خۆیان، لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.
 
 
چەند ووشەیەکی کۆتایی کە ڕووی دەمی لە سەرۆکی حکومەت و پەرلەمانتارانی کوردستانە 
کۆمەڵگای کوردیی بەر لە خەباتی نه‌ته‌وه‌یی و خۆڕاگریی، شتێکی هەبێت کە شانازیی پێوە بکات و وڵاتانی هەموو دونیاش پێی دەزانن، ئەو تۆلێڕانس و پێکەوەژیانە تاڕاده‌یه‌ک ئاشتییانەیە کە تا ئێستا لەنێوان ئاینە جیاوازەکان و جیهانبینییە جیاوازەکاندا هەبووە و لە چەندین نەتەوەی دەوروبەری خۆی جیاتری کردووە. لەبەر چەندین هۆکار ئەم سیمایە ئێستا لەژێر هەڕەشەدایە. کۆمەڵگای ئێمە بەڕێوەیە بەرەو ئەوەی ئیتر وەک کۆمەڵگایەکی کەمتۆلێڕانسی نامۆدێرن بناسرێت. دەرچواندنی یاسای تەجدیف لەم سەردەمەدا خاڵی هەرە بەرچاوی ئەو سەرەولێژبوونەوەیە دەبێت بەرەو کۆمەڵگایەکی نادیموکرات. ئەگەر مێژووی سیاسیی هەر وڵاتێک بخوێننەوە، ئەو ڕۆژەی کە تیایدا پەڕەگرافی تەجدیف لابراوە لە یاسای سزادان، وە بۆ وڵاتانی نادیموکراتیش، ئەو ڕۆژەی ئەو یاسایە بڕیاری لەسەردراوە، یەکەمیان وەک ڕۆژێکی پڕ شانازیی و، دووەمیان وەک ڕۆژێک کە شایان بەوە بێت شەرمی لێ بکەیت، باس لێوە دەکرێت. هیوادارین ئێوە کەسانێک بن نەتانەوێت ئەو سەرۆکوەزیران و ئەندام پەرلەمانانە بن کە  لە داهاتوودا بوترێت لەسەردەمی دەسەلاتدارێتیی ئێوەدا کۆمەڵگای کوردیی ئەو کەمتۆلێڕانسییەی نواند و یاسای تەجدیفی دەنگ لەسەر دا.
 
قەلەقیی ئێمە لەوەیە کە تەجروبەی وڵاتانی ئێمە پیشانی داوە کە یاسا زۆر بە ئاسانیی داده‌نرێت، بەڵام زۆر زۆر بە قورسیی لادەبرێت.
 
هیوادارین هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەن و ئەو پرۆژەیاسایەی بۆ سزادارکردنی ڕەخنەی تیژ لە ئاین هاتۆتە پەرلەمان، بخەنە لاوە.
 
 

١٣/٥/٢٠١٢

ئه‌م ووتاره‌له‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره‌385 ی ڕۆژی 16.05.2012-دا بڵاوبۆته‌وه‌.