کاتێ لە کۆبەرهەمی (شێرکۆ بێکەس) دەکۆڵمەوە، پێش هەموو شتێک ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبمەوە، کە ململانێی ئەو شاعیرەیە لەگەڵ زەمەندا. ئەو ململانێیە ڕاستەوخۆ نییە، بۆیە تەنیا کاریگەرییەکانی لە شێوەی دڵەڕاوکێ، هەڵچوون، ڕەشبینی، نائومێدی و زۆری تردا دەبینین. شاعیرێکی خۆڕسکە. لە گفتوگۆکانیدا هەست ناکەین پێوەندیی بەو فەلسەفانەوە هەبێت، کە باس لە ململانێی مرۆڤ و زەمەن دەکەن، بەڵکو ئەو هەر بە سرووشتی خۆی کێشەی ئۆنتۆلۆجیی لەگەڵ کاتدا هەیە. لای ئەو ئەرکی شیعر ڕێکخستنی ماناکان نییە، بەڵکو تێکدانی ئەو ڕێکخستنەیە، بێ ئەوەی شێواندن بێت. واتە ڕوخاندنی ئەو سیستەمە زەمەنییەیە، کە ماناکان بە دوای یەکدا ڕێک دەخات، بەو مەبەستەی لە ئاستێکی تر و بە شێوازی دیکە دایبمەزرێنێتەوە. وەک دەبینین شیعری ئەو ڕوونە، نەوەک شێواو، وەک چۆن سادەیش نییە. وێنەی شیعری لای ئەو نەک هەر تێپەڕینە لە زەمەنی ئێستا، بەڵکو دامەزراندنەوەی زەمەنی دیکەیشە، کە وەک شاعیرێکی داهێنەر تەنیا لە ڕێی ئەو زەمەنەوە توانیویەتی بجووڵێت. ئەوەی لە شەستەکانەوە تاکو ئەمڕۆ ئەوی وەک شاعیرێکی ئامادە دەرخستووە، ئەو شەڕە مێتافیزیکییەیەتی لەگەڵ زەمەندا. ئەو شەڕە نەیهێشتووە ساتێک لەگەڵ (ئێستا)دا ئاشت ببێتەوە، پێچەوانەی بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی ئەم دوو دەیەی دواییمان، کە دەیانەوێت لەگەڵ ئەو (ئێستا)یەدا خۆیان بگونجێنن. بە مانایەکی تر وێنەی شیعری لای ئەو بریتییە لە گۆڕینی دۆخی شت لە ئاستی فیزیکییەوە، ڕاستتر لە ئاستی وەستاوەوە بۆ ئاستی جووڵە، کە لەوێ زەمەن دەتوانێت زیاتر لە ئاڕاستەیەک بگرێت. بەم پێیە زمانی (شێرکۆ بێکەس) زمانی شتەکان نییە، بەڵکو زمانی وێنەی شتەکانە. بە مانایەکی تر زمانێکە پڕ لە پارادۆکس و مێتافۆر. دەگەینە ئەوەی بڵێین وێنەی شیعریی ئەو داهێنەرە جۆرێکە لە مۆمیفیکەیشن. واتە هەمان وێنەکانی واقیع وەک ڕووبار، درەخت، شاخ، هەڵۆ، پەپوولە و زۆری تر، کە بە درێژاییی ژیانی بە کاری هێناون، دەهێنێت و لە دۆخێکی دیکەدا پێشانیان دەداتەوە. لێرەدا جیاوازییەکە ئەوەیە مۆمیا بریتییە لە پاراستنی جەستە بە هۆی ماتریالی کیمیاوییەوە، بەڵام ئەو لە ڕێی کیمیای زمانەوە ئەو وێنانە هەڵدەگرێت، بۆیە زیندوون و توانایان هەیە بەردەوام وێنەی تر بەرهەم بهێننەوە. شتەکانی (شێرکۆ بێکەس) هەمان ئەو شتانە نین، کە چ لە واقیع و چ لای نووسەرانی تردا دەیانبینین، بەڵکو خەسڵەتی ئیکزۆتیکییان هەیە و لەناو ئەو سیستەمە زەمەنییەدا دەردەکەون، کە خۆڕسکانە دایدەمەزرێنێت. لە سەرجەم بەرهەمەکانی ئەودا دوو جۆر یادەوەری هەست پێ دەکەم: یەکەم، یادەوەریی کۆ (Collective memory)، کە خۆی لە چیرۆکە بیستراو و بینراوەکاندا دەبینێتەوە. دووەم، یادەوەریی تاک (Inpidual memory)، کە لە تێڕوانینی ئەودا بەرجەستە دەبێت بۆ ئەو چیرۆکە مێژووییانە. هەر لە سەرەتاوە ئەوەی دووەمیان بەسەر ئەوەی یەکەمیاندا زاڵ بووە، بەوەی یەکەمیان تەنیا چوارچێوەیەکە بۆ دەرخستن و ئەکتیڤبوونی ئەوەی دووەمیان. ئەگەرچی زۆربەی کات تیمەی شیعرەکانی مێژوویین و گوزارشتن لەو ڕووداوە مێژووییانەی نەتەوەیەک تێیاندا بەشدارە، بەڵام زمانی ئەو خەسڵەتی تاکی هەیە، نەوەک کۆ. بە مانایەکی تر ئەو ڕووداوانە چەند گەورە بن، لەژێر دەستەڵاتی هونەردا بچووک دەبنەوە و ناتوانن خودی شاعیر و تێڕوانینی ئەو بشارنەوە، کە لێرەدا زمانە تایبەتەکەی شاعیر ڕۆڵی کاریگەر لەو پرۆسێسە ئیستاتیکییەدا دەبینێت. ئەمەیش وای کردووە هێڵی فیزیکیی زەمەن لەناو سیستەمی گێڕانەوەدا تێک بشکێت و بۆ شێوازی بازنەیی بگۆڕێت، بۆیە هەمیشە ئاییندە لە شیعری ئەودا ئامادەیە، کە وەک پارادۆکسێک لەسەر ڕابردوو دایدەمەزرێنێت.
 
ئەگەر یەکێ لە خەسڵەتەکانی نووسەری داهێنەر خوڵقاندنی پرۆبلەماتیک بێت، ئەوا (شێرکۆ بێکەس) لە دەستپێکی ژیانیەوە تاکو ئەمڕۆ بەردەوام شاعیرێکە پرۆبلەماتیک بەرهەم دەهێنێت، کە ڕێمان نادات تەنیا لە ئاستێکی دیاریکراودا بیخوێنینەوە، بەڵکو ئەوەمان بە سەردا دەسەپێنێت خوێندنەوەی جیاواز بۆ هەر یەکێ لەو چەمکە ئیستاتیکییانە بکەین، کە بەردەوام لەناو ئەو سیستەمە زەمەنییەی خۆیدا بە کاری هێناون. ڕەخنەی ئێمە بە دەگمەن توانیویەتی بە پرسیاری ئۆنتۆلۆجی ڕووبەڕووی پرۆبلەماتیکەکانی ئەو ببێتەوە، بگرە هەمیشە هەوڵی داوە بە پرسیاری سادەی وەک ئایا شۆڕشگێڕە، یان کۆنەپەرست؟ ناسیۆنالیستە، یان چەپ؟ لەگەڵ جەماوەرە، یان لەگەڵ دەستەڵات؟ و کۆمەڵێکی تری سادەی لەم بابەتە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، کە ئەمە چارەنووسی هەر داهێنەرێکی گەورەیە، کاتێ لەناو کەلتووری زارەکی و هەژاردا دەردەکەوێت.