یەکێک لە مەراقی قەرەوێڵەکەی خۆیدایە
یەکێکی دی لە مەراقی بووکە چاوڕەشەکەیدا
سێیەمییان خەو دەیباتەوە بۆ زەمەنێک کە پشتییەکەی دوژمنی نەبوو. 
 
١٤ی مارس ، چوار ساڵ بەسەر جەنگی سوریادا تێپەڕی.  جەنگێک کە دوو ملیۆن منداڵی ناچار بە ئاوارەیی کردووە. 
 
ئەم ڕیپۆرتاژە بەشێکی کورتی راپۆرتێکی درێژە کە هەردوو رۆژنامەنووس و وێنەگری "ئافتۆنبلادێت"ی سوید ، (کارینا بیریفێلد) و (ماگنووس ڤێنمان) لە یادی چوارساڵەی جەنگدا لەسەر داوای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەییان کردبوو. 
ئەم ڕیپۆرتاژە بەناو ٧ کەمپی ئاوارەیی و ٣ وڵات و چەندەها تراومای قورسدا گووزەردەکات و ١٢ منداڵ دەکاتە ویستگەی خۆی. تەوەری ئەم ریپۆرتاژە منداڵان و  شەو و شوێنی خەوتنی ئەوانە.   
 
فارا، دوو ساڵ. کەمپی ئەزرەق. ئوردون 
فارا ئاشقی تۆپی پێیە. بۆیەش باوکی، لەو شتانەی دەیدۆزێتەوە  شتێکی خڕ دەسازێنێ. بەڵام زۆر بەرگە ناگرێ و خێرا دەدڕێ. کاتێک باوک شەو شاد لە فارا و تیسامی ٩ ساڵەی خوشکی دەکات، پڕ بە دڵ ئاواتدەخوازێت بۆ بەیانییەکەی تۆپێکی ڕاستەقینەیان بۆ بەدەستخات. ئاخر هەموو ئاواتەکانی دیکە بە مەحاڵ سەیردەکرێن.  بەڵام تا ئێستاش  ئاواتی بە دەستهێنانی تۆپێکی ڕاستەقینە بۆ کۆرپەکانی، لە خەیاڵی دەرناچێت. 
 
موحەمەد. ١٣ ساڵ. کەمپی ئیزیپ 
موحەمەد ئاشقی خانوووە. ئەو لەو کاتەی لە حەڵەب دەژیا،حەزیدەکرد بچێتە دەر و تەماشای خانوو و باڵەخانەکان بکات. بەڵام لە ئێستادا، خانوو  و باڵەخانەکان لە شوێن خۆیاندا نەماون، تەقێنراونەتەوە. ئەو ئێستا لە یەکێک لە خەستەخانەکاندا چارەسەروەردەگرێت. موحەمەد دەپرسێ: تۆ بڵێی خەونی بوون بە ئەندازیاری تەلارسازییەکەی بێتە دی؟ موحەمەد دەڵێ: ئەوەی لە شەڕدا زۆر سەیرە ئەوەیە کە ئینسان لەگەڵ ترسدا ڕادێت. تێڕوانینێک کە من قەت پێموانەبووە دەکرێ وا بێت. 
 
ئیمان. ٢ ساڵ. کەمی ئەزرەق 
ئیمان بەدەست هەوکردنی سییەکانیەوە دەناڵێنێ و سنگیشی چڵکی گرتووە. ئەوە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژە لە ناو ئەم قەرەوێڵەیەدا دەخەوێ. ئیمان ئێستا لە خەستەخانەیە. دایکی دەڵێ: ئیمان هەر دەخەوێ. بەڵام لە حاڵەتی ئاساییدا، ئەو کیژۆڵەیەکی دڵخۆشە. بەڵام لە ئێستادا زۆر ماندووە. ئەو ئەگەر ساغ بێت، منداڵێکی بزێو و کەیفسازە. ئیمان حەزدەکات لەناو لمدا یاری بکات.  
 
گوڵستان. ٦ ساڵ. کەمپی سوروچ. تورکیا 
لە نێوانی ئەوەی بخەویت و پێڵووی چاوانت دابخەیت، جیاوازییەکی گەورە هەیە. گوڵستان باش درک بەم جیاوازییە دەکات. ئەو حەزدەکات پێڵووی چاوەکانی دابخات و وای پیشانبدات کە خەویلێکەوتووە. ئاخر هەر ساتێک خەون زەفەر بە چاوەکانی گوڵستان بەریت، مۆتەکەکان دێنە وێزەی. گوڵستان دەڵێ: حەزدەکەم بچمەوە بۆ ماڵەوە و نامەوێت لێرە بخەوم. ئەو تا ئێستاش بیری پشتییەکەی خۆی دەکات کە لە کۆبانێ بە جێهێشتووە. گوڵستان هەندێک جار لە نزیک دایکییەوە ڕادەکشی و دایکی  دەکات بە پشتی خۆی. 
 
تەمام. ٥ ساڵ. کەمپی ئەزرەق. ئوردون 
تەمام لە پشتییەکەی خۆی دەترسێ. 
هەموو ئێوارانێک کاتی خەو، یەکسەر فرمێسک بە چاوانیدا دێتە خوار. ئاخر بۆردوومانی فرۆکەکان لە شاری حومس هەمیشە لە شەودا بوو.  
ئەگەرچی تەمام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە زۆر شوێنی تر خەوتووە، بەڵام تا ئێستاش پێیوایە ئەوەی مەترسی گەورەیە، پشتییەکەی خۆیەتی.  
 
 
ئیسرا ١١ساڵ. ئیسما ٨. سیدرا ٦ ساڵ. مجدل النجار لوبنان. 
کاتێک سەلمای ٣٧ ساڵە سێ کچەکەی خۆی دەخەوێنێت، هەموو دڵنەواییەکی لەوەدایە کە منداڵەکان لە شوێنێکی ئارامدان و ناکەونە بەر پەلامار. مەراقی گەورەی سەلما لەوەدایە کە هەمیشە و هەموو کات منداڵەکان خەو بە باوکیانەوە دەبینن. باوکێک کە لە نیوەشەوێکدا برایە دەر و نەگەڕایەوە. منداڵەکان مەموو بەیانییەک بە دڵتەنگییەوە بێداردەبن.  سیدار دەڵێ: من لە خەونمدا باوکم دێتە لام و چکلێتم بۆ دێنێت.  
 
مەرام. ٨ ساڵ. عەممان. ئوردون. 
مەرام تازە لە قوتابخانە گەڕابوویەوە کاتێک موشەکێک بەر ماڵەکەیان کەوت. بەشێک لە سەقفەکە دەکەوێت بەسەر مەرامدا و دایکی بەپەلە دەیگەێنێتە ئەو خەستەخانە سەفەرییەی لە نزیک ماڵەکەیاندا بوو. بەڵام لە ڕێگای هەلیکۆپتەری فریاگووزەرەوە دەگەێنرێتە ئوردون. مەرام دووچاری خوێنپژانی مێشک دەبێت و ١١ رۆژی یەکەم لە کۆمادا دەبێت. لە ئێستادا ئەو بەخەبەرە و شەویلاگی خوارەوەی شکاوە. ئەو ناتوانێت هیچ قسە بکات. 
 
ڕالیا ٧ ساڵ. ڕەحاف ١٣. شەقامەکانی بەیروت 
ڕالیا و ڕەحاف لەسەر شەقام دەخەون. جاران ماڵییان لە دیمەشق بوو. ئەوان دایک و برایەکی ترییان لە بۆردووماندا لە دەستداوە. ئەوە بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت لەگەڵ باوکیاندا لەسەر شۆستەی شەقامەکان دەخەون. ڕەحاف دەڵێ: من ڕۆحم لە سەرسەرییەکان چووە. کاتێک ڕالیای برا بچووک گوێبیستی وشەی "سەرسەر"ییەکان دەبێت، دەداتە پرمەی گرییان. 
 
موئەیەد ٥ ساڵ. ئوردون 
موئەیەد و دایکی پێویستییان بە ئارد بوو تا خەپلەی سپێناغی پێدروست بکەن. دەست لەناو دەست پێکەوە دەچنە بازاری دەرعا بۆ ئاردکڕین.
بەلای تەکسییەکدا تێدەپەڕن کە بۆمبڕێژکراوە و دەتەقێتەوە. دایک دەمرێت و موئەیەدیش پارچە لەسەر و پشت و سکیدایە. 
 
ئەمیر . ٢٠ مانگ. زحلە الفایدە 
ئەمیر لە کاتی هەڵهاتندا لە دایک بووە. شەحانەی ٣٢ ساڵەی دایکی دەڵێ: دڵنیام ئەمیر هەر لە سکمدا تێکچووە. تا ئێستاش کە تەمەنی ٢٠ مانگە، یەک وشەی نەدرکاندووە. لە چادرە نایلۆنەکەیاندا کە یارییەکی منداڵانی تیا دەستناکەوێت، هەر شتێک بکەوێتە بەردەستی ئەمیر، ئەو یاری پێدەکات. شەحانەی دایک دەڵێ: ئەمیر هەمیشە پێدەکەنێ. ئەگەرچی قسەش ناکات. 
 
 
وەلاء. ٥ ساڵ. دار الیاس 
وەلاء دەیەوێت بچیتەوە بۆ ماڵی خۆیان لە حەڵەب. ئەو دەڵێ: لە ماڵەی خۆیان  ژووری نووستنی خۆی هەبوو. ئەو هیچ کاتێک لە کاتی نووستندا نەگریاوە. بەڵام لێرە، لەم کەمپی ئاوارەییەدا هەمیشە دەداتە پرمەی گریان کاتێ وەختی خەو نزیکدەبێتەوە. وەلاء دەڵێ: لە ئێستادا سەرخستنە سەر سەرین زۆر تۆقێنەرە چونکە شەو خۆی سامناک و تۆقێنەر بووە. ئاخر پەلامارەکان هەمیشە لە شەودا بوون.  
لە ڕۆژدا دایکی وەلاء لە پشتییەکان ماڵۆچکەیەک دروستدەکات تا کیژۆڵە ٥ ساڵانەکەی فێربکات: کە بە ڕاستی ئەوە پشتییەکان نین تۆقێنەرن.  

 
وەرگێڕانی لە سویدییەوە بۆ کوردی بەکر ئەحمەد