شوان كابان كوڕی هونەرمەند كەریم كابان دەڵێت "باوكم لە نەخۆشخانەیە و سەلامەتە و زیندوە، ئەو هەواڵانەش رەتدەكاتەوە كە باس لە مردنی ئەو هونەرمەندە گەورەیە دەكرێت". (1)رۆژنامەی ئاوێنە.
‌هێندەی من ئاگادار بم، ئەمە یەکەم جار نیە شوانی کەریم کابان بە دڵگرانیی و دڵشکاوییەوە لە بەرانبەر چاوەکانی کامێراو مایکرۆفۆنی ڕادیۆکاندا بوەستێت و هەواڵی مردنی باوکی بە درۆ بخاتەوە. من کە نزیکایەتیەکی تایبەتیم لە گەڵ بنەماڵەی کەریم کاباندا نییە، هەموو جارێک ئەم سیناریۆ چەندبارەوە بووە دەبیستم، نیگەران دەبم .چ لەزەتێک لە هەواڵی مراندنی کەسانێکی دیکەدا هەیە، کێن ئەوانەی بەشێک لە کاتی خۆیان بە دروستکردنی ئەم هەواڵانەوە تەرخانکردووە. سەرنجراکیشیش ئەوەیە کە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی خێرای ئەو، گێڕەرەوەی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ئەم جۆرە لە هەواڵ بازاڕێکی گەورەی هەیە.
 
من پێموانییە هەوالی مراندنی کەریم کابان پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە جێگاو ڕێگای هونەری خودی بەرێز کەریم کابابەوە هەبێت لە پلەی یەکەمدا. بەڵکو کەریم کابان دەبێتە سەردێڕی هەواڵی مردن چونکە ژیان لە کۆمەلگای ئێمەدا لە کورتی و کەمتەمەنی خۆیدا رۆژگار بەسەر دەبات. کەریم کابان و تەمەندرێژی ئەو لە ئێستادا، هەڕەشەیە بۆ ئەو جۆرە لە ژیان کە تەمەنکورتی ئەو یەکێک لە دیاردە بەرجەستەکانییەتی لەمرۆکەی کۆمەلگای کوردستاندا. بۆیە دەبێ ئەم هەڕەشەیە پووچەڵبکرێتەوە، تا ئەو ژیانە کورتتەمەنەی باڵادەستە، ڕەوایەت و حەقانییەت بە بەردەوامی خۆی ببەخشێت.
 
با شتێکی سەیرتان بۆ بگێڕمەوە. بۆ منێک کە لە گەڕەکی گاورانی سلێمانیدا ژیاوم، کارێکی ئاسایی دەهاتە پێش چاو کە ژنانی بە تەمەنی مەسیحی ببینیت بە تەنوورەوە لە کوڵانەکانی گاوراندا. بەڵام هەمان دیاردە کە ژنانی گەرەکە دراوسێکانی گاوران لەو تەمەنەدا بە تەنوورەوە لەبەردەرگا دابنیشن، نا ئاسایی دەهاتە پێش چاو.
کاتێک چوومە بەغدا و بەشی ناوخۆییەکەم کەوتە گەڕەکی حی الصناعەی بەغداد ئەلجەدیدە کە هەموویان مەسیحی بوون، ئیتر بینینی پۆلە ژنان و پیاوانی بە تەمەنی مەسیحی لە شەقامەکانی حی الصناعەدا کە ئێواران دەهاتنە دەر بۆ پیاسە و شتومەککڕینی خۆیان، ببووە دیمەنێکی ئاسایی. ئێوارەیەک هاوڕێیەکەم بە زەردەخەنەیەکی سادەوە پێمدەڵێ: تۆ دیوتە ئەم ژنە مەسیحییانە چەند ناشیرینن کە پیر دەبن. من تا ئێستا ژنە موسوڵمانێکی ئاوا چرچ و لۆچم نەبینیوە وەک ئەم پێرێژنانە. ئاخر خودا ئاواهی بەو کەسانە دەکات کە نووری ئیسلام دڵ و دەروونیانی ڕووناک نەکردووەتەوە. "
 
من نازانم ئەگەر نەنکی من و هاوڕێکەی ئەوسام تەندوورەیان لە پێ بکردایە، چەندە لە ئافرەتە مەسیحییەکانی هاوتەمەنی خۆیان ساف و لووستر دەبوون. بێگوومان پێویست بە هێنانی ئیمان و بێئیمانی و رووناکی بۆ ناو دڵی ئینسانەکان ناکات بۆ ئەوەی لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا خاوەنی قاچ و قولێکی بێ چرچ و لۆچ بیت.
زۆربەی ژنانی کورد کە دەکەونە ساڵەوە، دەبنە سەرە ژن و بە جل وبەرگی ترادیسیۆنی کوردییەوە دەردەکەون و تا ئیستاش چاوی هاوڵاتی ئێمە ڕانەهاتووە بە بینینی ژنانی بە تەمەنی کورددا بە تەنووەروە وەک لە دۆخی ژنە مەسیحییەکانی گاوران و حی الصناعەی بەغدا دەبینرا.
ئەوەی کە مەبەستی منە لە هێنانەوەی ئەم نموونە زۆر سەیرەدا، ئەوەیە کە پیری و سیماکانی ئەو بە قاچ و قووڵی ڕووتەوە لە ژنانی بەتەمەنی گاوران و حی الصناعەی بەغدادا خۆی نمایشدەکات و دەبینرێت. بۆ کەسێک کە قاچ وقولی ڕووتی ژنانی پیری نەدیوە، دەکرێ کارخانەی ئەفسانەسازی بخاتە گەڕ و حەکایەت بهۆنێتەوە.
ریزی قەڵەباڵغی پیاوانی هەورامی کە لەسەر سەکۆی بەردەم مزگەوتی دیهات و شارۆچکەکانی هەوراماندا دەبینرا، هیچ شتێک نەبووە جگە لە نمایشی پیری و تەمەن درێژییەک کە هاوڵاتی کورد لە هەوراماندا ڵیی بەهرە مەند بووە و رۆژانە خۆی مانیفێست دەکرد. بەڵام لەبەرانبەر پیربوونی ژنی موسولماندا کە بە تەنوورەوە قاچ و قولە پیرەکەی خۆی سەربەرزانە پیشانی دەوروبەردەدات، خاوەنی دیمەنێک نین کە چاوی ئینسانی ئێمە پێی ئاشنا بووبێت. بۆیە کاتێک کە دەردەکەوێت، دەبێت بکرێتە شوێنی پلان و توانچ و بە کۆدەکانی ئەخلاق و ئاین و ترادیسیۆنەوە بچیتە وێزەی. وەک لە دۆخی ژنە مەسیحیەکانی گاوران و بەغدادا دەردەکەوێت. ئەوەش بڵێم ئەو تێروانینەی کە قاچ و قولی ڕووتی ژنە بەتەمەنە مەسیحیەکانی بە نیشانەی جەستەی کافرانێک دەشوبهێنێ کە نووری مەحەمەدەل موستەفا دڵ ودەروونیان ڕووناکنەکردووەتەوە، تەنها تیروانێنی هاوڕێکەی من نەبووە و لە ئاستێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا گوێکری زۆری هەبوو.
 
بەڵام چی حەکایەتی ژنە پیرە مەسیحییە تەنوورە لەبەرەکانی گاوران و کەریم کابان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە بڕوای من، کەریم کابان دەموچاوێکی گشتی کۆمەلگای ئێمەیە کە بە سیمای پیر و تەمەنی درێژی خۆیەوە کە بۆ کۆمەلگای ئێمە دەکرێ درێژ بێت، نمایشی ژیانێک دەکات کە پێچەوانەکەی لە کۆمەلگادا بوونی هەیە. بەوەی کابان پیاوێکی بەناوبانگە وەک گۆرانیبێژ ، بۆیە دەرفەتی ئەوەی هەیە لە ڕووبەرێکی گشتیدا ببینرێت. دەرفەتێک زۆرێک لە پیاوە پیرو بەتەمەنەکانی کۆمەلگا لێیبەهرەمەند نین. بەڵام ئەوەی کەریم کابان لە سیمایدا پیشانی کۆمەلگای دەدات لە پاڵ هوونەرەکەیدا، تەمەنێکی درێژە کە تیایدا پیریی و پیربوون لە ڕووخساری ئەودا خۆی نیشانی کۆمەلگا دەدات. ئەویش لە ناو کەش و هەوای کولتۆرێکدا کە :" پیاو کە پیر بوو دەبێتە مەسخەرەی سەگ" یەکێک لە پەندە پێشینانە گرنگەکانیەتی.
 
لە کۆمەلگایەکدا کە نەخۆشی و دەرمانی ئێکسپایەر و جەنگە نەبڕاوەکانی و جەلدەی دەماغ و جەڵدەی دڵە لە بننەهاتووەکانی کە ڕۆژانە دادەبەزێتە تەمەنەکانی خوارەوەی ئینسانەکانی کۆمەلگا، لە کۆمەلگایەکدا کە مەرگ رۆژانە پانتاییەکانی خۆی فراوانتردەکاتەوە و بووەتە ئاخاوتنی ڕۆژی گەورە و بچووک، لە کۆمەلگایەکی ئاوادا کەریم کابان و تەمەندرێژی ئەو، ڕوخسارە پیرانەکەی ئەو، دەبێتە هەرەشەیەک بۆ سەر تەمەنکورتی ژیان لە کۆمەلگایەکدا کە لە کاباندا دژەوێنەی خۆی دەبینێتەوە.
تەمەندرێژی ئینسانەکان وەک سەلامەتی کولتوری ژیانپارێزی ئینسان دەکرێ چاوی لێبکڕێ، بەڵام لە دۆخی تەمەندرێژی کەریم کاباندا دەبێتە هەرەشەیەک و دەبێ ڕووبەڕووی بوەستییتەوە. تەمەندرێژیی و پیری تەنها لە کۆمەلگایەکدا دەبێتە جێی نوکتە و بە سیناریۆی درۆوە ئینسان دەچێتە جەنگییان، کە تەمەنکورتی ژیان تیایدا باڵادەستە. سیناریۆ ساختەکانی مراندنی کەریم کابان لە کۆششی ئامانجدارانەی کەسانێک دەچێت کە چاویان هەلنایە کەسێک ببینن کە هێشتاش لە گەڵ ژیاندا سەروکارێکی گەرمی هەیە ئەگەرچی تەمەنیشی زۆر لەسەرو ئەو هێڵی تەمەنەوەیە کە کۆمەلگای کوردی کێشاویەتی.
تەمەنی کەریم کابان بە بەراوورد بە کەسانی دیکە لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی دنیادا شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش نییە. هێشتاکە عێراق لە ناو کاتیگۆری ئەو وڵاتانەدایە کە ڕێژەی ناوەندی تەمەنی پیاوان تیایدا 67 ساڵ و بۆ ژنان 70 ساڵە. ئەم ژمارانە تا ڕادەیەک کۆنن و جەنگە خویاوییەکانی دوای کەوتنی سەددام دەکرێ هێندەی ئاستی ئەم ڕێژە ناوەندییەی بەرەو خوار کێشکردبێت.
بەڵام کاتێک تەمەنی درێژی کابان دەبێتە هەرەشەیەک و بە سیناریۆکانی مراندنەوە دەچنە وێزەی، هەستدەکرێت کە ئەو رێژەیە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا هاتووە و ژیان لە عێراق و کوردستاندا لە تەمەنکورتی خۆیدا ژیان دەگوزەرێنێ.
 
 
 

یەکی جانیوەری 2016