زەوی ئەخولێتەوە و
من هەر لە جێی خۆمم،
تۆ ئەم سووڕانەوەیە ڕاگرە
با بکەومە خوارەوە!
باران دەبارێت و
تەڕ نابم،
چەترەکەتم بۆ هەڵدە
با خوڕەی بارینەکە بمخووسێنێت!
ئەم دەیجوورە بۆ من ڕووناکە،
تۆزێ ئەو چرایە کزکە
با تاریکی کوێرم نەکات!
ڕێگاکە چەند درێژ بێت
ماندووم ناکات،
تۆش هەوڵمەدە بمگەیەنیت
نەبا لە نزیکیدا بمرم!
ئاسمان نزیک بووەتەوە
چنگم لێی گیر نابێت،
دەست بە قاچەکانمەوە بگرە
با بفڕم و بۆت داگرم!
کەنارەکە ئەم ترسێنێت
شەپۆلەکانی لە من توڕەن،
وەرە بمخەرە قوڵایی
با دەریاکە نەمخنکێنێت!
هێندە پیایا هەڵزناوم
چیاکە مۆڕەم لێ دەکات،
وەرە تاشەبەردەکانی تلێرۆکە
با لە دامێنیا بمرم!