من بەم ئاوایە دەست پێ ناکەم یونس، هەر لە یەکەم دێڕی کتێبەکەمەوە خۆم ناخەمە سەر خوانی پیتەکان. لە دیباجەیەک قووڵ نابمەوە لە هی ئەوانە بکات دەستپێکی کتێبەکانیانی پێ دەکەنەوە. ئەز لە هەموویان جیاوازتر دەبم، نەفرەت لەوەی دوای ئەوانی پێش خۆی دەکەوێت و جێپێیان هەڵدەگرێت، بێ ئەوەی هزری بەگەڕ بخات و خەیاڵی زاخاو بدات. گەنجۆی ئارام کاغەزێک بگرە دەستتەوە.

چ ڕازێک لەم سپێتییە ئاسمانییەدا هەیە؟ خەم و خۆشی پێکەوە دەورووژێنێت.
یونس لەو دەمی بە قومدانەکە قومی دەپژاندە سەر ئەوی نووسیبووی، تاکو دێڕەکان هیشک ببنەوە، گوتی: "هەروەها کاغەزیش گەورەم".
پیرە بە ئاە هەڵکێشانەوە سەری لەقاند و گوتی: "هەروەها کاغەزیش یونس".
پاشان چون ڕستەکەی بە دڵ بێت، دووبارەی کردەوە: "هەروەها کاغەزیش".

مامەی گالیسکەوان، بۆ قسان ناکەیت؟
ئەویش بەرسڤی دەدامەوە: گەورەکان هێند قسان ناکەن.
منێش بەرپەرچم دەداوە: بەڵان باوکم قسان دەکات.
باکۆی دەداوە: ئاخر باوکت هێشتا گەورە نەبووە.

- دەزانی بۆچی ناوی ئەو ڕووبارەی دەڕژێتە دەریاکەوە نراوە "عاسی"؟
- حەتمەن یەکەم خودا و دووەم تۆ باشتر دەزانێت.
- چونکە لە نەریتی ڕووبارەکانی وڵات لایداوە، بە پێچەوانەی هەموویانەوە ڕێ دەکات و لە خوارووەوە لە لوبنانەوە بۆ ئەنتاکیە لە ژووروو دەڕوات، دواتر پێچدەداتەوە بە لای ڕۆژئاوادا و لێژدەبێتەوە بەرەو خوارووی ڕۆژئاوا، تاکو بڕژێتە ئەو شوێنەی بە چاوی خۆت دەیبینیت. چاکتر بوو خەڵکەکە ناویان نابا ڕووبارە ئازادەکە. ڕووبارێکی ئازادە یونس.
- بە ڕاستیی ڕووبارێکی ئازادە.

خودایان (دوور لەو) بەرەو ئاسمان دوور خستەوە، تاکو خۆیان لەسەر زەوی جێگری بن، وای لێهات بە ناوی ئەوەوە قسان دەکەن و بە ناوییەوە سەرانە وەردەگرن و ئاڵایەلێک هەڵدەگرن ناوی ئەوی بەسەرەوەیە و هەر بە ناوی ئەویشەوە دراو لێدەدەن….هەر باوەڕێک بناغەکەی ترس بێت ئەوا کفرێکی سپییە.

چیرۆک دەریایەکە ئەوی دابەزێتە ناوییەوە چەندێک زریان هەڵکات و چەندێک شەپۆلەکانی بەرز ببنەوە، نوقم نابێت.

ڕاستیی دەریایەکە جامێکی بچووک نایگرێتە خۆ، هەروەها ئاسمانێکی بەرفرەوانی وایە بە تەنیا هەردوو باڵی تاقە باڵندەیەک لە ژێریدا شەقەیان نایە.

دەروێش سیراج لە زمانی قەشەی مارۆنییەوە:
جارێکیان لەسەر پشتی کەشتییەکی جەنەوەیی بەیەک گەیشتین، بەرەو ئەسکەندەرۆنە دەڕۆیشت، بە گوریسەکاندا بەرز دەبووەوە و بۆ چەندین سەعات لە دەریاکە ڕادەما، دواتر دادەبەزی و لەگەڵ ڕێبواراندا قسەی سەیر سەیری دەکرد. لەو قسە سەیرانەی هەر لە یادگەمدا ماون، ڕستەیەلێکن چرائاسا ئەزبەرمکردوون و بە ڕێنیشاندەری خۆم داناون بۆ تێگەیشتنی جیهان و ناسینی خودای مەزن و ڕاستیی ئاینەکان، پێێگوتم:
 
- پۆڵس، ئاین ئەفیونە، لێ ئەگەر پتری بکەی، یان نەتزانی دەبێتە ژار.
هەروەها پێیگوتم:
- تونڕۆیی لە ئایندا وەک توندڕۆیی لە کفردا، هەردووکیان زیانبەخشن.
هەروەها پێیگوتم:
- کاتێک ڕەبەن و کەشیش و شێخ و موفتی و مالوم وازدێنن لەوەی ببنە جێگری بینایی چاوان و قسەکەر بە ناوییەوە، ئاشتیی لە نێوان ئایینەکەندا بڵاو دەبێتەوە.
هەروەها پێیگوتم:
پۆڵس، ئەم قسەیەم بکە ئەڵقە و بیکەرە گوێت، ئەوەی وا دەزانێت لەسەر هەقە و ئەوانی تر نا  وەک ئەو قالۆنچە گووخلێنە بەختەوەرەیە بە تۆپێک تەپاڵەوە، وا دەزانێت زێڕ خلۆر دەکاتەوە.
ئەودەمی بینیمی بۆ مەرگی دایکم خەمبارم، پێیگوتم:
- خەم بۆ کۆچکردوو مەخۆ و لە مەرگ مەترسە، جگە لە ڕووی بێدەنگی ژیان چیتر نییە.
هەروەها پێیگوتم:
- مردن حاڵە و بوونیش مەقام.
لە گەرمەی قسەکانیدا ئەوی چەندپاتی کردەوە و دایە بەرگوێما، گوتی:
- ئازادیی دەقێکی مەزنە، پەراوێز و ڕاڤەی کورت و زۆری هەن، هەڵبەت پەراوێز نییە بۆ دەقەیلی تر.
 
 
-----------
نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'، عەشیقی وەرگێڕ، جان دۆست، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، 2015