و. لە عەرەبییەوە : جەمال غەمبار
("پێش خوێندنەوە" : - م . دەروێش ئەم قەسیدەیەی بەدەم هەستکردن بەوەی ئیتر مەرگ ، ژیانی ئاوا دەکات ، نووسیوە . ئەوەی لەم قەسیدەیەدا مایەی سەرنجدانە خودی مەرگ نییە وەک ئەوەی کە هەیە و ڕوو ئەدات ، بەڵکو وێناکردنی مەرگە لە خەونێکی شاعیرانەدا و لەو'شوێن' و 'زەمەن' ەی کە ئەم ئینسانە مەزنە خۆی خوڵقاندوونی و لە خەیاڵێکی داهێنەرانەدا مامەڵەی لەگەڵدا کردوون ، بە جۆرێک کە هەردووک شوێن و زەمەن لەم قەسیدەیەدا لە بزاوت و گەمەکردنێکی بەردەوامدان . لە بە کوردیی کردنی ئەم بەشەی قەسیدەکەدا ، هەوڵم داوە و هێندەی کرۆک و فەزای دەقەکە ڕێیان پێدابێتم ، دوور بم لە تەرجەمەی حەرفیی .

 

من بۆ خۆم ، مەرگدۆست نیم ، بەڵام بریا وەک مردنی ناو ئەم قەسیدەیە ، ئەمردم ! – وەرگێڕ).
 
 
ئەمە ناوەکەی تۆیە /
ژنێک وای وت و
لە ڕاڕەوە پێچاوپێچەکەدا لە چاو ون بوو .
لەوێ ئاسمان دەبینم لەبەردەستی هەموواندایە .
باڵی کۆترێکی سپییش ،
بەرەو منداڵێتییەکی ترم دەبات .
ئەوە خەون نەبوو ، تا بڵێم ئەمە خەونە و دەیبینم .
هەموو شتێک واقیعییانە دەردەکەوێ .
من دەمزانی خۆم بە لاوە دەنێم و ،
دەکەومە فڕین و ،
دەبمە ئەوەی
کە لەدواهەمین فەلەکدا دەبێت ببم .

***
هەموو شتەکان سپی دەچنەوە ،
ئەو دەریایەش
کە بە سەربانی هەورێکی سپییەوە هەڵواسراوە !

بە ئاسمانی سپیی موتڵەقەوە ، "هیچ" یش سپیی دەچێتەوە .
من هەبووم و نەشبووم .
بگرە لە سووچەکانی ئەم ئەبەدییتە سپییەدا ،
من تاک و تەنیا بووم !
بەر لە وادەکەی خۆم هاتم ،
تاقە یەک فریشتەش دیار نەبوو
تا پێم بڵێت :
" لەوێ ، لە دونیادا ، چیت کردووە؟" .
نە هوتافی پیاوچاکانیشم بیست ،
نە ناڵەی گوناهکاران ..
من لە سپێتییدا تەنیام ، تەنیا ..!


***
لەبەر دەرگای قیامەتدا
هیچ شتێ ئازارم نادات
نە زەمان و نە زریانەکان .
هەست بە سووکیی شتەکان ،
یان قورسایی ئەندێشەکان ناکەم .
لەبەر دەرگای قیامەت ؛
کەسێکم نەبینی تا بپرسم :
ئەمێستاکە ، "کوێی" من ، لە کوێیە ؟
شاری مردووان لە کوێیە و ،
ئەی من لە کوێم ؟
لێرە لەم ناشوێن و ، نازەمەنەدا ،
نە 'عەدەم' هەیە ، نە 'بوون' !

***
منیش وەک ئەوە وایە
بەر لە ئێستا مردبێتم !
من ئەم خەونە دەناسمەوە و ،
دەشزانم بەرەو شوێنێ ڕێ دەکەم ، نازانم کوێیە !
ڕەنگە لە شوێنێکدا
هێشتا زیندوو بم و ،
بشزانم چیم دەوێت !
ڕۆژێک دەبمە ئەوەی خۆم دەمەوێت .

***
ڕۆژێک دەبمە ئایدیایەک ،
نە شمشێرێک دەیباتەوە وێرانەخاک ، نە کتێبێک .
چەشنی بارانێک بە شاخێکەوە
لە خۆکردنەوەی گیایەکدا درز ببات ،
ئیدی نە هێز ،
نە عەدالەتی پەڕاگەندە ،
سەرکەوتن بەدەست ناهێنن !

***
ڕۆژێک دەبمە ئەوەی خۆم دەمەوێت !

***
ڕۆژێک دەبمە باڵندەیەک ،
بوونی خۆم لە عەدەمم دێنمە دەرێ .
ئەو دەمەی باڵەکانم دەسووتێن ،
لە حەقیقەت نزیک دەبمەوە و
لە خۆڵەمێشەوە دێمە دەرێ و ڕادەبمەوە .
من پەیڤینی ئەو کەسانەم کە خەون دەبینن .
بۆ ئەوەی یەکەمین گەشتی خۆم
بەرەو 'مانا' تەواو بکەم ،
وازم لە جەستە و دەروونی خۆم هێنا ،
کەچی جەستەم سووتاندمی و دواتر ئاوا بوو .
من خۆم ئاوابوونم .
من ئاسمانزادەیەکم ، وەک نێچیر ڕاونراوم !

***
ڕۆژێک دێت ببمە ئەوەی خۆم دەمەوێت !

***
ڕۆژێک دەبمە بۆڵە ترێیەک ،
با لە ئێستاوە هاوین بمگوشێ و
ئەو ڕێبوارانە لە شەرابەکەم بخۆنەوە
کە بە سورەییاکانی شوێنێکی وەک شەکردا دەپەڕنەوە !
من پەیام و پەیامبەرم ،
من ئەدرێسە بچووکەکانم و هەر خۆیشم پۆستەم .

***
ڕۆژێک دێت ببمە ئەوەی خۆم دەمەوێت !

***
ئەمە ناوەکەی تۆیە / ژنێک وای وت و
لە ڕاڕەوی سپێتیی خۆیدا لە چاو ون بوو .
ئەمەیە ناوەکەت ،
سا ناوەکەت باش ئەزبەر کە ،
لەسەر هیچ حەرفێ جیاوازییت لەگەڵیا نەبێ و ،
گوێ مەدەرە بەیداخی خێڵەکان !
ببە هاوڕێ ی ناوە ئاسۆییەکەی خۆت ،
لەگەڵ زیندووان و مردوواندا، تاقی کەوە و،
هاوڕێ ، لەگەڵ غەریباندا ، ناوەکەت ڕا بهێنە
کە بە دروستیی بێتە گۆ .
پاشان ناوەکەت
لەسەر یەکێ لە تاشە بەردەکانی ئەشکەوت بنووسە !
- ئەی ناوەکەم : ئەو دەمەی من گەورە دەبم
تۆش گەورە دەبیت .
هەڵم دەگریت و هەڵت دەگرم ،
غەریب برای غەریبە !
پێکەوە ، بە حەرفی بزوێنی نەزرکراو بۆ 'نای' ەکان ،
مێینە کەمەندکێش دەکەین !
- ئەی ناوەکەم : ئەمێستاکە ئێمە لە کوێین ؟
پێم بڵێ :
ئێستا ، کەیە ؟ ئەی سبەی ، کەیە ؟
زەمان چییە و ، شوێن چییە و
ئەی کۆن چییە و تازە چییە ؟

***
ڕۆژێک دەبینە ئەوەی دەمانەوێت !

***
نە گەشتەکە دەستی پێکرد ،
نە ڕێگەکەش کۆتایی هات !
حەکیمەکان بە غوربەتی خۆیان نەگەیشتن .
غەریبەکانیش بە حیکمەتی خۆیان نەگەیشتن .
لەو هەموو گوڵەش ،
بێ لە گوڵاڵە سوورە ، چ گوڵێکمان نەناسیەوە !
دەسا با بچینە سەری سەرەوەی دیواربەندەکان :
زەمینی قەسیدەم سەوز و لە بەرزاییدایە .
لە بەربەیاندا، کەلامی خوا ، زەمینی قەسیدەی منە !
منیش دوورم ..
دوورم من !

***
لەهەر – با – یەکدا ،
ژنێک گەمە بە شاعیرەکەی خۆی دەکات .
– ئەو ڕێیە بگرە
کە خۆت بە دیاری پێشکەشت کردم ،
ئەو ڕێیەی کە وێران بوو !

مێینەییم بدەرەوە .
من هیچم نەماوە ، ئەوە نەبێت
لە چرچ و لۆچییەکانی دەریاچە ورد ببمەوە .
سبەینێم لێ ببە و دوێنێم بدەرەوە .
دوای تۆ ،
دوێنێی من یان کۆچ دەکات یان دەگەڕێتەوە .


***
- تۆش ؛ ئەی ژنەکە !
گەر پێت خۆشە ، قەسیدە ببە بۆ خۆت !
من لە قەسیدەدا ، بێ لە تۆ چی دیکە شک نابەم .
وەرە و "من" ەکەی خۆت ببە !
من ئەم مەنفایە بەو نامانە تەواو دەکەم
کە دەستەکانی تۆ ، بۆ کۆتریان جێهێشت !
کاممان دەبینە "من" ،
بۆ ئەوەی ئەزیش ببمە ''ئەو" ەکەی تر ؟

ئەستێرەیەک
لە نێوانی نووسین و قسەدا دەڕژێت و ،

(یادگاری)یش سەرەقەڵەمی
ختورەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە :
ئێمە لە زەمانی شمشێر و شمشاڵدا ،
لە نێوانی 'هەنجیر' و 'سوبێر' دا لە دایک بووین .
ئەو دەم مردن هێواشتر بوو . ڕۆشنتر بوو .
ئەو کات مردن
پشووی دەم ڕێژنەی ئەوانە بوو
کە لە ڕێژگاوی ڕووبار دەپەڕینەوە .
کەچی ئەمێستا ،
دوگمەیەکی ئەلێکترۆنی بۆ خۆی هەموو شتێکە .
نە بکوژێ گوێ لە کوژراوەکان دەگرێ و ،
نە شەهیدێک وەسیەتی خۆی دەخوێنێتەوە !


***
تۆ لە کام – با – وە هاتیت ؟
ناوی زامەکەی خۆت بڵێ ،
ئەو ڕێیانە بناسەوە کە دوو جار تیایاندا ون دەبین !
هەموو ترپەیەک لە تۆدا ژانم دێنێتێ و
دەمباتەوە بۆ زەمەنێکی خورافی .
خوێنەکەشم ئازارم دەدات ،
خوێیش ئازارم دەدات ، خوێنبەریش ئازارم دەدات .

***
لە گۆزە شکاوەکەدا
ژنانی کەناراوەکانی 'شام' ،
شین و زاریان لە دەست درێژیی ڕێگا دەکرد و ،
بە گڕەی خۆرەکەی مانگی ئابیش داخ ببوون .
من پێش لەدایکبوونم ،
ئەو ژنانەم لە سەرە ڕێی کانی بینیبوون و ،
گوێم لە دەنگی ئاوی ناو گۆزەکە بوو، دەیلاواندنەوە :
بۆ خاتری ئەوەی زەمەنی ئاسوودەیی بێتەوە
ئەو ژنانە ، دەچوونەوە بۆ لای هەور !

***
'سەدا' وتی :
هیچ شتێک ناگەڕێتەوە
جگە لە ڕابووردووی کەسە بەهێزەکان نەبێت
بە سەر ستوونە بەردینەکانی دەم ئاسۆوە!
"ئاسەواری ئەوان ، ئاڵتوونیی بوو ، ئاڵتوونیی !" .
نامەی ستەمدیدەکانیش بۆ سبەی :
نانێکمان بدەرێ بەشمان بکات و ،
ئێستایەکی بەهێزیشمان پێ ببەخشە .
ئیتر ئێمە ناتوانین بچینەوە ناو یەکتر و
جێگەی یەکتر بگرینەوە و ،
ئیتر ناتوانین نەمر بین !

***
سەدا وتی :
منیش شەکەت بووم بە دەست
ئەم ئومێدە کوشندەیەی خۆمەوە .
شەکەت بووم بە دەست داوی جوانییەکانەوە :
لە دوای ' بابل ' دڵ بە چیی خۆشکەم ؟
ئەو دەمەشی ڕێگا بەرەو ئاسمان کرایەوە و
ئامانجی کۆتاییش لە هەناوی مەجهول هاتە دەرێ ،
ئیدی پەخشانەکان وەربوونە ناو سەڵەوات و ،
سروودەکان کاڵ بوونەوە !

***
سەوزە ... زەمینی قەسیدەم سەوز و لە بەرزاییدایە !
ئەم زەمینە سەوزەم ،
لە ناو لیتاوی شیوەکەی خۆمەوە
بەسەر خۆمدا دەڕوانێت !
تۆ لە ماناکەی خۆتدا نامۆیت .
هێندە بەسە کە بە تەنێ هەر خۆت لەوێ بیت،
بۆ ئەوەی ببیتە خێڵێک !
من گۆرانییم چڕی بۆ ئەوەی
ڕەهەندێکی بەهەدەرچوو
لە ئازاری کۆترێکدا کێشانە کەم ،
نەک بۆ ئەوەی
شەرحی ئەوە بکەم کەخودا بە ئینسانی دەڵێت !
من پێغەمبەر نیم
هەتا بانگەشە بۆ سرووشێ بکەم و
جاڕی ئەوە بدەم کە خەرەندی من سەرکەوتنە !

***
من غەریبم بە هەموو ئەو زمانەی خوڵقاندوومە ؛
ئەگەرعاتیفەی خۆم بە حەرفی "ز" گەردنکەچ کەم ،
کەچی عاتیفەم ، بە حەرفی "ی" ، گەردن بە من کەچ دەکات !
ئەو وشانەشی کە دوورن لێمەوە ،
زەمینێکیان هەیە کە هاوسێی ئەستێرەیەکی باڵاترە .
ئەو وشانەشی کە نزیکن لێمەوە ، مەنفایەکیان هەیە !
کتێبیش بەشی ئەوە ناکات بۆ وەی بڵێم :
پڕ بە پڕی ونبوون
من لێرە حوزورم هەیە !
ئەو دەمەشی بۆ خۆم گەڕام ،
ئەوانی ترم دۆزییەوە .
ئەو دەمەشی بۆ ئەوان گەڕام ،
جگە لە 'خۆم' ی غەریب ، چی ترم لەواندا نەدۆزییەوە ،
بڵێی من تاکێکی قەرەباڵغ نەبم ؟

***
منی غەریب ،
لە "شیرە ڕێ" وە (*) هەتا گەیشتن بە ئازیز ،
شەکەت بووم .
بەدەست ئاوەڵناوی خۆمەوە شەکەت بووم .
هەتا دێت 'فۆرم' تەسک و ، ئاخافتنیش فراوان دەبن !
لە ناو وشەکانی خۆمدا ، ئیتر جێگەم نابێتەوە .
لە ئاوێنەکاندا تەماشای خۆم دەکەم :
بڵێی 'من' ، 'ئەو' بم ؟
بڵێی ڕۆڵی خۆم لە کۆتا فەسڵدا بەچاکیی بگێڕم ؟
بڵێی شانۆنامەکەم بەر لە نمایش،
بە چاکیی خوێندبێتەوە یان سەپێندراوە بە سەرما ؟
بڵێی من ئەو کەسە بم کە ڕۆڵەکە دەگێڕێ ،
یاخود ئەو کەسەی کە بۆتە قوربانیی
ئیفادەکەی خۆی گٶڕیوە
بۆ ئەوەی لە پۆست مۆدێرنەدا بژی ، پاش ئەوەی
نووسەری شانۆنامەکە لە سەمتی دەقەکە لای دا و ،
ئەکتەر و بینەرانیش بڵاوەیان لێکرد ؟
منیش لە پشت دەرگاکەوە دانیشتم و
کەوتمە ڕوانین :
بڵێی 'من' ، 'ئەو' بم ؟
ئەمە زمانی منە .
ئەم دەنگەش ، ئازاری خوێنەکەمە و
کەچی نووسەرەکە ، کەسێکی ترە !
من لە خۆم نیم ، گەر هاتم و نەگەیشتم .
من لە خۆم نیم ، گەر نوتقم دا و هیچم نەوت .
من ئەو کەسەم
کە حەرفە تەمومژاوییەکان پێی دەڵێن :
بنووسە بۆ ئەوەی هەبیت !
بخوێنەوە بۆ ئەوەی پەی ببەیت !
گەر ویستت بدوێیت ، کردار بنوێنە .
دژەکانت ، لە ناو مانادا یەکدەگرن !
دەبێ ناوەوەت رۆشن بێت !

***
هەرچوار دەورم دەریاوانە و ، کەچی بەندەرێک نابینم !
بێهوودەیی ، منی خاڵیی کردەوە لە ئیشارەت و دەستەواژە ،
کاتێکم نەدۆزییەوە بۆ ئەوەی
بۆ چاوتروکانێکیش بێت ،
پێگەی خۆم لە نێوان دوو پێگەدا بدۆزمەوە !
من هێشتاکە پرسیارەکەی خۆمم نەکردووە ،
پرسیاری لەیەکچوونی کازیوەیی نێوان دوو دەرگا :
دەرگای چوونەدەرەوە و دەرگای هاتنەژوورەوە !
مردنێکیشم نەدۆزیەوە هەتا ژیانی پێ ڕاو بکەم .
دەنگێکیشم نەدۆزیەوە بۆ ئەوەی هاواری پێ بکەم :
هێی ئەی زەمەنی تیژڕۆ!
تۆ ، منت لەو حەرفە ئاڵۆزانە فڕاند کە پێیان دەوتم :
ئەو شتەی ڕاستەقینەیە ، دڵنیابە ! هەمان شتیش خەیاڵییە .

***
ئەی ئەو زەمەنەی چاوەڕێی هیچت نەکرد!
چاوەڕێی چ کەسێکت نەکرد
کە لە وادەی لە دایک بوونی خۆی دواکەوت !
لێگەڕێ ڕابوردوو تازە ببێتەوە ،
ئاخر ئەو ڕابوردووە
یادی تاقانەی خۆتە لەنێوانی من و تۆدا .
یادی ئەو ڕۆژانەیە ،
ئێمە هاوڕێکانی تۆ بووین
نەک قوربانیی نێو ماشینەکانت !
لێگەڕێ رابوردوو هەروەک خۆی بێت ،
نە کەس یـخ بدات و ، نە کەسیش یخـی بدات !

***
ئەو شتانەم بینی
کە مردووان بیریان دەکەوێتەوە و ، ئەوەشی لە بیریان دەچێت .
ئەوانم دەبینی ؛ گەورە نابن و ،
کات لە سەعاتەکانی دەستیاندا دەخوێننەوە .
ئەوان هەرگیز ،
نە هەست بە مردنی ئێمە دەکەن و ،
نە بە ژیانی خۆیشیان .
هەستم دەکرد ، من هیچ نەبووم و ، نابمە هیچیش !
هەستم دەکرد ، هەموو راناوەکانیش شیی دەبنەوە .
ڕاناوی 'ئەو" لە راناوی "من"
یان لە ڕاناوی "تۆ"دا
دەتوێتەوە .
نە "هەموو"یەک هەیە ، نە "بەش" ێک !
نە زیندوویەکیش بە مردوویەک دەڵێت :
ببە بە من !

***
ڕەگەز و هەستەکانیش ، شتاقیان شیی دەبنەوە .
منیش نە جەستەی خۆم لەوێندەرێ دەبینم و ،
نە هەست بە هەڕەتی مردن
یان بە ژیانی یەکەمجارم دەکەم .
وەک ئەوەی من لە خۆم نەبم ..
من کێم ؟
من کەسێکی مردووم یان لەدایکبووم ؟

***

کات ؛ سفرە !
ئەو دەمەی مەرگ بەرەو سەدیمی گەردوون هەڵی فڕاندم ،
بیرم لای لەدایکبوون نەبوو .
ئاخر ئەو دەم ، نە زیندوو بووم ، نە مردوو .
ئاخر لەوێ ، نە عەدەم هەیە ، نە وجود !

***
سستەرەکەم پێم دەڵێ ؛ ئیستاکە حاڵت باشترە !
دواتر بەدەم بەنجکردنمەوە پێم دەڵێت :
"هێور بە و ، شایستەی ئەو خەونە بە
کە پاش کەمێکی تر دەیبنیت" .

***
پزیشکە فەرەنسییەکەمم بینی !
بینیم دەرگای زیندانەکەی دەکاتەوە و دارکارییم دەکات ،
دوو پۆلیسیش لە پۆلیسەکانی دەوروبەری شار ،
هاوکاریی دەکەن !

***
باوکمم بینی
بە بووراوەیی لە حەج گەڕابۆوە ،
خۆری حیجاز لێی دابوو .
بە پۆلە فریشتەکەی دەوری خۆی دەوت : بمکوژێننەوە !

***
هەندێ کوڕوکاڵی خەڵکی 'مەغریب' م بینی
یاری تۆپانێیان دەکرد.
بەدەم بەردبارانکردنی منەوە هاواریان دەکرد :
ئەی ئەو باوکەی ڕێگەی گۆڕستانت هەڵە کردووە ،
دایکی خۆمانمان بۆ جێ بهێڵە و ،
بە کەشتییەکەت بگەڕێوە !

***
" ڕێنێە شار" م بینی
لەگەڵ " هایدیگەر "
بە دووریی دوو مەتر لەولای منەوە دانیشتبوون ،
بینیمن شەرابیان دەخواردەوە و
کەچی باسی شیعریان نەدەکرد !
هەڤپەیڤین دەبووە تیشک ،
"سبەینێ" یەکیش ، ڕاگوزەرانە چاوەڕێی دەکرد !

***
سێ هاوڕێکەی خۆمم بینی شیوەنیان دەگێڕا و ،
بە دەزووی زێڕین کفنیان بۆ من دەدووری !

***
" مەعەڕڕی "م بینی
ڕەخنەگرەکانی لە دەوری قەسیدەکەی خۆی دەردەکرد :
من کوێر نیم ، ئاخر ئەوەی من پەیی پێدەبەم ، ئێوە پێی نابەن
"پەی پێبردن" نوورێکە دەچێتەوە سەر عەدەم ، یاخود شێتبوون !

***
وڵاتێکم بینی ،
بە دەستە سپێدەییەکانی خۆی
لە ئامێزی دەگرتم و پێی دەوتم :
شایستەی بۆنی ' نان ' بە !
شایستەی گوڵەکانی سەرشۆستەش بە !
ئاخر تەندوورەکەی دایکت هەتا ئێستاش داگیرساوە و ،
سڵاویش وەک کولێرەی نان گەرمە !

***
سەوز دەچێتەوە ،
زەمینی قەسیدەم سەوز دەچێتەوە .
یەک ڕووبار بەسە بۆ ئەوەی بە چرپە ،
بە پەپوولەیەکی مێینە بڵێم :
وای ، خوشکەکەم !
بە تەنێ ڕووبارێک بەسە
بۆ فریودانی ئەفسانە کۆنەکان
هەتا لەسەر باڵی هەڵۆ بمێننەوە ،
هەڵۆیەک ئەو دەمەی
بەیداغ و لوتکە دوورەکان دەگۆڕێت ،
ئەو لوتکانەی تیایاندا سوپاکان ،
مەمالیکی بیرچوونەوەیان بۆ من دانا !
میللەتێک نییە بچووکتر بێ لە قەسیدەکەی ئەو !
کەچی لە قەسیدەکەیدا ،
چەک ، وشەکان بۆ مردووان و زیندووان بەرهەڵلا دەکا و ،
حەرفەکانیش
شمشێری هەڵواسراوی بەرپشتوێنی فەجر دەدرەوشێننەوە !
بیابانیش، بە گۆرانیی دەمێ کەم دەکا و دەمێکیش زیاد .

***
تەمەنێک نییە بەشی ئەوە بکات
کۆتایی خۆم بە سەرەتامەوە گرێ بدەم .
شوانەکان حیکایەتەکەی منیان برد و
بەسەر جوانییەکانی داروپەردوودا
چوونە قووڵایی گیاوە و،
بە ژەنینی زوڕناکان و بە وتنەوەی قسەی باوی قافیەدار
سەرکەوتنیان بەسەر بیرچوونەوەدا وەدەست هێنا و،
دەنگی نووساوی یادگاریشییان
لەسەر بەردی ماڵئاوایی بۆ من جێ هێشت و
ئیتر نەگەڕانەوە !

***
ڕۆژەکانمان پڕ بوون لە ڕەعیەتبازیی،
ڕەعیەتبازییەک لە نێوان خێڵ و شاردا !
منیش ، ئەی ژنەکە ، شەوێکی تایبەتم بۆ کەژاوەکەی تۆ
کە بە سەراب ڕازابۆوە ، نەدۆزییەوە .
تۆش پێت وتم :
من بە بێ تۆ ، چ پێویستیم بە ناوەکەی خۆمە ؟
بانگم کە ،
ئاخر من ئەو دەمە تۆم خوڵقاند کە ناوت نام و ،
تۆش ئەو دەمە منت کوشت کە بوویتە خاوەنی ناوێک !
وای ، چۆن منت کوشت !
منێکی غەریبی هەموو ئەم شەوە ،
بمبە بۆ دارستانەکانی شەهوەتت ،
لە ئامێزتم نێ و
بمگوشە و ،
هەنگوینی پاراوی شەوی بووک و زاوایەتیی ،
بڕێژە سەر شانەی هەنگ و

بەقەد پڕبوونی دەستەکانت لە – با –
پەرشوبڵاوم بکە و
پاشان کۆم کەرەوە .
ئەوەتا شەویش ڕۆحی خۆی
تەسلیمی تۆ دەکات هۆ پیاوە غەریبەکە !
ئاخر ئەستێرەیەک نییە من نەبینێ و
نەزانێ خانەوادەکەم بە ئاوی لازیوەرد دەمکوژن !
سا بمدەرێ ،
- ئەو دەمەی من گۆزەکەم بە دەستی خۆم دەشکێنم - ،
ئێستای بەختەوەری خۆمم بدەرێ !

 

سەرنجی وەرگێڕ :
(*) شیرە ڕێ : لە دەقە ئەسڵییەکەدا بە (درب الحلیب) هاتووە ، پاش گەڕانێکی ورد ، بۆم دەرکەوت مەبەست لەو پۆلە ئەستێرەیەیە کە بەشێکن لە سیستمی خۆر لە کەوندا و پێیان دەوترێت (مجرة) . بۆ نموونە وەک (درب التبانة) کە لە جیۆگرافیادا بە زمانی کوردی کراوەتە (ڕێگەی کاکێشان) . منیش لە بەر ڕەزمی قەسیدەکە بە چاکم زانی کە (درب الحلیب) لە بری "ڕێگەی شیر" ، بە "شیرە ڕێ" تەرجەمە بکەم. بۆ نموونە ، ئەگەر ڕێگەیەک ڕکە و سەخت بێت ، کورد پێی دەڵێت ''بزنە ڕێ'' نەک "ڕێگەی بزن".
- ڕینێە شار : شاعیرێکی فەرەنسییە .
- هایدیگەر : فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە .
- مەعەڕڕی : مەبەست لە 'ئەبو عەلای مەعەرری' ی شاعیرێکی عەرەبە .
 
(وەرگێڕ – ئوسترالیا – ویلایەتی کوینسلاند – پایزی 2017 ی بریسبن).
 
سەرچاوە:
http://mahmouddarwich.blogspot.com/2006/02/blog-post.html