پیر پاولۆ پازۆلینی Pier Paolo Pasolini ١ دەرهێنەری سینەمایی لە ئاسمانی شیعر و شانۆوە هاتۆتە خوارەوە... پازۆلینی لە بوارەكانی شیعرو رەخنە و رۆمان و هونەری تەشكیلییەوە چالاكیە ئیبداعییەكانی خۆی نواندووە. لە ژیانی منداڵی و گەنجیدا چەرمەسەری و هەژاری زۆری كێشاوە، دواتر لەگەڵ دایكی گەیشتۆتە شاری "رۆما" و لە یەكێك لە هەرێمە هەژارنشینەكان لە باڵەخانەیەكی هەژارانە نیشتەجێ‌ بووە. پاشان لە ئاسمانی هونەر و داهێنان دەركەوتووە، ئێستا كارەكانی ئەو بۆ قوتابیانی بواری ئەدەب و هونەر و سیاسەت و كۆمەڵناسی بە سەرچاوەی فەلسەفی و ئیستێتیكی دادەنرێت.
ئێمە لەو بابەتەدا جەخت لەسەر بەهای جەستەو دەلالەتەكانی جوانی و فەلسەفی دەكەینەوە، و لەو بارەشەوە دەشێ‌ فیلمی ( شا ئۆدیب)٢ وەك نموونەیەك بۆ ئەو لێكۆڵینەوەیە هەڵبژێرین.
زمانی ئەدەبی بە نیسبەت پازۆلینی ئامرازی گەیشتنە، بەڵام زمانی سینەمایی زمانی وێنەئامێزی ئەبستراكە، وێنەی سینەمایش شێوەی ئاماژە وەردەگرێت. ئاسانە وشەكان لە فەرهەنگێ‌ كۆ بكەینەوە، بەڵام فەرهەنگێ‌ بۆ كۆكردنەوەی وێنە مەحاڵ دەكەوێتەوە. بەمجۆرە ناتوانین رێسایەكی دیاریكراو بۆ داهێنانی وێنەی سینەمایی دابنێین. كەواتە سینەما هەر تەنها وەسفكردن نییە، یان گێڕانەوەیەكی ئەدەبی. بەڵكو هونەرێكی شیعری سەربەخۆیە و ئامرازی تەعبیركردنی تایبەت بەخۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەش بەشێك یان جۆرێك نییە لە ئەدەب.
لە تێڕوانینی ئەو بیریارە، سینەما كاتێك دەبێتە ئامرازی دەستی بۆرژوازییەت، كە زمان و شێوازی ئەدەبی هەر تەنها وەك ئامرازێك بۆ پێشاندانی وێنەی سینەمایی بەكار بهێنێت، لەوێوەش ئاستی سینەما نزم دەبێتەوە.
پازۆلینی فیلمەكانی بە پشت بەستن بە شێوازی تایبەتی خۆی دەرهێناوە، ئەو شێوازەشی بە دیالۆگی ئازادو ناراستەوخۆ، یان خودی ئازادو ناراستەوخۆ ناودەبرێت. بەمجۆرەش سینەما دەبێتە شیعر، دەشێ‌ لەو شێوازەدا شتەكان و رووداوەكان لە تێڕوانینی كەسەكان یان كاراكتەرەكانییەوە ببینین، پازۆلینی لە رۆحی كاراكتەرەكانییەوە قوڵ دەبێتەوە، وەك دەریاوانێكی نێو خەون و نەستی ئەوان،، هەر لەوێشەوە هەست بە كامیرا دەكەین، كە شوێنی كاراكتەرەكان دەگرێتەوە، لەبری ئەوان رادەكات، وەك چۆن شتەكان و دیمەكان لە گۆشەنیگای كەسایەتیەكانەوە دەبینین..
سینەما كاتێك دەبێتە ئامرازێك بۆ گوزارشتكردنی حەقیقەتی واقیعی، و خوێندنەوەی ئەو دیوو واقیع، كە هەر تەنها لەدووتوێی نمایانكردنێكی رووكارانە و پەڕپووت و ساختەكارانەدا نامێنێتەوە، بەڵكو زمانی شیعری وەردەگرێت، سینەما چوونە نێو قوڵایی ئەفسانەیە، بەو مانایەی كە ئەفسانە بۆ مرۆڤایەتی خەیاڵی منداڵانەی لەخۆدا هەڵگرتووە، حەقیقەتیش لە تاكە خەونێكدا قەتیس نابێت، بەڵكو لە كۆمەڵێك خەونی مرۆڤانەدایە..
 لە سەرەتای فیلمی " شا ئۆدیب " لە دوورەوە لە دایكبوونی منداڵێك دەبینین. ئەو دیمەنە وێنەی لە دایكبوونی پازۆلینی لە بیستەكانی سەدەی بیستەمدا دەكێشێ‌. دواتر منداڵەكە لە باخچەیەكدا دەبینین، هەروەها دەبینین دایكی لەگەڵ هاوڕێكەیدا رادەكات! سروشت لە دیدی ئەو منداڵە وەك دایكێك وایە، كە كۆرپەكەی لە باوەش گرتووە، و سەیری دەكات و دواتر منداڵەكە سەیری ئێمە دەكات، ترس و دڵەڕاوكێی لە رووخساردا دەبینرێت. لێرەدا پازۆلینی ئەو بەربەستە تێكدەشكێنێ‌ كە لەنێوان كەسێتی و بینەردا هەیە. ئەو بینینانە هەڵگەڕانەوەیە، كەسایەتی رۆڵی بینەر وەردەگرێ‌ و دەبێتە گەواهیدەر بەسەر بینەردا. كاراكتەر یان كەسایەتی هەر تەنها وێنەیەكی جولاو نییە، رۆحێكی نیگەران و سەرلێشێواوە، هەوڵدەدات ئەو نیگەرانییە بگوازێتەوە، نەك هەر هێندە بەڵكو هەوڵدەدات ئەو نیگەرانی و ترسە لە دەروون و رۆحی بینەر خەڵق بكاتەوە.
جارێكی دیكە دایك لەگەڵ هاوڕێیەكەی رادەكات و واز لە منداڵە ساوایەكەی دێنێ‌، دواتر منداڵەكە وەك بابەتێك لە عارەبانەی منداڵاندا دەبینین. هەروەها وێنەی پیاوێك بە جلی سەربازی دەردەكەوێـت، منداڵەكە لەگەڵ پیاوەكەدا چاو لە یەكتر دەبڕن، پیاوەكە كە باوكی ئەو منداڵەیە لە رووخساری بێزاری و تووڕەیی دەبینرێت. لە دیمەنی دووەم و لە بەشی یەكەمی ئەو فیلمە دایك و باوك دەبنین لە ژوورێكی سەربەخۆ ممارەسەی سێكسی دەكەن. منداڵەكە هەست بە ترس دەكات، جێگەكەی خۆی بەجێدیڵێت بۆ ئەوەی بەدزییەوە چاو لە ژووری دایك و باوكی بكات.
 منداڵەكە كە تەقەمەنی بە ئاسمانەوە دەبینێ‌، دەقیژێنێ‌، باوك هەست بە وەرس بوون دەكات، پاشان دایكی دەبینین كە دێت و منداڵەكە پەل كێش دەكات، تا ئەو ساتەش نازانین حیكایەتی ئەو منداڵە چییە و چارەنووسی بەچی دەگات؟
ئەو فیلمە بۆ دەرهێنەر بۆنەیەكی باشە، تا لەپێناو تیشك خستنە سەر حەقیقەت بە پشت بەستنی ئەفسانە لە چوارچێوەیەكی هونەری شێوەكاری ژیاننامەی خۆی نمایش بكات،. فیلمەكە دەبێتە دەرفەتێك بۆ نمایان كردنی مەسەلەیەكی گرنگ، ئەویش ئازادی مرۆڤایەتیە لە بەرانبەر چارەنووسدا.
پازۆلینی لە یەكێك لە گفتوگۆكانیدا جەخت دەكاتەوە و دەڵێت: من ئەو منداڵەم، باوكی باوكی منە و دایكی دایكمە... باوكی پەلكێشی دەكات بۆ ئەوەی بیخەسێنێ‌، توانای سێكسی لە دەست بدات.
دەچینە بەشی دووەم، لە واقیعەوە بەرەو ئەفسانە دەبینەوە. دەبینین "ئۆدیب" بە قاچەكانییەوە هەڵواسراوە، هەردوو دەستیشی بەستراونەتەوە، جەستەی رووت و قووتە، سەربازێك بە تەنیا لە بیابان بەجێیدەهێلێ‌. مەرگ هەڕەشەی لێدەكات و لە دەوروبەری ئاڵاوە. بۆ یەكەمجار قیژەی منداڵەكە دەبیسین. ئەو قیژەیە گوزارشت لە نكۆڵیكردنی جیابوونەوە لە جەستەی دایك دەكات، ئەو دایكەی كە خۆشی دەوێت، نكۆڵی لەوە دەكات كە دایكی واز لە باوكی بهێنێت. جەستەی رووتی منداڵەكە لەگەڵ سروشتدا دەكەوێتە جەنگێكی قورس. مەرگ بە ئاسمانەوە شۆڕبۆتەوە، چارەنووس هێزی لەو مرۆڤە لاوازە بڕیووە. 
هەر لەو ساتەوە رەنگێك نزیك لە رەنگی پێستی مرۆڤ دەردەكەوێت، رەنگێكی خۆڵەمێشی و بۆر و رەش. پازۆلینی رەنگەكان كۆ دەكاتەوەو تێكەڵ بە یەكتریان دەكات تاكو سیحرێكی تایبەت خەڵق بكات و بینەری پێبوروژێنێ‌ و بەرەو دەروازەی خەونە رەهاكان پاڵی پێوەبنێ‌. لە بەشی دووەم كە بە دەوری زەمەنی ئەفسانەییدا دەخولێتەوە، جەستەی مرۆڤ بەشێكە لە سروشت، جلوبەرگیش لە دەمامك دەچێت، لێرە پازۆلینی حەقیقەتێكی خەڵقكراو (كە منداڵەكەیە) بەو هەموو لاوازییەوە دەخاتە بەرانبەر چارەنووس و سەختی سروشت، ئایا مەرگ بەسەر ژیاندا زاڵ دەبێت؟
باڵندە چڕنووك تیژەكان بە ئاسمانەوە دەبینین، لە بەرانبەر ئەوانەوە منداڵێكی بچووك و لاواز هەیە، لێرە جەستەیەك هەیە مەرگ هەڕەشەی لێدەكات و رۆحێكیش ژیان بە ئاوات دەخوازێ‌، پاشان تۆڵەسەندنەوە لە دەسەڵاتی باوك و جەورو ستەمەكانی... كۆمەڵێك چركەساتی شلۆق، هەر چركەیەك بەهای خۆی هەیە. قیژەی منداڵەكە هەوڵدەدات ترس هەلا هەلا بكات، بە ترس و بیمەوە دەمانخاتە قوڵایی زەمەنێكی ئەفسانەییەوە.
جەستەی مرۆڤ وەك جەستەی سروشت رووتە، ئەو رووتییە بۆ دەرخستنی رووداوێكی ترسێنەر، یان ئارەزوویەكی سێكسییە. لێرە بۆنەیەك بۆ چۆنێتی بەرجەستەكردنی سەرەتای هەبوون لەئارادایە. "ئادەم" رووت بوو... بەڵام هەستی بە حەقیقەت نەدەكرد، ئەو كاتە نەبێت كە "حەوا" پاڵی پێوەنا بیر لە حەزی نەمری بكاتەوە... چێژ بۆخۆی دەروازەی نەمرییە، بەڵام ئایا دەشێ‌ هەست بە چێژ بكەین، بەبێ‌ ئەوەی هەست بە پیرۆزی جەستە بكەین؟
چارەنووس یەكێك لە شوانەكان لێدەخورێ‌ تا بە منداڵەكە بگات، شوانەكە منداڵەكە بەرەو ئاسمان بەرز دەكاتەوەو هەڵیدەگرێت، بەرەو پاشا دەیڕفێنێ‌، پاشا دڵی پێخۆش دەبێت... بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە ئاسمانەوە بۆی هاتۆتە خوارێ‌. ئایا ئاسمان ئەوەندە بە رەحمە خۆشی بە مرۆڤ ببەخشی؟ ئایا ئەو منداڵە بۆ زەوی و دنیای نوێ‌، دەبێتە سەرچاوەی خۆشی یان چەرمەسەری؟
كاتێك رووبەرووی سینەمای پازۆلینی رادەوەستین، دەكەوینە بەرانبەر كۆمەڵێك دەلالەت كە دەمانخەنە فەزای ئەفسانەییەوە، بەرەو خاڵی یەكەمی سەرەتامان دەگێڕنەوە، لە هەمان كاتیشدا تەعبیر لە واقیع دەكات... پازۆلینی لەپێناو ئەفسانە، واقیع بەجێناهێێڵێت... وەك چۆن لە هەمان كاتیشدا ئەفسانە تەنها رێرەوی واقیع نییە.
"ئۆدیب" دەبین، لاوێكی هەرزكارەو یاری لەگەڵ هاوشانەكانی خۆی دەكات، هەوڵدەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بۆ بەدەست هێنانی تاج رادەكات، و هێزی جەستەیی و فرت و فێڵ بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی هەست بە جیاكاری بكات فرت و فێڵ دەكات، بۆ یاخی بوون لە چارەنووس لە ئامادەیی خوین رشتن دایە. ئەو كراسە سوورەی كە بەرزی كردۆتەوە خوازراوی تووندوتیژی و یاخی بوونە، وەك پشیلەیەك حەقیقەتی خۆی ناس ناكات، نە دان بە حەقیقەت دادەنێت نە ئامادەیە بزانێ‌ حەقیقەت چییە.
جەستە لەو فیلمەدا ئەیقۆنەیەكە دەلالەت لە رۆح دەكات، پەنجەرەیەكە بۆ چوونە ژوورەوەی دەروونی مرۆڤایەتی بە هەموو ئاڵۆزی و پەناو پێچەكانیەوە، بە هەموو تووندوتیژی و درەندەیی و بەو هەموو خەونانەی كە مرۆڤایەتی بە بەختیاری و نەمرییەوە دەیبینێت.
ئۆدیب بۆ راگەیاندنی خەونێكی سەیر و دڵەڕاوكێئامێز دەردەكەوێت، هەردەبێ‌ سەفەری "دەلف" بكات، بۆ ئەوەی لەوێ‌ حەقیقەت ناس بكات. ئۆدیب بە جلێكی سوور دەبینرێت. ئەوە رەنگی خوێنە جەستەی داپۆشیووە. ئۆدیب بەرەو چارەنووسێكی كڵۆڵانە هەنگاو دەنێت، جارێكی دیكەش لەو دنیایە جیا دەبێتەوە كە تێیدا پەروەردە دەكرێت، دەبینین بە جلێكی سپی لێی دوور دەكەوێتەوە، وەك ئەوەی كفنی خۆی هەڵگرتبێت... ئایا ئەوە سەفەری حەقیقەتە یان رووەو دنیای مەرگ دەبێتەوە؟
ئۆدیب بە "دەلف" دەگات، كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵك دەبینێ‌ لەرینەوەی وێنە دەبینێ‌. لێرەدا دەرهێنەر زەمان و مەكان لە دیدی كەسێتییەوە دەخاتە روو. ئێمە لە كایەی ئەفسانەدا نیین، یان واقعێكی شێواو... پازۆلینی بەرەو دنیای میتافیزیكیمان دەبات. دەتوانین ئەو وێنەیە وەك پێشكەش كردنی رۆژی حیساب هەست پێبكەین، كاتێك كە خەڵق چاوەڕێی وشەی جیابوونەوە دەكات. كاتێك هەموو مەخلوقی خوا چاوەڕێی یان خۆشبەختی یان چەرمەسەری هەتا هەتایە دەكات.
ئۆدیب كاتێك بۆ راڤەكردنی خەونەكەی لە قەشەكە نزیك دەبێتەوە، ئێمە وەك بینەر قەشەكە لە دیدی كەسێتییەوە دەبینین، پیاوێك دەبینین بە جەستەیەكی داهێزراوەوە، كوێرێك كە لەژێر دارێك دانیشتووە، وێنەی ئەو پیاوە دەشێ‌ لە دیدی سینەماییەكی بێ‌ باوەڕ وەك خوازەیەك بۆ فیكرەی خواوەند دەرك بكرێت... خەیاڵی خەڵكی هەژار و زەبوون لە درووستكردنی وزەو هەژموونی ئەو خواوەندەدایە.
ئۆدیب كاتێك كە دەزانێت باوكی خۆی دەكوژێت و دایكی خۆی مارە دەكاتەوە دووچاری حەپەسان دەبێت، بەڵام چارەنووس مشتومڕ هەڵناگرێت. قەشەكە دەری دەكات، ئۆدیب یان دەبێ‌ بەرەنگاری چارەنووس بێتەوە، یان ملی بۆ كەچ بكات. ئۆدیب بەدژی رۆناكی خۆر دەڕوات، وێنەكە بە ناروونی دەبینێ‌، ئێمە ئەو دیمەنە لە دیدی كەسێكەوە دەبینین كە دووچاری بەشێك لە كوێری بووە. جارێكی دیكە دەبینین ئۆدیب لە بیابان ون بووە. جەستە و رۆح سكاڵا لە شپڕزەیی دەكەن، بەڵام ئۆدیب بڕیار دەدات بەدژی چارەنووس راوەستێ‌، هەوڵدەدات لایەكی دیكە هەڵبژێرێت نەك شانشینی "كۆرنتە" ئەو نایەوێت شای كۆرنتە بكوژێت، ئەو شایەی كە پەروەردەی كردووە، نایەوێت ئەو شاژنەش مارە بكاتەوە كە سۆز و خۆشەویستی  دایكانەی پێبەخشیووە.
ئۆدیب لە قۆناغی ونبوونی لە بیاباندا سەردانی چەند گوندێك دەكات. پازۆلینی عەشقی ئەوەیە كە هەژار و بێ‌ نەوایان بخاتە روو، جەستە لاوازەكان بە هەموو رەنگە سروشتییەكانییەوە بەرجەستە بكاتەوە، كە سەرەڕای سەختی ژیان بەڵام دەبینین سەما دەكەن و گۆرانی دەڵێن و خێزان پێكدەهێنن. ئەو نمایان كردنە لەسەر دەرخستنی دزێوی بۆرژەوازییەت وەستاوە. ئەوەی پازۆلینی لێیدەگەڕێت رۆحی مرۆڤایەتییە، ئەو رۆحە سافەی كە ماددییەتی ژیاری ئەمڕۆ پیسی نەكردووە.
چارەنووس، ئۆدیب بەرەو شارێكی خۆش دەبات، لەوێ‌ بە كەژاوەی "شا لایوس" دەگات، كە باوكی راستەقینەی ئەوە، بەڵام ئۆدیب لەوێ‌ نكۆڵی لە رێگە بەردان دەكات، پاشان هەڵدەچێ‌، بە شێوەیەكی زۆر دڕندانەش پاسەوانی شا دەكوژێت، پاشان باوكی دەكوژێت، زۆربەی وێنەكان لە دوورەوە دەبینی، یان لەبەر تیشكی خۆر بەشێوەیەكی نادیار دەیبینی، ئەو شێوانە بە مەبەستێكەوەیە، بۆ ئەوەی لەمیانی ئەو روودانە تووندوتیژە، بینەر چاوی نەبینێت.
ئۆدیب لەپێناو ناسكردنی مەعریفە، بەدژی ویستی خواوەند و چارەنووس رێگەیەكی بۆخۆی هەڵبژارد. ئەو هەڵبژاردنە یاخی بوون و گوێ‌ نەدان بوو بە چارەنووس. نكۆڵیكردن بوو لەو رێگەیەی كە خواوەند بۆ چارەنووسی مرۆڤ حوكمی لەسەر دابوو، بەڵام چارەنووس تۆڵەی لێكردەوە خستیە نێو تاوانێكی دزێوەوە. ئێمە لەبەرانبەر ململانێی كەسێتییەكاندا نین، لێرەدا مەخلوقگەلێكی مرۆیی هەن، بە هەموو هێز و تووندییەوە ململانێی دنیای میتافیزیك دەكەن.
لێرەدا باوك دەلالەت لە تەوتەمەكان دەكات، ئەوانەی دەسەڵات و سێكس بۆ خۆیان دەپارێزن و منداڵ لەدایك و بەزەیی دایك بێ‌ بەش دەكەن، و دەیخەنە نێو بێ‌ بەش كردن و وێڵگەكانەوە. هەروەها ئەو كوشتنەش ناشیرینە، كە بۆ وەدەستهێنانی جەستەی دایك و دەست بەسەر داگرتنی ئەو دەسەڵاتە دەدرێت كە لەژێر هێزی دیكتاتۆرانەی باوكدایە.
ئۆدیب سەفەرەكەی بە ئاراستە باشەكە درێژە پێدەدات، بە خەڵكی شار دەگات، بەڵام ئەوان شارەكەی خۆیان بەجێدەهێڵن لەبەر ئەو دڕندەیەی كە بەختیاری ئەوانی وێران كردووە. ئۆدیب بە كوشتنی ئەو بوونەوەرە هەڵدەسێت، بەختیاری بۆ شارەكە دەگەڕێنێتەوە، و دەبێتە مێردی شاژن و خاوەنی دەسەڵات و شوێنی شا دەگرێتەوە.
لەو دیمەنەدا پازۆلینی كار بە جەستەی مرۆڤ دەكات، هەموو خەڵكەكە بۆ رەسمكردنی تابلۆیەكی شێوەكاری بە هێلە راست و خوارەكانییەوە بەكار دەهێنێت، كۆمەڵەكە بە جل و بەرگ و جولەیانەوە بەرەو تاریكی دەڕۆن، یان بەشێوەیەكی رەمەكی بە ئاراستەی كامیرا دێن، ئەو بەجێهێنانە لە شێوازی شێوەكارییەوە نزیكە، رەسمكردنی تابلۆیەك و دواتر رەشكردنەوە و هەمواركردنی هەندێك لە بەشەكانییەتی.
شتێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە، كە هیچ دڕندەیەكی ناشیرین نابینین... ئۆدیب كەسێك دەكوژێت، كڵاوێكی سەیر دەخاتە سەر سەری، ئەوەی لێرە پازۆلینی دەیەوێت بیڵێت، ئەوەیە كە خەیاڵی مرۆڤ بۆخۆی درووستكەری دنیای میتافیزیكە و پیرۆزی بەو دنیایە بەخشیووە. ئەو ترسە هەبووەو هەتا ئێستاش چارەنووسی مرۆڤایەتی بەڕێوە دەبات.
ئەو بەختیارییەی ئۆدیب كە لە باوەشی جۆسیكای خێزانی بەسەری دەبات، درێژە ناكێشێت. شارەكە تووشی نەخۆشی تاعون دەبێت، ئەوەش نەفرەتێكە لە ئاسمانەوە هاتۆتە خوارێ‌ و تۆڵە لە بكوژی "لایوس" دەكاتەوە. ئەو تاوانبارە دەبێ‌ كێ‌ بێت؟ پەیامبەری خاوەن حیكمەت دێت. پیاوێكی جەستە بنێس و كوێر، كلیلی غەیبی پێیە، دوای مشتومڕێكی زۆر، ئەو پیاوە حەقیقەت رادەگەیەنێت... ئەوە ئۆدیبە تاوانبارەو باوكی خۆی كوشتووەو دایكی خۆی مارە كردۆتەوە. ئۆدیب نكۆڵی دەكات و بەهۆی هێز و چێژەوە بەربەرەكانی لەخۆی دەكات و درێژەی بە هاوژیانی شاژن دەدا... دواتر لە كۆتاییدا حەقیقەت كەشف بوو، دایك خۆی كوشت، ئۆدیب چاوی خۆی دەرهێنا، لە دوا بەشی فیلمەكە لە شەقامی "رۆما" داین و زەمەن زەمەنی شەستەكانە، لە دوا دیمەندا بەرەو خاڵی سەرەتا دەگەڕێینەوە هەمان شوێن كە لێی لەدایك بووە، ئەو گەڕانەوەیە بۆ جەستەی دایكە... ئەو دایكەی كە بزری كردبوو.
ئەو فیلمەی پازۆلینی گەواهی لە واقیع دەكات... نەخۆشی تاعون میتافۆری تاوانەكانی جەنگە لەو سەردەمە نوێیەدا. جەختكردنەوەی كامیرا لەسەر پێشاندانی جەستەی مرددوان دەبینرێت. دەبینین دومەڵ جوانی جەستە و رووخساری مرۆڤی شێواندووە... تاعون لە چەرخی ناوەڕاستدا دزێوترین وێنەی مەرگی نیشان دەدا، بەڵام لە سەردەمی تازەدا، بۆرژوازیەت بۆمبی ئەتۆمی و چەكی كوشندەی زۆر سەخت و دزێوتری لە تاعون  داهێناوە، قوربانییەكانیش لە چینی پرۆلیتاریان.
دەرهێنەر رەنگی رەش و سپی بەشێوەیەكی دینامیكی بۆ وێنەگرتنی ئازار و كڵۆڵی و تووندوتیژی مەرگ بەكار هێناوە، ئەو بەكارهێنانە هەر تەنها شێوازێكی ئیستێتیكی نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر ئەو كاریگەرییە دەروونییانەیە كە لای بینەر دەمێننەوە، لەو فیلمەدا پازۆلینی ژیاننامەی خۆی لەژێر كاریگەری سیگمۆند فرۆید و راڤەكردنی ئەو بۆ ئەفسانە پێشكەش دەكات، ئەفسانە لێرەدا هەر تەنها ئامرازێك نییە بۆ بەراوردكردنی ئێستاو رابردوو، بەڵكو بۆ درووستكردنی جۆریكە لە بێ‌ ئارامی و بێزارییەكانی واقیع، كردەیەكە و دەرگای مشتومڕ لەبارەی واقیع دەكاتەوە.
جەستەی دایكە خۆكوژەكە تەنها دەلالەت لە ونبوون ناكات، بەڵكو مەرگی دایك وەك بەها كۆمەڵایەتییەكە خۆی دەنوێنێ‌، لەناوچوونی ئەو جەستەیە بۆ دەلالەتكردنە لە ونبوون و لە دەستچوونی شتێكی پیرۆز، خەڵكانی شاریش جەستەیان فڕێدەدرێتە نێو ئاگرەوە، هەندێك وا تێدەگەن كە ئەوە جەخت كردنە لە فیكرەی فەنابوون... ئەوە لە دیدی بێ‌ باوەڕانەوە، بەڵام جگە لەوەش وێنەگرتنی دزێوییەكانی جەنگی لەخۆدا هەڵگرتووە، جەنگێك كە هەموو پیرۆزەكانی لەناوبرد، رۆحی كوشت و جوانییەكانی مرۆڤی شێواند.

سەرچاوە:
؛ بۆ ژێدەری ئەو بابەتە بڕوانە: سایتی گوگول، الثلاثاء, 15 سبتمبر 2009 10:57، حمید عقبی.

پەراوێز:
١. - پازۆلینی لەنێوان لە دایكبوونی لە (5ی ماریس 1922) هەتا بەیانی نۆڤێمبەری ساڵی 1975 كە لە نزیك گۆرەپانی (ئەلیدۆ) لە شاری (ئۆستیا) ئیتاڵیا تیرۆر كرا، ژیانی لە فیلمی سینەمایی دەچوو یان لە خەونێك كە نزیكە لە جێبەجێ‌ كردن. بەڵام ئێستا  پازۆلینی پاڵی بە گۆڕەكەی دایكی داوە، وەك چۆن لە ژیاندا هەر لە تەك ئەو ژیانی بەسەر دەبرد.. و:كوردی.
٢. -پازۆلینی دان بەوە دەنێت كە هەموو كتێبەكانی فرۆیدی لە شاری پۆلۆنیا (شارێكە لە ئیتاڵیا و شوێنی لەدایكبوونی پازۆلینییە) پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە بیست ساڵی خوێندۆتەوە، هەروەها دەڵێت فرۆید بۆ ژیان و رۆشنبیریی من رووداوێكی بنەڕەتی بوو، واتە فرۆید هەر تەنها مەسەلەیەكی رۆشنبیریی نەبوو، بەڵكو ماناو دەلالەتی بە ژیانی ئەو بەخشیووە... و:كوردی.