نووسینی سوسان دۆدیلێت (١)
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

پێشەکییەکی کورت: 

هەندێک پرسیار هەن کە لە جەدەلەکانی سیاسەتدا جێگای هەمەڕۆژە داگیرناکەن، بەڵام وزەیەکی گەورە و نهێنی سەیریان لە ناوخۆیاندا حەشارداوە.
پرسەکانی ئیعدام و سێکسفرۆشی لەم پرسیارانەن.
ئەم وتارەی بەردەستتان نووسینی (سوسان دودیلێت)ە کە یەکێک لە دەنگە ڕادیکاڵەکانی فێمێنیزمە لە سویددا. تەوەری باسەکانی سوسان لێکؤلێنەوەیە لە سەر پرسیاری سێکسفرۆشی لە سوید و ئەڵمانیادا.   سوسان تێروانینێکی سەنجڕاکێشی لەبەرانبەر سیاسەتی رەسمی دەوڵەت و فێمێنیزمی سویددا هەیە کە خۆی لە خستنەژێرپرسیاری سیاسەتی سێکسفرۆشی سویدا دەبینێتەوە. ئەو پێیوایە پرسیاری چەقبەستن لەدەوری ئەوەی کە هەمیشە پێتوابێت کارێکی دزێوە پیاوان سیکس بکڕن، دەکرێ بە جۆرێکی دیکە بکرێت: بۆچی پیاو دەبێ هەمیشە سێكسی بەلاشی دەستبکەوێ.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سوید لە ڕیگای یاسای "سێکسکڕین"دا سزا بۆ کڕیاردەبڕێتەوە و ئەم کردەی کڕینە بە تاوان لەقەلەمدەدات. لە ئەڵمانیاشدا لە رێگای سەرنجدان لە سێکسفرۆشسیەوە وەک کارێک، بیمەی بێکاری و خزمەتگوزارییە دەرمانی و خانەنشینییەکانی کرێکارانی سێکس فەراهەمکراوە.

چی وادەکات فێمێنیزمی ئەلمانی لە پشت ئەم سیاسەتەوە دەوەستێت، لە کاتێکدا  فێمینیستەکانی سوید پێیانوایە ئەوەی لە ئەلمانیا دەگوزەرێت، بێحورمەتیکردنە بە فێمینیزم و بە ژنان. من لەم وەرگیرانەدا وشەی سێکسفرۆشیم لەبەرانبەر لەشفرۆشیدا بەکارهێناوە. ئاخر فرۆشتنی هێزی کاریش بە خۆفرۆشی ناونەبراوە. بۆ دەبێ سیکسفرۆشی بە لەشفرۆشی ناوزەدبکرێت. لە کاتێکدا لە باری میژووییەوە، جێیداخە کە سیکسفرۆشی بە یەکێک لە کۆنترین کارەکانی میژوو لە قەلەمدەدرێت. 

 

سەبارەت بە سێکسفرۆشی

هاوزەمان کە سوید یاسای بەتاوانهەژمارکردنی کڕینی خزمەتگووزارییە سێکسییەکانی لە پەرلەماندا پەسەندکرد، ئەڵمانیا پەیڕەوی لە یاسایەکی دیکە کرد کە سێکسفرۆشی دەکاتە یەکەیەکی ئاوێزانبوو لە کۆمەلگادا.

خەلک زۆر جار ئەو پرسیارە دەکەن کە من کام سیاسەتی سێکفرۆشییەم لا پەسەندە، ئەوی سوید یاخود ئەوی ئەڵمانیا. من دەبوایە ئەم وەلامەم باش بزانیایە چونکە مێژوویەکی درێژە خەریکی لێکۆڵینەوەم لەم بابەتە.  بەڵام وەلام  هەروا ئاسان نییە.
کاتێک لە سویدم، من پاریزگاری لە سیاسەتی ئەلمانی دەکەم و ئەوە دەگێڕمەوە کە چۆن ئەم سیاسەتە زامنی مافەکانی سێکسفرۆشان دەکات.  لە ئەڵمانیا سێکسفرۆشان مافی بیمەی بێکاری و خانەنشینی و باشترکردنی هەلومەرجی کارییان بەدەستهێناوە. 

کاتێکیش کە لە ئەڵمانیام، داکۆکیکی لە یاسای سێکڕینی سوید دەکەم. لێرەدا سێکسفرۆشی لە ناشیرینترین سیماکانیدا بەرجەستە دەکرێت کە یانی چەوساندنەوەی ژنانە و ئەمەش لەلایەن سیاسەتەوە لە سوید تیشکیخراوەتەسەر.
ئەوەی کە سیاسەت لە ئەلمانیادا جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ سویددا هەبوو بۆ من واهی ڕاڤەی لێدەکرا کە ئەڵمانیا کەمتر وڵاتێکی فێمێنیستییە. ئاخر ئەگەر ئینسان بەشوێن یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەیە، ناکرێ سێکسفرۆشی قبووڵبکات. ئەمە ئەو لایەنەیە کە چەندەها ڕاڤەکەران و سەرنجدروستکەرانی سویدی جەختییانلێکردۆتەوە. بۆیەش لای من ناکرێ تۆ فێمینیست بیت و هەبوونی شوێنەکانی سێکسفرۆشیت پێقبووڵبێت. 

بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێ واش بێت. 

من لە ڕێگای توێژینەوەکانمەوە ئەوە فێربووم کە کەسانێکی فێمێنیست هەن کە پێیانوایە لە ڕیگای سێکسفرۆشیشەوە دەکرێ بەسەر چەوساندنەوەی ژناندا زاڵ ببیت. ئەمەی دواییان، ئەو جۆرە فێمێنیستانە بوون کە بوونە ئیلهامبەخشی سیاسەت لە ئەڵمانیادا. 

ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە بە ناوی " کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا" دەستبەکار بوو، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەڵمانیادا زۆر چالاک بوو. ئەم کامپینە، بە تەنیا وەک هۆکاری سەرەکی ئەوە نەبووە ئەڵمانییەکان مافەکانی سێکسفرۆشانیان پەسەند کرد، بەلام کاریگەریی گرنگی هەبوو. 

گرنگترین تێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە بریتی بوون لە:
یەکەم: سێکسی ترادیسیۆنی کارێکە بۆ خۆی.
دووەم: سێکسفرۆشی وزەیەکی شۆڕشگێرانەیە.
سێیەم: سێکسفرۆشان نموونە چاولێکراوەکانی فێمێنیزمن.

لە لێکۆڵینەوەکانی خۆمدا، وێنەیەکم دەستکەوتووە کە تیایدا  ژنانی "کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا"، لە بەرلینی خۆرئاوا و لە کۆتایی حەفتاکاندا، خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریین. لە وێنەکەدا هەتاو دەدرەوشێتەوە و ڕوخسارەکان دڵشاد و بڕیاردەرانە دەردەکەون. لەو کاتەدا لێکۆڵینەوەیەک بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە خانمانی ناوماڵ لە ئەڵمانیای خۆرئاوا چلوپێنج تا پەنجا ملیارد سەعات کاری بێکرێ ئەنجامدەدەن. هاوکاتیش سێیەکی کاری بەکرێی ئەو وڵاتە کە بە نزیکەی پەنجاو دوو ملیارد سەعەتکار دەخەملێنرێت، لە لایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت. بە کورتیەکەی، ژنان دوو لەسەر سێی کاری ئەنجامدراوی ناو کۆمەلگایان لەسەر شانە. پشکی پیاوان، تەنها سێیەکی کاری ئەنجامدراوی ناو کۆمەلگا بووە. لەسەر لافیتە و پلاکاردەکانیان، ژنانی ئەم بزووتنەوەیە ئەم زانیاریانەیان بۆ خەلکی دووپاتدەکردەوە. ئەوان بەو دەرئەنجامە گەیشتبوون کە هەر سەعاتێکی کاری ناو ماڵ کە کرێی نادرێت و وەرناگیرێت و لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت، بایی هەزار و نۆسەد مارکی ئەلمانییە لە مانگێکدا. پرسیاری سەرەکیشیان ئەوە بوو: ئەم پارەیە بۆ کوێ دەچێت؟

ژنان دەیانووت: لە ڕێگای خۆشەویستییەوە ناتوانین کرێی ماڵ و پێداویستییەکانی دیکەی مانگانە بدەین". بە پیتی گەورە دەیاننووسی:کاری ناوماڵ بناغەی پیشەسازی کۆمەڵگایە. ئێستاش وەختییەتی کە داوا لە دەوڵەت و پیاوان بکرێت ئەم سەرمایە کەڵەکە بووەی بە هۆی کاری ناو ماڵەوە پێکەوەنراوە، بگێردرێتەوە بۆ ژنان و تێچووەکانی مانگانەی خۆیانی پێبدەنەوە. 
یەکێک لەوانەی کە لە وێنە فوتوگرافییەکەی لای مندایە، (پیئێکێ بییەرمان)ە. ئەمڕۆ ئەو یەکێک لە روخسارە ناسراو و نووسەرە خەڵاتکراوەکانی بواری رۆمانی پۆلیسییە لە ئەلمانیادا. بەڵام ئەو لەو ڕۆژگارەدا، نەک هەر رێکخەرێکی بزووتنەوەی "کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا" بوو، بەڵکو وەک سێکسفرۆشێکیش کاری دەکرد.

لە وێنەکەدا (پیئێکی) زەردەخەنەیەکی گەورەی لەسەر لێوە و لە پشتی (گیسیلا بۆک)وە ڕاوەستاوە. گیسیلا لە وێنەکەدا خەریکی توندکردنەوەی بەرکۆشەکەی خۆیەتی و یەکێک لە روخسارە ناسراوەکانی بزووتنەوەکە بوو و ئێستاش پرۆفیسۆری مێژووە.

من کاتێک لە بەرلین (پیئێکێ)م بینی بۆ ئەوەی باسی ئەو سەردەمە بکەین، ئەو جەختی لەوەدەکردەوە کە پەیامی بزووتنەوەکە بە هیچ جۆرێک لە گەورەکردنەوەی ئایدیۆلۆژی خانمانی ناو ماڵدا نەبووە. بە هیچ جۆرێک باس لەسەر ڕازیبوونی ژنان نەبوەوە لەسەر وەزعییەتی ژیانی خۆیان. داخوازی قەرەبووکردنەوەی کاری کرێپێنەدراوی ژنان لە ناو ماڵدا تەنها وەک خوڵقاندنی زەمینەیەکی گونجاو سەرنجی دراوەتێ بۆ ئەوەی لە کاری ناو ماڵ ئازادبکرێن. 

ئێمە لە ڕێگەی کرێی کاری ناو ماڵەوە دەمانویست  ژنانێک کە پێشووتر لە وابەستەییەکی تەواوی ئابووری پیاودابوون   ئازادی و دەسەلات بەدەستبهێننەوە. 

پەیامی بزووتنەوەکە لە پێناسەکردنی کاری ناوماڵدا بەرفراوان بوو. بەڕۆشنیش ئەوە دیار بوو کە کامپینی کرێی کاری ناوماڵ ، بە تەنها کامپینێکی خانمانی ناو ماڵ نییە. بەڵکو بزووتنەوەیەکی بەربڵاو بوو بۆ هەموو ژنان. ژنانێک کە بە تەنها لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەژین و ئەوانەیشی لە پەیوەندییەکی خێزانیدان، بێمنداڵان و دایکان، هێترۆ و هۆمۆکان، هەرهەموویانی لەخۆیدا جێدەکردەوە. 

کاری ناو ماڵ هەموو کارێکی کراوی پێویستی ناو ماڵی دەگرتەوە کە ژنان بێکرێ ئەنجامیدەدەن بۆ ئەوەی کۆمەلگا بتوانێت هەڵسوڕێت. کارەکان بریتی بوون لە بەرهەمهێنانی کرێکاری نوێ، یانی دووگیانی و منداڵخستنەوە، شیرپێدان و پەروەردەی منداڵ، وەهەروەها دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کرێکاری کۆن، یانی ئەو هەمو کارو کۆمەکەی کە بۆ پشتیوانی کردنی پیاوی کرێکاری ناوماڵ دەسازێنرێت تا بتوانێت بچیتەوە سەرکار، چێشتلێنان و بازارکردن، ماڵپاککردنەوەو هتد. تەنانەت ئەو  ژنانەیشی لەدەرەوی ماڵدا کارییاندەکرد، لە شوێنکارەکانی خۆشیاندا هەندێک لەو کارە بێکرێیانەیان ئەنجامدەدا، هەر لە  قاوەدروستکردن و هەندێک لە کارو شتی دیکە کە پیاوان نەیاندەکرد و پێیانوابوو ئەمە کارێکی ژنانەیە، ژنانی کارکردووی شوێنی ئەم کارانە ئەنجامییان دەدا. 

بەڵام هەر لەخۆ و بەڕێکەوت نەبوو کە (پیئێکێ) بووە یەکێک لە ڕوخسارە بەرجەستەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ئاخر سێکسیش لە دۆخە ترادیسیۆنییەکەی خۆیدا یەکێک لەو کارانەی ناو ماڵ بوو کە لە ژنان چاوەڕواندەکرا بە بێکرێ ئەنجامی بدەن. 

لە کاتێکدا سێکسفرۆشان بۆ ئەم جۆرە لە کار پارەیان وەردەگرت و بەمەش ئەوان بۆ ژنانی دیکە  وەک ئایدیالێک یان کەسانێکی نموونەیی دەردەکەوتن لەم پەیوەندەدا. 

(پیئێکێ بییەرمان) دەگێڕێتەوە و دەڵێ کە ئەو کاتێک لە پۆڕکلووبەکانی هانۆڤەردا کاریدەکرد: "هەستمکرد کە سێکس لە فۆرمە نوێیەکەی خۆیدا جۆرێکە لە کار. سێکسفرۆشان کرێی شتێک وەردەگرن کە ژنانی دیکە وا لێیان چاوەڕواندەکرێت بە خۆرایی و بە ناوی خۆشەویستییەوە ئەنجامی بدەن."

بە تێڕوانینی (پیئێکێ)، ئەو سێکسەی سێکسفرۆشان لە کلووبەکاندا پارەی لە بەرانبەردا وەردەگرن، جیاوازییەکی گەورەی نییە لەگەڵ ئەو سێکسەی ژنان لە پەیوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا ئەنجامیدەدەن.
ئەو بیروخەیاڵە فێمینیستییەی لەو کاتەدا واهی بوو کە ئەگەر سێکسفرۆشان وخانمانی ناوماڵ پێکەوە کارێک ئەنجامبدەن، بە قازانجێکی گەورە بۆ ژنان تەوادەبێت. ئەو کات ژنان دەیانتوانی  نەرێ بە سێکسێکی نابەدڵ بڵێن کە بە مەرجەکانی پیاوانە و داخوازییەکانی خۆیان بنێنەپێش و پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیشیان بەدەستبێنن.

ئیلهامبەخشی ئەم بیرکردنەوەیە بۆ (پیئێکێ) و ژنانی دیکەی ناو کەمپینی کرێی کاری ناوماڵ یەکێک لە فێمێنیستە رادیکاڵەکانی ئەمریکا بوو بە ناوی (ئاننێ کودێت).

(کودێت) لە رۆژنامەیەکی شۆڕشگیرانەدا ئەوەی دەرخستبوو کە ئەوەی پێی دەوترێت: "ئەفسانەی ئۆرگازمی مەهبەلی" بە پێی تێڕوانینی کودێت، ژنان تەنها لە رێگەی بەجۆشخستنی قیتکەیانەوە ئۆرگازمییان پێدەگات و چیرۆکی ئۆرگازمی مەهبەلییانە بە تەنها  ستراتیجییەکی پیاوانە بووە بۆ خوڵقاندنی سێکسوالیتیتێک کە بە تەنها پیاوان ڕەحەتدەکات و لەزەت بەوان دەبەخشێت. 
ئەم تێزەی کودێت لە ناو فێمێنیستەکانی ئەلمانیادا سەدایەکی گەورەی هەبوو.
(پیئێکێ بییەرمان) یەکێک بوو لەوانەی بروای وابوو سێکس بە زۆرییەکەی پیاوان ڕەحەتدەکات. ئەو دەڵێ: "ژنان دەمێکە ئەوە دەزانن کە سێکسوالیتێتی  ترادیسیۆنیانە چ ئەرک و زەحمەتێکی بەسەر ئەوانەوە هەبووە" ، ئەمە ئەو لە حەفتاکاندا نووسی بووی، پیاوان لەبیریانچۆتەوە کە پێداویستییە سێکسییەکانی ژنان بهێننە دی." 
(پیئێکێ بییەرمان) لە گەڕان بە شوێن چارەسەری ئەم گرفتەوە  بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە:"سێکسفرۆشان دەتوانن ئەوە نیشانی دەستەخوشکە بێکرێکانییان بدەن کە ئەوان دەتوانن کرێ وەربگرن و بێئەوەی ئەم کارەیان،  کاراکتەرییان بشێوێنێت و بە زەرەر بۆیان بگەڕێتەوە".
فیکرەکە ئەوە بوو کە ئەگەر ژنان  ملنەدەن بۆ ئەو سیکسە بێکرێیەی کە لە دەوری ئارەزووە سێکسییەکانی پیاوان چەقیبەستووە، ئەوا دەتوانن دانووستاندن بکەن بۆ بەدەستهێنانی جێگاوڕیگایەکی باشتر تەنانەت لە شوێنی خەوتنیشدا. 

بێگومان ئەوەی کە سێکسفرۆشی زیانی نەبێت بۆ ژنان، کە لە ئەلمانیای ئەوسادا وەک ئەرگومێنتێک دەوترایەوە، لەلایەن توێژینەوەران و کەسانی سویدییەوە سەری ڕەزامەندی بۆ نالەقێنرێت. ئاخر لە سوید و زۆر شوێنی دی ئینسان پێیوایە  کە سێکسفرۆشی، سیکسوالیتێتێکی لە هەست و داخوازیدابڕاوە کە تەنها و تەنها بە خواست و مەرجەکانی پیاوان دەچێتە پێش و زیانی بۆ ژنان هەیە.

بەڵام ئایا ئەو فێمینیستانەی لە بزووتنەوەی:" کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا" کاریان دەکرد، ئەو جیاوازییەیان نەدەبینی کە لە نێوان سێکسێک کە لەگەڵ کەسی خۆشەویستتدا ئەنجامدەدرێت و سێکسێک کە بە کەسێکی نەناسراو دەفرۆشرێت؟ 

بێگومان ئەم جیاوازییە لای ئەوانیش ڕۆشن بوو.  بەڵام بە جیاواز لە فێمینیستەکانی سوید، ئەوانەی ئەلمانیا پێیانوابوو: کە سیکسی بە پارە کەلکی بۆ ژنان زیاترە. ئاخر ئەوە چییە کە ئێمە لە بەرانبەریدا بەدەستی دێنین کاتێک بەناوی خۆشەویستییەوە دەبێ سێکس بکەین.؟
 فێمینیستەکانی ئەڵمانیا پێیانوابووکە لە دۆخی دووەمیاندا، سێکسی ناوماڵ، دەستکەوتەکان هێندە گەورە نین.

ئەو سویدیانەی لەم جەدەلانەدا چالاکن، پێیانوایە پەیوەندییەک لەسەر بنەمای خۆشەویستی لە باری پرەنسیپەوە یەکسانترە لە پەیوەندییەکی سارد وسڕی بێخۆشەویستیدا. بەڵام ئەوانەی لە ئەلمانیا ئەم جەدەلەیان دەبردەپیش، بە گومان بوون لە کاریگەرییەکانی وزەی خۆشەویستییدا کە بتوانێت پەیوندییەکی پارسەنگئامێز بهێڵێتەوە لە پەیوەند بە پرسی یەکسانیدا لە ناو ئەم پەیوەندییەدا. بە پێچەوانەوە ئەوان پێیانوابوو کە خۆشەویستی وابەستەیی بەهێزدەکات بە تایبەتی کاتێک یەکێک لە تەرەفەکانی خۆشەویستی هەستی بەهێزتری لەبەرانبەر ئەوی دیکەیاندا هەبێت. بۆ ژنانی کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ماڵدا، جەختکردنەوە لە خۆشەویستی ستراتێژییەکی پیاوانە بووە بۆئەوەی ژنان لە پەیوەندییە پاتریارکارەکالەکاندا بهێڵێتەوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە دەدا کە هەموو پەیوەندییەکی پێکەوەیی زۆر جار لەسەر هەستی خۆبەقوربانیکردنی خۆشەویستی ژنان بنیات نراوە لە بەرانبەر دەسەلاتی پیاودا کە بەخێوکەری ئابووری ماڵە. بەڵام لە کردەی سێکسفرۆشیدا ژنان لە بەرانبەر کاری ئەنجامدراوی خۆیاندا کرێ وەردەگرن و زیاتر سەربەخۆن. سەربەخۆبوون و ئازادی، نەک خۆشەویستی، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی کامپینی بزووتنەوەی کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا بوو.

بۆ ژنانی ئەم کامپینە، سروود و پیاهەڵدانەکان بە خۆشەویستیدا بە تەنها تاکە حیلەی پیاوان نەبوە بۆ ئەوەی ژنان بەردەوام بن لە بە خۆڕایی کارکردن لە مالدا، بەڵکو ستیگماتیزەکردنی (مۆرلەناوچاواندانی) ژنانی سێکسفرۆش، وەک هۆکارێکی دیکەی کاریگەربەکاردەهێنرا لە بەرانبەر ژناندا تا شەرم بیانگرێت داوای کرێ نەکەن لە بەرانبەر هەر خزمەتێکی سێکسیدا کە دەبوایە پێشکەشی بکەن. تەنانەت وەسفکردنی کردەی سێکسفرۆشی وەک سووکایەتیکردن بە ژنان و سێکسفرۆشان وەک قوربانییەکی بیدەسەڵاتی تەواو ژیردەستە، لەلایەن ژنانی کامپینەکەوە وەک ستراتێژییەکی پیاوانە سەیردەکرا تا ژنانی پێبتۆقێنرێت و داوای کرێ نەکەن. 

هەر بۆیەش کاتێک پیاوان بەشوێن ئەوەوە بوون کە  سێکسفرۆشی وەک ڕیگایەکی مەترسیداربۆ ژنان وەسفبکەن، لە ڕاستیدا بەشوێن زامنکردنی سێکسێکی بەلاشەوە بوون بۆ خۆیان.
خالێکی دیکە کە (پیئێکێ) ئاماژەی پیدەدا و وەک  هۆکارێکی دیکە لە پشت ئەوەوەی کە بۆچی پیاوان دەیانەوێ ژنان لە کاری  سێکسفرۆشان بتۆقێنن: سێکسفرۆشان چاوێکی کراوە و زانیارییەکی گەورەیان لە بارەی پارەی ناو کۆمەلگاوە هەبوو. بۆیە کاتێک ژنان دەیانویست داوای کریی کاری ناو ماڵ بکەن و دەوڵەت لەوەلامدا بیوتایە: بوودجە نییە و پارە نییە، ئەوا سێکسفرۆشان خێرا دەهاتنە وەڵام ودەیانوت: پارە زۆرە، وەرن لە ئێمە بپرسن، ئێمە هەموو کات دەیبینین.

کاتێک ئینسان ئاگاداری ئەو مێژووە بێت کە لە پشتی  سیاسەتی سێکسفرۆشی ئەلمانیایەوەیە، ئەو کات تێدەگات کە بۆچی یاسای سێکسکڕینی سویدی کە دەربڕی سیاسەتێکی فێمینیستییە لە سویددا، بۆچی هەستێکی هێندە دژە ژنانە لە ئەڵمانیادا دەخوڵقێنێ.  

فێمینیستەکانی ئەڵمانیا لە کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا پێیانوانەبوو کە ژنان بەکاردەهێنرێن و دەچەوسێنرێنەوە کاتێک لە بەرانبەر خزمەتگوزارییە سیکسییەکاندا پارە وەردەگرن. سێکسفرۆشی وەک کارێکی نێوماڵ کە کرێکەی وەردەگیرێت سەرنجدەدرا. 
ئەوەی کە لە سویددا پیاوان سزا دەدرێن کاتێک سێکس دەکڕن، لە دیدی کامپینی کرێ لە بەرانبەر کاری ماڵدا، بە هێچ شێوەیەک یەکسانییەکی زیاتر ناخوڵقێنێ. سزادانی ئەو پیاوانەی کە پارە دەدەن لەبەرانبەر سێکسدا، دەبێتە بەهێزکردنی ئەو پیاوانەی کە پێیانوایە و مافی خۆیانە سێکسی خۆڕاییان دەستبکەویت.
یاسای سێکسکڕینی سویدی لەم گۆشەنیگایەوە، ڕێگریدروستکەرە لە بەرانبەر ژنانێکدا کە دەیانەوێ کرێ لەبەرانبەرخزمەتەکانیاندا وەربگرن. لەم گۆشەنیگایەوە، پەرلەمانی سوید هاوکاریکەری درێژەپێدان بە چەوساندنەوی ژنانە نەک ڕزگاریکەری ئەوان.

پرسیار ئەوەیە: ئینسان دەکرێ چی بکات کاتێک دوو لێکۆڵینەوەی فێمینیستی بە دوو دەرئەنجامی تەواو جیاواز دەگەن؟

رێگایەکیان ئەوەیە کە تێڕوانینی بەرانبەرەکەت کە بە دژی تێڕوانینی تۆیە بێدەنگ بکەیت.
ئەم شیکردنەوە فێمینیستییە ئەڵمانییە تا ئێستا لە جەدەلەکانی سویددا بە تەواوەتی  پشتگوێخراوە.  ئەمەش تا ئێستا قازانجی خۆی هەبووە، ئاخر کاتێک ئینسان بە تەنها لە یەک گۆشەنیگاوە سەیری شتەکان دەکات، ئاسانتر و کەمدەردیسەریتر دێتە بەرچاو کە بڵێی کامە ڕاست و کامە هەڵەیە. بەلام لە زۆر لایەنی دیکەوە، ئەم پشتگوێخستنە زۆر خراپ دەکەوێتەوە.
ئەم فێمینیزمە باڵادەستەی ئێستای سوید دەتوانێت هەندێک لە لایەنەکانی ژیردەستەیی ژن لە کۆمەلگادا دەستنیشانبکات و هەندێکی تریشی لە ناڕۆشنیدا بهێڵێتەوە.
بۆ نموونە ئەوەی کە خۆشەویستی وا لە ژن دەکات یارمەتیدەری سێکسی پیاو بێت لە جیاتی ئەوەی بەشوێن پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیەوە بێت، ئەم تێڕوانینە لە گۆشەنیگای فێمینیزمی سویدەوە لەبەرچاونەگێراوە.  کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ماڵی ئەلمانیدا توانای تەواوکردنی ئەم شیکردنەوەیەی هەیە لە سویددا. بۆیە کارێکی باش نییە ئەم گۆشە نیگا ئەلمانییە هەرئاوا بە ئاسانی بخرێتەلاوە. 
فێمینیستبوون بە مانای کەشفکردن و دواتر خستنەژێرپرسیاری ئەو شتەی کە وادەکات ژن و پیاو جیاواز رەفتاربکەن. ئەگەرچی من تەواو لەگەڵ (پیئێکی بیریمان)دا نیم بەوەی چی نووسیوە و وتووە، بەڵام دڵنیام کامپینی کرێی ئەلمانیا کۆمەککەرێکی باش دەبێت بۆ سەرنجدان لەو ستراکچەرە دەقپێوەگرتوانەی  لای خۆمان هەن.

بۆیەش هەموو ئاشکراکردن و ڕۆشناییخراوەسەرەکانی فێمینیستی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەهای خۆیان هەیە  چونکە ئەو دەرفەتە فەراهەمدەکات کە خەڵکانێکی زیاتر بتوانن لە بەرانبەر نۆرم وچاوەڕوانییە جیاوازەکاندا هەڵوێستوەربگرن و ڕێگای وشیارانە ترهەڵبژێرن.
هیچ تیۆرییەکی فێمینیستی بە تەنها ناتوانێت وەسفی ئەو هەمەرەنگییە بکات کە لە  تاقیکردنەوە و فانتازیا و خولیاکانی کۆمەلگایەکدایە. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کاتێک ئینسان دەیەوێ خەبات لە بەرانبەر ژێردەستەیی ژناندا بکات، تەنها خۆی لە قاڵبی یەک تەفسیردا گیربکات.
بۆیەش وەلامی من لە بەرانبەر ئەوەی کە کامە سیاسەت باشترە، من دەڵێم کە ئینسان دەبێ گوێبیستی تەفسیرە ئەلتەرناتیڤەکانی دیکەیش بێت. لە جیاتی ئەوەی خەریکی پێناسەکردن و بەرزڕاگرتنی ئەو سیاسەتە بێت کە گوایە یەکاسانیترە لەوی دی.

 

 
سوسان دۆدیلێت، مامۆستای زانکۆی یۆتیبۆرییە لە بواری مێژووی هزردا .
ئەم وتارە لە کتێبی 
Petra Östergren, F-Ordet mot en ny feminism, Norhaven A/S 2009