...
...
 
من گوێم لێیە، لێرە خاک نرکەنرکێتی‌ و ئەناڵێنێ و
ئەوەندەیان لێ دزیوە،
لەمسەرەوە هەتا ئەوسەری فیدراڵی،
هەموو جەستەی کوناودەرە..
...
...
ئەم دەست بەو دەستی نەزانی پەنجە دزرا
ئەم قاچ بەو قاچی نەزانی ڕێگە دزرا
ئەم چاو بەو چاوی نەزانی سەرنج دزرا
ئەم باڵ بەو باڵی نەزانی فڕین دزرا
سارومارە... سارومارە*
ئەم دیرۆکی دەسەڵاتی سەرزەمینە و بۆنی دەمی درۆکانی ئەم ڕۆژگارە!
...
...
مەرحەبا... گیانە... مەرحەبا!
من ناوم کورسییە
کەس نەیزانێ من ئەیزانم
ئەم هەموو چەقۆی غەدرانە
ئەم هەموو جۆگەی خوێنانە
ئەم هەموو ماسکی دزییانە
ئەم هەموو ڕەژووی ڕقانە
لەسەر منە!
لەسەر دانیشتنی سەر من ئەکرێن!
بەڵام ناڵێن کەسیان ناڵێن لەسەر منە!
هەموو ئەڵێن لەبەر چاو و
باڵای جوانی ئازادییە!
لەسەر شیری ساوایانە
لەبەر ئاوە... لەسەر نانە
لەسەر گوڵە و... لەبەر هێلانەی چۆلەکە و
لەسەر شاڵاوی ناوەختی
گەلەگورکی دەوروبەرە...
بەڵام ناڵێن، کەسیان ناڵێن
لەسەر منە و
لەبەر منە!
...
...
ئەم کاتەت باش گیانە، ئەم کاتەت باش!
من ناوم 'بەهارە'و لە تۆ ئەچم
وەک یەک جوانین و وەکوو یەکیش
بە دەم گوڵەکانی ئایندەوە پێئەکەنین!
بەڵام جەخار
وەکوو یەکیش و پێکەوە
لە نیشتمانی کلۆردا، کلۆر ئەمرین!

 

ئەم نیشتمانە منی بە تەنها و بۆ خۆی ئەوێ.
نیوەی سەوزاییمی داوە بە کەنیزەکەکانی،
نیوەی درەختی بەخشیووم بە بەغدا.
نیوەی سەیرانگەکانمی لەسەر پێکەنینەکانی خۆی و
خزمەکانی تاپۆ کردووە.
نیوەی ڕووبار و دەریاچەمی داوە بە کۆمەڵێ گردی عەمامەبەسەر!
ئەم نیشتمانە
منی بەهاری ڕاپەڕینی پیر کرد
گۆرانییەکانی کردم بە پۆلێ باڵندەی باڵشکاو،
بە خەونی دەم با.

 

ئەمشەو نیشتمان لە خەوما
بووبوو بە یەک نانی گەورە
گەوره گەورە
منیش برسی... برسی برسی.
وەختێ ویستم پارچەیەکی لێ کەمەوە
نان بووەوە بە هەویر و
هەویر بووەوە بە ئارد و
ڕێچکە ڕێچکەیش
لە ئاردەوە کێچ و ئەسپێ هاتنە دەرێ!
...
...
ئەم کاتەت باش!
من ناوم کۆترەشینکەیە و کچم
ماڵەکەم وا لەو گەڕەکی منارەیه
من له پەڕوباڵی خۆم و له دەنووکم و
له ماڵەکەم و له گەڕەک و له هەموو شتێک بێزارم
من گمەگمی حەرامی ناو ئایین و نیشتمانم
من بۆم نییه دوور لەم منارەیه بفڕم
من بۆم نییه دوور له دەنگی منارەکه
گوێ له دەنگێکی تر بگرم
یان سەمایەک له گەڵ بەفر و بادا بکەم
یا خود دەستی کوڕی خەون و خۆزگەم بگرم
من ناتوانم قژی خۆم بۆ جادەکان و
بۆ مۆسێقا و بۆ کۆترەشینکه نێرەکان هەرگیز دەرخەم
من مێیینەی ناو بەهاری قەدەغەم و
شەو و ڕۆژیش له ژێر چاودێری دووربینی منارەدام
باڵەکانم بۆیان نییه به دوو پەنجەیش
تەوقه لە گەڵ باڵنده نێرەکانا بکەن
من چارەنووسی حەرامم
وەکوو جەستەم
گوڵێک حەرام
ناوێک حەرام
گۆرانیێکی حەرام و
شەرابی ناو قەسییدەیێکی حەرامم.
...
...
سڵاوێکی دوور و درێژ
من ناوم "پرچ"ە
نیشتمانم سەری ژنێکە
لە سێ لاوە گەمارۆدراوم بە 'حیجاب'
چەندین ساڵە زیندانییم
نە ھەتاو ئەتوانێ سەردانم بکا و
نە با ئەھێڵێ بچمە دەرێ و
ڕێگاش نادا
بەھیچ شیعرێ یا ئاوازێ کە بێنە لام
وەلێ ئیتر من بە نهێنی
لەگەڵ پەنجەکاندا ڕێککەوتووم
ئەمشەو زیندانەکە ئەبڕین
ئازاد ئەبم!
لە دوایشدا، حیجابەکە ئەدەینە دەست چەخماخەیەک
لەسەر بەرزترین لوتکە
بەبەرچاوی مێزەرەکانی دونیاوە
بیسوتێنێ
***
بەیانیت باش!
من ناوم دیوارە، کەوتوومە سەر شەقامێکی گشتی
بە درێژایی بێزاری درێژم و بە بەرزی تووڕە بوونیش بەرز!
هەرچی دروشمەکانە بە مندا هەڵئەواسرێن
هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن.
لە سەد دروشم یەکێکی تیا نییە شتێکم فێر بکات!
لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە دڵم خۆش کات!
هەر دوێنێ بوو لە سەرمەوە تا کەڵەموستی پێم دروشمێکیان پیا هەڵواسیم
کە خوێندمەوە، شەرم تەریقی کردمەوە، من دیواری وڵاتێ بم، درۆی کەتە و گەورەی وەهای پیا هەڵواسرێ!
 
***
ئەم کاتەتان باش
من ناوم 'ناڕەزاییە'، لەدایکبووی شاری یاخیبوون و
گەڕەکی برسێتی و کۆڵانی کوێرەوەرییم
لێرە بەدواوە.. . من سەر بە هۆزی بێدەنگیی نیم
من ڕێبواری سەر ڕێ و بانی
هەتا هەتایی چاوەڕوانیی و
دروشمی بێ دەست و قاچ نیم.
لەمڕۆ بەدواوە
من هاوڵاتی خەریتەی نیشتیمانێکی دزراو نیم
نیشتمانێک هەموو جارێک یان پەنجەیەکی ئەفڕێنن,
یان گوێچکەیەکی و یان چاوێکی ون ئەکەن و
یان وشەیەکی زیندەبەچاڵ ئەکەن و
کەچی نە هاوارێک ئەکات و
نە برینێکی ڕائەچلەکێ!
...
...
...
...
 
 
 
 
----------------------------------
سارومار: زۆر بۆگەن