چەند دێرێکی تر لە 'دەربەندی پەپوولە' ەوە

«سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
هاوڕێیان!
تا ئەم تۆفانی نەهەنگە
کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و
هەتا تاریکی ئەوەرێ.
هەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو
هەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی
ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و
سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ
سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
هاوڕێیان!
ئالەم تاقە وشەیەدا
دواڕۆژ هەناسە ئەدات و
هەر لەم تاقە وشەیەشدا
خەون هەڵدێ!

بۆننامە

"مەحوی" ناهێڵێ داسەکێنم وەکو "وەڵام"
"مەحوی" ناهێڵێ من هەرگیز سەقامگیر بم وەکو "یەقین"
بۆیە ئەو منی کردووە
بە هەڵچوون و بە داچوون و
بە زمانێکی دڕدۆنگ و بە شیعرێکی پڕ لە "بەڵام"!