شیعری: دکتۆر عەلی شەریعەتی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: عومەر سەیدە
پەرێشانم
تۆ چیت دەوێت لە ڕۆحم؟!
منت بەبێ ویستی خۆم دیلی ژیان کرد
ئەی خوداوەند
ئەگەر رۆژێک لە عەرشەکەت بێیتە خوارێ
بەرگی هەژاری بپۆشیت
غرورت بۆ تیکە نانێک
‌بخەیتە ژێر پێی نامەردانەوە و
شەو لەسەرخۆ و ماندوو
دەست بەتاڵ و زوبان بەستراو
بەرە و ماڵ بگەڕێتەوە
کوفر بە زەوی و ئاسمان دەڵێیت
دەیڵێیت؟!
ئەی خوداوەند
ئەگەر لە ڕۆژی گەرمی هاویندا
لەشت بدەیتە بەر سێبەری دیوار
لێوت بخەیتە سەر کاسەی مسی رەش هەڵگەڕاو و
هەندێک لەولاوەتر
کۆشکە مەڕمەڕینەکان ببینی و
شێت بووبیت بۆ عانەیەک.. ئێرەو ئەوێ بۆی بگەڕێیت
بە زەوی و ئاسمان کوفر دەڵێیت
نایڵێیت؟!
ئەی خوداوەند
ئەگەر رۆژێک بوویت بە مرۆڤ‌
لە حاڵی بەندەکانت ئاگادار بوویت
پەشیمان دەبیتەوە لە چیرۆکی خیلقەت .. لەم بوونە، لەم ئەفراندنە
خودایە تۆ بەرپرسی
خودایە تۆ دەزانی کە مرۆڤبوون و مانەوە
لەم دونیایە چ دژورارە
چ ڕەنجێک دەکێشێت ئەو کەسەی کە مرۆڤە و هەستی پڕ .. پڕە