ئەوە دەرئەنجامی تێنەگەیشتن و نەخوێندنەوەی کامۆیە کە هەندێک وا دەزانن کامۆ فەردگەرایەکی پوچپەرستە. پێداگرتن لەسەر فەرد لای کامۆ لەسەر حسابی بەرپرسیارێتی مرۆف نییە بەرابەر بە مرۆڤ، کامۆ کاتێک پێ لەسەر تاکەکەس دادەگرێت، مانای ئەوە نییە هەر مرۆڤە و بە تەنیا دەبێت بۆ بەختەوەری و ڕزگاری خۆی بگەڕێت، فەرد لای کامۆ بوونەوەرێکی ئەبستراکت نییە، بەڵکو مرۆڤ لای کامۆ بەبێ برایەتی و هاوکاری مانای نییە، برایەتی و هاوکاریش بەبێ ڕێزی فەردانییەت دەبنە شێوەیەک لە شێوەکانی ملکەچی بۆ گروپ و بەهاکانی. بەڕای کامۆ کاتێک تاعوون هات و خەڵکی بێگوناهی ئازار دا، ئیدی هەموومان بەرپرسیارین، فەرد ناتوانێت هەڵبێت و بەدوای خۆشبەختی و ڕزگاری خۆیدا بگەڕێت. لە ڕۆمانی 'تاعوون'دا کامۆ بەڕوونی تەعبیری لەوە کردووە کە مرۆڤ نابێت بەهانە بۆ کوشتن و مردن و ئازاری مرۆڤ بهێنێتەوە. ڕەفتاری دکتۆر ڕێکس، پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە، ئاشکرا جیهانبینی کامۆ بەرجەستە دەکات. کە تاعوون هات مرۆف دەبێت ئیش بکات، نە پلانی خودایی و نە هەڵهاتن سوودیان نییە، نە ئاسمان بە هانامانەوە دێت و نە دەتوانین خۆمان بدەینە دەست پاشەڕۆژێکی نادیار. بێ ئەوەی هیچ ئومێدێک هەبێت، دەبێت قۆڵی لێهەڵبکەین و ئیشبکەین. تەنیا هاوکاری و برایەتییە مانا دەدەن بە بوونمان لەسەر زەوی. هەموو خۆدزینەوەیەک لە هاوکاریکردن بە مرۆفەکانی دی، پوچی و کوێرییە. کاتێک دکتۆر ڕێکس دەکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ تاعووندا، ئەوە وەک کردارێکی سروشتی تەماشا دەکات، مرۆڤ دەبێت ئامانجی نەبێت لە برایەتی، چونکە برایەتی خۆی ئامانجە. بەرەنگاربوونەوەی دکتۆر ڕێکس و تارۆی هاوڕێ لەگەڵ تاعوونەکەدا خاڵییە لە هەر پاڵنەرێکی دینی و ئایدیۆلۆژی، بەڵکو تەعبیرە لە ڕۆحی یاخیبوون و ئیرادەی بەگژداچوونەوە. دکتۆر ڕێکس هیوای نییە، دوای ئەو ئومێدە نەکەوتووە کە دەتوانێت بەسەر تاعووندا زاڵ بێت، باوەڕی بەوە نییە کە دەشێت دونیایەکی خاڵی لە تاعوون دروست ببێت، بەڵام ئەو بۆ پاشەڕۆژ شەڕ ناکات، بۆ مێژوو شەڕ ناکات، بەڵکو بۆ ئێستا، بۆ مرۆڤەکانی دی، بۆ مانای بوونی خۆی لە جەنگدایە.

دکتۆر ڕێکس لەمەدا هەمان دۆخی سیزفی هەیە، وەک چۆن سیزیف بە بڕوای کامۆ کاتێک بەردەکەی خۆی هەڵدەگرێت و تا ترۆپکی چیا بەرزی دەکاتەوە، چیتر ئەوە بۆ خوداکان ناکات، وەک سزایەک سەیری ناکات کە دەبێت جێبەجێیبکات، بەڵکو ئەوە ئیشێتی، مەسەلەی تایبەتی خۆیەتی، دکتۆر ڕێکسیش بۆ خۆی و بۆ هەمووان کار دەکات. بەرزکردنەوەی ئەو بەردە گەورەیە ئیشی خۆیەتی و هیچ خودایەک و هیچ مێژوویەک ڕاینەسپاردووە ئەوە بکات. برایەتی جەوهەری یاخیبوونە و دکتۆر ڕێکسیش ئەو جەوهەرە بەرجەستە دەکات. هەڵبەتە هەموو کامۆناسەکان دەزانن تاعوون لای کامۆ ناوێکی مەجازییە بۆ هەموو دەردەکانی سەدەی بیست، بۆ نازییەت و ستالینییەت، بۆ چەوساندنەوە و کوشتن و شەڕ. ئەوانەشی تووشی تاعوون بوون هەر ئەوانە نین کە دەکوژن، بەڵکو ئەوانەشن کە بێباک و نادەروەست و کەمتەرخەمن و ناچنە ژێر باری ئەرکەکانیان. مرۆڤ هیچ چارێکی نییە جگە لەوەی بە ڕۆشنی ببینێت، دونیا جگە لە میکرۆبەکان هیچی دیمان پێ نابەخشێت، بەڵام 'گەڕان بۆ تەندروستی، بۆ سەرڕاستی، بۆ پاکی... کاری ئیرادەیە'18، کاری مرۆفە.

 

نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'
سەرچاوە:  ئەلبێر کامۆ و سەندنەوەی مافی کوشتن لە مرۆڤ.
یادەوەری و زەمەن، لاپەڕە 197-199

18. سەرچاوەی ژمارە 18ی بابەتەکە.