لە دونیادا سێ شت زۆر پێویستن، یەکەم...پارە..دووهەم..پارە..سێهەم..پارە
ئەگەر پارە بەختەوەری بەدەست نەهێنایە، دەمێک بوو دەوڵەمەنە بەدبەختەکان، پارەکانیان بەرەڵا کردبوو!!
ژان فرانسوا کان

سەردەمی من سەردەمی ماشینی گەورەیە
سەردەمی فرۆشتنە بە هەموو ماناکانییەوە
لە سەردەمی مندا پارە قسە دەکات
پارە عاشق دەبێت.. پارە منداڵ دەخولقێنێت
مرۆڤ کۆیلەیەکی ترسناکە لە سەردەمی مندا
دەبێتە عەبدی سانتیمێک
لە سەردەمی مندا هەموو شتێک بە پارە بە دەست دێت
تەنانەت کتێب نووسینیش

کە عەشق گڵاو دەبێت.. پارە دەیپارێزێت
کە نیشتیمان گڵاو دەبێت بە پارە جەوهەری دەشۆررێت
کە کۆلانەکەمان گڵاو دەبێت بە پارە پاکی دەکەینەوە
من و پارە لەوەدا دەبینە دۆست
کە من عاشق دەبم
بێ ئەو یارم نییە
کە ئەو عاشق دەبێت بێ من ناگاتەوە داهات

لەوانەیە پارە نووسەر بکڕێت
لەوانەیە گەمژەیەک بکات بە شاعیر
لەوانەیە وا بکات خودا ڕقی لێمان نەبێت
هەموو شتێک لە پارەدا دەژی
تەنانەت غەم و ئاسودەگیش
تەنانەت بوغز و ئەڤینیش

عەشق مرۆڤ بێدەنگ دەکات
پارە عەشق

کە پارە دێت... حەکیمێک سەوادی نییە

ئەم هەموو کاتە ئیش دەکەم
بۆ عەشق نا... بۆ نووسین نا.. بۆ زانین نا...
بۆ پارە

جیاوازی مرۆڤ و پارە ئەوەیە
کە عاشقی پارە دەبین...نازانین دونیا چۆن دەڕوات
نازانین زەمەن چۆن دەسوڕێت
کە عاشقی مرۆڤ دەبین
دەڵێین : وای مردن تۆ کوجای؟

لە دونیادا سێ شت زۆر گرنگن:
یەکەم... پارە.. دووەم... پارە.. سێهەم... پارە..

کاتێک عاشقی پارە نین... دەبێت واز لە دونیا بێنین
بەوەدا پارە یانی دونیا..

من عاشقی پارەم.. وەلێ پارە عاشقی من نییە
ئای... چەند تاک لایەنە دەژیم

پارە نیشتیمانی منە.. وەلێ من نیشتیمانی ئەو نیم...

پارە کە کۆچ دەکات.. نیشتیمان دڵی دەترسێت
نیشتیمان دەمرێت لە برسا
نیشتیمان دەبێتە کۆیلەی خۆفرۆشان
نیشتیمان دەبێتە کەلاکێکی گەنییو جانەوەر دەمی تێ دەژەنن
وای ئێمە جەند گەمژەین کە نازانین
نیشتیمانیش عاشقی پارەیە...

پارە مزگەوت درووست دەکات...
پارە کتێب دەنووسێتەوە
پارە گوناه دەشۆرێ و گۆناه دەکا..
لە دونیادا دوو شت هەن کە گرنگن:
پارە... بۆ ئەوەی پارە بپارێزیت..
پارە بۆ ئەوەی دونیا باشتر بڕوات..

ئەو کەسەی عاشقی پارە نییە،
سوێند دەخۆم بە بێ پارە ناژی
ئەو کەسەی بە بێ پارە ناژی
سوێند دەخۆم عاشقی پارەیە...

پارە گەمژەیە،، وەلێ زانست درووست دەکات
تەنها شتێک سەرم دەسوڕمێنێت ئەوەیە
بێ عەقڵێک چۆن دەتوانێت پاسەوانی ئەم هەموو عاقڵە بکات؟

پارە بێ ئاینە.. بێ ئەخلاقە.. بێ ماڵە.. سۆزانییە.
هۆمۆسێکسوێلە... جەلادە...
چەند سووکییە بۆمان.. کە هەرگیز غیرەی لێ ناکەین..

ئەو هەموو هەوڵەی بۆ بەدەست هێنانەی پارە داومە
ئەگەر بۆ بەدەست هێنانەی خۆشەویستەکەم بم دایە
ئێستا سەد منداڵمان هەبوو...!

ئەگەر خۆشەویستەکەم و نیشتیمانەکەم و
ولاتەکەم و هاوڕێکانم لە تەنیشت پارەوە دابنێن
من پارە هەڵدەبژێرم..
چونکە بە پارە دەتوانم هەموویان بکڕم
وەلێ بەوان تەنها پارە لەدەست دەدەم..