لەناو دەقێکی شیعری شەهید کەوڵۆسیدا..

سلێمانی

تەنهایی لەسەردەمی نوێدا تەنهایییەکە لە کونج بە کونجی بەدەنی مرۆڤدا ئامادەگی هەیە، لە بست بە بستی مرۆڤدا شوێن دەستی بە قوڵی دەرکەوتووە و ڕاکردن لێی ڕاکردنە لە ژیان بە ماناهەرە فەلسەفییەکەی. ئەوەی ئەمڕۆ لە تاکدا دەیبینین تەنهاییەکی هۆشیارانە نییە، بەڵکو تەنهاییەکە زیاتر نائاگایی لە پشتیەوە خۆیی سەپاندووە. نائاگاییەکی قوڵ و خەتەرناک. هەر بۆیە لە سەردەمی نوێدا تەنهایی بۆتە مۆدێلێکی خراپ و تەبیعەت و نەسلی ئادەمی دەشێوێنێت. ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا لەسەری ڕاوەستم، تەنهاییە لە ناو دەقێکی شیعریدا، لەهەناوی نوسینێکدا کە تەواوی ئەزموونی فیکری خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم شیعرە یەکێکە لەو دەقە زیندوانەی منی بە خۆیدا هەڵ پەساردووە. وە دەقێکە زیاتر لە خودی خۆی هەڵگری مانا و مەفهوم و وێنەی ئیدیالییە. ئەم شیعرە یەکێکە لە شیعرە هەرە جوان و هۆشیارەکانی برای شاعیر و نوسەر شەهید کەوڵۆسیی. کە بە باوەڕی ئێمە زۆر کەمن ئەو نوسینانەی دە توانن لە جیای هەموو شتێک قسە بکەن. ئەم دەقەی شەهید کەوڵۆسی زیاتر مەنهەجێکی مەعریفی و عەقڵێکی فەلسەفی لە پشتی وێنە و دیڕ و مەدلولەکانییەوە ئیش دەکات. وە فۆرمێكی نوێی دەربرێن و ئەدا کردنی شیعرییە لە ناو ئەدەبی نوێی کوردیدا. ئەم شیعرە بەناوی (من کە هاوڕێیەکم نییە لۆمەی تەنهایی ناکەم.) هەر لەسەر دێرەکەیەوە مرۆڤ دەوەستێنێ و بە هێزێكی پرسیار کەر و گەڕۆکەوە بەرەو ڕووی هۆشیاری و لۆژیکی بینینمان دەبێتەوە. ئەوەی کە لەم دێرەدا پەنهانە و پێویستە لەسەری بوەستین هەبوونی تەنهاییە لە غیابی پەیوەندی ئەمیکالانەدا. من کە هاوڕێیەکم نییە. بەتەنها دەربارەی ئەو سیحرەی دونیا قسە ناکات کە جاپێکی کوشندەی بەکارهێنانی زمانەوانی کوردییە. بەڵکو دەربارەی ئەو فەراغ و کەلێن و بۆشایی و خەسڵەتا دیار و نادیارانەی خود دەدوێت کە تەواو تافەیە لە هۆشیاریدا. شەهید کەوڵۆسی ئەگەرێکی نییە تا تەنهایی وێنەیەکی ناشرین لە خودی دەقەکەیدا بەرجەستەکات، بە مانایەکی تر، لەم دەقەی شەهید کەوڵۆسیدا تەنهایی فۆرمێكی نوێێ تەنهایی و شێواز و خەسلەتێکی تەریبی تەنهایی هەیە. وە تەنهایی ئیتر ئەو تەنهاییە نییە شاعیرەکانی دیکە دژی دەوەستن و لێی هەڵدێن و دەڕۆن. بەڵکو لای شەهید کەوڵۆسی تەنهاییش جگە لە هاوڕێیەکی سەمیمی ، جگە لە هێزێکی دیکەی ژیان و پاڵنەرێكی فەلسەفی بۆ هەڵوێستەکردن لەسەر تەنهایی مانایەکی دیکەی نییە. ئەوەی تەلیسمی باو لەم دێڕەدا دەشکێنێ و لە گرێژنەی دەبات خودی کۆ کردنەوەی تەنهاییە لەناو دەقێکی شیعریدا کە هیچ نزولەیەکی نییە. زۆرن ئەو شاعیرانەی دەربارەی دیاردەی تەنهایی وەک موسیبەتێک دەنوسن و خەیاڵدانی خوێنەر پڕدەکەن لە وێنەی نامومتاز و خەتەرناک. وەلێ لای شەهید کەوڵۆسی تەنهایی جگە لە هاوڕێیەک، لە دۆستێک، لە کابانێكی بچکۆلەی ڕۆحی هیچ وێنەیەکی دیکەی لێنایەتە سەرێ. کەوڵۆسی ئەگەر چی ستایلێکی دیکەیی شیعری هەیە و لە فەزای جیاواز و ناکۆکدا دەنوسێت، وەلێ زیاتر لە هەر شتێک باوەڕی بە دێڕاندنی شیعر هەیە. واتە لای ئەوان شیعر دەشێت فرە فۆڕم بێت و تەواو جیاواز لە ستایلی شیعری باوو دەبێت بچێتە پێسەوە. لە دەق و تێکستە ئەدەبییەکانی کەوڵۆسیدا خوێنەر ناتوانێت بڵێت بە تەنها دەقێکی شیعری خاوو بێدەنگ دەخوێنمەوە، چونکە دێر لای شەهید تەواوی شیعرەکە داگیر دەکات و بون و نەبوونی هارمۆنیای شیعری بایەخێکی نییە. هەر ئەم هەوڵەش وادەکات شیعرێکی کەوڵۆسی بەقەد یەک ڕۆمانی گەورە دونیادیدە بێت و بەقەد دەیانم گوتاری فیکری قوڵ پێناسەی هەبێت بۆ ژیان. هەر بۆیە ئەگەر بێینەوە سەر خەتێکی دیکەی بینین و بەرەو تەنهایی و غوربەت دێور بکەینەوە. لای شەهید هەمدیس تەنهایی بێزار کەر نییە بەڵکو عاشقی ئەو تەنهاییەیە کە هیچ دۆستێک عاتیفەی لەخەو هەڵناستێنێت. شەهید دەنوسێت:

چه‌ند جوان ئه‌دره‌وشێیته‌وه‌ کاتێک به‌ته‌نها ئه‌تبینم
چه‌ند فه‌سیحتر ده‌تبیستم کاتێک چوارده‌ورت به‌بۆڵه‌بۆڵ پڕنابێته‌وه،،‌

لەیەکێک لە قسەکانیدا سارتەر دەڵێت جەهانم ئەوانی دیکەن..؟ ئەگەر ئەخلاقی نوسین ڕێگەمانبات ئەم گوتەیەی سارتەر وەرگرین و ئەم تێکستە شێعریەی پێ بخوێنینەوە، دەگەینا ئەو یەک بینین و یەک دەنگی و یەک دەستییەی کە لە مابەینی سارتەر و شەهید کولۆسیدا دەبینرێت. هەر بۆیە لای ئەم پیاوە، تەنهایی دەبێت وەک چٶن قەرەباڵخی هەیە، وەک چۆن دونیا هەیە، ئەویش هەبێت. چونکە لەم دێرەدا شاعیر بەر ئەو تێزە فەلسەییە دەکەوێت کە تەنهایی بە خۆیدا وەک مێدای شۆڕ کردۆتەوە. ئەنتێن تێخۆڤ لە یەکێک لە نوسینەکانیدا بە ناوی (calpin) دەڵێت: ئەگەر لە تەنهایی دەترسن هەرگیز زەواج مەکەن. بە باوەڕی تێخۆڤ چوونە پێشەوە لەوی دیکە سەرەتای درووست کردنی خەرەندێکی ڕۆحییە و بە تەنها مرۆڤ مەحکوم دەکات بە تەنهایی. وە پێشی وایە هەر کاتێک ئەو یدیکە هەیە تنهایی دێت و تٶڵەی خۆی لە قەرەباڵخیدا دەکاتەوە. شەهیدیش لەشوێنێکی شیعرەکەیدا دەڵێت:

چه‌ند تاریکیت کاتێک ته‌نهانیت،،
چه‌ند بێده‌نگیت کاتێک به‌عایله‌وی ده‌چیته بازاڕ.

هەر لەم دێرەوە کەوڵۆسی ئەو وێنەیەمان لا بەرجەستە دەکات کە خێزانداری محکومبونێكی خوێنینە بە تەنهایی و ئەویتر لای کەوڵۆسی هەمان ئەوی ترە لە کن تیخۆف. بۆیە گرفت لەم دەقەی کەوڵۆسیدا ئەوی ترە و تەنهاییش تەنها ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی مرۆبڤ بگەڕێتەوە ناو خۆیی و وە بە زەروری تر لە هەر شتێک لە هەناوی خۆیدا ئیش بکات. وەکو چۆن ڕیلکە لە نامەیەکدا بۆ شاعیرێكی گەنج( une lettre pour un jeune poete) دا دەنوسێت: بۆ شاعیر شتێک پێویستە: تەنهایی. تەنهاییەکی قوڵ کە لە هەناودایە. گەڕانەوەیەکی جەوهەری بۆ ناو خودی خۆت و نەبینی هیچ کەس بۆ ماوەیەکی زۆر. ئەبێت شاعیر بگاتە ئەم شوێنە و وەکو چٶن منداڵان بە تەنهان ئەویش بە تەنها بێت. وەلێ کەوڵۆشی وەکو چٶن نان دەخوات، وەکو چۆن سەفەر دەکات، وەکو چۆن کتێب دەخوێنێتەوە بە هەمان فۆرم تەنهاییە. لای کەوڵۆسی ئەوەی تەنهایی وێران دەکات ئەوانی دیکەن نەک خودی تەنهایی. چونکە تەنهایی لەگەڵ بەشەردا ناکۆتایە. پێویستە لە بونماندا گەرا بخات. هاوکات پێویستە تەنهایی ئیماژێكی سروشتی خودا بێت کە دەیداتەوە بە مرۆڤ، هەر بۆیە شەهید هێندە خەمساردە بە دونیا و لە ناو تەنهاییدا وەک شاهان شاکان قسە دەکات، شەهید دەنوسێت:

ده‌ست ناخه‌مه‌ کا‌روباری سروشته‌وه‌
گوڵ که‌یفی خۆیه‌تی چۆن ئه‌گری
ئیشم به‌نزاکانی هه‌ور نییه‌ که‌ی خه‌می من گوێگرتن بووه‌ له‌ده‌ریا
مافی ئه‌م گیایه‌ پێشێل ناکه‌م
که‌ده‌یه‌وێت ڕووبه‌ڕووی پایز شمشێر هه‌ڵبگرێت
قسه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ ئاورنگدا نییه‌
ڕێگای خۆم تێکه‌ڵی ڕێگای دایناسوره‌ غه‌مباره‌کان ناکه‌م
موریدێک به‌زیکر ئه‌مهێنێته‌ قسه‌
ئه‌وباسی شێخی سایه‌قه‌م بۆده‌کات که‌ڕۆژێک لێره‌ شمشێری هێناوه‌ته‌ قسه‌
به‌ردی هێناوه‌ته‌ گریان
تیتراوسکی له‌چاویدا خه‌واندووه
عاریفێک ڕامده‌گرێت و له‌به‌رچاوما به‌رله‌وه‌ی خۆی بکوژێت
له‌ڕه‌شه‌بادا کتێب په‌ڕه‌په‌ڕه‌ ده‌کات
دوای ئه‌ولاپه‌ڕه‌ ئاگرینانه‌ ده‌که‌وم سه‌فحه‌ سه‌فحه‌ ئه‌یانخه‌مه‌وه‌ پاڵ یه‌ک
پیرێتی من له‌ئاخیرین په‌ڕه‌دایه‌ ئه‌یخوێنمه‌وه‌ و
به‌رله‌وه‌ی خۆم بکوژم له‌ده‌ریادا به‌به‌رچاو تۆوه‌ په‌ره‌په‌ڕه‌ی ده‌که‌م

لەم دێڕانەدا، کەوڵۆسی بەر ئەو دەرەنجامە دەکەوێت کە کێشەی مرۆڤ مردنی گوڵێک و دەست وەردان لە پیلانی موردێك و تەئەمولات لەسەر جوڵانی ئاورنگ نییە. بەڵکو دونیا خەمساردییەکی گەورەی مرۆڤەکانی دەوێت و وە خودی شەهیدیش ئەم خەمساردییەی لە خۆیدا بەرز کردۆتەوە. سەهید کەوڵۆسی هێندە خەمسارد و تەنهایە. دەست ناخاتە کارو باری سروشتەوە. ئیختیار دەداتەوە بە گوڵ چٶن دەڕوێت. ئیشی بە نزاکانی هەور نییە و خەمی ئەو گوێ گرتن نییە لە دەریا، بەڵکو خەمی ئەو ئەوەیە کە بە ڕاست خەمێکی نییە و تەنانەت کتێبی پیر بوونی خۆشی بەر لە خۆکوشت پەرە پەرە دەکات. چونکە هیچ شتێک مانای راگرتنی نییە و ناتوانێت وەک موقەدەسێکی گەورە تەقدیس بکرێت. واتە لەم دێرانەی شەهید کەوڵۆسیدا . موقەدەس لە کار دەکەوێ و ئیتر تەواو ئەو فۆرمەی شاعیران دەکوژێت کە خەونیان نەمردنی گوڵ و گریانی ئاورنگ و ئازاد کردنی گیا بووە. ئەوەی لای شاعیرانی دیکە تەقدیس دەکرێ و سنور و ئاین و ئەخلاق و فەلسەفەی تەیبەت بە خۆی بۆ بەرهەم دەهێنن لای کەوڵۆسی شتێک نییە جگە لە خودی تەنهایی کە دەبێت ڕێز لەو تەنهاییە بگرین و ڕێگە نەدەین بمرێت. هەڵبەت دەبوو زووتر ئەم شاعیرە بناسین و حورمەت لە بزاوتە فیکرییەکانی لە ئەدەبدا بگرین. چونکە دەقەکانی شەهید تەنها شعرێکی سادە و بێدەنگ و بێ زمان نین. بەڵکو یەک دونیا پاشخانی فیکری و مەعریفیان هەیە و دەخوازن شتێک لە دونیا بگۆڕن. هەر بۆیە لە کۆتایدا دەڵێم، بەش بەحاڵێ خۆم ئەمە کۆتا ئیشم نابێت لەسەر ئەم شیعرانە و بە هیوام بەم کارەم توانیبێم لانیکەمی دیدی ڕەخنەیی کوردی بخەمە سەر نوسینەکانی ئەم پیاوە و چیدی ڕێگە نەدەین هەموو دەقێک کە دێت بەو نا عەدالەتی و خەمساردییەدا تێپەڕێت کە ئەمڕۆ ئەدەبی کوردی پێدا تێدەپەڕێت..ئەم کارەی من هەرچەندیش بچووک بێت دەتوانێت هێزی ئەوە بۆ خوێنەر دەست نیشان بکات کە توانای خەبەر بوونەوەی لەسەر تێکستە جوانەکان هەبێت و بیان خوێنێتەوە...