پێشكەشە بەو ڕۆحە عەجولەی هەرگیز ناتوانێت سەركەشییەكانی بشارێتەوە!

گەر ئێوارەیەك هاتی و
لە ونبوونم بپرسی
ئەوا بگەڕێوە بۆ ژوورەكانی منداڵی و
لەنێو كانیاوەكانی عاشقبوونا
ئارام بگرە.
گەر هاتیت و لە توڕەبوونم قەڵس بووی،
بڕۆ لەبەر ئاوێنەكانی شەیدابوونا
تێر تێر بگری.
گەر ئێوارەیەك من لە غوربەت گەڕامەوە و
هەناسەم وەك جاران هەر سارد بوو!
نیگام وەك شەرمنی شەوانی منداڵی
هەر بەستبووی!
پێیەكانم وەك ڕۆژانی لای ئاوابوونی ئەڤین
هەر دەلەرزی!
ئەمجارەیان بێدەنگ مەبە
لە ئاست وڕێنەكانم،
ئەمجارەیان بێدەگ مەبە
لە بەرامبەر وێردە سادەكانم.
گەر هاتیت و واتزانی بوو كە مردووم؟
گەر هاتیت و وایان تێگەیاندبووی
كە كوڕێكی كرچ و كاڵم؟
گەر هاتیت و بەبێ‌ ڕامان لە ئەڤینم
باسی نەمریت كرد؟
گەر هاتیت و سەرسامی شووشەی
ئەو شەرابانە بووی لە دووری تۆدا شكا بوون؟
ئەوا یەكسەر بە بێ‌ دوودڵی،
بەبێ‌ ئەوەی بگریەت،
بەبێ‌ ئەوەی بڕشێیتەوە و
بەبێ‌ ئەوەی ڕابمێنی،
بەبێ‌ ئەوەی پێ‌ بە شوشە شكاوەكاندا بنێی.
بگەڕێوە بۆ ئێوارانی گەڕەك و
بۆ شەوانی بەرات.
بگەڕێوە بۆ بەیانیانە ساردەكانی خوێندنگە و
بۆ تەپوتۆزە سیخنەكانی شار و
بۆ لای قوڕوچڵپاوی بەردەرگا.
بگەڕێوە بۆ نیوەشەوانی
میزبەخۆداكردنت،
بۆ لای لێفە گەرمەكان و
بەتانییە پیناوییەكانی دەستی دایك.
بگەرێوە لای هاوارە تەنهاكانی بێهودەیی و
مزگەوتە گێژبووەكانی بەردەم نزاكانی بێهیوایت.
گەر ئێوارەك لە سۆراغی مندا ونبووی،
گەر لە غوباری كوێرەڕێگاكانی ئەوینا
زانیت دووركەوتوویتەتەوە لە باران،
هەستت كرد چیا بەفراوییەكانت
جێهێشتووە؟
ڕامابووی لە سەركەشییەكانت و
دڵنیابووی لە ونبوونی
هەناسەی ئێوارانت؟
سەرپشكبە بگەڕێرەوە بۆ وانەكانی
كۆتبوونت.
بگەڕێوە لای دودڵییت بەر لە تاوان.
بگەڕێوە بۆ خەیاڵی كچانەت و
فڕین بە بەردەم زەردەپەڕدا.
بگەڕێوە بۆ ترس لە خودا و
لەرزین لە ئاست توڕەبوونەكانی باوكدا.
هاوڕێم مرڤ ناتوانێت خۆی خودا بێ و
خۆی باوك بێت،
ناتوانێت خۆی ئاسمان و
خۆی دایك بێت،
ئاخر نەبووە هەرخۆی برا و
هەر خۆی خۆی بێت.
دۆستم
گەر زانیت هەزاران میل لە خۆت دووركەوتوویتەتەوە
تا كۆتایی خەیاڵەكانم بینی،
گەر هەستتكرد یاسا ساختەكانی خێزانت
تێكداوە و هەنووكە دڵتەنگی.
ئەوا خەمی منت نەبێ‌ و بگەڕێوە...
بگەڕێوە
لای ئەمرە داماواوەكانی برا و
لای زبری دەستەكانی باوك.
بگەڕێوە لای پارانەوە بەكوڵەكانی دایك و
لای دۆعا عەجایبەكانی
كە زۆر بە تكاوە داوا لە خودا دەكا و
دەڵێت:"خوادایە كچەكانم داوێنـــپاك كەی"،
دەڵێت:"خودایە لە دەستی ناپاك بەدووریان كەی".
هاوڕێم تۆ نابێت پەردە وەهمییەكانی خەیاڵی وڵات دادڕیێنی.
دۆستم عەجول مەبە،
با نەكەویتە بەر تیژی چەقۆ و
زبری پەتی سێدارە و
زەبری گوللە.
من دڵنیام تۆ بەرگەی ئەمانە ناگری.
دڵنیام لە غوباری ڕەهێڵەی تیرەكانا نغرۆ ئەبی.
لەگەڵ ئاوابوونی تیشكە دوورەكانا ئاوائەبی.
لەگەڵ وەرینی گوڵەكانا هەڵئەوەرێی.
بگەڕێوە، خۆ دەزانم ئەم كاروانی ئەڤینە
بەبێ‌ تۆ لە بیابان دەچێ‌.
دەزانم تۆ نەیەت گەمەی ژیان ڕادەوەستێ‌.
دڵنیام كاروانسەراكان سەرسام دەبن لە بێــتۆیی.
چاك دەزانم كوچە بەتاسەوەبووەكان
لەگەڵ دەكەوتنی بێــتۆییدا
ئەسیرینی بێمروەتیی ژیان هەڵئەڕێژن.
بێگومانم كە گوندەكانی ئاسودەیی لەپاش ونبوونت
حاشا لە قەدەری گەڕانەوەت دەكەن.
بەڵام بگەڕێوە و
ئێوارانی هەڵهاتن لەبیركە.
ئێوارانی لە توڕەبوونا گریان و
لە پێكەنینا خنكان بیربەرەوە.
خۆ دەزانم ناتوانیت
پێش بەو هەستانەت بگری كە لەگەڵ پووكانەوەیاندا
دەپووكێیتەوە.
دەزانم، زۆر باش دەزانم كە بەم وێردە ساردانە
سارد نابییەوە.

 
 
تێبینی:ئەم شیعرە لە ژمارە(38)ی گۆڤاری (تەوار)دا بڵاوبۆتەوە.