ئەمە «بۆرەتار»1ێکی شوومە و
سەرەتای شەوێکی ئاوس بە قات و قڕیی.
بۆرەتارێکی ژان گرتوو بە:
بەچکە شەیتان و بەچکە سیاسی و بەچکە بازرگانەوە.
ئەمە شەوێکی چەلاکی2 ڕەقەڵەی بەدبینە و بێبەزەیی.
چاوەکانی گۆڕیچەی ئەستێرانن و پەناگەی جادووگەران.
ئەم شەوە: قەڵای مێردان نییە،
قەڵای دزانە، قەڵای کاسەسەرم و
قەڵای جەستەی ڕووخاوم و
قەڵای خۆڵەمێشی ئارەزۆکانمە و
هەوێز3ی تاوان!
لەم شەوەدا، پەریزادەکەم! کاتی ئەوە هاتووە، نۆرەمە
منیش چیرۆکی بەنەعلەتکراوی خۆمت بۆ بگێڕمەوە:
حیکایەتی مردنم و گۆڕەوشاردانی هەزار جارەم
«تۆ بڕوانە هەڵمی ڕۆحم»
تۆ بڕوانە حیکایەتی ژیانە کەڕ و کوێرەکەم
تۆ بڕوانە پرشنگی زیندەبەچاڵ کراوم
حیکایەتی مێژووە گەوجە خۆشەویستەکەم
«تۆ بڕوانە شازادە شەڕواڵ کەسیفەکانم»
ئەم چیرۆکە سەرابە و سەرابیش نییە
ئەم حیکایەتە پەندە و نەخشی سەر بەردیش نییە
پەریزادەکەم ئەی پەریزادی بێ دایک و باوک
پەریزادی لە کونە دیوار بووی، بێ کۆشک و بێ کەنێزەک!
ئەی پەریزادی لە خێڵی پەرییان یاخیی و بە خێڵی ڕافزی ئاشنا.
نۆرەمە منیش بتخەمە ناو کەشتیی گومان و دوودڵیی خۆمەوە
کەشتیی ڕاڕایی و بەدمەستی و گوناهی خۆمەوە بە جۆگەی شەراب و
ڕووباری ژەهر و یەکاو4ی تاواندا بتسووڕێنمەوە.
بە شاری چوارمێخە کێشراوی ویژدانی خۆمدا بتگەڕێنم
بە شاری چۆڵ و هۆڵی زراوتۆقیوی هاوارەکانی کۆن و نوێمدا
بتبەم و سەرە بڕڕاوەکانی خۆمت نیشان بدەم
«تۆ بڕوانە چەندە جوانم بەم خوێنەوە»
دەروازەی مۆزەخانەی
لەشە مۆمیاکراوەکانی خۆمت بۆ بخەمە سەر گازی پشت
«تۆ بڕوانە شوێنەواری خەونەکانم»
پەریزادەکەم! ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە
بتخەمە سەر ئەم باڵە کۆتەرانەی خۆم و
بەرەو سووتانی ئەبەدییت بەرم و تا لای«مانگ»ی
باتوومەتی سۆزانیی لە ئاسمان بەدەرکراو.. بەرزت بکەمەوە.
نۆرەمە، پەریزادەکەم! نۆرەمە، منیش پێت بڵێم:
«هێندە لە تەنکاودا ژیاوم
بووم بە ماسییەکی گەمژەی ئاوی دنیا
ئەوەتا نە زەریاکان پێناسەم ئەدەنێ و
نە ئۆقیانووسەکان بڕوام پێ ئەکەن.
هێندە لە گوێ ئاگردانی وڕێنەکردنی باپیراندا دانیشتم و
ئەژنۆم دایە بەر چەناگەم و گوێم لە شڵپ و هووڕی درۆیان گرت
ئێستا وەک سێبەرێکی کڕی خەواڵووی مێش لێنیشتووم لێ هاتووە
ئۆهـ! من چ عیبرەتێکم بۆ مەرگی هەرزان
ئۆهـ! من چ عیبرەتێکم بۆ ئاخرزەمان!»
گوێم لێ بگرە! پەریزادەکەم! گوێم لێ بگرە!
جارێکی دی ئەچمەوە ناو دەنگی
«ئاناباز»و ئەسپەکەی جڵەو ئەکەمەوە
سەر ئەکەمەوە بە مێژووە خۆڵاوییەکەیدا و توێژ بە توێژی
زەمان هەڵئەدەمەوە. دیسانەوە جارێکی دی ئەبمەوە بە کالانی ئەوسا:
لە دەمادەمێکی5 ژەنگاویدا، لە کازیوەیەکی حەپەساودا
«گەزنەفۆن»ی خواوەندی زرێپۆشانی گریک،
سەرکردەی هزر و بازووی
جیهانی خوێن و دووکەڵ،
کوڕی پەرستگا ڕووناکەکانی«ئەسینا» و ئەسپی
ئاوی و شێری چنگ بە مەشخەڵانی باکۆدانی زەمین لە دوای زەمین
«گەزنەفۆن»ی وەچەی «ئاخیل» بەخۆی و دە هەزار سواری
تۆز لێ نیشتووی بیابانێکی دوورەوە
ڕەو ڕەو، دەستە دەستە
لەدوای شەڕێکی دیکەی سوورهەڵگەڕاو
ڕوویان کردە ئەم وڵاتی
دێو و درنجە.
ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ یۆنان، بە کێوی هاواری ئێمە و
پێدەشتی جەستەی جنراوی ئێمەدا تێئەپەڕی.
گەیشتنە دەربەندی
«گۆمە سپیان»
پەیکانی هەزاران ڕم لەبەر بارانێکی نارنجیدا
ئەدرەوشانەوە
تۆ ئەو کاتە ڕووت و قووت
لەسەر ڕەوەزێکی
دڕەوە تەماشات ئەکردین.
ئێمەش لەبەر باهۆزێکی ڕەشدا بەرەو ژوور
هەڵئەهاتین
بانگی خواوەندە بەردینەکانمان ئەکرد.
پەنامان ئەبردە
بەر مانگەشەوی تۆقیو
پەنامان ئەبردە بەر برووسکە و چەخماخەی
نیشتمانی هەورە کۆیلەکان
داوێنی جادووگەرە ترساوە ڕیش درێژەکانی
خۆمانمان ئەگرت.
عەقڵی ئێمە و عەقڵی بەرانە کێوییەکان
لە یەکتر جودا نەئەکرانەوە.
چاوی ئێمە و چاوی گاشەبەردەکان هەر یەک چاو بوون
دەروونی ئێمە و دەروونی ئەشکەوتە نسرمەکان
هەریەک شت بوو.
لە پڕێکدا «گەزنەفۆن» ڕێگەی وێڵ کرد
ئێمە ترسی خۆمان کرد بە بەرد و
بەسەر ئۆردووی ماندوودا.. خلمان کردنەوە.
لە بۆسەی «با» پێچێکدا، دوو برایان دەستگیر کردم.
«گەزنەفۆن» برا بچکۆلەکەمانی لە بەردەم ناوەنجییەکەدا لە
هەڵەمووتێکەوە هەڵداشتە خوارێ.
ئیتر ناوەنجییەکەمان کەوتە پێش ڕمەکان،
کەوتە پێش مەرگی زرێپۆش،
کەوتە پێش تۆفان و بوولەرە.
ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەو برایەم، برای نەوجوانی نەعلەتیم،
بوو بە دیرۆکی6 چارەنووسی بەردەوامی تا ئەمڕۆم
ئەمە دەورکردنەوەی خامۆشییە لە دۆڵێکدا «با» نەیگرێتەوە
ئەمە چەقینە، چەقین، چەقینی ئەسپەکانمان
لە زستانێکدا کە کۆتایی ئەوان و ڕمەکانمان،
ترس و بیممان.
نادیارن«نادیار»
ئۆهـ! چ زستانێکی نەزۆکە و چ ترسێکی دوور و درێژ
ئۆهـ! چ ئەوینێکی بەسامە و چ مردنێکی شەرمنۆک
ئۆهـ! پەریزادەکەم، پەریزادەی باداوە7 و گەرداو
ئۆهـ! پەریزادەکەم، شاژنی کڵۆڵی و گڕاوی8 سووتاو!
پەریزادم!
لەم شەوەدا هەموو برینێکم
مۆمێکەو هەموو مۆمێکم برینێکە
«ئەو بکوژێتەوە ئەم هەڵئەبێ،
ئەو هەڵبێ ئەم ئەکوژێتەوە»
بەمجۆرە: لە ئازارە جوانەکان، لە ئازارە نازدارەکان،
لە دۆژەنە9 شۆخو شەنگەکان، جودا نابینەوە و
دابڕین لە نێوانی من و تۆو مەرگدا مەحاڵە!
لەم شەوەدا،
هەموو پەیڤێکم پزیزکێکی ترافیەی10 نێو غوربەتە و
هەموو غوربەتێکم
پەیڤێکی سەرگەردانی سەر شەقامەکانی دنیایە
بەم جۆرە لە هیوا نائومێدەکان، لە مژدە ڕەشپۆشەکان،
لە بەهارە زەردو بنسانەکان11 جودا نابینەوە و
دابڕین لەنێوان من و تۆ و وڵاتی گریاندا مەحاڵە!
پەریزادم!
من گیانم زەنەکی12 عەشقە و بەرپەسارێکی13 نسێی ساڵانتە
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. تەڕ و پاراوە مەراقم.
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. وشک و برنگە ئارامم و
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. تینووە ئاوم
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشەیش:
ئاگرم سارد و سەرمایەتی و هەڵئەلەرزێ هەتاوم!
پەریزادم! ئەز بۆ ئەوە زاوم قەبرم لە گوێ سەرم بلەرزێ!
«چ سەرێکی نەفرەتییە سەری من»
ئەز بۆ ئەوە زاوم هەر ڕاکەم و هەر ڕاکەم و نەیشگەمێ
«تراویلکەی کام قاقڕ و خۆڵستانە ئاواتم؟»
پەریزادم!
من لەسەر گێڕانەوەی ڕووبارە- چیرۆکە درێژەکەم و
جۆگە- چیرۆکە کورتەکەم
چیرۆکە- کانیە زۆر زۆر کورتەکەم بەردەوامم:
لە دوای کۆچی ئەسپەکەی «ئاناباز»یشەوە
هەر جڵەوی ترە ئەیگرم و
هەر سوارم و هەر غارێکی وەستاوم!
چەندین سەدە لە دوای«گەزنەفۆن»یشەوە
ئەو گاشەبەردەم بێوچان لە تلبوونەوەدام.
جوانترین مێژووی وەرینم.
خێراترین تیشکی تەمەڵییم.
قۆزترین سواری چەقیینم!
هەزاران ساڵم خستە سەر ڕانم،
یەکێکیان نەبوون بە دۆستم.
هەزاران ساڵم خستە سەر شانم و
هەموویشیانم بەردانەوە..
بەم جۆرە- پەریزادەکەم!. بەم جۆرە
من پڕۆژەی عیبرەتێکی هەمیشە نوێم
عیبرەتێکی مامۆستا ئاسا
بۆ سروشت- بۆ دنیا، بۆ گەردوون
بەڵام هەر بۆ تۆ ناو هەر بۆ خۆم نا!
پەریزادم! پەریزادی تاق و تەنیا
جارێکی دیش لە کۆچدا بوو
لەوێ لە«ڤینتسیا»
لە ڤینتسیای عاشقی مانگە شەو و ئاودا
لە شاری سیحردا
لە شەوێکی زیویندا
لەنێو «باڕ»ی بەلەمێکی پەمەییدا،
چڕوچاوی خۆم نا، شیعرەکانم کچێکیان کرد بە هاوڕێم.
ئەم کچە فریشتەی ئاوی بوو،
لە دوورگەی خەون و خەیاڵەوە هاتبوو،
نیوەی لەشی ماسی و
نیوەکەی تری ئادەمی بوو، ئەبریسکایەوە،
ئاوازێکی ئاڕووشەی14 داگیرساو بوو.
نەوڕەسێکی مێیینە بوو.
ناوی«ئەلیزابێث» بوو.
کە لێم پرسی تۆ خەڵکی کوێی؟ پرشنگی دایەوە و
وتی: «من خەڵکی نیشتمانی هونەرم
باوکم ناوی شیعرە و
دایکم ناوی مۆسیقایە و
هەر ئەوەندە لە ڕەچەڵەکی خۆم ئەزانم!»
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ ئاودا مەوجمان دایەوە.
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ سنەوبەرەکاندا سەمامان کرد.
لەگەڵ بادەدا
ماچی مانگە شەو و ڕوومەتی هەورمان کرد.
لەگەڵ گیتارژەنەکانی ناو کۆڵانی ئاودا
خۆشەویستیمان خواردەوە.
لەتەک ماسیگرەکاندا
لە قووڵاییی زەریا ورد بووینەوە.
لەتەک گەڕیدەکاندا
گۆرانیمان وت و عەشقنامەمان خوێندەوە.
لەسەر پەلکە ڕەنگینە دیلانێمان کرد و
خۆمان لە ئەستێرکی خەرمانە هەڵکێشا
دوو کڵاوی پووشی دەستکردمان کڕی و
لە دواییشدا دامان بەدەم جۆگەیەکەوە.
لای ژنە فاڵگرەوەیەکی قەمووری دەموچاو کوتراو
دوو فاڵمان گرتەوە و لە دواییدا قاقا پێکەنین.
لەبەر جامخانەی کتێبخانەیەکی خەواڵوودا
وەستاین و لەیەک کاتدا
تەماشای کتێبەکانی«ماو» و«قەززافی» و
«جان جاک ڕۆسۆ» مان ئەکرد.
ئۆهـ! پەریزادەکەم
ئەو ساتانەیش بەختیاریم هەر شپرزە بوو
ئەو ساتانەیش
هەر گوێم لە ترپەی پێی مەرگ بوو
ئەو ساتانەیش
هەر لە بەلەمێکی سەرەو نخوون ئەچووم.
لە ناکاوێکدا، «ئەلیزابیث» کێشی کردم و
بردمیە ناو کابینەیەکی نیوە ڕووناکەوە
لەهەر گۆشەیەکدا مۆمێک ئەسووتا
هەڵۆیەکی مۆمیاکراو باڵەکانی کردبۆوە.
لەسەر مێزێکی ئەبەنووسی خڕ
گوڵدانێکی پڕ لە گەڵا زەیتوون دانرابوو،
چەند کەسێکیش دەوریان دابوو،
کە بەرچاوم ڕۆشن بۆوە،
ناسیمنەوە
دانتی و کەپووە کەوانیەکەی، بتهۆڤن و
قژە بژەکەی، فان کوخ و
گوێچکە بڕڕاوەکەی،
دستویڤسکی و
ڕوومەتە تێک قوپاوەکانی،
لۆرکا و پەڵە خوێنەکەی سەر سنگی،
وەک مەلێکی ترساو لەسەر کورسییەک هەڵکوڕمام
پەریزادەکەم! من هەر گوێگر بووم گوێگر،
گوڵدانەکە چەند دووا منیش هەر ئەوەندە!
لەو شەوەوە زانیم من هێشتا فێرە ئاخاوتن نەبووم.
شیعرم ئازار داوە، تەنکاوم خوێندۆتەوە، ڕوانینم هەر ئەوەندەی
چۆلەکەیەکی تەڕ فڕیوە. ئۆهـ! پەریزادەکەم!
ئەم کارەساتی عەقڵە چەند گەورەیە!
هەر ئەو شەوەیش زانیم
لەبەرچی«ئەلیزابێث» ی کچی شیعر و مۆسیقا
پەلکێشی کردم بۆ ئەو کابینە نیوە ڕووناکە
پەریزادم! لە کەناری ئەم ئەشکەنجە بەخوڕانەی مندا
لە کەناری ئەم نیگا وێڵ و پەڕاگەندانەی مندا
وەک دەیان پۆلە پەڕەسێلکەی دوای تۆفانێکی تووش
چیرۆک لە دوای چیرۆکم ئەمرن و
شیعر لە دوای شیعرم ڕەق ئەبنەوە
من کوڕی کارەساتم و
کارەساتیش کوڕی ئەم هزرە زڕ و نەزۆکەمە!
پەریزادم!.. من ئەمشەو هاتوومە لات و
مەستی نەزانینی خۆمم،
پەپووسڵێمانکەیەکم سەر خۆش،
فڕینم لاسەنگ و نزم و
دەنگم قرتاو و خەونم قرچۆک.
من پەیامبەری ئازارە بڕۆنزییەکانی تۆم و
پۆستەی برووسکەی
هەرگیز نەگەیشتووت.
من پەیامبەری ئازای ژێرکەوتووی تۆم و
قەڵغانی مێژووی لە دەست پەڕیوو
شمشێری نوشتاوەت!
من بکوژی هەموو ئەو ڕووبارانەم
کە لە سەرچاوەی خوێنی تۆوە هەڵقوڵین.
بکوژی هەتاوی ڕوخسارت.
بکوژی گوڵە گەنمی پەنجەکانت.
بکوژی بارانە سەوزو سورەکانت.
بکوژی بەخت و بکوژی لەشت!
پەریزادەکەم! دە ئیتر بۆ دوودڵی و بۆ ڕاماوی؟
لەم شەوە شوومەدا، لەم شەوە بەدبینەدا، وەختێتی ڕا بە و
عاشقە بکوژەکەت، دڵدارە چەقۆکەت، بارانە ژەهراوییەکەت،
گوڵە دوژمنەکەت، کە منم من..
بە سزای ئەبەدیی خۆشەویستیی بگەیەنە و
عاشقی نوێ و مێژووی نوێ و گوڵی نوێ بخوڵقێنە!
 
ئەیلولی 1992

 

1. بۆرەتار: تاریکایی سەرەتای ئێواران و بەیانیان
2. چەلاک: داری باریک و درێژ
3. هەوێز: مۆڵگە
4. یەکاو: شەت. چەمی گەورە کە لە چەند ئاو پێکهاتبن
5. دەمادەم: بەرەبەیان
6. دیرۆک: مێژوو
7. باداوە: کڕێوە، تۆف
8. گڕاوی: ماشقە (عاشقە و ماشقە)
9. دۆژەن: خەفەتی گەورە
10. ترافیە: ئاوارە و دەربەدەر
11. بنسان: کزبوون و ڕەنگپەڕینی مرۆڤ
12. زەنەک: شوێنی هەمیشە تەڕ
13. بەرپەسار: لاپاڵ
14. ئاڕووشە: بزۆز و جوڵەجوڵکەر

 

 

-------------------------------
دەقەکە لە https://www.vejinbooks.com وەرگیرراوە و لەگەڵ چاپی دووەمدا بەراورد کراوەتەوە. لێکدانەوەی وشەکان لە نامیلکەکەوە نووسراونەتەوە.
ئافات، شێرکۆ بێکەس، چابی دووەم، 2000