...
...
چیا ئەڵێ:
بەدەم چریکەی بەردەوە.. تۆیش باڵت گرت
بەدەم ئاوازی ئاوەوە.. ئەبووی بە پژەی گۆرانیی و
لە ڕووخساری خۆشەویستی هەڵئەپرژای..
بەفر ئەڵێ.. حیکایەتی سپیی ئەڵێ:
نەهێنی و کولوو سپیی بوون.. خوا سپیی بوو
لە ئاسۆیەکی سپیدا بۆنی ڕەنگە سپیەکانی
ئەودیو خەیاڵی خۆت ئەکرد
نەتئەزانی لەبەرچی لەناو سپێتیی١ تەماشاتا
"مەحوی" دێتەوە پێش چاوت؟! ئەتبینیەوە:
هەردوو دەستی لقە زیو بوون، ڕوانینەکانی پەموو بوون.
چاوەکانی گوڵە هەرمێی بەیانیان و هەورێکی خاو کاکۆڵی بوون.
نەتئەزانی ئەم خەیاڵە سپییەی تۆ
بۆچی بەردەوام پرسیاری سپی ئەگرێ؟
نەتئەزانی بۆچی "مەحوی" هاتۆتە لات؟! لێی ڕائەمای،
سەری نیشانەی پرسیار بوو... پریشکی ئاگرێکی سپیی لەناو ڕیشیەوە ئەباریی.
برۆی پەپوولەی سپیی بوون. لێی ڕائەمای:
هەستت ئەکرد هەموو جارێ مۆمی سپیی ئەتوێتەوە و دیسان درووست ئەبێتەوە!..
لە "مەحوی"دا تۆ ئەتبینی:
زمان بووە بە نووری خوا، وشە بووە بە گەردیلەی تیرێژێکی نەهێنیی خوا.
هەستت ئەکرد ئەوەی کە "مەحوی" ئەیبینێ، تۆ نابیبنی.
هەستت ئەکرد ئەوەی "مەحوی" بۆنی ئەکا، بۆنی ناکەی،
تۆ ئەتبینی خەون ئەچێتە سەر ڕانی و شیعر ئەنووسێ.
وەجدێک ئەبێ بە خەرمانە و دایئەپۆشێ.
لەناو یەک دەنکەگەنمدا ئەبێ بە تاڤگەی شیر و
لەسەر باڵی یەک پەروانەیش بەرەو ئیشراق ئەسووتێت و ئەتوێتەوە و هەڵەکشێ.
بۆنی "مەحوی" و بۆنی نەهێنی و مردن و
بۆنی باروونە2 و گومانە جوانەکانیش هەر یەک بۆنن.
بۆنی ڕەنگە سپییەکان و بۆنی کازیوە و ئیشراق و
بۆنی وەجدی پڕپەپوولە و یەزدان یەکن.
"مەحوی" ئەمخاتە ناو گەرووی پرسیارەوە
ئەمکا بە سۆراخێکی وێڵ
لە نێوانی ڕەحم و قەبرا.
"مەحوی" ئەمخاتە ناو دەنگی گومانەوە
"مەحوی" ئەمخاتە ناو بۆنی گومانەوە
"مەحوی" ناهێڵێ داسەکنێم لە مەنگیدا
ئەمداتە دەست گەرداوی شێت
ئەمداتە دەست پرسیاری شێت
لە نێرینەی ورووژانی قووڵاییدا!
ئەمداتە دەست گێژەنەکان
نامداتە دەست گوڵ و لم و
بە چەقەنەی دانەبەرد و ناو تەڵزمی بووندا ئەمبا.
ئەو پڕوپووچیی ژیان و ئەو پڕوپووچیی مردن و
تراویلکەی ئەم سەفەرەی
نێوان بێشکە و گۆڕەکەی خۆم نیشان ئەدا.
"مەحوی" ناهێڵێ داسەکێنم وەکو "وەڵام"
"مەحوی" ناهێڵێ من هەرگیز سەقامگیر بم وەکو "یەقین"
بۆیە ئەو منی کردووە
بە هەڵچوون و بە داچوون و
بە زمانێکی دڕدۆنگ و بە شیعرێکی پڕ لە "بەڵام"!
...
...
---------------
1. لە دەقەکەدا نووسراوە 'سپیاتی' 
2. باروونە: ناوی ڕووەکێکی بۆنخۆشە.
بۆننامە، چاپی یەکەم، 1998