لە کتێبەکەیدا "سایکۆلۆژیای مێگەل" (وشەی مێگەل لێرەدا بە مانا مەجازییەکەی مەبەست لە خەڵکانێکە کە فریو دەدرێن و شوێن سەرابی دروشم و خیتابی نائەقڵانیی دەکەون – وەرگێڕ) کە لە ساڵی ١٨٩٥ دا دەرچووە ، گۆستاف لۆبۆن نیشانەکانی کۆنترۆڵکردنی دروستکردنی بڕیاڕ لەلایەن مێگەلەوە دیاری دەکات و ئەو پێی وایە مێگەل دەتوانێت کۆنترۆڵی بڕیار بکات لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و ڕەواج پێدانی و بەرزکردنەوەی ئەم پڕوپاگەندەیە بۆ ئاستێک کە ئیدی ئارگیومێنت قبوڵ نەکات ، ئەمەش بە هۆی فراوانکردنی بازنەی پڕوپاگەندەکەوە لە یەکە لاوەکییەکانەوە بۆ یەکە سەرەکییەکان کە دروستکردنی ئەم پڕوپاگەندەیە لە تاکەوە دەستپێدەکات و پاشان دەتەنێتەوە بۆ خێزان و ئیدی لەوێشەوە بۆ گوند و شار و هەتا دەگاتە هەموو کۆمەڵگە . 
 
گومانیشی تێدا نییە پەرەسەندنی هۆیەکانی پەیوەندی و بەردەوامیدان پێیان،  وای کردووە کە گروپێکی دیاریکراو لە تاکەکان بتوانن ئەقڵییەتێکی مێگەلییانە لە زەمەنێکی قیاسییدا دروست بکەن لە ڕێی گرتنەبەری هەمان ئەو هۆیانەی کە لۆبۆن ئاماژەی بۆ کردوون . کەچی ئەوەی وەک دیاردەیەکی تازە لەم نێوەدا دەبینرێت ئەوەیە کە جەماوەر خاوەنی هیچ مەعریفەیەک نییە ، بەڵکو تەنها و تەنها پشت دەبەستێت بەو هێزەی کە تاکەکانی هەیانە لە بواری بەریەککەوتن و یەکانگیری نێوان یەکتر و دواتریش بە پشت بەستن بە ژمارەی چەندێتیی و بارگاویی بوونی مەعنەوی ئەم تاکانە . هەڵبەت  پرۆسەی خوڵقاندنی کاریگەریی عاتیفییانەش لە ڕێی هۆیەکانی گەیاندنی کۆمەڵایەتیی و توانای وروژاندن و گفتوگۆ لە بارەی کێشەکانەوە دوور لە بنەماکانی لۆژیک و بابەتخوازی ،  گەلێک کۆسپ و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەبەردەم داوودەزگاکانی دەوڵەت و دەستەبژێرانی کۆمەڵگە دروستکردووە . 
 
لە کاتێکدا پێویست وایە کە پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان لە کەش و هەوایەکی بابەتییانەدا بخرێنە بەر ئارگیومێنت بە پشت بەستن بە بیروڕای شارەزایان و پسپۆڕان ، لە ڕێی شییکردنەوەیەکی تەواوی وەهاوە کە لەسەر بنەمای بەڵگە و پێسەلماندن بنیات نرابێت و هەلی دروستکردنی دنیابینیی بداتە ئەهلی کارەکە ، کەچی دەبینین هۆیەکانی گەیاندنی کۆمەڵایەتیی ، پاڵپشت بە هۆیەکانی ڕاگەیاندن و پرۆگرامەکانی "تۆک شۆ –  Talk Show" زۆر جاران ئارگیومێنت بە ئاقارێکدا دەبەن کە دوورە لە بابەتخوازییەوە ( تۆک شۆ ؛ مەبەست لە هەندێک لە بەرنامەکانی وەک مونازەرە و ئەو بەرنامانەی کە ڕاستەوخۆ لەسەر وروژاندنی عاتیفە ئیش دەکەن – وەرگێڕ ) . لێرەشەوە دەبینین کە نابابەتیی بوون بە ئاسانی زاڵ دەبێتە سەر دیمەنی ئارگیومێنتەکە و ، دواجار پرۆسەکە دەبێتە کورتەیەک لە بیروڕا و دروشمبازیی و ، کە هێندەی نزیکبوونەوەی زیاترە لە فکری موزایەدە و تەخوینکردن ، هێندە دوورکەوتنەوە نییە لە دیماگۆگییەت . 
 
ئەوەی مەسەلەکە ترسناکتر دەکات ، ئەم سلوکە دیماگۆگییە دەبێتە دەستەبەری ئەوەی کە تاکەکان دابماڵێت لە سیفەتە ئیجابییەکانی خۆیان ، ئەوەش لە ڕێگەی پاڵ پێوەنانیان بۆ کەوتنە ناو زۆنی ئەو ئەقڵییەتە مێگەلییەی کە ئیدی هیچ بوارێک ناهێڵێتەوە بۆ بیرکردنەوەیەکی هێمنانە و ئەقڵانییەتێکی سلوک ئامێز ، هەر لە پەیوەند بەم مەسەلەیە ، ئەنجامی ئەو ڕاپرسییانەی لە گەلێ لە دەوڵەتان کراون ، ئەوەیان دەرخستووە کە زەحمەتە کەسێک پاشگەز ببێتەوە لە هەڵوێستێک پێشترێ بە هۆی چەند پێدراوێکی نائەقڵانییەوە (معطیات لاعقلانیة) وەری گرتووە تەنها لە حاڵەتی گۆڕینی سەراپای سەمتی فیکریی کەسەکەوە نەبێت . ئەمەش لەم جیهانەی ئێمەدا زۆر دەگمەنە ، جیهانێک تیایدا ڕێژەی ئەگەری گۆڕینی سەمتی فیکریی لە سەدا پێنج تێپەڕ ناکات .
 
ئەم حاڵەتەش ، هەندێ بەرئەنجامی ترسناکی لێدەکەوێتەوە کە تیایاندا دیاردەگەلێکی ئاڵۆز دەردەکەون وەک تەشویشی سیاسیی و خۆخواردنەوەی کۆمەڵایەتیی و تێکچوونی هاوسەنگیی ئەولەویاتی ئابووری و ، ئارەزووی دەربازبوون لە دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان و گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە فەرمییانە بە کۆمەڵێک پەیکەرەی نوێ لە ژێر کاریگەریی وەهمی باوەڕهێنان بەوەی کە ئازادی بە هەڵتەکاندن و خاپورکردن نەبێت نایەتە دی .
 
 هەروەها ، دەرئەنجامێکی تر ئەوەیە کە خۆرکە ئەداتە چەمکی بەرپرسیارێتیی تاک و کۆ ، لەم ئاقارەشدا تاک ، لە سەرجەم هەڵوێستەکاندا پشت دەبەستێت بە هەبوونی پاڵپشتێکی سیاسیی و میدیایی بە بێ گوێ دانە ئەوەی ئایا یاسای پێشێل کردووە یان نا ، لە کاتێکدا ئەم تاکە ، بەدەستهێنانی ناوبانگێک دەکاتە پێخۆری هەر باجێک کە دەیدات .  
لە ڕاستیدا ترسناکترین دیاردە کە ماڵباتە عەرەبییەکان دووچاری بوون ئەوەیە ، هەندێ لەو تاکانەی کە چوونەتە ناو گروپە فەوزەوییەکانەوە ، ئەمانە بوونەتە کۆمەڵە ڕەمزێک و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی گەلانی عەرەب ئەدەن لە ڕێگەی ڕەواجدان بەو بیروباوەڕانەی کە  لە سلوکی دیماگۆگیییدا بوار بۆ خۆیان ئەدۆزنەوە  هەروەک لۆبۆن ئاماژەی بۆ کردووە .   
ئەم کەسانە خۆیان وا دەبینن کە توانای ئەوەیان هەیە لە هەموو بوارەکاندا دەتوانن ڕای خۆیان دەرببڕن تەنانەت ئەگەر کار بگاتە ئەوەشی ڕای خۆیان دەرببڕن لەو بوارانەی کە قسەکردن لە بارەیانەوە پێویستی بە شارەزاییەکی کەڵەکەبوو هەیە و بە تەنێ کەسانێک دەتوانن قسەی تێدا بکەن کە چەندین دەیەی زەمەنیی تەمەنی خۆیان لە پێناو قوڵبوونەوە و پەیداکردنی شارەزایی و  پسپۆڕیی بەسەر بردووە . لەنمونەی ئەو بوارانەش ؛ قانونی نێودەوڵەتیی ، جیۆپۆڵەتیک و دارایی گشتی و هەروەها گەلێ بواری تریش . 
جێی داخێکی زۆریشە کە ئەو ناووناوبانگەی ئەم کەسانە بە ئاسانیی (لەڕێگەی عەوامفریوییەوە – وەرگێڕ) بەدەستیان هێناوە ، بۆتە یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە لەمەودایەکی دووردا وا دەکەن بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەندێشەی هەستکردن بە ڕوخان و سەرلێشێوان ،  دەوڵەتان دووچاری پەشێویی بکەن . لەوەش ناخۆشتر نییە کە زانایەکی ڕاستەقینە بە چاوانی خۆی ئەوە ببینێت کەسانێکی ئاست نزمتر لە خۆی لە ڕووی زانیاری و شارەزاییەوە دەبنە پێشەنگ و فەتوا دەربارەی هەموو شتێک دەدەن .   
 
دەکرێت ئەوەش بڵێین یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە ڕێگەیان بۆ دەرکەوتنی فیکری داعشیزم خۆش کرد ، فراوان بوونی بازنەی فەتوادان بوو هەتا ئەو ڕادەیەی کە خەریک بوو فەتوادان دەبووە حاڵەتێکی ئەوەندە باو ، کەسانێکی ناشایستە کەوتنە دەرکردنی و ، دەعوەخوازانی تازەپیاکەوتوش ، ئەوانەی کە لە بنەماکانی فیقهـ و شەریعەتیان نەکۆڵیوەتەوە ، بوونە ئەستێرەی سەر شاشەی سەتەلایتەکان و ، بەڕاست و چەپدا قسەی سەیر و سەمەرەیان فڕێ دەدا و ، بەوەش دۆخێک لە شڵەژان بڵاوبۆوە کە تیایدا تاکی ئاسایی نەزانێت ئاڕاستەی خۆی لە کوێوەیە و ، بۆ وەرگرتنی ڕاوێژ و ڕادەربڕین ڕوو لە کێ بنێت . ئیدی کەسانێک دەرکەوتن بە بێ هیچ زانیارییەک کەوتنە فەتوادان و ، بەوەش خۆیان و کەسانی تریشیان گومڕا کرد . ئیدی لەوێوە و وەک دەرئەنجامێکی سروشتی دیاردەی تووندڕەویی و پاشان تەکفیریش دەرکەوتن .   
 
لە کۆتاییدا وا چاکە تێفکرینمان هەبێت بۆ ئەو کاریگەرییە دوورمەودایانەی کە حاڵەتی شڵەژانی ماڵباتە عەرەبییەکان دەیانخوڵقێنێت و ، دەبێت هەوڵی پەیبردن بەو ئەنجامانە بدەین   کە دەشێت لەم حاڵەتە بکەونەوە بێ ئەوەی چاوەڕوانی قەومانی کارەساتەکە بکەین . ماڵباتی عەرەب کەسانی بەتوانای وای تێدایە کە ببنە پێشەنگ و لە جیاتی وێرانکردن و لەبەریەک هەڵوەشاندن ، ببنە دروستکەر و بنیاتنەر .  
 
 
* سەرنج :
دەقی ئەم وتارە ، هیی نووسەری میسریی (محمد عبدالعزیز) ەو لە ڕۆژنامەی (الحیاة) ی چاپی دەولی ڕۆژی هەینی ٢٢ ئاپریلی ٢٠١٦ بڵاوی کردۆتەوە . لە ڕاستیدا وتارەکە کورتە ، بەڵام چەند هێڵێکی گشتی کێشاوە کە دەکرێ لەوێوە خوێنەری جدی بخاتە سەر کەڵکەڵەی سۆراخکردنی زیاتری دەرکەوتەی بە داعشکردنی فیکر . بۆیە تەرجەمەکردنیم بە پێویست زانی .