هەمدیسان تۆ سەرت خول ئەخوا بە دەوری
بازنەی گوماندا و بە دەوری مەرگێکی تازەدا و
لە تەیری گێژ ئەچیت، لە ڕێگەی ون ئەچیت.
تۆ ئێستە وای لەبەر وەیشوومەی شەڕێکی دەروونتا،
شەڕێکی ناو سەرتا، شەڕێکی ناو خۆتا، هەر ڕۆژە و
بایەکی نەفرەت دێ و هەر ڕۆژەی گەرداوی
خوێنێکت هەڵ ئەکا و هەر ڕۆژەی تۆفانی
مردنێ تۆ ئەبات. تۆ ئێستە تەنیاییت گۆڕێکی
گەڕۆکە و لەگەڵتا ئەڕوات و تۆ ئێستە نامۆییت
بەژنێکی تاریکە و پەل و پۆی خاچەکەت هەر ڕۆژە و
قولانجێ زیاد ئەکات.
 
هەمدیسان نەفرەتی خۆکوژییم هاتەوە
نێو خوێن و هاتەوە کاولاشی ماڵەکەم
هەمدیسان ئەم دەستم ئەو دەستم ئەکوژێ و
ئەو دەستم سەری خۆم ئەدزێ و
ئەم دەستم دەمی خۆم ئەدوورێ و
هەمدیسان من هەر خۆم چەقۆم و
هەر خۆیشم تەرمەکەم.
 
هەمدیسان من هەر خۆم سێدارە و
هەر خۆیشم لاشەکەم.
من هەر خۆم تفەنگم و
هەر خۆیشم نیشانەم!
پێکەوە گۆڕم و گۆڕهەڵکەن.
پێکەوە پەتایشم و قوربانیی.
پێکەوە کۆتیشم و ملیشم و
پێکەوە زیندانم و زیندانیی.
هەمدیسان من هەر خۆم مشارم و
هەر خۆیشم کەریتەم.
من هەر خۆم کلیلم و هەر خۆیشم قفڵەکەم.
پێکەوە نێچیر و داویشم
پێکەوە خنکاو و ئاویشم
پێکەوە ئاگر و سووتانم.
 
من بۆ خۆم دزراوم و هەر خۆیشم دزەکەم.
من بۆ خۆم برسیم و هەر خۆیشم چەتەکەم.
چی ماوە؟! من بیڵێم..
من بۆ خۆم ئیستاکە بە پەنگبووی دنیام و
هەر خۆیشم پەنگەکەم!
 
...
...
ڕۆژانە شیعرێکی ڕیشن و خوێناوییت، وەک بەرداش
وڕیت و وەک پووش و پۆڵاشی دەم گێژەن
کاسیت و ئەچیتە دەرەوە. ڕیشنی وەک پرسەی
هەمیشەی گەرمێن و پرچنی وەک تەکیەی قادریی و
وەک نەقشیش ئەستێرکی خەڵوەتی بێدەنگییت.
ئەچیتە دەرەوە، ئەو وەختەی ڕێ ئەکەیت،
لێڵی وەک خابوور و قەمووری وەک پشتی دابان و
ڕەنگ پەڕیو وەک کەرکووک. ڕۆژانە شیعرێکی
ڕیشن و خوێناوییت، خوێناوییت بە خوێنی وشەی خۆت،
ئەچیتە دەرەوە، خوێناوییت بە خوێنی کۆتەڵی شینی خۆت، ئەچیتە دەرەوە
وەک بەرداش وڕیت و وەک گردی دوا بە دوای
بوردومان کاسیت و ئەچیتە دەرەوە.
کە ئەڕۆیت تۆ لەبەر خۆتەوە وەک ئیستەی
خانەقین وڕێنە ئەکەیت و شێتی وەک میری سوور،
ئەڕۆیت و تۆ لەبەر خۆتەوە هۆبە هۆی هۆرەتە و
هاواری ئێڵەکەی ئارانتە و
هاواری کۆچەکەی عەنبەرتە وەک دەشتی
شارەزوور. ئەچیتە دەرەوە، وەک ئیستەی
ڕێ و بانی نیشتمان، وەک خەڵکی وڵاتی خۆکوژیی
تۆ ونی و بزری و نازانی بۆ ئەڕۆی، نازانی چۆن ئەڕۆی؟!
ئەچیتە دەرەوە و تەنیاییت دووکەرتە،
تۆ نیوەیت، ئەڕۆیت و لە سەرتا
نارنجۆک ئەتەقێ و تی ئێن تی ئەتەقێ و لە
سنگتا خومپارەبارانە و ئەڕۆیت و تۆ نیوەیت.
ئەڕۆیت و ئەمجارە دووکەرتی و
سێکەرتی و چوارکەرتی و ئەڕۆیت و تۆ بنەسڵاوەیت،
تۆ دەسەتی پەڕیوی یوسفیی بامەڕنیت،
تۆ سەری هەڵەبجەیت، ئەڕۆیت و
دڵۆپی خۆڕایی خوێنی خۆت بە کاولاش ئەفرۆشی،
ئەڕۆیت و دڵۆپی خۆڕایی خوێنی خۆت ئەژمێری،
کۆستەکان ئەژمێری، بێوەژن ئەژمێری،
ساڵانی بابردوو ئەژمێری، بێ شومار،
تۆ خەونی هەڵکێشراو، ئاوارە ئەژمێری،
ئۆردووگای برسێتیی ئەژمێری، هەر ئەڕۆیت،
تەنیا نیت، تۆ سەری بڕڕاوی مێژووی خۆت
لەگەڵ خۆت ئەگێری، تۆ تک تک ئابڕووی خۆت ئەکەیتە ناو زەرفی نایلۆنی بانگەشەی
شوومەوە و بۆ دنیای ئەنێری. تۆ سەری بڕڕاوی
براکەت وەک تاجەگوڵینەی سەرکەوتن لەگەڵ
خۆت ئەگێری، تۆ پەنجەت تیرۆری خۆی ئەکات،
تۆ سەر و تۆ دەست و تۆ قاچی: کوێستانی و
ڕێناس و حەللاق و فرانسیس ئەخەیتە ناو
کیسەی خۆڵەوە و لە ڕێگەی پۆستێکی پیسەوە
بۆ دنیای ئەنێری!
...
...

 
 
 

ستۆکهۆڵم-تێنستا، 1995-08.04.1996
---------------
نووسینەوەی 'ماڵیک لە ئاسمان' لە 'خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ'ەکەوە، چاپی دووەم، 1998.