مارتا

یەکەم ڕۆژ کە دەستم بە ئیشکردن کرد لە کارخانەکه، ئەو پێی وتم: نائومێد مەبە، ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت کە خۆشەویستیی ئەمرێت، هێشتا خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ زەوى، بۆ سروشت، بۆ گیانەوەر و بۆ گوڵ کۆتایی نەهاتووە، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ماوە. خۆشەویستیی وا ئەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت ...

چەند پارچەیەك لەقەسیدەی (فریشتەی سۆزانی)

بێ تۆ ئەم كۆڵانە چەند تاریكە !
بێ تۆ چ كارەساتخانەیەكە دنیا!
گوڵی خەیاڵ.....
مەملەكەتێكم نیشان بدە بۆی چووبم و یادگاریەكی تۆم نەبردبێت
سەرزەمینێكم پێبڵێ لەوێ بووبم و ڕۆژووم لە کچەكانی نەگرتبێ و 
بە مانگ و خۆر و ئەستێرەدا سڵاوم بۆ نەناردبیت 
لەبەر تۆ بوو ئەو دێوانە 
گرفتار و دەردەدار بە ڕێگادا ئەڕۆیی
ڕۆژێك ئەبوو بە گوڵفرۆشێكی مەیپەرست و 
ڕۆژێكی تریش حەشیشكێشێكی مەخسەرەی دڵشكاو 
ڕۆژێك جگەرەكانی لەسەر دەستەكانی ئەكوژاندەوە و 
ڕۆژێكی تریش لەسەر دڵی
لەبەر تۆ بوو لەبەر دەرگای مەعبەد و بتخانەكانا ئەیوت 

من دەستنوسەكانی خۆمم سوتاند، ئێوەش ئەوەی لاتانە بیسڕنەوە

زۆر دەرگای ئەم دەزگای چاپ‌ و ئەو دەزگای چاپم كوتا، ئەهلی چەپڵە و مەكینەی ماستاو، ئەوانەی هەموو مەعریفەیان بەشی شیعرێكی باش ناكات، زۆر دۆست‌ و هاوڕێی ئازیز تەقەللای بێفایدەیان لەشوێنێكەوە چاپی بكەن نەیانكرد، سەرەنجام گەیشتمە ئەو قەناعەتەی بیانسوتێنم‌و سەری خۆم سوك بكەم. زۆرجار قەرزم كرد بۆ ئەوەی كتێبی پێبكڕم، كرێ‌ سەیارەی خۆمم داوە بەكتێبێك‌و چەند كیلۆمەترێك ڕێگام بڕیوە، زۆرجار بڕەپارەیەكی كەم ئەوەندەی مناڵێكی هەژاری پێ ڕازی بكرێت لەمن ئەبوو بەخەیاڵ. بەداخەوە ئەبوو ئەو عومرەی لەكتێب‌و دەفتەرو ئینتەرنێتدا خەرجم كرد لەگوڵە بەڕۆژە فرۆشتن‌و شتگەلێكی تری لەو بابەتەدا خەرجم بكردایە.

نامەیەك لە سیخوڕێكەوە بۆ گەورەكەی

سڵاو گەورەی ئازیزم .........
ڕەنگە وشەی ئازیز بەتۆ وشەیەكی نامۆ بێت، لێ‌ هێشتا كات درەنگ نییە من‌ و تۆ و هەموو ئەوانەی بەو شێوەن، لەگەڵ ویژدانی خۆمان‌ و جوانییەكانی ژیان ئاشت بینەوە، دەست بخەینەوە ناو دەستی جوانی‌ و ویژدان‌ و بەڵێنی ئەوەی پێ بدەین هەرگیز خیانەتی لێ نەكەین. من ئێستا ئەمەوێت پێت بڵێم بۆ یەكەمجار من لە پێناوی عەشقا خیانەتم كرد و نازانم تۆ لە پێناوی چیدا.

نامەیەك لە 'دووعا' وە بۆ'خودا'

ئەی خودا ئەگەر تۆش وازت لە بەرانەكەی ئیبراهیم بهێنایە، ئەوا ئیتر شتێك بۆ بیانووی قوربانیدان لەم دنیا خوێناویەدا بوونی نەئەما، گەر تۆ میوەی بەهەشتت لە ئادەم حەرام نەكردایە، ئایا ئێمە لە ناخی خۆمانا ئەكوژراین؟؟ گەر تۆش لە گوناهی ئادەم‌ و حەوا خۆش بوویتایە ئایا ئێمە ئم دونیایەمان ئەبینی وەكو تەرمی كوژراوەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆگەن ئەكات؟؟
 
خودای من.....

پەشیمانی

گوێم لە قریشكەی فریشتە بوو لە خەیاڵا ئەمرد و هیچم نەوت
بولبولەكانم بینی لە قەفەزا لاڵ بوو بوون و هیچم نەوت
لە پشتی زیندانێكەوە ماڵم لە پەڕەی گوڵ چێ ئەكرد
لە پشتی تەنیاییەوە
قەفەزم لە گەڵا پایزییەكان ئەچنی
بۆئەوەی حەقیقەت بڵێم دەبوو زمان ببڕم و نەمبڕی
بۆ ئەوەی گۆرانییەكان ببیستم دەبوو گوێم بگرم و نەمگرت
بۆ ئەوەی گوڵەكان ببینم دەبوو نابینا بم و دەمبینی
من لە سەردەمێكدا گوڵم ئەچاند سەردەمی من نەبوو

بەردباران

ئەوە دوا ئێوارە بوو هەستی كرد دڵی وەكو ئێسك‌وپروسكی مناڵەكەی لەژێر پێی ڕێبوارانا ئەشكێ‌ و تاهەتایە خوێنی لێ ئەچۆڕێ. بیری كردەوە چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان مردن بەتێری‌ و برسێتیدا؟ چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان ئەوەی بەتێری باوەش بەمەرگدا بكەیت، یاخودا لە برسێتیدا ڕووبەڕووت بێت؟ دەی هەر چۆنێك بێت ئەو مناڵە پاروە نانێك بخوات باشترە، تاهیچ نەبێت ئەو موعتادە بچكۆلە لە ئێوارەیەك لە ئێوارەكانی ژیانیا، بە كامی دڵی خۆی نان بخوات.

نامەیەك بۆ ئەو فریشتانەی گوناه و چاكە ئەنووسن

باخ بەبێ‌ عیشق باخێكی خاڵی لە جوانییە، باخی خاڵی لە جوانیش باخ نییە، هەربۆیە ئادەم‌ و حەوا دەستیان بۆ سێوی خۆشەویستی برد، لەو كاتەوە ئیتر مرۆڤ مەحكومە بەوەی فریوی شەیتان بخوات، فریوی شتێك بخوات ژیان بەبێ‌ ئەو جوانی تیا نییە و بە بوونی ئەویشەوە مەحكومە بەو گوناهانەی كردن‌ و نەكردنیان مایەی كوشتنیەتی، هەندێك وا ئەڵێن بەڵام ئەگەر خودا وای ویستبا ئەوا دوو مرۆڤی نەئەخستە نێو باخێكی ڕازاوەو بێسنوری وەك (عەدەن)ەوە ،نەخێر خودا بەرلە هەموومان لەو حەقیقەتە تێگەیشت بەتەنیایی هەڵكردن سروشتی خودایە نەوەك مرۆڤ ،ئاخر ئەو زوو لەو حەقیقەتە تێگەیشت باخ بەبێ‌ بوونی عەشق جێگایەكی ناتەواوە بۆ ئەوەی جوانی تیادا