مەمکەکانت  دوو منداڵن
بە ستیانەکەت بڵێ : چۆن منداڵ زیندانی دەکرێ

...

ستیانەکەت پڕدەکەم لە جریوەی چۆلەکە
تا مەمکەکانت لە زیندانا غەمگین نەبن

...

ستیانی ڕەش لە مەمکەکانت مەکە
دەترسم لەو زیندانە تاریکەدا
مەمکەکانت کوێڕبن.

...

لە ستیانەکەتا
کلووە بەفرەکان 
بە گریانەوە
دەتوانەوە

...

دەریای مردوویش
مەمکەکانتی بینی
کەوتە شەپۆل دان

...

هەناسەی من بۆنی جگەرەو
دەمی ستیانەکەت بۆنی مەمکی لێدێ

...

مەمکەکانت لەسەر دیواری ستیانەکەت
شتێکیان نووسیبوو 

...

کە مردم 
ستیانەکەت
بکە بە کێلی گۆڕەکەمەوە.

...

تەنیام و 
ستیانەکەت وەک دوو ئینجانە پڕدەکەم لە گوڵ
بە خەیاڵی مەمکەکانتەوە بۆنی گوڵەکان دەکەم

...

لە جێی ئاڵاو وێنەی سەرۆک
ستیانەکەت لە چوارچێوە دەگرم

...

هەر تۆوێک لە ستیانەکاتا بڕوێنم 
دەبێتە گوڵی مەمک.

...

کە مەمکەکانت تەنگەنەفەس دەبن
بیر لە ڕاپەرینێک  دەکەمەوە دژی ستیان

...

ستیانەکەتم  برد بۆ باغ
نە سێوێکی لێکردەوە
نەدەستی برد بۆ هەنارێ.

...

لە ژێر ستیانەکەتەوە 
دەریایەک شەپۆل دەدات

...

ئەگەر میراتی تۆ بە من بگات 
هەر ستیانەکەتم  دەوێ

...

بێدەنگی مەمکەکانت لە دەستمدا دەزرنگێتەوە.

...

باران دەباری دڵۆپێک باران کەوتە ناو ستیانەکەتەوە
دوای چەند ڕۆژ کە ستیانەکەت کردەوە
وەک منداڵێک سەری خستبووە سەرمەمکەکانت و خەوی لێکەوتبوو.

...

بێزارم بێزار
وەک مەمکەکانت لە ستیانەکەت 
ئاوا لە خۆم بێزارم.

...

ئەو گوڵەی داوتە لە ئێخەت کەمێک ژاکاوە 
ستیانەکەتی بۆ بترازێنە
تابکەوێتە بەهاری مەمکەکانتەوە.

...

خۆزگە ستیانێكی  ڕەنگ سوور دەبووم 
بە مەمکەکانتەوە

...

وامزانی باڵندەیەکی بریندارە
ستیانەکەت بە تەنافەوە.

...

بە بێ مەمکەکانت ستیانەکەت دوو چاڵی بەتاڵن
بە بێ ستیانەکەت مەمکەکانت، دوو لوتکەی خەیاڵن

...

دڵم تەنگە وەک ستیانەکەت

...

بە شۆرین لێنابێتەوە
خەمی مەمکەکانت
بە ستیانەکەتەوە

...

مەمکەکانت جوانترین دوو تەنیان
دوو تەنیاترین جوانن مەمکەکانی تۆ 
ستیانێ داگیری کردوون 
دیکتاتۆرێکە لە پەڕۆ

...

ئەگەر مناڵ ببمەوە
لە ستیانەکەتا خۆم دەشارمەوە
تاکو بەمنداڵی بمێنمەوە
،،
لە گۆڤاری هەنار ژمارە ٨٣ بڵاوکراوەتەوە