هه‌شت په‌ڕه‌سێلکه‌ی خوساو

نمایشی باڵنده‌کان *
شوێن..
دیوی پشته‌وه‌ی ژیان
دره‌خته‌کانیش به‌ئاسمانه‌وه‌
له‌قله‌قه‌‌کان واده‌رده‌که‌ون تۆرابن
کات..
ده‌مه‌و ئێواره‌ی ته‌مه‌نی فڕینه‌
حه‌قیقه‌ت پڕبووه‌ له‌ به‌رد
باڵنده‌یه‌ک جریوه‌یه‌ک فڕێ ئه‌داو ئه‌ڕوا
په‌پوله‌یه‌کی عاشق
سه‌مایه‌ک به‌لێواری ته‌نیاییه‌وه‌ جێدێڵێ
هه‌موو دنیا بێده‌نگه‌
تارماییه‌ک به‌پرتاو خۆی ده‌کات به‌ ژیاندا
هاڕه‌ی شکانی شاعیرێک
نمایشه‌که‌ ڕاده‌گرێ. *
	*
 
پاشماوه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌کان
 
به‌رواری..
زرم‌و هوڕی هه‌وره‌ بروسکه‌یه‌
دێراوێک له‌ داخا مه‌نگبووه‌
چۆڕاوی باران
به‌شه‌که‌تی شۆڕده‌بێته‌وه‌
ده‌نگی به‌جێماوی جێ پێیه‌کان
به‌ره‌و ته‌نیایی هه‌ڵده‌کشێن
هه‌ریه‌که‌و حیکایه‌تێکی بریندارو
گله‌ییه‌کی نامۆیان پێیه‌
هه‌ڵده‌کشێن به‌ره‌و به‌رزایی
له‌پڕ نوزه‌ نوزی شیعرێک
شه‌قامه‌کان ده‌خرۆشێنێ‌و
مناڵێک به‌ڕاکردن
ته‌واوی شه‌قامه‌کان ته‌یده‌کان
بۆ گه‌یشتن به‌خودا.*
	*
سه‌فه‌ری باخه‌کان

له‌ ده‌مه‌و (به‌یانی)دا
مشتێ ئاو ئه‌په‌رژێنن به‌خۆیانداو
گه‌ڵاکانیان ده‌پێچنه‌وه‌،
ڕێگایه‌ک له‌ وه‌ریندا ئه‌دۆزنه‌وه‌
پشت ده‌که‌نه‌ خۆر
ده‌ستی یه‌کتر ده‌گرن و ده‌ڕۆن،
پڕ چیمه‌نێک بێزارییان کۆکردۆته‌وه‌
له‌گه‌ڵ شه‌تڵێک تۆراندا،
یه‌کی کۆڵێک گریانیان پێیه‌
به‌قه‌د هه‌موو دنیا ئازار
یه‌کی کۆشێک نیگه‌رانی‌و
به‌قه‌د گه‌ردوونیش توڕه‌بوون،
باخه‌کان سه‌فه‌ر ده‌که‌ن
له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا
پێکه‌نینیان له‌ خۆیاندا
نه‌بینیوه‌..!!*
	*
ونبوونی دیزه‌و گۆزه‌کان

که‌س هه‌ستی پێیان نه‌کرد
ته‌نانه‌ت به‌بیریشیاندا نه‌هاته‌وه‌
سه‌رده‌مانێک
شاعیرێک باسی ده‌کردن،
ئه‌وان ورده‌ورده‌ ونبوون
هه‌رجاره‌و یه‌کێکیان
دڵی شکا
هه‌رجاره‌و نه‌وه‌یه‌کیان
کۆکرده‌وه‌ له‌ خۆیاندا
ڕێی گۆڕستانیان نزیک خسته‌وه‌ بۆمان
دۆلکه‌یه‌ک ئاومان ئه‌دان‌و
کامه‌ران ده‌بووین
قوممان به‌ دوورییانه‌وه‌ ئه‌ناو
مه‌ست ده‌بووین
ئێمه‌ شه‌راب مه‌ستی نه‌کردین
ئه‌وه‌ گۆزه‌کان بوون ئێمه‌یان بێهۆش ده‌کرد
هه‌زاران درود بۆ خه‌یام،*
	*
تێکه‌ڵبوونی ژماره‌کان

هێنده‌ تێکه‌ڵن ناژمێرێن
ئه‌وه‌نده‌ چوونه‌ته‌ ناویه‌که‌وه‌ جیاناکرێته‌وه‌،
ژماره‌کان بۆ وایانلێهات
ئه‌وه‌ قسه‌ی کاتنووسێک بوو
بۆ ژماره‌کان تێکه‌ڵبوون
ئه‌وه‌ پرسیاری بێدارێک بوو
کاتژمێره‌که‌ تووڕه‌بوو
خۆیکرد به‌ هه‌زار پارچه‌وه،‌
ده‌ستێک ئه‌و کاره‌ی کردووه‌
ده‌نگی گریانێک ده‌بیستم
پێده‌چێ ژماره‌کان بن،
ناڵه‌یه‌ک له‌ دووره‌وه‌ دێ
ڕه‌نگه‌ ژماره‌ی گۆڕه‌کانیش شێوابن،
ژیان ده‌ڵێ!
ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ی کردووه‌
ئه‌و پێنووسه‌یه‌
که‌ کاتی نییه‌
به‌دیار زه‌مه‌نه‌وه‌ بووه‌ستێ.
	*
هاتوهه‌رای کتێبه‌کان

ده‌نگێکی زۆر ئاڵۆز
له‌ کتێبخاکه‌وه‌ ده‌رئه‌چێ
لێیان تێناگه‌م،
کتێبه‌کان هه‌موویان پێکه‌وه‌
هاوار ده‌که‌ن
ناتوانم بێده‌نگیان بکه‌م،
ده‌نگی ڕیتمێکی شیعری دێت
حیکایه‌تێک تێکه‌ڵی ده‌بێ
ده‌نگی گێڕانه‌وه‌ک دێت
ئه‌فسانه‌یه‌ک ڕایده‌گرێ
ده‌نگی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ده‌بیستم
له‌پڕ ڕه‌خنه‌یه‌ک پێمده‌ڵێ
گه‌ر هه‌موومان نه‌خه‌یته‌وه‌ ناویه‌ک ڕه‌فه‌
سوێند ده‌خۆم له‌سه‌رت ده‌نووسم،
به‌ناونیشانی..
شاعیر + ڕاوچی= جه‌للاد
چونکه‌ زیندانیکردنی ئێمه‌و
له‌ قه‌فه‌س کردنی بولبول
جاوازییه‌کی وای نییه.
	*
پرسیاری کچه‌کانم

ئه‌وه‌نده‌ له‌ پرسیاره‌کانیان ده‌ترسێم
بێده‌نگی دامده‌گرێ،
پرسیاری وه‌هام لێده‌که‌ن
له‌ پێستی خۆم ده‌رمدێنن،
باسی ته‌نیایی خۆمم بۆ ده‌که‌ن
گوایه‌ من گه‌لێک ئازادم
ئه‌وکاته‌ی که‌
ده‌ستله‌ملانی شیعرێک بووم‌و
ئاگام له‌ که‌سیان نه‌ماوه‌،
ماوه‌یه‌که‌ واهه‌ست ده‌که‌م
پرسیارێکی قورسیان هه‌یه‌
تا لێم بکه‌ن
چونکه‌ سۆمای چاوه‌کانیان
وه‌کو جاران سیحری سۆزیان
تیانه‌ماوه‌.
تا ئه‌وکاته‌ی چوومه‌ ژووره‌که‌ی خۆمه‌وه‌و
لای جانتاکه‌م پرسیارێکیان بۆ دانابووم
لێی نووسرابوو:
((ئه‌وێ ڕۆژێ(ناسنامه‌)کانمان خوێنده‌وه‌
بۆچی به‌بێ پرسی ئێمه‌ تێیدا نووسراوه ‌‌'مسلمه‌' )).*

	*
پێناسه‌کانی لاسایی

لاسایی ده‌وروبه‌رم کرده‌وه
به‌جێمام،
شوێن پێی باوانم هه‌ڵگردن
دۆڕام،
لاسایی قه‌ڵه‌مم کرده‌وه‌
پشتم شکا،
پێناسه‌کانی لاساییم له‌به‌رکرد
سڕامه‌وه‌،
لاسایی زه‌مه‌نم کرده‌وه‌
بێئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم
پشتاوپشت بۆ دواوه‌
بۆ سه‌رده‌می پێش زایین
بۆ ئه‌شکه‌وتی
نیانده‌رتاڵه‌کان چووبووم،
لاسایی ده‌ردێکی پێکردوم
خۆمم پێ حونجه‌ ناکرێ.

٢٠٠٩